مەریوان وریا قانیع
دەسەڵاتدارانی کوردستان دەبێت چەند خێمەی تر بسوتێنن، چەند کەناڵی رادیۆ و تەلەفیزۆنی تر ئاگردەن، چەند گەنجی تری وڵات بگرن و بفڕێنن و برینداربکەن، بۆئەوەی ئەو راستییە سادەیەیان بۆ رونببێتەوە ئەوەی ئەمڕۆکە لە کوردوستاندا رودەدات شتێکی کاتی و تێپەڕ نییە. مەسەلەیەک نییە ناڕەزاییەکی ساتی و توڕەبونێکی تێپەڕ دروستیکردبێت، شتێک نییە چاوسورکردنەوە و پەلاماردن و پێکەنینی ئەم یان ئەو سەرکردە لەسەر تەلەفزیۆن کۆتایی پێبھێنێت. ئەوەی رودەدات روداوێک نییە ھیچ سیاسییەک بە بڕیارێک، بە ناردنی تاقمێک چەکدار، بە پەلاماردانی ئەم یان ئەو مەیدان لە مەیدانە زۆرەکانی ئازادی، کۆتایی پێبھێنێت. ئەوەی لە کوردوستاندا رودەدات ھەوڵدانە بۆ راستکردنەوەی مێژویەکی ھەڵە، بۆ گۆڕینی مۆدێلێکی تایبەت لە حوکمڕانی، بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی نوێ بۆ ئومێد و چاوەڕوانی.
سوتانی خێمەکانی سەرای ئازادی بەتەواوی پەردەی لەسەر روخسارە عەسابەیی و مافیاییەکی دەسەڵات لابرد، نیشانیداین دەسەڵات لاڵە و ھەڵگری ھیچ زمانێک نییە، جگە لە زمانی چەتەیی و مافیایی و وێرانەسازی. بەربەریەت کاتێک دروستدەبێت کە زمانێک بۆ گفتوگۆ نەمێنێتەوە، بەربەریەت دۆخی نەمانی زمانە، دڕندە ئەو کەس و ھێز و لایەنەیە کە زمانی گفتوگۆی لەدەستداوە. وەحشی بە کەسێک دەگوترێت کە زمانی نییە و وەک کێویەک دەجوڵێتەوە.
* * *
لە چەند رۆژی رابردودا سلێمانی بەرەو ئەوە دەچو ببێتە شارێک جوان بە ناڕەزاییەتییەکانییەوە، جێگایەک گەورە بە رۆحە رەخنەییەکەیەوە، شوێنێک لێبوردە بە تێکەڵبونی دین و نادین و گەنج و پیر و ژن و پیاوییەوە بەیەکدی. ھاوکات دەسەڵاتدارانی شاریش لەوە نزیکدەکەوتنەوە لە قوڵایی و ھەقیقەتی ناڕەزاییەکان تێبگەن، لۆژیکی توڕەبونەکان ببینن، بۆیاندەرکەوێت ئەوەی رودەدات تەنھا خواستی کەسانی نەیار و دژ بە دەسەڵات نییە، بەڵکو خواستی سەدان و ھەزران کەسی سەر بە ھێز و دەزگاکانی دەسەڵاتیشە.
بەڵام سوتانی خێمەکانی سەرای ئازادی ھێما بۆ گۆڕانێکی لەپڕ و خێرا لە میزاج و زەوقی بڕێک لە دەسەڵاتداراندا دەکات، دەلالەت لە ھیستریایەکی ترسناک دەکات کە دەشێت ئاکاری گروپێکی تایبەتی ناودەسەڵات بێت و لەڕۆژانی داھاتودا چاوەڕێی کارەساتی گەورەیان لێبکەین. ئەم روداوە بەر لەھەمو کەسێک یەخەی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان دەگرێت، یەخەی ھێزێک کە لە بیست ساڵی رابردودا ھەمو دەزگاکانی حوکمڕانی ئەو شارەی بەدەستەوە بوە و تا ئێستاش بەدەستییەوەیە. ھەمومان دەزانین شتێک لە کوردوستاندا نەماوە ناوی ”حکومەتی ھەرێم“ بێت، ئەوەی ھەیە و حوکم دەکات تەناتەت حیزب نییە بەمانا سیاسییە راستەقینەکەی، بەڵکو ئەو ھێز و دەستە و تاقمانەی ناو حیزبن کە لەھەموان زیاتر لە پێگە و قازانج و دەسکەوتە تایبەتەکانی خۆیان دەترسن و بەگومانن. ئەوەی دوێنێ شەو رویدا ھێما بۆ سەرکەوتنی ئەو دەستە بێباک و نابەرپرسیارەی ناو حیزب دەکات، کە نە ئاگای لە روداوەکانی کوردوستانە، نە ئاگای لە ھەست و نەستی خەڵکە و تەنانەت ئاگای لە خواستی بڕێکی زۆری ئەندامانی ناو حیزبەکە خۆشی نییە.
* * *
ڕێگرتن لەوەی یەکێتی نیشتیمانی بەتەواوی داخزێتە بەرەی دژ بە خەڵک و ئاڵای دژایەتیکردنی راستەوخۆی داواکاری و ناڕەزاییەکانی خەڵک ھەڵگرێت، ئەرکێکی سیاسی و نیشتیمانی گرنگە. بەڵام ئەم ئەرکە بە پلەی یەکەم و بەر لە ھەموان لەسەر شانی کەسە دڵسۆز و بەرپرسیارەکانی ناو ریزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان خۆیەتی، ئینجا ئەرکی ئەو ھێزانەی ترە کە دەتوانن لەگەڵ یەکێتیدا بکەونە گفتوگۆ و نەھێڵن بەتەواوی داخلیسکێت بۆ ناو خەرەندی دژ بە خەڵک. دەبێت نەھێڵدرێت ئەم ئاراستە ترسناکە لەناو یەکێتیدا ببێت بە ئاراستەی باڵادەست و بڕیارە چارەنوسسازەکان بدات. بەشە زیندوەکەی ناو یەکێتی دەبێت نەھێڵێت یەکێتی لەم دۆخە ناسکەدا ھەڵەی گەورە و ستراتیژی بکات. لە مێژە لینین گوتویەتی سیاسی راستەقینە ئەو کەسە نییە کە ھەڵە ناکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ھەڵەی ستراتیژی ناکات. ئەرکی زۆر لایەنە نەھێڵن یەکێتی ھەڵەی ستراتیژی و گەورە بکات.