له ئینگلیزییه‌وه: سبه‌ی
خه‌ڵك شادنین، دكتاتۆر سه‌ركوتكه‌ره، به‌ڵام چۆن بتوانین ناڕه‌زایی بگۆڕین به گۆڕینی رژێم؟ پیته‌ر پافۆم گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و كابرایه ده‌كات كه هێڵه سه‌ره‌كێكانی یاخیبونهكانی سه‌ده‌ی 21 ی داڕشتوه.
له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا سرجا پۆپۆڤیچ به‌شداری كردوه له بزوتنه‌وه
ناڕهزییهكانی دژی میلۆسۆڤیچ، كه له ساڵی 1991 بۆ یه‌كه‌م جار ده‌ستی پێ كرد
پرسیار: چی هاوبه‌ش هه‌یه له نێوان ئه‌وه‌ی كه به شۆڕشی ڕه‌نگه‌كان ناسرا له ئۆكرانیا و جۆرجیا له گه‌ڵ ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ی كه حوسنی موباره‌كی له ده‌سه‌ڵات وه‌ده‌رنا؟
وه‌ڵام: زۆربه‌ی به‌شدار بوان خۆیان له ئه‌نجامدانی كاری توندوتیژی پاراست و ریكخهرانی خۆپیشاندانه‌كان ئامۆژگاریان له گه‌نجێكی شۆڕشگێڕی سربی به ناوی پۆپۆڤیچ و هاوڕێكانی وه‌رگرت.
بۆ زۆربه‌ی ئێمه شێوازی روخانی دكتاتۆره به‌هێزه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روداوێكی مه‌ته‌ڵ ئامێزه، به‌ڵام بۆ پۆپۆڤیچی باڵا به‌رز روداوێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر نیه. پۆپۆڤیچ ده‌پرسێ "چۆن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌بینین؟". هه‌ر خۆی وڵام ده‌داته‌وه، "به گشتی ئێمه ده‌سه‌ڵات وا چاو لێ ده‌كه‌ین به شێوه‌یه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌خوازێت بیبینین، كه‌واته بڕوامان وایه كه ده‌سه‌ڵات له ده‌ره‌وه‌ی ویستی ئێمه دیاری كراوه و كه‌س ناتوانێت هیچی له باره‌وه بكات ته‌نیا خه‌ڵكه به هێزه‌كانی سه‌ره‌وه نه‌بێت". پۆپۆڤیچ له كاتێكدا بۆی ده‌ركه‌وت كه سروشتی ده‌سه‌ڵات به‌م شێوه‌یه نیه كه هێشتا ئه‌وه‌نده گه‌نج بو كه بتوانێت سود له‌م زانیاریه وه‌رگرێت . ئه‌و ده‌ڵێت: "سروشتی ده‌سه‌ڵات زۆر جیاوازه. له كۆمه‌ڵگادا ده‌سه‌ڵات ده‌كرێ به ئاسانی گۆڕانی به سه‌ردا بێت، ده‌كری لاواز ببێت و جارێكی تر دابه‌ش بكرێته‌وه، به تایبه‌تی له رژێمه نادیموكراتێكاندا. به گشتی ده‌سه‌ڵات له كۆمه‌ڵگادا له گوێرایه‌ڵی خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، ئه‌و خهڵگهش هه‌ریه‌كه به‌ش به حاڵی خۆی سه‌رچاوه‌ی بڕێك ده‌سه‌ڵاته و ده‌كرێ رای خۆی بگۆڕن و چیتر گویڕایه‌ڵی فه‌رمان نه‌بێ".
شتێكی شاراوه نیه كه دیكتاتۆره‌كان هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی راستێكان ده‌ده‌ن، به‌ڵام پۆپۆڤیچ و هاوڕێكانی كار ده‌كه‌ن بۆ په‌رده لادان له سه‌ریان و بوار ره‌خساندن بۆ قوربانێكان بۆ ئه‌وه‌ی راستێكان به‌چاوی خۆیان ببینن و بگه‌نه ئهنجامگیریهكی رون به خۆیان كه گوێڕایه‌ڵی ده‌درێت و ده‌كری وهریشبگیرێتهوه، ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی باش گوێڕایه‌ڵی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه، ئه‌وكات ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه تا ئهوهكاته ئه‌وه‌نده به هێز دیار بو نه‌ده‌كرا ململانێی له گه‌ڵدا بكرێت، چیتر هیچی به ده‌سته‌وه نه‌ماوه خۆی پێوه بگرێ و ده‌روخێ.
ئه‌گه‌ر پۆپۆڤیچ لوتبه‌رزه تا رادی له خۆباییبون و هه‌ستی سه‌ركه‌وتن له چاوێوه تیشك ده‌هاوێژێ، به‌ڵام ئه‌مه بێ هۆ نیه. میلۆسۆڤیچی سربیا، شیڤارنادزهی جۆرجیا، بن عه‌لی تونس و موباره‌كی میسر، هه‌موو ئه‌و ئۆتۆكراتانه بون كه ده‌سه‌ڵاتێكی بێ سنوریان هه‌بو و دوای له ده‌ستیان ده‌رهات، به‌ڵام نه‌ك به هێزی تفه‌نگ و تۆپ وكودهتای سه‌ربازی و ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌كی، به‌ڵكو به هێزی خاوی بیرۆكه‌یه‌ك كه كاتی هاتبو. پۆپۆڤیچ و هاورێكانیشی رۆڵێكی گه‌وریان گێڕا له روخانی هه‌مویان.
