Print
 ماوه‌ی نێوان پاوانخواز و هاوڵاتیان له‌ گۆڕانخواز و چاکخواز یه‌کجار زۆره‌…
Saturday, March 5, 2011
جه‌لال جه‌وهه‌ر

ماوه‌ی نێوان پاوانخواز و هاوڵاتیان له‌ گۆڕانخواز و چاکخواز یه‌کجار زۆره‌… به‌ڵام ئه‌سته‌م نیه‌ له‌ ئه‌مڕۆی کوردستان!

بیری پاوانخوازی، که‌ جۆرێکه‌ له‌ جۆره‌کانی داگیرکردن و خۆسه‌پاندن و ده‌ست به‌ سه‌ر داگرتن، حوکمی لایه‌نێک یان تاکه‌ که‌سێک، له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانی دونیادا هه‌یه‌، به‌ شێوازی جۆراو جۆر فه‌رمانڕه‌وایی پێ ده‌کرێت… ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ حوکمڕانی زیانی گیانی و ئابوری و هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی زۆری گه‌یاندۆته‌ مرۆڤایه‌تی له‌ ماوه‌ی رابوردو.

ئه‌وه‌ی جێگای دڵ خۆشیه‌ ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ سیستمی سیاسی و حوکمڕانی له‌ داشکان و شکستێکی خێرادایه‌، به‌تایبه‌تی له‌ دواین (٢٠) ساڵی رابوردو، به‌هۆی به‌ئاگا بونه‌وه‌ و ئاشنا بونی به‌شێکی مرۆڤایه‌تی به‌ شۆڕشی ته‌کنه‌لۆجیای په‌یوه‌ندیه‌کان، گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی باری ژیان له‌ به‌شێکی وڵاتانی دونیا.

میلله‌تی کورد یه‌کێکه‌ له‌ قوربانیه‌کانی ئه‌و شێوه‌ حوکمڕانیه‌، یه‌کێکه‌ له‌ زه‌ره‌رمه‌ندترین میلله‌تانی دونیا له‌ سه‌ر ده‌ستی داگیرکه‌ران و رژێمه‌ دکتاتۆریه‌کان.

ئه‌وه‌ی جێگای مه‌ترسی گه‌وره‌یه‌ له‌ سه‌ر میلله‌ته‌که‌مان، ئه‌وه‌یه‌، له‌ ماوه‌ی نزیکی (٢٠) ساڵی حوکمڕانی کورد، ئاراسته‌یه‌کی نا ته‌ندروست هه‌یه‌ بۆ حوکمڕانی له‌ کوردستان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان مه‌یلێکی زۆر به‌هێز هه‌یه‌، بۆ پاوانخوازی، به‌شێکی نیشانه‌کانی پاوانخوازی له‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا ده‌رکه‌وتوه‌، له‌ ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌ حیزب، له‌ هێز و له‌شکری چه‌کداری تاکه‌ حیزب، هه‌ڵبژاردنی ساخته‌ و په‌رله‌مان و حکومه‌تی به‌ڕواڵه‌ت، به‌ر ته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵ و ئازادیه‌ سیاسیه‌کان، دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی کردنی میدیای ئازاد و نوسه‌ر و رۆژنامه ‌نوسان، خۆسه‌پاندن به‌ رێگای ترس و تۆقاندنی هاوڵاتیان، ده‌سته‌مۆ کردنی به‌شی هه‌ره‌ زۆری رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ناڕۆشنی له‌ داهاتی وڵات و چۆنیه‌تی خه‌رجکردنی بودجه‌ی ساڵانه‌، قورخ کردنی بازار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌…

ئه‌م شێوه‌ حوکمڕانیه‌، به‌ناوی دیموکراسیه‌ته‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی زۆری دروست کردوه‌ بۆ سه‌ر ژیان و دواڕۆژی کوردستان، له‌ نه‌بونی و هه‌ژاری و بێکاری، تێکچونی سیستم و ریزبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، باری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ جۆرێ به‌رزی و نزمی و جیاوازی تیا دروست بوه‌ له‌ نێوان چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ که‌ ناڕه‌وایی و نا عه‌داله‌تی زۆری پێوه‌ دیاره‌، ئه‌م شێوه‌ حوکمڕانیه‌ که‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌ زمان و کولتوری هێز مامه‌ڵه‌ ده‌کات، هه‌ڕه‌شیه‌کی گه‌وره‌ی‌‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیری و به‌رپانه‌بونی ئاشتی هه‌میشه‌یی له‌ کوردستان دروست کردوه‌!

