دیمانه: سبه‌ی
له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به گشتی و شاری سلێمانی به تایبه‌تی، ناوه‌نده‌كانی خوێندنیش له‌ناویاندا زانكۆی سلێمانی هاتنه ده‌نگ و به‌شداری ئه‌و خۆپیشاندان و چالاكییانه‌یان كرد كه دژ به گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری ده‌كرێت له‌م هه‌رێمه‌دا، هاوكات دلێر عه‌بدولخالق، سه‌رپه‌رشتیاری گروپی زانكۆ له‌م دیمانه‌یه‌یدا له‌گه‌ڵ "سبه‌ی" باس له‌و هۆكارانه ده‌كات كه ئه‌وانی هێناوه‌ته ده‌نگ و ده‌ڵێت: "داواكانی ئێمه داوای كۆمه‌ڵگان، پرسیاره‌كانی ئێمه پرسیاری خه‌ڵكن، وه‌ڵامی پرسیاره‌كان به‌ده‌سه‌ڵاتێك ده‌درێته‌وه نیه‌تی به‌رامبه‌ر گه‌نجان و خوێندكارن و شه‌قام به‌گشتی باش بێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و نیه‌ته هه‌ر بریتی بێت له تێپه‌ڕاندنی رۆژ و به‌ڵێنی بێ كردار، بێگومان ئه‌م قوناغه بۆ ده‌سه‌ڵات تێپه‌ڕیوه ".
سبه‌ی: دوای چه‌ند ساڵ له‌بێده‌نگی، ئه‌مڕۆ ده‌نگی زانكۆ جدی ده‌بینرێت، به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی زانكۆ و خوێندكارانی زانكۆ له‌م دۆخه‌ی كوردستان چ ئاماژه‌یه‌كی هه‌یه؟
دلێر عه‌بدولخالق: ئاماژه‌كه‌ی دیار و رۆشنه، ده‌لاله‌ته له‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ته‌واوی هێزه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه، ده‌لاله‌ته له‌وه‌ی شانه و پێكهاته‌كانی جه‌سته‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌ته‌واوی و هێز و گروپه جیاوازه‌كان، به ته‌واوی ناوه‌نده سیاسی و مه‌عریفی و رۆشنبیری و كه‌لتورییه‌كان گه‌یشتونه ئه‌و بڕواییه‌ی خواروخێچی له‌سیستمی سیاسی و ئیدارییدا گه‌یشتۆته قۆناغێك هیچ كلۆج و پاساوێك نه‌ماوه بۆ نه‌هاتنه ده‌نگ له‌پێناو چاكسازی و ده‌ستكاریكردنی هه‌ندێ له جومگه هه‌ستیاره‌كانی سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بهزانكۆوه هه‌یه، ئێوه ده‌زانن له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه ئه‌وه‌ی زانكۆی راده‌كێشا له‌چه‌ند بۆنه و موناسهبهتێكدا ده‌نگێكی هه‌بێت، دروستكه‌ره‌كه‌ی چه‌ند رێكخراوێكی حیزبی بون كه تاك و ته‌را ئه‌وكاته قسه‌یان ده‌كرد كه حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان پێویستیان به زانكۆ هه‌بو، واته ده‌نگی خۆڕسك و له‌ناو هه‌ناوی خوێندكاران و مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانه‌وه سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتبو، به‌ڵام ئێستا به‌تایبه‌ت له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی سلێمانی تێیدا ژیان ده‌كات به‌ره به‌ره خه‌ریكه ژیانی ئاسایی بۆ به‌شێك له دامه‌زراوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌ناویاندا زانكۆی سلێمانی، له‌وه‌دا دروست مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئێستا ئه‌وه‌ی ته‌مسیلی ئه‌و زانكۆیه ده‌كات خوێندكاران خۆیان نه‌ك هیچ رێكخراوێكی حیزبی، بۆیه به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی زانكۆی سلێمانی ئاماژه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه سه‌ركه‌وتنی داخوازییه‌كانی شه‌قام، شه‌قامێكی فراوانی زانستخوازی كوردستانیشی گرتۆته‌وه و تاكه هۆكارێكیش كهف و كوڵی ئه‌و شه‌قامه بنیشێنێته‌وه، چاكسازی و گۆڕانكاری و به ده‌نگه‌وه‌هاتنی ده‌سه‌ڵاته بۆ داخوازییه‌كانی خه‌ڵك.
