Print
 یاسا و منداڵ گوللـه‌باران کردن
Saturday, February 19, 2011

ئاشتی ئیبراهیم ئه‌فه‌ندی
خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ریه‌کشانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وا بۆ چه‌ند رۆژێك ده‌چێت شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستانیشی گرتۆته‌وه، به‌هه‌مان شێوه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له ‌که‌رکوك و سلێمانی خه‌ڵك به‌لێشاو هاتونه‌ته‌سه‌ر شه‌قامه‌کان و ناڕه‌زای خۆیان ده‌رده‌بڕن، به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی‌.

له‌ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵاتداران که‌وتونه‌ته ‌شه‌ڕی خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی کوردستان، له‌ میدیاکانی خۆیان، زمانی هه‌ڕه‌شه ‌و تۆقاندن به‌کارده‌هێنن، بۆ نمونه یه‌کێ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی له‌ کوردستان تیڤی، ده‌یوت: "ئه‌وه‌ی ده‌ستمان بۆ درێژ بکا ده‌ستی ده‌بڕین" له‌هه‌مان چاوپێکه‌وتندا ده‌ی وت: "بێڕێزی به‌رامبه‌ر داموده‌زگای پارتیمان به‌گران ده‌که‌وێ".

له‌دونیای شارستانیدا ئه‌م په‌یامانه ‌و ئه‌م جۆره‌ زمانه سه‌رده‌می به‌سه‌رچوه‌، ته‌نها ئه‌وانه‌ی له‌ژێر که‌لچه‌ری عه‌شایری و هۆز و خێڵه‌کین، به‌م جۆره ‌زمانه‌ قسه‌ده‌که‌ن، بۆئه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی خۆیان پیشانی خێڵه‌که‌یان بده‌ن.

میله‌تێ که‌ خاوه‌نی هه‌زاران هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماجستێر و دکتۆرا بێ، خاوه‌نی هه‌زران نوسه‌ر و شاعیر و ئه‌دیب و رۆشنبیر بیَت، خاوه‌نی رابردویه‌ك و مێژویه‌کی پر له‌ خه‌باتی که‌سایه‌تی نیشتمانپه‌روه‌ر و شه‌هید بێت، ده‌بێ شایه‌نی ئه‌وه‌ش بێت، به ‌زمانێکی شارستیانه ‌له‌گه‌ڵی گفتوگٶ بکرێ، رێزی لێ بگیرێ و گوێ بۆ داخوازیه‌کانی شل بکرێ، ئه‌مه ‌بێڕێزییه ‌به‌رامبه‌ر میللـه‌تی کورد له‌و سه‌رده‌مه‌ی که ‌سه‌رده‌می شارستانیه‌ت، پێشکه‌وتن و ته‌کنه‌لۆجیایه.

ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان خۆیان له‌و راستیه‌ ده‌دزنه‌وه، که‌ پێگه‌یان له‌ناو جه‌ماوه‌ر نه‌ک هه‌ر له‌ق بوه، به‌ڵکو ناشرین و نه‌ویستیش بوه، بۆ ئه‌وه‌ش په‌نجه‌ی ئتیهامات بۆ "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان" دریَژ ده‌که‌ن، وا راده‌گه‌یه‌نن ئه‌وان هه‌رێمی کوردستانیان کردوه ‌به ‌شامی شه‌ریف، ئه‌گه‌ر "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان" نه‌بێت خه‌ڵک هیچ هۆیه‌کی تری نیه ‌ناڕه‌زا بێت و بڕژێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان.

ئه‌وه‌ گریمان "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان" له‌ کوردستان ئه‌و ده‌ور و ته‌ئسیره‌ی هه‌بو، ئه‌ی له‌ ناوه‌ڕاست و باشوری عیَراق کێیه؟ میللـه‌تی کورد و عیَراقیش هه‌مان ده‌رد و ئازاری هه‌یه، ئه‌م ناڕه‌زایانه ‌له‌ ئه‌نجامی خراپی سیسته‌می حوکم و گه‌نده‌ڵی له‌ سه‌رتاسه‌ری عیَراق سه‌رچاوه‌ی گرتوه، ئه‌مه‌ واقیعه ‌ده‌بیَ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و عیَراق روبه‌روی ببنه‌وه.

 ناشرینترین هه‌ڵوێست که ‌نواندیان، ته‌قه‌کردن له‌ خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ربو، شه‌هیدکردنی منداڵی ١٥ ساڵ و ١٧ ساڵ له ‌شاری سلێمانی، له‌هه‌مان کاتدا ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ میدیاکان باسی یاسا ده‌که‌ن، ده‌ڵین پێویسته‌ لیژنه ‌ته‌شکیل بکریَ، لێکۆڵینه‌وه‌ بکرێ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌م کارانه ‌هه‌ستاون ده‌بێ بدرێن به‌دادگا.

کام دادگا؟ ئه‌و دادگایه‌ی که‌ به‌رپه‌رچی به‌رد به ‌گوللـه ‌ده‌داته‌وه‌، منداڵیکی ١٥ ساڵ و ١٧ ساڵ له‌بێزاری خۆی باره‌گا به‌ردباران بکات، ته‌نیا شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌کان بشکێنێ، ئاخۆ ده‌بێ له‌ژێر چ عورف و یاسایه‌ك ره‌وا بێت ئه‌و منداڵه ‌له‌به‌رچاوی هه‌مو خه‌ڵك ‌گوللـه‌باران بکرێ؟

خۆبکوژانی ئه‌و منداڵانه‌ ناسراون کێن، ئاخۆ جه‌نابی سه‌رۆکی کوردستان، هه‌ڵویَستت چی ده‌بێ به‌رامبه‌ریان، له‌ژێر کام یاسا روبه‌ری دادگایان ده‌که‌یه‌وه؟

Sbeiy.com © 2007