Print
 ئۆپۆزسیۆن له‌ وه‌ڵامی سه‌رای ئازادیدا: ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتیمان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان
Thursday, March 31, 2011

(سبه‌ی):
پاش ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادی سلێمانی داوایان له‌ لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن کرد بازنه‌ی هه‌ڵوێسته‌کانیان فراوانتر بکه‌ن، له‌وچوارچێوه‌یه‌دا هه‌رسێ لایه‌نی گۆڕان و یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵ ئاماده‌ن بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتییان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان.
حه‌مه‌ سه‌عید حه‌مه‌ عه‌لی، ئه‌ندامی فراکسیۆنی یه‌کگرتو له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌لێدوانێکدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ک لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌کان و جێبه‌جێنه‌کردنی داواکاری هاوڵاتیان، تاوتوێی کۆمه‌ڵێک خاڵی وه‌ک بایكۆتی‌ كۆبونه‌وه‌كان تا مانگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی‌ ئه‌ندامێتیمان له‌ په‌رله‌مان کردوه‌، ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێک هه‌ڵبژارده‌ن و له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڵبژارده‌یه‌کی تری‌ یاسایی‌ و ده‌ستوریی‌ و مه‌ده‌نی‌ و دیموكراسی‌ و سیاسی‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ین.
وتیشی: تائێستا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ بڕیارێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کام له‌و خاڵانه‌ په‌یڕه‌و بکه‌ن، بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتیش ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ پێش لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ نه‌بین، ئه‌وا بێگومان له‌گه‌ڵیانداین.
له‌به‌رامبه‌ردا، کاردۆ محه‌مه‌د، سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادی دوپات کرده‌وه‌و رایگه‌یاند: پاڵپشتی له‌ داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ین و هه‌مو فشارێکی خۆمان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌کاردێنین، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێ کردنی داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌ران.
ده‌رباره‌ی هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتیشیان له‌ په‌رله‌مان، سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتی: ئێمه‌ ئاماده‌ین له‌سه‌ر داوای خۆپیشانده‌ران ئه‌ندامێتیمان له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵپه‌سێرین، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ردو لایه‌نی یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵ تاوتوێده‌که‌ین، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌هێزترین هه‌ڵبژارده‌ مانگرتن و بایکۆتکردنی دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستانه‌.
لای خۆشیه‌وه‌ بیلال سلێمان، ئه‌ندامی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان وتی: ئێمه‌ خۆمان به‌ به‌شێک له‌ خۆپیشانده‌ران و خۆمان به‌ نوێنه‌ری ئه‌وان ده‌زانین، ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش وه‌ک فراکسیۆنه‌که‌مان و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆن لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ین.
بیلال سلێمان ئه‌وه‌شی وت: به‌وپێیه‌ی ئێمه‌ نوێنه‌ری خۆپیشانده‌رانین، گه‌ر داوامان لێبكات كه‌ ئه‌ندامێتی‌ خۆمان هه‌ڵبسپێرین، من وه‌کو خۆم له‌گه‌ڵیانم و ئاماده‌م جێبه‌جێی بکه‌م.
په‌رله‌مانتاره‌که‌ی یه‌کگرتو به‌ پێویستیشی زانی پاش زیاتر له‌مانگێک له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ریی، لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵوێستێکی به‌هێز بنوێنێت، به‌جۆرێک که‌ فشارێکی کاریگه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی دروستبکات.
هاوکات ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ ئۆپۆزیسیۆن ئه‌ندامێتی خۆی هه‌ڵپه‌سێرێت له‌ په‌رله‌مان، په‌رله‌مانتاره‌که‌ی کۆمه‌ڵ وتی: پێموایه‌ به‌ڵێ،‌ كاتێک ده‌سه‌ڵات هه‌روا به‌رده‌وام بێت له‌ وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ و گرنگی‌ نه‌دان به‌ خۆپیشانده‌ران، پێویسته‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان هه‌ڵوێستی جدیتریان هه‌بێت و ئارام گرتنیش ماوه‌یه‌که‌.
دوێنێ (شه‌ممه‌) ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی بانگه‌وازێکی‌ ئاراسته‌ی هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان و یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵ) کردو داوای لێکردن، بازنه‌ی‌ پشتگیرییان له‌ خۆپیشانده‌ران به‌ هێزتر و فراوانتر بكه‌ن به‌؛ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ ئه‌ندامێتیان له‌ په‌رله‌مان و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ هه‌مو ویژدان زیندوان، كه‌ هه‌ر پۆست و وه‌زیفه‌یه‌كیان له‌ناو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌یه‌، ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر دانوستانێكی له‌ نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا وه‌ك هه‌ڵوێستێكی‌ نیشتیمانی‌ و مێژویی‌ به‌رامبه‌ر بێباكی‌ ده‌سه‌ڵات له‌مه‌ڕ ئه‌م دۆخه‌ مێژویه‌دا تا به‌دیهێنانی‌ داواكاریه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران.

ده‌قی په‌یامی جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر بۆ هه‌رسێ‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ناو په‌رله‌مان...

Sbeiy.com © 2007