Print
 گوێگرتن لە خۆپیشاندەران تاكە چارەسەرە
Wednesday, February 23, 2011

فه‌رمان عه‌بدولره‌حمان  
      
روداوەكەی 17ی شوبات، هەمومانی توشی شۆك كرد لەوەدا كە بۆچی دوای تێپەڕینی ئەو هەمو ساڵە لە ئەزمونی دەسەڵاتی كوردی لە مامەڵەیدا لەگەڵ خۆپیشاندانەكاندا، دەگەڕێتەوە بۆ لۆژیكی بەكارهێنانی چەك و توندوتیژی. هەڵبەت پاساوەكانی پارتی لە بەكارهێنانی چەك بەرامبەر خۆپیشاندەران هەرچییەك بێت، هیچ لەو راستییە كەمناكاتەوە كە ئەوەی رویدا بە راستی كارەساتێكی تراژیدیی بو، چونكە دواجار خوێنی گەنجێكی كورد ناكاتە بارتەقای بارەگای هەمو حیزبێكی سیاسیی لەم هەرێمەدا.

ئەگەر پاساوی پارتی بۆ تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، پەلاماردانی بارەگای لقی چوار بوە، دەبایە بەرپرسانی ئەو پارتە دركیان بەو راستییە بكردایە كە سوتاندنی بارەگاكەش لە ئەگەرێكدا نەیدەكردە بەرامبەری ئەو هەمو خوێنەی ئەو رۆژە رژێنراو دواتر ئەم بارودۆخەی لەم شارەدا لێكەوتەوە، چما سەرۆكی هەرێم لە زیاد لە بۆنەیەكدا راینەگەیاندوە كە چیدی خوێنی كورد بە دەستی كورد ناڕژێت، ئەی ئەوە خێرە ئەم وتەیەی سەرۆك لەلایەن خودی كادرەكانی پارتەكەی سەرۆكەوە بێبەها دەكرێت.

بە دەر لە هەر دیدو تێڕوانینێك روداوەكەی (17/2) كارەساتێك بو كە لە مێژبو زۆرێك لە پەرلەمانتاران و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان ئەگەرەكانیان شیكردبوەوە و وەكو راستییەكی تاڵ خستبویانە بەردەم رای گشتی و لایەنە بەرپرسەكان، كارەساتی ئەوەی كە چیدی ناكرێت هێزی چەكدار لەژێر هەژمون و فەرمانی حیزبدا مۆنۆپۆل بكرێت، چیدی ئەم هەرێمە بەبەریەوە نەماوە تا بەردەوامی بەو واقیعە بدرێت كە هێزەكان لە چوارچێوەی ئینتمای نیشتمانییان داببڕێنرێن و لە ئاستە تەسكە حیزبیەكانیدا بهێڵرێنەوە، ئەو كارەساتە ئەوەی پێوتین كە تائێستاش هێزی چەكدار لەژێر كۆنترۆڵی حیزبدایە و تاكە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی حیزبە نەك بەرژەوەندی نیشتمانی زۆرینەی هاوڵاتییان.

لەو چوارچێوەیەدا ئەوەی بەلای منەوە مایەی سەرسوڕمان بو، لە هەمو ئەو بەیاننامە و لێدوان و راگەیاندراوانەی لە ماوەی رابردودا لە لایەن مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی و سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتەوە دەرچون، تاكە تەوەرێكی دیار تێیدا، ئیدانەكردنی بەردبارانكردنی بارەگاكەی پارتی بو، بێ ئەوەی بە یەك وشەش گوزارشت لەوە بكرێت كە بیكەیسی بەدەستەكانیش كاراكتەرێكی دیكەن بۆ خولقاندنی ئەم نائارامییەی كە شاری سلێمانی گرتوەتەوە. وەك ئەوەی كە شوشەی بارەگاكەی پارتی موقەدەس و خوێنی ئەو گەنجە كوردانەش شتێكی بێبەها بن.

ئێستا بارودۆخەكە بە هەمو مانایەك ئاڵۆزە و ئەوەی دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردوە مامەڵەی توندوتیژانەی هێزە چەكدارەكانە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، بەبێ ئەوەی بۆ تەنیا جارێكیش گوێبیستی ئەوە بین، كە حكومەت و لایەنە بەرپرسەكان گوێ لە داواكاری خۆپیشاندەران دەگرن، كە لە ئێستادا داوای خۆپیشاندەران هیچ نییە جگە لە سەدایەكی دەستەجەمعی بۆ چاكسازیكردن و روبەڕوبونەوەی فیعلی شێوە جیاوازەكانی گەندەڵی.

هەروەك هۆكارێكی دیكەی ئاڵۆزتركردنی بارودۆخەكە، ئەو لۆژیكەیە كە میدیای حیزب بە تایبەتی میدیای پارتی لەگەڵ روداوەكەدا دەیكات، لە لایەك خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێڕ دەزانێت و لەلایەكی دیكەوە دەیەوێت خۆپیشاندەران بە شێوەیەك بخەمڵێنێت، كە هێزێكی سیاسی لە پشتەوەیە، كە بە بڕوای من خۆپیشاندانێكی خۆڕسكانەی سەرشەقامە و پەیوەندیی بە هیچ هێزێكەوە نییە، لەو چوارچێوەیەدا من پێموایە كۆبونەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش كە دوێنێ لە هەولێر بەڕێوەچ و هیچ ئەنجامێكی نابێت، چونكە هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانێت جۆش و خرۆشی جەماوەریی خۆپیشاندەر دابمركێنێتەوە، لایەنەكانی ئپۆزسیۆنیش بە ئاشكرا ئەوەیان دوپاتكردوەتەوە ئەوان خاوەنی ئەو خۆپیشاندانانە نین. هەربۆیە لێرەدا یەك میكانیزم لە ئارادایە بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە، ئەویش مامەڵەكردنی هێمنانەی هێزەكانی ناوخۆیە لەگەڵ خۆپیشاندەران و پاشان لێپێچینەوەیە لەو چەكدارانەی كە قەسابخانەكەی رۆژی پێنجشەمەی رابردویان خولقاند، پاشان بە جدی كاركردنی حكومەت بۆ چاكسازی و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی نەوەك تەنیا ئیكتیفا بەوە بكات كە ئیعتیراف بە بونی گەندەڵی بكات و پێی وابێت «فەتحی مەككە»ی كردوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی گەندەڵی.

ئەوەشمان لە بیر نەچێت كە تەقەكردن لە خۆپیشاندان و كوشتنی خۆپیشاندەران روداوێكی تازە نییە و لە ساڵانی رابردودا دەیان نمونەی زیندومان لەبەردەستدایە كە چەندین هاوڵاتی سڤیل بە فیشەكی هیزە چەكدارەكان كوژراون، خۆ ئەوكات نە روداوەكانی تونس و میسر لە گۆڕێ بون نە ئۆپۆزسیۆنیش بەم مانایەی ئەمڕۆ بونی هەبوە، هەربۆیە ئەوەی دەسەڵات تێیناگات، ئەو دونیابینییە دوژمنكارانەیەیە كە هەمیشە دەسەڵات لەگەڵ خۆپیشاندانەكاندا هەیبوە، كە دەبێت ئەم دونیابینییە كۆتایی پێبێت.

Sbeiy.com © 2007