Print
 راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ سه‌باره‌ت به‌ سوتانی‌ سه‌ته‌لایتی‌ NRT
Sunday, February 20, 2011

به‌داخ‌و په‌ژاره‌یه‌كی‌ بێسنوره‌وه‌ هه‌واڵی‌ سوتاندنی‌ سه‌ته‌لایتی‌ NRT مان پێگه‌یشت كه‌ ته‌نها بۆ 15 سه‌عات په‌خشی‌ بڵاوكرابۆوه‌ و، به‌و ماوه‌ كه‌مه‌ توانیبوی‌ سه‌ره‌نجی‌ بینه‌رێكی‌ زۆر به‌لای‌ خۆیدا رابكێشێت.
سوتاندنی‌ NRT   له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ چه‌كداره‌وه‌ و له‌ تاریكیی‌ شه‌ودا ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ توندوتیژی‌ بۆ ئاستێكی‌ هه‌ره‌ مه‌ترسیدار كه‌ هیچ هێز‌و ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێ پێشبینیی‌ رووداوه‌كانی‌ دواتری بكات، ئه‌مه‌ش به‌ ئاشكرا هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئاینده‌یه‌كی‌ نادیارتر كه‌ لێپرسراوی‌ یه‌كه‌م ئه‌و لایه‌ن‌و هێزانه‌ن كه‌ چاویان به‌ میدیای‌ ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵنایه‌ت.
سوتاندن ‌و بێده‌نگكردنی‌ راگه‌یاندنی‌ ئازاد ‌و له‌وانه‌ش سه‌ته‌لایتی‌ NRT،  هه‌ڵكردنی‌ چرای‌ سه‌وزه‌ بۆ سوتاندن ‌و لێدانی‌ هه‌ر جۆره‌ ده‌نگێكی‌ تری‌ سه‌ربه‌خۆ ‌و ناكۆك له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران، ئۆباڵی‌ ئه‌م ره‌فتاره‌ش هه‌موو ئه‌وانه‌ لێی‌ به‌رپرسیار ده‌بن كه‌ به‌ ته‌نگ مانه‌وه‌و به‌رده‌وام بوونی‌ سیستمی‌ سیاسیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ نین ‌و رێگرن له‌به‌رده‌م هه‌ر جۆره‌ چاكسازییه‌كدا.
ئێمه‌ له‌ كۆمپانیای وشه‌ هاوخه‌میی خۆمان بۆ سه‌رجه‌م ستاف و رۆژنامه‌وانانی كه‌ناڵی NRT دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و، داوای لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كان و، ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م كرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌ ده‌كه‌ین و، به‌ ده‌نگی به‌رز رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ سووتاندن و سه‌ركوتكردنی راگه‌یاندنی ئازا و ئازاد ناتوانێت رێگا له‌ هوشیاربوونه‌وه‌ و وه‌ده‌نگ هاتنی خه‌ڵك بگرێت.

كۆمانیای وشه‌ بۆ ڕاگه‌یاندن
20/ 2/ 2011

Sbeiy.com © 2007