پۆپۆڤیچی ته‌مه‌ن 38 ساڵه كوڕی دو رۆژنامه‌نوسه و كه‌مێك مابو دایكی ببێت به قوربانی بۆمبابارانهكهی ساڵی 1999ی هێزه‌كانی ناتۆ بۆ به‌لگراد. له بارودۆخێكی سه‌قامگیر و كراوه‌ی یۆگسلافیای سه‌رده‌می جۆزیف برۆس تیتۆ گه‌وره بوه، كه له‌ئێستادا به قه‌د دوری روسیای سه‌رده‌می تزاره‌كان دوره. له ژورێكی ساده‌ی نوسینگه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی له ناوچه‌یه‌كه‌ی هه‌ژارنشینی به‌لگراد له باره‌ی ئه‌و رۆژانه‌وه وتی: "ئه‌وه‌نده به ته‌مه‌نم كه ئه‌و رۆژه خۆشانه‌م له یاد بێت، هاوینمان له گریك و كرواتیا به سه‌ر ده‌برد و زستانیش له چیاكان، منداڵی خێزانی چینی ناوه‌ند بوین و هه‌رچی بڵێین ده‌رباره‌ی سیسته‌می ئابوری تیتۆ، به‌ڵام شێوازێكی ژیانی هه‌مواری چینی ناوه‌ندمان هه‌بو. پاسه‌پۆرتی یۆگسلافیای سه‌رده‌می تیتۆ به نرخترین پاسه‌پۆرت بو له بازاڕی ره‌ش، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نها پاسهپۆرتێك بو كه ده‌كرا بۆ هه‌رشوێنێك سه‌فه‌ری پێ بكه‌یت".
به‌ڵام هه‌ر ته‌نها شێوازی ژیانیان باش نه‌بو، به‌ڵكو وڵاته‌كه‌یان پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی وڵاته بێلایه‌نه‌كان بو. گه‌نجانی یۆگسلافیا به‌شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده ده‌كران كه خۆشحاڵ بن ده‌رباره‌ی رۆڵی وڵاته‌كه‌یان له‌و رێكخراوه. پۆپۆڤیچ به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ: "هه‌روها پره‌نسیپی برایه‌تییش به‌شێك بو له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌مان، پره‌نسیپی ئه‌وه‌ی كه نه‌ك هه‌ر كروات و سلۆڤێنێكان برامانن، به‌ڵكو خه‌ڵكی زامبیا و چاد و سۆمالیش به هه‌مان شێوه برامانن"
.
له پۆڵه‌ندا و چیكۆسلۆڤاكیا و هه‌نگاریا روخانی بلۆكی رۆژهه‌ڵات وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی رزگاری زۆر له مێژ چاوه‌ڕوانكراو پێشوازی لێ كرا، به‌ڵام له یۆگۆسلاڤیا بوه هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتداره كۆمۆنیسته‌كانی كۆماره فیدراڵه‌كان بكه‌ونه وێزه‌ی یه‌كتر له جه‌نگێكی خوێناوی درێژخایه‌ندا. له‌م باره‌یه‌وه پۆپۆڤیچ ده‌ڵێ: "ئێمه وا په‌روه‌رده كرابوین كه میلله‌تانی تری كۆماره سۆشیالیسته‌كانی یۆگۆسلاڤیامان خۆش بوێت، به‌ڵام دواتر بانگكراین بۆ سوپا بۆ كوشتنی كرواتیه‌كان، ئه‌مه حاڵه‌تێكی زۆر شیزۆفرینه بۆ كه‌سێك كه له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا بێت. له ئه‌نجامی ئه‌مه ئه‌و نه‌وه‌یه بو به سێ به‌شه‌وه، به‌شێك هه‌مو ده‌رئه‌نجامه خراپه‌كانیان به سه‌ردا كه‌وت، تێكچون و توشی گۆشه‌گیری فكری و هیرۆین بون، به‌شی دوهه‌م گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی كۆچی مێشكهكانیان ئه‌نجام دا له‌م وڵاته، ئه‌و خه‌ڵكه پسپۆڕانهت ده‌بینی له شوێنگه‌لێكی وه‌ك دوڵی سلیكۆن و هارڤارد، ئه‌وجا به‌شی سێهه‌م (ته‌ماشای خۆی و هاوڕێكانی ده‌كات) له سه‌ر پێ وه‌ستان و جه‌نگان" له پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نی تاقیكردنه‌وه و هه‌ڵه ئه‌م گروپه هێزی شاراوه‌ی له راده‌به‌ده‌ری ئه‌و جۆره خه‌باته‌ی ناسراوه به خه‌باتی ناتوندوتیژیان بۆ ده‌ركه‌وت.
"زۆربه‌مان له سه‌رده‌می جه‌نگه خوێناویه‌كانی كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست گه‌وره بوین و جۆرێك له هاوسۆزیمان هه‌یه بۆ ناتوندوتیژ (ئاشتیانه)، بۆیه پێمان وایه ئه‌بێ رێگایه‌كی باشتر له چه‌ك به‌كارهێنان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی جیهان. هیرۆشیما كۆتای رێگایه‌كی درێژ بو، سه‌رباری ئه‌وه‌ش له كاتی قه‌یراندا توندوتیژی ده‌كرێ وه‌ك تاكه چاره‌سه‌ر چاولێ بكرێ".