سبه‌ی: خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێوه هاوكاته له‌گه‌ڵ خۆپیشاندنی جه‌ماوه‌ر و شه‌قامی كوردی دژی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی سیاسی، زانكۆ له‌كۆی ئه‌و هه‌مو ناڕهزایهتیدایه؟ یان بهدێوێكی تردا بۆ چالاكییه‌كان گواسترانه‌وه ناو زانكۆ؟
دلێر عه‌بدولخالق: كۆبونه‌وه و خۆپیشاندان و مانگرتن و حهماسیهتی خۆێندكارانی زانكۆی سلێمانی له (10) رۆژی رابردودا، نیشانی‌دا زانكۆ له‌ناو چه‌قی ئه‌و ناڕهزایهتیهدایه كه رۆژ له‌دوای رۆژ روبه‌ره‌كه‌ی له شه‌قامه‌وه فراوانتر ده‌بێت. زانكۆ ئه‌مجاره نیشاندا له‌ته‌ك بواری ئه‌كادیمیه‌كه و دۆزینه‌وه‌ی راستیه زانستییه‌كان ده‌توانێت رۆڵی ته‌واكاری خۆی له كۆمه‌ڵگا ته‌واو بكات، واته بڕیار نییه ته‌نیا مه‌هامی سه‌ره‌كی زانكۆ له پێگه‌یاندنی گه‌نج و پێبه‌خشینی بڕوانامه‌یه‌ك كورت بكرێته‌وه، به‌ڵكو ئامانجه گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه زانكۆ له‌خه‌مه‌كانی كۆمه‌ڵگا دانه‌برێت و كۆمه‌ڵگاش به دور نه‌بێت له‌كاریگه‌رییه‌كانی زانكۆ.
ئاشكرایه زانكۆكه‌كان، پێكهاته‌یه‌كی گرنگ و سه‌رمه‌شقی زۆربه‌ی شۆڕشه گرنگه‌كانی دونیان، سهرمهشقبون له گۆڕانكاریكردن و كۆتایهێنان به واقعێك و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی واقعێكی تر، نه‌خشیان هه‌بوه له‌كۆی ئه‌و جوڵانه‌وه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی رویانداوه، بۆیه هیچ نادروستیهكی تێدا نییه كه زانكۆكانی ئێمه‌ش هه‌مان ئه‌زمون دوباره‌بكه‌نه‌وه و له‌رێی هێزه مرۆییه‌كه‌یه‌وه كه بریتیه له گه‌نجانی ئه‌م وڵاته نه‌خشه‌ی رێگای خۆیان هه‌بێت له رابهرایهتكردنی ناڕه‌زایه‌تی و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك و هاته‌ریب له‌گه‌ڵ خه‌مه‌كانی شه‌قام ببنه هێزێكی فشاری گه‌وره له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، تائه‌وه‌ی ناچاری ده‌كه‌ن بچه‌مێته‌وه به‌رامبه‌ر خواسته راسته‌قینه‌كانی جه‌ماوه‌ر، ئێستا زانكۆی سلێمانی ده‌یه‌وێت ئه‌و رۆڵه ببینێت و واده‌زانین شۆڕشی خوێندكاری له هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌گه‌نجی ئازا و ئازاد ده‌ستی پێكردوهو تا سه‌ركه‌وتنی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك به‌رده‌وام ده‌بێت.
