Print WWW.SBEIY.COM
 هه‌ڵه‌بجه‌ كوێی دنیایه‌
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
16/03/2015

بۆ من 16-3-2015 هیچ جیاوازیه‌كی نیه‌ له‌گه‌ڵ 16-3-1988دا ئه‌مه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ هێشتا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌داین، هێشتا هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌چوه‌ته‌ زۆربه‌ی پارله‌مانه‌كان و فڕۆكه‌ خانه‌و میترۆ و شوێنه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌، وه‌ك هۆلۆكۆست و هێرۆشیما و ناكازاكی و كوشت و بڕی ئه‌رمه‌نه‌كان رۆمانی نایاب و مرۆییانه‌ی له‌سه‌ر نه‌نوسراوه‌و زمانه‌ زندوه‌كانی دنیا نه‌بونه‌ته‌ خودانی، ده‌بوایه‌ له‌ نێو ئازاری هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ خودخاوه‌نی كورد له‌ دایك بوایه‌و ئیدی هه‌رگیز دایكانی كورد ترسی ئه‌وه‌یان نه‌بوایه‌ كه‌ رۆڵه‌كانیان ده‌بنه‌ قوربانی، به‌ڵام هێشتا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جینۆسایدی جیهانی وێنه‌ی عومه‌ری خاوه‌رو كۆرپه‌كه‌ی نابینرێ‌ و هێشتا زۆرن ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی دنیا كه‌ نازانن عومه‌ری خاوه‌ر دایك بو یان باوك، له‌ كوێ‌ عومه‌ری خاوه‌ر له‌ گۆڕیشدا ئاسوده‌ بێت، كاتێ‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌و هه‌مو ئازارو برینه‌وه‌ نه‌بێته‌ سه‌ره‌كی ترین هۆی له‌سه‌ر پێوه‌ستانی كورد.

هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان گوناهییان چیه‌ كه‌ هێشتا له‌ ناسنامه‌كه‌یان به‌ عه‌ره‌بی نوسراوه‌ "جمهوریه‌ العراق " له‌كاتێكا وا نزیكه‌ی سێ‌ ده‌یه‌ به‌سه‌ر برینه‌ هه‌میشه‌ ساڕێژنه‌بوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌دا تێده‌په‌ڕێ‌، سێ‌ ده‌یه‌و هێشتا دێوه‌زمه‌ی عێراق چه‌پۆكی ره‌شی به‌سه‌ر ناسنامه‌ی هه‌مو هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كه‌وه‌یه‌ و جینۆساید نه‌كه‌وتوه‌ته‌ پشتمانه‌وه‌، لانی كه‌م له‌م پنته‌ بچوكه‌ی نیشتمان، له‌م له‌ته‌ ئازار زه‌ده‌یه‌، ئایه‌ بۆ تائێستا ئێمه‌ به‌ دارشه‌قی ئه‌وانی تر رێده‌كه‌ین، له‌كاتێكا خاوه‌نی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالین، ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ نیه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد له‌ باشوری كوردستان هه‌م داوای وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌ دنیا بكه‌ن هه‌م خۆیان وه‌ڵامی میلله‌ت بده‌نه‌وه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان پێویستیان به‌وه‌ نیه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بیری خۆیان بخرێته‌وه‌ له‌كاتێكا سه‌دان كۆمپانیا له‌ رۆژی خۆیدا هاوكاری عێراق بونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سێوه‌كانی زۆرترین ده‌نكه‌ هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌هید بكه‌ن، ئێمه‌ ده‌بێ‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بیری ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بخه‌ینه‌وه‌، ده‌بێ‌ به‌ربه‌یانی 16-3 په‌یامی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رگای كۆشكی سپی و كرملین و ئه‌لیزێ‌ و ته‌واوی كۆشكه‌ بلورینه‌كانی دنیا راوه‌شێنێ‌ و پرسیاری ناسنامه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر بكات، عومه‌ری خاوه‌رو هه‌مو شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێ‌ به‌ ناسنامه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ بچنه‌ به‌رده‌م عه‌رشی كردگار نه‌ك ناسنامه‌ عێراقیه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ نه‌فره‌ت نیه‌ له‌ عێراقی بون تا ئه‌وه‌ی به‌خشینه‌وه‌ی بونه‌ به‌ قوربانی، هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان و هه‌مو باشوریه‌كانی كوردستان ئیسماعیل بون، لێ‌ نه‌كه‌س تائێستا قوربانیه‌كه‌ی بۆ گۆڕیون نه‌كه‌س چه‌قۆكه‌ی له‌و زڕباوكانه‌ وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز به‌ تۆزی پێی ئیبراهیما ناگه‌ن.

خودایه‌ بۆ ده‌بێ‌ ئه‌م ئیسماعیله‌ هه‌رگیز باوكی خۆی نه‌بێ‌، ناسنامه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و باشوریه‌كان بون و باوكه‌، ناسنامه‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێ‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌وێته‌ كوێی دنیاوه‌، ئێستا هه‌ڵه‌بجه‌و ته‌واوی ئه‌م ناوچه‌ی كورده‌واریه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دیرۆكداین، تا نه‌چینه‌ دیرۆكه‌وه‌ ناكرێ‌ داوای لێخۆشبون له‌ عومه‌ری خاوه‌رو كۆرپه‌كه‌ی بكه‌ین، ئه‌وان له‌ كه‌سانێك خۆش نابن كه‌ به‌ ماوه‌ی نزیك به‌ سێ‌ ده‌یه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ناسنامه‌كه‌ی بگۆڕن.