Print
 ئه‌مڕۆ له‌یادی راپه‌ڕیندا، خۆپیشاندانێکی ناڕه‌زایی له‌ شاری که‌لار ئه‌نجام ده‌درێت
Saturday, March 19, 2011

 

(سبه‌ی):
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌) له‌ یادی‌ راپه‌ڕینی‌ ئازارداو له‌ رۆژی‌ رزگاركردنی‌ شاره‌كه‌یاندا، توێژه‌ جیاوازه‌کانی گه‌رمیان له‌ شاری که‌لار خۆپیشاندانێکی ناڕه‌زایی سازده‌که‌ن و ژماره‌یه‌ک هاوڵاتیش بڕیاریانداوه‌ که‌ جلی ره‌ش بپۆشن.
نه‌هرۆ عه‌لی‌ له‌ گروپی‌ 25ی‌ شوبات، كه‌ گروپه‌كه‌یان به‌شێكه‌ له‌و ژماره‌ گه‌نجه‌ی‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ ره‌شپۆش بن به‌ (سبه‌ی‌)ی‌ راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌ شاری که‌لار چین و توێژه‌ جیاوازه‌کانی خه‌ڵکی گه‌رمیان خۆپیشاندانێکی هێمنانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌کانیان به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌سزا گه‌یاندنی ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران کردوه‌، رونیشیکرده‌وه‌ هه‌رچه‌ند هێزه‌ ده‌مامکداره‌کانیش رێگرییی بکه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ خۆپیشاندان ده‌که‌ین.
باسی له‌وه‌شکرد، ئامانجمان له‌ پۆشینی‌ جلی‌ ره‌ش له‌ یادی‌ ئازادكردنی‌ شاره‌كه‌ماندا، ده‌ربڕینی هاوخه‌می‌ خۆمانه‌ بۆ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوان، كه‌ له‌سه‌رو به‌ندی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ 25ی‌ شوباتدا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌‌ به ‌گوله‌ وه‌ڵام درانه‌وه‌و و دواتر وه‌كو سوكایه‌تی‌ پێكردنێك به‌ جل ره‌شه‌كان ناویان بردن.
ئه‌و چالاكوانه‌ی‌ کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌ گه‌رمیان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: هۆکارێکی دیکه‌ی ره‌شپۆشینه‌که‌مان بۆ پشتیوانی‌ له‌ وته‌كانی‌ په‌رله‌مانتاری گۆڕان عه‌بدوڵای مه‌لا نوریه،‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مان نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی و هه‌ڵوێستی نواند به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی‌ وشه‌ی‌ جل ره‌ش‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد، که‌ له‌ خۆپیشاندانه‌که‌ی ئه‌مڕۆدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ لاوان و خوێندكارانی‌ زانكۆ جلی ره‌ش ده‌پۆشن.

هاوکار ئازاد

Sbeiy.com © 2007