سبه‌ی: ئه‌وه‌ی له زانكۆكاندا هه‌یه، گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی دروستبونی ژماره‌یه‌ك له رێبه‌ری گه‌نجی لێبكه‌وێته‌وه كه ببنه ده‌موچاوی به‌رگریكردن له مافه‌كانی خه‌ڵك؟ یان ده‌توانین بڵێین له‌ناو گه‌نجی كورد دا ده‌موچاوی نوێ دروستبوه بۆ رابهرایهتكردنی خه‌ڵك؟
دلێر عه‌بدولخالق: هه‌مو بزاوت و چالاكی و گردبونه‌وه‌یه‌كی به كۆمه‌ڵ پێویستی به سه‌رڕا و ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك هه‌یه كه هه‌ڵسوڕێنه‌ر و به‌گه‌ڕخه‌ری ماشێنی جوڵاندنی بزاوته‌كه بێت، ئه‌م حاڵه سروشتییه بۆ هه‌ر قۆناغ و جوڵانه‌وه‌یه‌ك تا راده‌یه‌كی به‌هێز له‌راستیه‌وه نزیكه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به زانكۆی سلێمانیه‌وه هه‌یه، سه‌رباری نادیده‌گرتنی هێزی جه‌ماوه‌ر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه و سه‌رباری په‌نگخواردنه‌وه‌ی چه‌ند ساڵه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌خۆی كوردی، به‌ڵام له راستیدا ئه‌وه‌ی به‌جدی توڕه‌یی ئه‌م دواییه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، ئه‌و روداوه تراژدییه بو، كه 17ی شوبات له‌به‌رده‌م لقی (4)ی پارتی دیموكراتی كوردستان خولقا، ئه‌و قه‌سابخانه و كاردانه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه به‌رامبه‌ر خه‌ڵك و كاردانه‌وه‌ی دواتری ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌رامبه‌ر گیانی خۆپیشانده‌ران كه جگه له شه‌هیدبونی (8) هاوڵاتی، برینداربونی زیاتر له (200) كه‌سی لێكه‌وتۆته‌وه، حاڵه‌تێكه ده‌بو هه‌مومان له‌سه‌ری بێینه ده‌نگ، ئیتر مانه‌وه‌ی له هۆڵی موحازه‌رات و بێده‌نگی هه‌ڵبژاردن به‌رامبه‌ر ئه‌و روداوه به‌تایبه‌ت بۆ ناوه‌ندێكی گرنگی مه‌عریفی و زانستی وه‌ك زانكۆ واده‌زانین گوناهێكه لێخۆشبونی كه‌مه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه گروپی زانكۆ-مان راگه‌یاند و زۆرینه‌ی خوێندكاران و ماوه‌یه‌كیش ته‌واو مامۆستایانیش هاوسه‌نگه‌رمان بون و به‌یه‌كه‌وه ئیدانه‌ی توندوتیژییهكانمان كردوه و پشتوانیمان له هه‌ڵوێستی خۆپیشانده‌ران و داخوازییه‌كانی كردوه.
رێكخراوی و به‌ڕێوه‌چونی زیاتر له‌دو هه‌فته چالاكی و گردبونه‌وه و به‌یاننامه و ئاگاداركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و سه‌فاره‌تی وڵاتانی جیهان له هه‌رێم و عێراق له‌مه‌ڕ مه‌ترسیه‌كانی دۆخی سیاسی هه‌رێم و ده‌ست نه‌پاراستنی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر گیانی خۆپیشانده‌ران، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌م بزاوته ژماره‌یه‌ك گه‌نج رابه‌رایه‌تیان كردوه كه خه‌می خه‌ڵك و ئایندهی ئه‌م هه‌رێم كۆیكردونه‌وه و كه‌ره‌سته‌ی دروستكردنی گهنجگهلێك كه بتوانن رابه‌رایه‌تی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك و شه‌قام بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر شوێنێك كه‌م بێت، له‌زانكۆدا به‌ژماره زۆره.
