Print
 باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ به‌غدا: به‌دواداچون بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواکاری خۆپیشانده‌رانی هه‌رێم ده‌که‌ین
Wednesday, March 23, 2011

(سبه‌ی):
بۆ ئاگاداربون له‌ ره‌وشی سیاسی هه‌رێمی کوردستان، پیته‌ر ڤان لیۆن، باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ به‌غدا سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌کی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی کرد له‌ سلێمانی.
له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا که‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌) به‌ به‌شداری هه‌ریه‌که‌ له‌ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم و دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید و سه‌ركۆ عوسمان له‌ ئۆفیسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی گۆڕان ئاماده‌یبون، تیشک خرایه‌ سه‌ر ره‌وشی سیاسی ئه‌مڕۆی هه‌رێم و ئه‌و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ی ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێکه‌ ناوچه‌ جیاوازه‌کانی هه‌رێمی گرتوه‌ته‌وه‌.
له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی) سه‌ركۆ عوسمان، هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند: له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا تاوتوێی بارودۆخی‌ ئێستای‌ هه‌رێم به‌گشتی‌ و سلێمانی‌ به‌تایبه‌تی‌ كرا، هاوکات گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، که‌ وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ 7خاڵییه‌که‌یان کردوه‌ته‌وه‌، که‌ له‌ڕێکه‌وتی 29ی کانونی دوه‌می مانگی رابوردودا بۆ چاکسازی ریشه‌یی له‌ هه‌رێم پێشکه‌شیان کردبو و له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌شدا، خاڵه‌کانی به‌یاننامه‌که‌ تاوتوێکرا.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد، باڵیۆزی هۆڵه‌ندا ته‌ئکیدی کردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ وه‌ڵامی جدی داواکاریی خۆپیشانده‌ران بدرێته‌وه‌و به‌ڵێنیشیدا، که‌ به‌دواداچون بکات بۆ ئه‌وه‌ی تا چه‌ند حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌ڵامی‌ داخوازییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ داوه‌ته‌وه‌.

ئاکام ئه‌بوبه‌کر

Sbeiy.com © 2007