Print
 هۆ کاکی پێشمه‌رگه‌
Thursday, March 3, 2011

سالار باپیر

هۆ کاکی پێشمه‌رگه‌: روی لوله‌ی تفه‌نگه‌که‌ت له‌ من مه‌که‌، من خه‌مخۆر و به‌شخوراوی ئه‌م خاکه‌م. من رۆڵه‌ی که‌سوکار شه‌هید و ئه‌نفالکراو و سه‌رلێشێواوی ئه‌م نیشتمانه‌ هه‌تیوه‌م. من گه‌نجێکم که‌ که‌س دڵی پێم ناسوتێت و نیمه‌‌ رێنیشانده‌ر. ئه‌وه‌ منم که‌ بازرگانانی دۆلارپه‌رست، ریشپانانی خواپه‌رست و سه‌رکرده‌ی خوێنپه‌رست کردومیان به‌ کاڵای بێبه‌ها و رۆژانه‌ ده‌یان جار له‌ نوسینگه‌کان و په‌رستگاکان و باره‌گاکانیانه‌وه‌ فریوم ده‌ده‌ن و که‌سێتیم ئه‌تك ده‌که‌ن و ریسوام ده‌که‌ن.

هۆ کاکی پێشمه‌رگه‌: سینه‌م مه‌که‌ به‌ نیشانه‌ی گوله‌کانت، خۆ منیش وه‌کو تۆ دایكم چاوه‌ڕێمه‌ و جگه‌رسوتاوی مه‌که‌. لێمگه‌ڕێ با سبه‌ی ببینم و سه‌ردانێکی تری فێیسبوك بکه‌مه‌وه‌ و جارێکی دی بچمه‌وه‌‌ ژوانی دڵداره‌که‌م. منێکی هه‌رزه‌کاری دونیانه‌دیو بۆ ده‌بێت له‌ ئه‌م دوڕیانه‌دا مه‌رگی گوله‌ت یان خنکاندنی زێی یۆنان هه‌ڵبژێرم. باوه‌ڕ بکه‌ منیش ئاشق و گیانفیدای ئه‌م خاکه‌م به‌ڵام قێز له‌ چه‌ك و خوێنڕێژیی ده‌که‌مه‌وه‌.

هۆ کاکی پێشمه‌رگه‌: کارێك بکه‌ مامه‌ ریشه‌ و ئاسۆی ده‌لاكم به‌ بیربهێنیته‌وه‌، نه‌ك مولازیم موحسین و ئاسۆی قومری. خه‌ڵتانی خوێنم مه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی منیش له‌ جیاتی به‌ردباران گوڵبارانت بکه‌م. ئه‌ی ناترسیت گوله‌کانت سینه‌ و که‌له‌ی ئازیزێکت ببپێکێت؟ وه‌ره‌ باپێکه‌وه‌ ئه‌م نیشتمانه‌ پڕ بکه‌ین له‌ گوڵ له‌ خه‌نده‌ له‌ جریوه‌ی ئازادیی. هیواکانم ئاڵواڵان و ئێجگار زۆرن، ده‌ستم دامێنت مه‌یانتاسێنه‌. وه‌ره‌ با پێکه‌وه‌ خه‌ونی ره‌نگاوڕه‌نگ به‌ ئه‌م نیشتمانه‌وه‌ ببینین و بێدادیی راماڵین.

هۆ کاکی پێشمه‌رگه‌: وامه‌زانه‌ ئه‌و جلوبه‌رگه‌ به‌ڵه‌ك به‌ڵه‌کانه‌ت ره‌مزی کێویی و سه‌رچڵیته‌، خۆ تۆش وه‌کو من کراویت به‌ کۆیله‌. له‌ ئه‌م گه‌مه‌ قێزه‌ونه‌دا، سه‌رکرده‌کانت بێڕه‌حمانه‌ چه‌واشه‌ت ده‌که‌ن و به‌کارتده‌هێنن و کوشتاری میلله‌ت به‌ تۆ ده‌که‌ن، سبه‌ی ئه‌وان ده‌ڕۆنه‌‌ کۆشکه‌ مه‌ڕمه‌ڕه‌کانیان له‌ هه‌نده‌ران و تۆش له‌ خانوه‌ بلۆکه‌که‌تدا به‌ دڵه‌ڕاوکێ ژیانت به‌سه‌ر ده‌به‌یت. ئیتر خۆت و ویژدانت.

هۆ کاکی پێشمه‌رگه‌: من نه‌وه‌ی خولیای فێیسبوكم، چونکه‌ ته‌نها رێگه‌یه‌ که‌ ده‌نگ و ره‌نگم ببیسترێت و ببینرێت. خۆ من داوای ته‌لاری زێڕ و ته‌ڵا ناکه‌م، داوای به‌هه‌شت و ئه‌وپه‌ڕی دونیا ناکه‌م، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ده‌وێت که‌ کوڕه‌ مه‌سئول مافم نه‌خوات و ده‌رفه‌تێکی یه‌کسانم بۆ بڕه‌خسێنرێت به‌ هه‌وڵ و ماندوبونم دواڕۆژێکی ئارام و ئاسوده‌ بنیات بنێم. من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ده‌وێت که‌ بتوانم به‌ ده‌نگی به‌رز بیر بکه‌مه‌وه‌ و نه‌ترسم ژیانی لاویم له‌ ژوری تاریکی زیندانی حیزبدا یان له‌ ژێر شه‌لاقی مێزه‌ربه‌سه‌ردا، به‌سه‌ربه‌رم. من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ده‌وێت که‌ وه‌کو مرۆڤێکی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ بکرێت.

هۆ کاکی پێشمه‌رگه‌: نه‌که‌یت په‌نجه‌ بخه‌یته‌ سه‌ر په‌له‌پیتکه‌ی تفه‌نگه‌که‌ت و بیته‌قێنیت، گوله‌که‌ت من و تۆ و نیشتمانمان وێڵ ده‌کات.

Sbeiy.com © 2007