سبه‌ی: له‌سه‌ره‌تای راگه‌یاندی پشتیوانی خۆتان بۆ شه‌قامی كوردی، هه‌ندێ لایه‌ن به‌تایبه‌ت وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ پیشتوانی جوڵانه‌وه خوێندكارییه‌كه‌ی ئێوه‌یان كرد، به‌ڵام دواتر په‌شیمانبونه‌وه و پاشه‌كشێیان له‌و هه‌ڵوێسته كرد، هۆی ئه‌مه چی بو؟
دلێر عه‌بدولخالق: ئه‌گه‌ر هۆیه‌كی هه‌بوبێت، ئه‌وه بریتی ده‌بێت له‌وه‌ی به ئیعازی حیزب و به تاكتیكی كۆنترۆڵكردنی ئێمه بۆ چه‌ند رۆژێك له‌گه‌ڵمان بون و دواتر ته‌واو پشتوانییهكانی خۆیان له‌ئێمه بڕی و به‌پێچه‌وانه‌ی وته‌كانی خۆیانه‌وه لێدوانیان دا. له‌سه‌ره‌تادا كه زانیان زۆرینه‌ی خوێندكارانی زانكۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه خۆڕسكهیه، بۆئه‌وه‌ی به‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ بڵێن: " ئه‌و ناڕازایهتیهی گه‌وره‌ی زانكۆ، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێمه نییه" هه‌ربۆیه سه‌ره‌تا مامۆستایان و دواتر سه‌رۆكی زانكۆ و به‌دوایشدا وه‌زیری خوێندنی باڵا تێكه‌ڵی خۆپیشاندانه‌كانی ئێمهبون، دوای چه‌ند رۆژێك، له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌وه پێیانوتین ئێوه په‌یامه‌كه‌تان به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوه و ته‌واو بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هۆڵه‌كانی خوێندن، ئه‌م په‌یامه بۆ ئێمه ههزمنهكراو بو، چونكه له‌كاتێكدا هیچ یه‌ك له دواكارییهكانمان جێبه‌جێنه‌كراوه چۆن ده‌كرێت مینبه‌ری زانكۆ كپ بكه‌ین و توڕه‌یی خوێندكاران و گه‌نجان له‌ده‌ستی خۆماندا بمرێنین، بۆیه بڕیارماندا له‌ده‌ره‌وه‌ی خواستی ئه‌وان درێژه به خه‌باتی مه‌ده‌نی بده‌ین و تا ئه‌وه‌ی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ریمان راگه‌یاند و به‌هێز خوێندكار رۆژانه هۆكاری ده‌نگ و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنمان هێناوه‌ته ناو زانكۆوه و به‌پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینی ئه‌وان زۆرینه‌ی خوێندكاران بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئینتیمانی حیزبی له‌گه‌ڵ ئێمه مانه‌وه و ئێمه‌ش بڕیارمانداوه جوڵانه‌وه‌كه‌مان بگه‌یه‌نینه ئه‌و وێستگه‌یه‌ی كه خه‌ڵك لێمانی چاوه‌ڕوان ده‌كات.
سبه‌ی: یه‌كێك له دروشمه‌كانی ئێوه چونه‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستی حیزبه له‌ناو زانكۆدا، تاچه‌ند بڕواتان به سه‌ركه‌وتنی خۆتان هه‌یه؟ له‌كاتێكدا له هه‌مو جومگه‌كانی ئه‌و وڵاته وجودێكی نێگه‌تیڤی حیزب هه‌یه، ئایا حیزب به‌ئێوه ده‌كرێته ده‌ره‌وه؟
دلێر عه‌بدولخالق: له‌په‌یامی رۆژنامه‌وانی گروپی زانكۆدا یه‌كێك له ره‌خنه جدییه‌كان ئاراسته‌ی تێكه‌ڵی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ئیشنهكردن بهپرانسیپی جیانه‌كردنه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌رێم كراوه، وا ده‌زانین ئێمه له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌و دۆخه‌دا سه‌ركه‌وتمان به‌ده‌ستهێنا، بۆ نمونه هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ له چنگی چه‌ند رێكخراوێكی حیزبی و رابه‌رایه‌تیكردنی له‌چوارچێوه‌ی گروپێكی خۆڕسكی فشاردا، ئه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتن نییه و سه‌ره‌تایی نیشاندانی مودیلێكی فشاری مه‌ده‌نی له‌ناو زانكۆی سلێمانی نییه، چ مانایه‌كی تری هه‌یه.