ناتوندتیژ، زۆربه‌ی كات وه‌ك شێوازێكی له‌خۆ له راستزانی هه‌ڵكێشان ده‌رده‌كه‌وێت، له‌و كاتانه‌دا جۆن لینۆن و یۆكۆئون و ئه‌وانه‌ی ره‌تكه‌ره‌وه‌ی ویژدانی جه‌نگ بون له جه‌نگی جیهانی دوهه‌م و جه‌نگی ڤێتناممان به‌بیردێته‌وه. ئه‌وان توانیان ژیان و ویژدانی خۆیان بپارێزن، به‌ڵام چیان ئه‌نجامدا؟ له كاتێكدا روخاندنی هیتله‌ر به نرخی خوێن و گیان ئه‌نجام درا. به هاوچه‌رخكردنی چیرۆكه‌كه، خه‌ڵكێكی زۆر كه‌م له راست و له چه‌پ دژی سه‌ره‌تای هێرشی ناتۆ بۆ سه‌ر لیبیا بون كه بۆ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی به‌نغازی راپه‌ڕیو دژ به رژێمی قه‌زافی.
له كاتێكدا پۆپۆڤیچ و هاوه‌ڵه‌كانی به توندی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر خه‌باتی بێ توند وتیژی و ئه‌وه‌ی پێ ده‌ڵێن (دیسپلینی ناتوند وتیژی) یه‌كێكه له بنه‌ما سه‌ره‌كێكانی بزوتنه‌وه‌كه‌یان به‌ڵام ئه‌مه له به‌ر پره‌نسیپ و ئه‌خلاقی ئاینی نیه یاخود له به‌ر ئه‌وه بێت كه وه‌ك چاكه‌كار ده‌ربكه‌ون. بنه‌مای (ناتوندوتیژی) ئه‌وه‌نده به‌لایانه‌وه گرنگه كه له ناوی رێكخراوه‌كه‌یان (سه‌نته‌ری كاری ناتوندتیژی و ستراتیژه‌كانی) جیگای بۆ كراوه‌ته‌وه.
پۆپۆڤیچ ماوه‌یه‌كی شاگردی دورو درێژی له شۆڕشدا به‌سه‌ر بردوه. له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا تێكه‌ڵ به بزوتنه‌وه ناڕه‌زاییه‌كانی ساڵ 1991ی دژ به میلۆسۆڤیچ بوه. سه‌رۆكی یۆگسلاڤیای ئه‌و كات یاسای باری نائاسایی سه‌پاند و قوتابیان رژانه‌سه‌ر شه‌قام بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، به‌ڵام به تانك پێشوازیان لێ كرا و دو كه‌س كوژران. یه‌كه‌م تێكه‌ڵبونی به پرۆسه‌ی ناڕه‌زایی رۆژی دواتر ده‌ستی پێ ده‌كات و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "ناومان لێ نا شۆڕشی مه‌خمه‌لی، له‌ژێر كاریگه‌ری شۆڕشه‌كه‌ی پراگ" له‌وكاته‌دا ته‌مه‌نی ده‌بێت به 18 ساڵ، "له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو خه‌ڵكه‌دا بیت و گوێدێری ئه‌و هه‌مو وتارانه بیت و وا هه‌ست بكه‌یت كه به‌شێكی له‌وه‌ی روده‌دات زۆر گرنگه كاتێك ته‌مه‌نت 18 ساڵه، بینینی خه‌ڵك كه له لادێكانه‌وه ده‌ڕژانه ناوشار و وێنه‌ی میلۆسۆڤیچ له‌سه‌ر تراكتۆره‌كانیان به‌رز كرابۆوه. بیرم ده‌كرده‌وه، ئه‌و وڵاته به‌ره‌وه كامه دۆزه‌خ گوزه‌ر ده‌كات".
له‌و كاته‌وه بزوتنه‌وه ناڕه‌زاییه‌كان ده‌بێته قوتابخانه‌ی پۆپۆڤیچ بۆ ژیان. دواتر ژماره‌یه‌كی زیاتر بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ته‌قینه‌وه له ساڵه‌كانی پاشتر ئه‌و له ناوجه‌رگه‌ی روداوه‌كاندا بو، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "ئێمه‌ی نه‌وه‌ی پێشه‌نگی ئه‌و ناڕه‌زاییانه بوین، ئه‌وكات له ساڵه‌كانی 1996-97 ئێمه ته‌مه‌نمان 23 و 24 ساڵ بو، له‌و سه‌رده‌مه 100 رۆژ له ناڕازیی ده‌ربڕین دژی میلۆسۆڤیچ ئه‌نجامدرا، ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین خاڵی وه‌رچه‌رخان بو. ئه‌وه ئه‌و بو كاته كه فێر بوین چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پۆلیس بكه‌ین، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گازی فرمێسك رژێن بكه‌ین، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شانۆی سه‌ر شه‌قامه‌كان بكه‌ین و چۆن كۆنتڕۆڵی 10 هه‌زار كه‌س بكه‌ین به یه‌ك میگافۆن".
