|
ژنان لە سەرای ئازادیی سلێمانی، یادی (8)ی مارس دەكەنەوە |
Monday, March 14, 2011 |
(سبهی):
جیاواز لە یادكردنەوەكانی ساڵانی رابردو، بڕیارە ئەمڕۆ (سێشهممه) ژنانی شاری سلێمانی لە سەرای ئازادیی ناڕەزایی و داواكانیان پێشكەش بكەن و لەگەڵ خۆپیشاندەراندا یادی (8)ی مارس بكەنەوە.
خانم رەحیم، بەڕێوەبەری رێكخراوی ئاسودە بۆ داڵدەدانی ژنان، ئەوە دەخاتەڕو؛ که كۆمەڵێك رێكخراو و چالاكوانانی بواری ژنان لەگەڵ ئەنجومەنی كاتیی بەردەركی سەرا كۆبونەتەوەو بڕیاریانداوە هەندێك چالاكی ئەنجام بدرێت بۆ یادكردنەوەی (8)ی مارس لە بەردەركی سەراو لەناو خۆپیشاندەراندا.
ناوبراو لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامهی (رۆژنامە) وتی: سەرجەم ژنان لە هەمو چینو توێژەكان و ژنانی چالاكی بواری كۆمەڵی مەدەنی و رێكخراوەكان دەتوانن ئامادەی ئەو چالاكی و خۆپیشاندانە بن لە سەعات (2 بۆ 5)و بەشدارییان هەبێت".
لەلایەكی دیكەوە چیمەن محەمەد، چالاكوانی سیاسیی، بە پێویستی دەزانێت ژنان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا یادی (8)ی مارس بكەنەوەو لە سەرای ئازادیی لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزایی ئەو داوایانە بخەنەڕو؛ كە تائێستا دەسەڵاتداران و ئەو سیستمەی وڵات بەڕێوە دەبات، پێی جێبەجێ نەكراوە.
|
|
|