گروپه‌كه‌ی ئێمه ناهه‌قی به‌رامبه‌ر خه‌ڵك دروستیكردهوه، نه‌ك حه‌زێكی سیاسی. له نه‌خشه‌ڕێگای كاركردنی ئێمه‌دا بڕیار نییه دژایه‌تی هیچ لایه‌نێكی سیاسی یان هیچ گروپ و رێكخراوێك بكرێت، ئه‌وه‌ی بڕیاره بێده‌نگ نه‌بونی زانكۆیه له‌هه‌ر كاتێكدا كه كۆمه‌ڵگا پێویستیه‌تی.
سبه‌ی: ئێوه ده‌ڵێن به‌رده‌وام ده‌بین، به‌رده‌وامی به چ مانایه‌كه لای ئێوه؟
دلێر عه‌بدولخالق: داواكانی ئێمه داوای كۆمه‌ڵگان، پرسیاره‌كانی ئێمه پرسیاری خه‌ڵكن، وه‌ڵامی پرسیاره‌كان به‌ده‌سه‌ڵاتێك ده‌درێته‌وه نیه‌تی به‌رامبه‌ر گه‌نجان و خوێندكارن و شه‌قام به‌گشتی باش بێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و نیه‌ته هه‌ر بریتی بێت له تێپه‌ڕاندنی رۆژ و به‌ڵێنی بێ كردار، بێگومان ئه‌م قوناغه بۆ ده‌سه‌ڵات تێپه‌ڕیوه و ناچاره ده‌بێت به‌پیر داخوازییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه بێت، ئێمه تائێستا شێوه‌ی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانمان مه‌ده‌نی و ئاشتیانه بوه، بڕیاریشه به‌و شێوه به‌رده‌وام بین، به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵات جدی نییه، كاتێك پلانی چاكسازی له‌دۆخی ناپلانیدا مردارده‌بێته‌وه، كاتێك به‌گژداچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی نابێته مه‌هامی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵات، كاتێك داوای گۆڕانكاری و چاكسازی به رێگه‌ی ئاشتیانه ئه‌نجامی نابێت، ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته به‌ناچاری رێگای تر كه لای ئێمه نه‌خوازراوه و پیشانی جه‌ماوه‌ر ده‌دات.
سبه‌ی: بۆ به‌ڕێوه‌بردنی چالاكیه‌كانی رۆژانه‌تان، سه‌رچاوه‌ی مادی ئێوه خۆتانن و یان له‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆوه كۆمه‌ك كراون؟
دلێر عه‌بدولخالق: دو جار له‌ناو زانكۆوه كۆمه‌ك كراوین، جاری یه‌ك له‌ناو كۆبونه‌وه‌ی گشتی خوێندكاران‌دا زیاتر له ملیۆنێك و سێ سهدههزارمان كۆكرده‌وه و جاری دوه‌میش ژماره‌یه‌ك مامۆستای به‌هه‌ڵوێستی زانكۆ بڕی (1000) دۆلاری ئه‌مریكیان پێشكه‌شكردین و به‌و بڕه پاره رۆژانه ئامێری ده‌نگ و پێویسته‌كانی تر له ئاڵا و پۆسته‌ر و كه‌ره‌سته‌كانی تری پێ دابینكردوه.
سبه‌ی: داواكانتان داوای شه‌قامه، یان زیاتر په‌یوه‌ستی به توێژی خوێندكاران و گۆڕانكاری له سیستمی خوێندن و پێویستیه خوێندكارییه‌كان؟
دلێر عه‌بدولخالق: ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه داواكانی خه‌ڵكه، به‌ڵام به‌جدی كار له‌سه‌ر چاكسازی زانستی له‌ناو زانكۆكان و پێداچونه‌وه‌ی به‌پڕۆگرامی خوێندن و كۆمه‌ككردنی زیاتر خوێندكاران به‌تایبه‌ت زیادكردنی ده‌رماڵه و پشتگیركردنی خوێندكاران له راهێنانی زیاتر زانستی و چانسی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی خوێندكاره سه‌ركه‌وتوه‌كان بۆ زانكۆ پێشكه‌وتوه‌كانی جیهان، به‌شێك ده‌بێت له‌و دوایانه‌ی له‌قۆناغی داهاتودا پێشكه‌شی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌كرێت، كه به كۆده‌نگی نیشتمانی دروستده‌كرێت.