Print WWW.SBEIY.COM
 سیڤیلیه‌ بۆ جاری‌ چواره‌م بوه‌ پاڵه‌وانی‌ یۆرۆ لیگ
28/05/2015 09:21:27
(سبەی):
یانه‌ی‌ سیڤیلیه‌ی‌ ئیسپانی‌ بۆ جاری‌ چواره‌م له‌مێژویدا بوه‌ پاڵه‌وانی‌ یۆرۆ لیگ‌و به‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی‌ پێوانه‌یی له‌بردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و نازناوه‌ تۆماركرد.
له‌یاریی كۆتایی پاڵه‌وانێتیی یۆرۆ لیگ‌و له‌نێو یاریگای‌ وارشۆی‌ نیشتمانی‌ له‌ پۆڵه‌ندا، یانه‌ی‌ سیڤیلیه‌ی‌ ئیسپانی روبه‌ڕوی‌ یانه‌ی‌ دنیپرۆی‌ ئۆكرانی‌ بوه‌وه‌.
سه‌ره‌تای‌ یارییه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ یانه‌ی‌ دنیپرۆ بو كاتێك له‌خوله‌كی (7)دا گۆڵێكی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ نیكۆلا كالینیچه‌وه‌ تۆماركرد. یانه‌ی‌ سیڤیلیه‌ 21 خوله‌ك چاوه‌ڕێی كرد‌و له‌خوله‌كی‌ 28 به‌گۆڵێكی‌ كریچۆیاك وه‌ڵامی‌ یانه‌ ئۆكرانیه‌كه‌ی‌ دایه‌وه‌‌و گۆڵی‌ به‌رامبه‌ری تۆماركرد.
دوای‌ سێ خوله‌ك له‌و گۆڵه‌، كارلۆس باكا جیاوازی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ سیڤیلیه‌ دروستكرد‌و گۆڵێ‌ دوه‌می‌ تۆماركرد.
پێش ته‌واوبونی‌ تایمی‌ یه‌كه‌م به‌ یه‌ك خوله‌ك، رۆسلان رۆتان به‌لێدانی‌ راسته‌وخۆ گۆڵی‌ به‌رامبه‌ری‌ بۆ یانه‌ی‌ دنیپرۆ تۆماركرد.
لەگێمی دوه‌مدا‌و له‌سه‌ره‌تادا سیڤیلیه‌ كۆنتڕۆڵی‌ یارییه‌كه‌ی‌ كرد‌و له‌خوله‌كی‌ 73 كارلۆس باكا گۆڵی‌ دوه‌می‌ خۆی‌‌و سێیه‌می‌ سیڤیلیه‌ی‌ تۆماركرد.
یارییه‌كه‌ش به‌بردنه‌وه‌ی‌ سیڤیلیه‌ (3-2) كۆتایی هات‌و به‌وه‌ش بۆ جاری‌ چواره‌م له‌مێژویدا بوه‌ پاڵه‌وانی‌ یۆرۆ لیگ، كه‌ ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی‌ پێوانه‌ییه‌‌و پێشتر به‌ سێ نازناو به‌ناوی‌ لیڤه‌رپوڵ‌و ئینته‌ر میلان‌و یۆڤانتۆسه‌وه‌ بو.