دواتر له ساڵی 1998 و له كاتی به لوتكه گه‌یشتنی روداوه‌كان، پۆپۆڤیچ و 10 كه‌س له هاوڕێكانی هه‌ڵسان به پێكه‌ونانی رێكخراوێك له‌ژێر ناوی (ئۆتپۆر)! به‌هۆی ئه‌و ئه‌زمونه‌ی له بزوتنه‌وه‌ی قوتابیان په‌یدایان كردبو هه‌ستیان ده‌كرد كه وه‌ك جه‌نگاوه‌ری دێرین وان و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "له‌وكاته‌دا زیاتر له 7 ساڵ ئه‌زمونی ئۆپۆزسیۆن بونمان هه‌بو، كه زۆر ناجۆر بو، چونكه هێشتا ته‌مه‌نمان له بیسته‌كان بو".
ئۆتپۆر وشه‌یه‌كی سربیه به‌مانای (به‌رگری) و ئه‌مه كاردانه‌وه‌ی قوتابیان بو بۆ پێداگرتنی میلۆسۆڤیچ له‌سه‌ر ده‌ستگرتن به ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌رباری هه‌ڵئاوسانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و دۆڕاندنی سێ جه‌نگ و دوژمنایه‌تی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كه پاشتر بۆ به هۆی بۆمبابارنكردنهكانی هێزه‌كانی ناتۆ. سیمبوڵی بزوتنه‌وه‌كه ده‌ستێكی راوه‌ستاو بو و له پرۆسه‌ی بنیاتنانی دا پۆپۆڤیچ و هاوڕێكانی زۆربه‌ی ئه‌و بیرۆكانه‌یان به‌رجه‌سته كرد كه له رێگای وێركشۆپهكانیانهوه رژانبویانه ناو بزوتنه‌وه ناڕهزاییهكانهوه كه له ئه‌زمونی 46 وڵاتی جیاوازه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتبو. ئه‌مانه ده‌كری كورت بكرێنه‌وه له چه‌ند پره‌نسیپێكی ساده كه بنه‌ڕه‌تین بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك، ئه‌وه‌ش یه‌كێتی و پلانرێژی كردن و دیسپلینی ناتوندوتیژیین. پێویسته روئیایه‌كی هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ سبه‌ی و ستراتیژێكی یه‌كگرتو هه‌بیت بۆ به‌ده‌ستهێنانی. هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتو نابێت ئه‌گه‌ر قه‌پاڵی زیاتر له توانای جوینی خۆی بگرێت، ئه‌مه وانه تاڵه‌كه‌ی تیانامینه. له جیاتی ئه‌وه سه‌ركه‌وتنی بچوك به ده‌ست بهێنه و بیكه به پێگه بۆ هی تر. پایه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌ستنیشان بكه كه له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر جیاوازیان هه‌یه و به‌ڵام به گشتی پێكهاتون له سوپا و پۆلیس و سیسته‌می دادوه‌ری و دامه‌زراوه دهوڵهتێكان و سه‌ركرده ئاینێكان و میدیا و دامه‌زراوه ئابورێكان و مامۆستایان و هه‌تا دوای. هه‌وڵ مه‌ده كه به سه‌ر ئه‌مانه‌دا سه‌ركه‌وی یا تێكیان بشكێنی، به‌ڵكو هه‌وڵ بده بیانكه‌ی به لایه‌نگیری خۆت. له نامێلكهیهكیاندا به ناوی (خه‌باتی ناتوندوتیژ- 50 خاڵی گرنگ "ده‌ڵێن" هه‌ر حكومه‌تێك له‌سه‌ر چه‌ند پایه‌یه‌كی گرنگ وه‌ستاوه و گوێرایه‌ڵی خه‌ڵك له‌ناو ئه‌و پایانه‌دا وای لێ ده‌كات كه كارا بێت، هه‌ڕه‌مه‌كه ناكارێت ویهستاو بێت ئه‌گه‌ر هه‌زاران گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كان نه‌بن، ئه‌ركی سه‌ركی خه‌باتی ناتوندوتیژ كێشانه‌وه‌ی خه‌ڵكه له‌ناو ئه‌وه پایانه‌دا".
ئۆتپۆر رێكخراوێكی پێگه‌ییو بو و دڵنیا بو له‌و میتۆدانه‌ی كه به كاری ده‌هێنا كاتی كه پۆپۆڤیچ و هاوڕێكانی بۆیان ده‌ركه‌وت كه به ته‌نیا نین. له كۆبونه‌وه‌یه‌كی پێنچ رۆژی له بۆداپێست كه له لایه‌ن وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه رێكخرابو له‌گه‌ڵ كۆنه پاشگرێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی به‌ناوی رۆبێرت هێڵڤی كۆبونه‌وه. له رێگه‌ی هێڵڤیهوه زانیاریان په‌یدا كرد ده‌رباره‌ی پیری بێ هاوتای تۆژینه‌وه‌ی ناتوندوتیژی مۆدێرن كه ئه‌كادیمیه‌كی ئه‌مه‌ریكی ته‌مه‌ن هه‌شتا ساڵه‌ی لاواز بو به ناوی دكتۆر جین شارپ".
