Print
 
 به‌رگرتن له‌ شه‌ڕی ناوخۆ له‌ سوریا

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: كاروان حه‌یده‌ری
بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ململانێدا بون، كه‌ چۆن بتوانن وه‌ڵامی خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ ئاشیییانه‌كانی سوریاو به‌رپه‌رچه‌ توندوتیژه‌كانی رژێم بده‌نه‌وه‌. ئیداره‌كه‌ی ئۆباما به‌شێوه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌رخۆ هه‌وڵی داوه‌ بۆ ناچاركردنی به‌شار ئه‌سه‌د بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی به‌ سه‌پاندنی گه‌مارۆ و داوا لێكردنی بۆ به‌جێهێشتنی ده‌سه‌ڵات، له‌ كاتێكدا ئیداره‌كه‌ سه‌رقاڵی سیاسه‌تی "پێشره‌ویكردن له‌ دواوه‌"یه‌. پێده‌چێت ئێستا ئیداره‌كه‌ی ئۆباماو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا توشی چه‌ند زه‌حمه‌تییه‌ك بن: ئه‌ویش شه‌ڕ له‌نێوان هێزه‌ پاشه‌كشه‌كراوه‌كانی ئه‌سه‌دو سوپای چه‌كداره‌كان كه‌ پێكهاتون له‌ جیابوه‌وه‌كانی سوپای حكومه‌ت و خۆبه‌خشه‌كان، ئه‌مه‌ پێویستی به‌ وه‌ڵامێكی به‌هێزتر، خێراترو ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی زیاتری ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌.

ژماره‌یه‌ك له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵییه‌كانی هه‌فته‌ی رابردو ئاماژه‌یان به‌ لێدوانی چه‌ند دیبلۆمات و سه‌رچاوه‌یه‌كی سوری كردوه‌ كه‌ به‌رهه‌ڵستی چه‌كدارانه‌ دژی سه‌ركێشییه‌كانی ئه‌سه‌د بۆ سه‌ر دانیشتوان خه‌ریكه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌كو له‌ شارۆچكه‌كانی حه‌مس و راستان (كه‌ شه‌ڕێكی قورسی له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ تێدا رودا)و هه‌روه‌ها نزیك سنوری توركیاو سوریاش. رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمز له‌ زاری به‌رپرسێكی نه‌ناسراوی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ تائێستا نزیكه‌ی 10,000 سه‌رباز له‌ هێزه‌كانی ئاسایش جابونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌د كه‌سێك له‌وانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ دو بزوتنه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كانی سوپای ئازادی سوریاو بزوتنه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رانی ئازاد كردوه‌.

ده‌ركه‌وتنی ئه‌م هێزانه‌ جێگای پێشوازی لێكردن نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌شه‌وه‌ كه‌ به‌ هیوای كۆتایی هاتنی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌دن، توندوتیژی كه‌سانی توندره‌و ده‌هێنێته‌ ریزی پێشه‌وه‌، سه‌ركوتكاری درندانه‌ی زیاتر له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌خولقێنێت و ئه‌وه‌ی به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی پرۆ-دیموكراسی ناسراوه‌ ده‌گۆرێت بۆ شه‌ڕی تایفی. هه‌ر شه‌رێك له‌ سوریا، ده‌كرێت بگوازرێته‌وه‌ بۆ وڵاتانی دراوسێی وه‌كو لوبنان و عێراق، ئه‌مه‌ش ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، پێش هه‌موشیان ئێران، به‌ڵام وه‌ك راوێژكارێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رۆژی دو شه‌ممه‌ ئاماژه‌ی پێدا، بزوتنه‌وه‌ چه‌كدارییه‌ تازه‌ سه‌رهه‌ڵدراوه‌كان وه‌كو وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌كه‌ "بۆ خۆپاراستن له‌ توندوتیژییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی رژێمی سوریا به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی بێتاوان و خۆپیشاندانه‌ ئاشتیخوازه‌كان".
 
ئیداره‌كه‌ی ئۆباما كارێكی راست و دروست ده‌كات كاتێك ئه‌سه‌د به‌ به‌رپرسی هه‌ڵگیرسانی شه‌ری ناوخۆ ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌توانرێت چی بكرێت سه‌باره‌ت به‌ شتێكی وه‌ها. چه‌ند هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی ئاشكرا هه‌ن، وه‌كو فشار خستنه‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆنی سوریا، كه‌ به‌م دواییانه‌ ئه‌نجومه‌نێكی نیشتمانی پێكهێنا، بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ كۆبونه‌وه‌ی داهاتو له‌ ئه‌سته‌نبوڵ. پێویسته‌ وڵاته‌ دراوسێكانی سوریا هاوكاری سه‌ربازی بۆ رژێم بوه‌ستێنن، هه‌روه‌كو توركیا ده‌یكات. له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك له‌و شه‌رانه‌ رێگه‌یان لێبگرێت ئه‌گه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ ئه‌و سوریانه‌ی له‌ ترسی رژێم رایان كردوه‌ به‌درێژایی سنوره‌كانی توركیا یان عیراق دابین بكرێت.

له‌ كۆتاییدا، له‌وانه‌یه‌ ته‌نها رێگه‌ بۆ رونه‌دانی شه‌ری ناوخۆ بریتی بێت له‌ روخانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د. ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ لایه‌ن جیهانی ده‌ره‌كی ئه‌م ئامانجه‌ به‌دی ناهێنێت، به‌ڵام ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌توانێت سیاسه‌تی ده‌ستپێكردن له‌ پشته‌وه‌ واز لێبهێنێت و هه‌وڵێكی توندتر بخاته‌گه‌ر بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ئه‌سه‌د. ئیداره‌كه‌ ده‌توانێت فشار بخاته‌سه‌ر روسیا، چین و جامیعه‌ی عه‌ره‌بی بۆ سه‌پاندنی گه‌مارۆی قورس، هه‌روه‌ها توركیا ناچار بكات په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رژێمه‌كه‌دا بپچرێنێت و پارێزگاری بۆ ئاواره‌كان دابین بكات. زۆر ئاسانتر ده‌بێت بۆ ئه‌مه‌ریكا كه‌ ئێستا به‌جددی مامه‌ڵه‌ی خۆی بكات له‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانانه‌دا بكات كه‌ شه‌رێكی ناوخۆی توند دروستی ده‌كات.

سه‌رچاوه‌: واشنتن پۆست

Thursday, September 29, 2011
Sbeiy.com © 2007 - 2009