هه‌روه‌ك كاره‌با پره‌نسیپه‌كانی خه‌باتی ناتوند و تیژی مۆدێرن له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكه‌وه دۆزرایه‌وه كه له وڵاتی جیاوازدا ده‌ژیان و ئاگایان له كاری یه‌كتر نه‌بو. كاره‌كانی پۆپۆڤیچ و هاوڕێكانی به لوتكه گه‌یشتنی پرۆسه‌یه‌كی درێژی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی زۆرداران بو كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می یاخی بوه سوڤێتیهكانی وه‌ك ساخارۆڤ كه سه‌ركه‌وتنه‌كانی گدانسك و وارشۆ و پراگی له‌خۆ ده‌گرت و له‌وكاته‌شدا خه‌ریك بو كه قه‌سابه‌كه‌ی باڵكان بڕوخێنێ. له هه‌مانكاتدا هێڵڤی و شارپ به رێگایه‌كی ته‌واو جیاواز گه‌یشتنه هه‌مان ئه‌نجامگیری.
هێڵڤی پێشتر پاشگری سه‌ربازی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوه له بۆرما له ساڵی 1983 تا 1985. له ساڵی 1988 گه‌ڕایه‌وه ئه‌مه‌ریكا له كاتێكدا كه راپه‌ڕینێكی گه‌وره رویدا له بۆرما و هێڵڤی له دور رابینی كه چۆن رژێمی سه‌ربازی زۆر دڕندانه یه‌كه‌م هه‌وڵه‌كانی گۆڕانكاری دیموكراتی سه‌ركوت كرد. به بۆچونی ئه‌و كێشه‌ی بۆرما له‌و كاته‌دا ئه‌و به‌ره‌نگاریه چه‌كدارانه‌یه بو كه له‌سه‌ر سنوره‌كانی رویان ده‌دا، كه چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك بو بونیان هه‌بو بێ ئه‌وه‌ی هیچ مه‌ترسیه‌ك بۆ سه‌ر رژێمی سه‌ربازی وڵاته‌كه دروست بكه‌ن. هێڵڤی له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "لێره خه‌ڵكێك هه‌بون به‌راستی عه‌وداڵی دیموكراسی بون، به دوای چاكسازی سیاسیه‌وه بون، به‌ڵام تاكه هه‌ڵبژاردنێك كه هه‌یانبو خه‌باتی چه‌كداری بو، ئه‌وه‌ش هه‌ڵبژاردنێكی دۆڕاو بو، بۆیه جۆرێك له هه‌ستی بێ توانایی هه‌بو".
له سه‌نته‌ری هارڤارد بۆ كێشه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه له‌وكاته‌دا وه‌ك وانه‌بێژ كاری ده‌كرد هێڵڤی هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ جین شارپ دا دروست كرد، كه ده‌یه‌ها ساڵ بو له‌وه‌ی وانه‌ی ده‌وته‌وه. له‌وه‌ی و له شارپه‌وه به پره‌نسیپه‌كانی ناتوندوتیژی ئاشنا بو و له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "ستراتیژی خه‌باتی ناتوندوتیژی ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه، چۆن ده‌ستت ده‌گات به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و رێگا به خه‌ڵكی تر ناده‌ی ئه‌و كاره بكات، یه‌كسه‌ر به بیرم دا هات كه خه‌ڵكی بۆرما ده‌كرێ سود له‌م بیرۆكه‌یه وه‌ربگرن. ده‌زانن ئه‌گه‌ر له تورگه‌ی كه‌ره‌سته‌كانت ته‌نا چهكوشێكت هه‌بێت، هه‌مو كێشه‌كان وه‌ك بزمار ده‌بینیت. بۆیه ئه‌گه‌ر بێت‌و كه‌ره‌سته‌یه‌كی تر له تورهگهكهیان دابێت، لای كه‌م ده‌توانن توانا شاراوه‌كانی ستراتیژی خه‌باتی ناتوندوتیژ تاقی بكه‌نه‌وه، به‌م شێوه‌ی ئه‌م بابه‌ته بو به چێی سه‌ره‌نجی من".
هێڵڤی و شارپ له ساڵی 1992 گه‌شت ده‌كه‌ن بۆ بۆرما و له كه‌مپێكی ناو دارستانێكی سه‌ر سنور ده‌ستیان ده‌كه‌ن به شیكردنه‌وه‌ی بیروڕاكانیان بۆ ئه‌و یاخیبوانه‌ی كه له ناو بۆرماوه رایان كردبو بۆ ئه‌و شوێنه. له‌و گفتوگۆیانه‌وه نامیلكه‌یه‌كی بچوك له‌ژێر ناوی "له دكتاتۆریه‌ته‌وه بۆ دیموكراسی" په‌یدا بو، پوخته‌ی هه‌مو ژیانی شارپ بو كه بۆ ئه‌و بابه‌ته ته‌رخانی كردبو. له‌وكاته‌وه بۆ چه‌نده‌ها زمان وه‌رگێڕدراوه و بوبه رێشانده‌ری سه‌ره‌كی بۆ شۆڕشگێڕانی رێبازی ناتوندوتیژ له هه‌مو شوێنێك.
بۆ یه‌كه‌مجار له مانگی ئاداری 1999 ئه‌م دو قوتابخانه‌یه چاویان به یه‌كتر كه‌وت له بۆداپێست. ناویكی تر كه پۆپۆڤیچ له‌و راپه‌ڕینانه‌ی ناوه كه خۆی تیا بو به پسپۆڕ ئه‌ویش "خه‌باتی ناهاوشێوهیه" به‌ڵام شتێكی ناهاوشێوه له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ش هه‌بو، هه‌ڵبژاردنی شوێنی كۆبونه‌وه‌كه زۆر ناجۆر بو، ژوری كۆنفرانسی ئوتێلی هیڵتۆن بو له بۆداپێست. له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "پێمان وابو كه ئاماده‌كاری بۆ شۆڕش له ئوتێلی هیڵتۆن كارێكی نه‌شیاوه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكیه‌كان ئه‌و شوێنه‌یان هه‌ڵبژارد".
هێڵڤی زیاتر له 20 ئه‌ندامی ئۆتپۆری مه‌شق پێكرد له‌سه‌ر ته‌كنیكی خه‌باتی ناتوندوتیژ. رۆژنامه‌نوسی ئه‌مه‌ریكی رۆجه‌ر كۆهین له ئارتیكهڵێك له رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز له مانگی تشرینی دوهه‌می 2000 له‌ژێر ناوی "كێ له راستیدا میلۆسۆڤیچی روخاند نوسیویه‌تی" ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه پێ ده‌چێ رۆڵی گرنگی ههبوبێ".
پۆپۆڤیچ كه‌سێكی هێمنه، به‌ڵام رێگایهگی ئاسان بۆ توڕه‌كردنی ئه‌وه‌یه كه بڵێی شارپ و هێڵڤی ئۆتپۆریان خسته‌سه‌ر رێگای سه‌ركه‌وتن. ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "له راستیدا كۆهین زیاده رۆیی كردوه، ئێمه له نیسانی ساڵی 2000 بۆ ماوه‌ی پێنچ رۆژ هێڵڤیمان بینی، به‌ڵام ئێمه پێش ئه‌وه به هێزترین بزوتنه‌وه بوین له وڵاته‌كه. میلۆسۆڤیچمان تۆقاندبو، وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریست ناوزه‌د كرابوین، پێشتر پرۆگرامی مه‌شق پێكردنی خۆمان ئه‌نجام داب‌و بۆ ماوه‌ی مانگ و نیوێك، له 37 شارۆچكه‌ی جیاواز نوسینگه‌مان هه‌بو، زیاتر له 40 هه‌زار چالاكوانمان هه‌بو. راسته بینینی هێڵڤی بوارێكی باش بو، راسته پرۆگرامی مهشقهكهمانی باشتر داڕشت و هه‌تا كۆتایی ژیانمان وه‌ك هاوڕێ ده‌مێنینه‌وه. به‌ڵام كاریگه‌ری له‌سه‌ر شۆڕشی سربی ئه‌وه‌نده گه‌وره نه‌بو".
ئه‌گه‌ر لوتبه‌رزی یانكی و خۆویستی سربی بخه‌ینه لاوه، هه‌ردولا زۆریان له باردایه پێشكه‌شی ئه‌وتری بكه‌ن. شارپ و هێڵڤی خاوه‌نی به‌رهه‌می زانیاری فراوانی شارپن له سه‌ر بابه‌تی پراكتیزی ناتوندوتیژ هه‌ر له گاندیه‌وه هه‌تا ئێستا له‌گه‌ڵ توێكاری وردی لاوازێكانی دكتاتۆریه‌ت كه ده‌كری پهرهدهیان له سه‌ر لاببرێ و به كار بهێنرێن. پۆپۆڤیچ و هاوڕێكانی خاوه‌نی ئه‌زمونی ده‌گمه‌نی رۆژ به رۆژ و ساڵ به ساڵ ژیانی ناو شۆڕشن. هیچ به‌شێك له تۆژینه‌وه‌كانی شارپ ناتوانێ جێگای ئه‌زمونی پۆپۆڤیچ بگرێته‌وه ده‌رباره‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ترس.
پۆپۆڤیچ ده‌ڵێ: ترس دیارده‌یه‌كی سروشتییه، وه‌ك باران وایه، به‌ڵام رێگه‌چاره هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ڕت ده‌كات. له گه‌یشتنه لوتكه‌ی بزوتنه‌وه ناڕه‌زاییه‌كان، پۆلیس ده‌ستیان كرد به گرتن و به‌ندكردنی ئه‌و چالاكوانانه‌ی كه تی‌شێرتی ئۆتپۆریان له به‌رد ده‌كرد. به گشتی ئه‌ندامان زارهترك بوبون، بۆیه ئۆتپۆر ده‌ستی كرد به ره‌واندنه‌وه‌ی ترسه‌كه‌یان. "سه‌ره‌تا ده‌ستمان كرد به قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه كه له زیندان به‌ر ده‌بون، دواتر ده‌ستمان كرد به قسه‌كردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مه‌ترسی گرتنیان له‌سه‌ر بو. پێمان گوتن كه كه‌له‌بچه ده‌كرێن، ئه‌وجا ئه‌گه‌ر پیاو بن له‌گه‌ڵ سه‌رخۆشان به‌ند ده‌كرێن و ئه‌گه‌ر ژن بن له‌گه‌ڵ سۆزانی. له هه‌ڤاڵه‌كانتان جوداتان ده‌كه‌نه‌وه، دوای چه‌ند كاتژمێرێك دین و په‌نچه مۆرتان وه‌رده‌گرن و قایشی پانتۆڵه‌كانتان و قه‌یتانی پێڵاوه‌كانتان لێ ده‌ستێنن و ئه‌وكات هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی پانتۆلًهكانتان ده‌كه‌ونه خواره‌وه. ئه‌وجا دوای چه‌ند كاتژمێرێكی تر ده‌تانبه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه و ئه‌مه‌ش لیستی ئه‌و پرسیارانه‌یه كه لێتان ده‌كه‌ن و ئه‌مانه‌ش ئه‌و وڵامانهن كه ده‌یده‌نه‌وه".
"له كاتێكدا كه خه‌ڵكمان بانگهێشت ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رده‌م بنكه‌ی پۆلیس كۆببنه‌وه، هه‌ركه‌س كه مه‌ترسی گرتنی له‌سه‌ر بوایه پێشتر پارێزهرێكمان بۆ ئاماده ده‌كرد. دایك و باوكانی ههرزهكارنمان ئاگادار ده‌كرده‌وه و تۆڕێكی خانمانی به‌ته‌مه‌نمان دروست كردبو بۆ په‌یوه‌ندی كردن به بنكه‌كانی پۆلیسه‌وه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و پرسیاركردن ده‌رباره‌ی گیراوه‌كان. ئه‌وجا روداوه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی پێشبینی كرابون رویانده‌دا، ئه‌فسه‌ره باشه‌كان جگه‌ره‌یه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كردی و خراپه‌كانیش ده‌یانكێشا به سه‌رتا. ته‌له‌فۆنی ئۆفیسهكانیش به‌رده‌وام زه‌نگیان لێ ده‌دا و كه‌س نه‌بو و‌ڵامیان بداته‌وه. ئێستا من ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌م كێ له ژێر فشاردا بو؟ ئه‌وه دۆخێكی زۆر ئاسان نه‌بو بۆ پۆلیس، ئه‌وان كاریان ئه‌وه‌یه كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاوانكاراندا بكه‌ن و ئێمه‌ش رێگه‌مان لێ گرتبون كه كاری ئاسایی خۆیان بكه‌ن له جیاتی ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رزه‌كارێكی 18 ساڵان بكه‌ن له سه‌ر ئه‌وه‌ی تیشێرتێكی له به‌ردا بوه. به شێوه‌یه له كه‌م كه‌م ئه‌و پایه به هێزه‌ی دكتاتۆر له‌ناو ده‌چێت، هه‌ر جاری پۆلیسێك.
پۆپۆڤیچ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه هه‌ر شۆڕشێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. "دوای شۆڕشی سربیا هه‌موان ده‌یانویست باس له رۆڵی خۆیان بكه‌ن. سه‌ده‌ها راوێژكار په‌یدا بون و ده‌یانوت، ئه‌مه هه‌رگیز روی نه‌ده‌دا ئه‌گه‌ر ئێمه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی دیموكراتیدا كاره‌مان نه‌كردبایه". به‌ڵام ئه‌وه سربه‌كان بون كه شۆڕ‌شیان ئه‌نجام دا، ئه‌وان ته‌نها لایه‌ن بون كه ده‌كرا ئه‌و كاره ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌مه یه‌كێكه له‌و لایه‌نه زۆرانه‌ی كه خه‌باتی ناتوندوتیژ له مۆدیلی توندتیژ كه تا ماوه‌یه‌ك له مه‌و به‌ربڵاو بو جیا ده‌كاته‌وه. پۆپۆڤیچ مۆدیلی كۆن به‌م شێوه‌یه كورت ده‌كاته‌وه، "دو سه‌د چه‌كداری به هێز ده‌ست ده‌گرن به سه‌ر حكومه‌تدا، ده‌مانچه‌یه‌ك ده‌خه‌نه‌سه‌ر سه‌ری سه‌رۆك و به زۆر ده‌یهێننه سه‌ر رادیۆ، ده‌ست ده‌گرن به سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌دا، چێ گیڤارا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر راڕه‌وی خۆی و ده‌ڕوات بۆ كۆمارێكی مۆزی تر، شۆڕش ئه‌نجام درا، ئه‌مه له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ته‌نها دوسه‌د پیاوی به هێزت پێویسته، ئه‌مه هۆكهیه".
له‌به‌رئه‌وه‌ی شۆڕشی كۆمۆنیستی ده‌كرا هه‌نارده بكرێت، خه‌ڵك پێیانوایه كه هه‌مان شت راسته بۆ شیوازهكهی پۆپۆڤیچ و هاوڕێكانی و بۆیه ئه‌وان خه‌ریكی هه‌نارده كردنی شۆڕشهكهن! پۆپۆڤیچ له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "ئه‌مه ده‌مانخاته ئه‌وه دۆخه‌وه ناخۆشه‌وه كه پێویست بكات به‌رده‌وام بۆ رۆژنامه‌وانه‌كانی شیبكه‌ینه‌وه، به‌ڵێ راسته ئێمه 5 رۆژمان له‌گه‌ڵ میسریه‌كان به‌سه‌ر برد، به‌ڵێ ئێمه كهرهستهمان خستنه به‌رده‌ست، به‌ڵێ زۆرمان باس و گفتوگۆ كرد، به‌ڵام له سه‌دا سه‌دی شۆڕشی میسری كه‌وته سه‌ر شانی میسریه‌كان و ئه‌وان ئه‌نجامیاندا. هه‌مان شتیش راسته بۆ خه‌ڵكی جۆرجیا و ئۆكرانیا، ئه‌وان بون شۆڕشه‌كانی وڵاتانی خۆیان ئه‌نجام دا نه‌ك سربیه‌كان.
ئه‌م بابه‌تی هه‌نارده‌كردن و هاورده‌كردنی شۆڕشه له پرسیاره‌كه‌ی كۆهینهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت، "ئایا شۆڕش روی ده‌دا به‌بێ یارمه‌تی ده‌ره‌كی؟". به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌ی كۆهین، ئه‌مه‌ریكیه‌كان چه‌كی نهێنی شۆڕشه‌كه‌ی سربیا بون، له‌ئێستاشدا پێده‌چێ سربیه‌كان هه‌مان رۆڵ بگێڕن له رۆژهه‌ڵاتی ناوین. پۆپۆڤیچ به گاَڵتهجاڕییهوه ده‌ڵێ: "ئه‌وه‌ی پێوستمانه یه‌ك ملیۆن دۆلار و سربیهك به جانتایه‌كی شیكه‌وه ده‌ست ده‌كات به بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كانی شۆڕش و پێش ئه‌وه‌ی ئاگادار بێته‌وه یه‌ك ملیۆن خۆپیشانده‌ر ده‌ڕژێنه‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی كیێڤ. ئه‌مه حیكایه‌تی هه‌نارده‌كردنی شۆڕشه، ئه‌م بیرۆكه‌یه له رێگه‌ی دو فیلمی دۆكۆمێنتهرییهوه زیاتر بڵاوبویه‌وه كه ئه‌مه‌ی دواییان به‌ناوی (كاری شۆڕش) بو وای نیشان ده‌دا كه شۆڕش له راستیدا پلانێكی ستراتیژییه پێشوه‌خت له لایه‌ن راوێژكاری شۆڕشه‌وه نه‌خشه‌ی بۆ ده‌كێشرێت".
ئه‌مه بابه‌تێكی تره كه كه‌مێك پۆپۆڤیچ توڕه ده‌كات و له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ "له‌كه‌یه‌كی گه‌وره ده‌خاته‌سه‌ر ناوچه‌وانی ئه‌وه‌ی ئێمه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ین. یه‌كه‌م شت كه له سهكۆكارهكانی (وێرك شۆپ) ئێمه‌دا گوێت لێَ ده‌بێت ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر خوازیاریت بزوتنهوهكهت نه‌دۆڕێ خۆت له دو بابه‌ت بپارێزه، یه‌كه‌م توندوتیژی و دوهه‌م ئامۆژگاری وه‌رگرتن له خه‌ڵكی بیانی. یه‌كێك له‌وه بابه‌تانه‌ی كه ده‌كرێ كێشه بۆ هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك دروست بكات ئه‌وه‌یه بڵێی: په‌یوه‌ندی به سربیهكهوه بكه، ئه‌و پێت ده‌ڵێ: چۆن شۆڕش به‌ڕێوه ده‌به‌یت، ئه‌مه وانیه، سربیهك ده‌كارێ كهرهستهت بخاته‌به‌ر ده‌ست، به‌ڵام پێویسته بۆ خۆت روئیای خۆت بۆ سبه‌ینێ دابڕێژی".
هه‌ر شۆڕشێكی ناتوندوتیژ جیاوازه به هه‌مان راده‌ی جیاوازی ئه‌و وڵاتانه‌ی تیا روده‌ده‌ن. به‌ڵام یه‌ك راستی هاوبه‌ش هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه توندتیژی ماچی مردنه بۆ هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك. چونكه پاساو ده‌خاته‌به‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ركوتكردن، مه‌ترسی په‌ره‌سه‌ندنی گرژی دێنێته ئاراوه، جه‌ماوه‌ر ده‌ره‌وێنێته‌وه و په‌یامی بزوتنه‌وه‌كه ده‌شێوێنێ. رۆبه‌رت هێڵڤی توندوتیژی بهدزهكردنی ئاو بۆ ناو ته‌نكی به‌نزینی ماشێن ده‌چوێنێ، ئه‌گه‌ر كه‌م بێت ماشێنه‌كه هه‌ر رێ ده‌كات، به‌ڵام كه‌مێك زیاتر ده‌بێته هۆی وه‌ستانی. بۆ شۆڕشگێڕه نه‌ریتیه‌كانی وه‌ك ما‌و ده‌سه‌ڵات له لوله‌ی تفه‌نگه‌وه ده‌ڕوێ، به‌ڵام وه‌ك دواتر بۆ زۆربه‌ی قوربانیه‌كانی كۆمۆنیزم ده‌ركه‌وت ئه‌وه ته‌نیا رێگایه‌كی قه‌دبڕه بۆ دكتاتۆریه‌ت. پۆپۆڤیچ پێی وایه ئه‌و شۆڕشه‌ی كه ده‌كرێ دوارۆژی میلله‌ت بگۆڕێ نابێت په‌نا به‌رێته‌به‌ر ناتوندوتیژی.
سه‌رچاوه: ئیندپێندت