ئه‌مه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامه‌ خراپه‌کانی باری مه‌عنه‌وی و ده‌رونی و سیاسی و رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م شێوه‌ حوکمڕانیه‌ هاتۆته‌ کایه‌وه‌... هه‌مو ئه‌مانه‌ بێ بڕوای و نا ئومێدی بێ متمانه‌یی زۆری لای به‌شێکی زۆری هاوڵاتیان دروست کردوه‌، له‌ لای به‌شێکی هاوڵاتیان بوه‌ به‌ نیگه‌رانی و تۆران و زویر بون و توڕه‌ بون له‌ ده‌سه‌ڵات، له‌لای به‌شێکی تری گه‌یشتۆته‌ ئاستی رق و قین و یاخی بون له‌ ده‌سه‌ڵات.داواکاری و پرسیاره‌کان ئه‌وه‌یه‌ :

+ چۆن ئه‌و به‌شه‌ له‌ هاوڵاتیان له‌ رق و قین پاک ده‌کرێته‌وه‌، متمانه‌ی لا دروست ده‌بێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م زوڵم و سته‌مه‌ دروست بوه‌ و ده‌سه‌ڵات چۆن له‌ گه‌ڵیاندا رێک ده‌که‌وێ!؟

+ چۆن به‌شه‌ توڕه‌ و بێزار و نیگه‌رانه‌که‌ی هاوڵاتیان سارد ده‌که‌نه‌وه‌ و ئاشتیان ده‌که‌نه‌وه‌ و متمانه‌ی له‌لا دروست ده‌بێته‌وه‌، که‌ له‌ ماوه‌ی رابوردو بێ به‌ش کراون و مافه‌کانیان پێشێل کراوه‌ و بێدادیان له‌گه‌ڵدا کراوه‌؟

+چۆن متمانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هاوڵاتیانی له‌ بیر چو و پشتگوێ خراو؟

+چۆن متمانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌نجان، که‌جارێکی تر به‌ چاوی جیاواز سه‌یر ناکرێن له‌ خوێندن و دامه‌زراندن و...؟

+ گره‌نتی چییه‌ بۆ گه‌نجان که‌ هه‌لی کاریان به‌ یه‌کسانی بۆ ده‌ره‌خسێ و له‌م بێکاری و نه‌بونیه‌ رزگاریان ده‌بێ؟

+ گره‌نتی چییه‌ کۆلێجه‌کانی سه‌بازی پۆلیس جارێکی تر پاوان ناکرێن بۆ ئه‌ندامانی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، قوتابییان و خوێندکارانی سه‌ربه‌خۆ لێی بێبه‌ش نابن؟

+ گره‌نتی چییه‌ وه‌رگرتنی قوتابییان و خوێندکاران، بۆ خوێندنی باڵا (ماسته‌ر و دکتۆرا) له‌سه‌ر بنه‌مای حیزبون و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت نابێ؟

+چۆن گره‌نتی ئه‌درێ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، که‌ جارێکی تر توشی شه‌ڕی ناوخۆ ناکرێت وناکرێن به‌ سوته‌مه‌نی شه‌ڕ و ململانێی ناوخۆ؟

+گه‌ره‌نتی چییه‌ بۆ ژنان، له‌ ژن و دایک و خوشکی شه‌هید و که‌م ئه‌ندام و ژن و دایک و خوشکی پێشمه‌رگه‌، که‌ جارێکی تر پیا و کوڕه‌که‌نیان توشی شه‌ری تری ناوخۆ نابن... ژنه‌کانیان بێوه‌ژن ناکرێن و مناڵه‌کانیان بێ باوک ناکرێن؟

+ گره‌نتی چییه‌ هێزی چه‌کداری له‌ کوردستان، ده‌بێ به‌ هێزی نیشتیمانی و له‌ژێر فه‌رمانی حکومه‌تێکی باوه‌ڕ پێدرا و باوه‌ڕ پێکراو ده‌بێ، جارێکی تر به‌کار نایه‌ت له‌ دژی هاوڵاتیان و، له‌ دژی حیزب و رێکخراوه ‌سیاسیه‌ مه‌ده‌نیه‌کان له‌ کوردستان؟

+چۆن هه‌مو هاوڵاتیانی کوردستان دڵنیا ده‌که‌ن، که‌ جارێکی تر فێڵ و دزیان لێ ناکرێ له‌ داهات و بودجه‌ی ساڵانه‌دا!؟

+ چۆن هه‌مو هاوڵاتیانی کوردستان دڵنیا ده‌که‌ن له‌ گه‌یاندنی هه‌مو خزمه‌ت گوزاریه‌کان وه‌ک چۆن ده‌گاته‌ ماڵی ده‌سه‌ڵاتداران؟

+ده‌سه‌ڵات چۆن هاوڵاتیانی کوردستان دڵنیا ده‌کات که‌ ئۆقره‌یی و سه‌قامگیری و ئاشتی به‌رقه‌رار ده‌کات و جارێکی تر نابن به‌ فاکته‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ؟

+چۆن متمانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی کوردستان، که‌ نزیکی هه‌شت ساڵه‌ به‌شێک له‌ موچه‌که‌یان ئه‌دزرێ!؟

+ده‌سه‌ڵات چۆن کاسبکار و خاوه‌ن و کار و که‌رتی تایبه‌ت دڵنیا ده‌کات که‌ جارێکی تر بازاڕ و پرۆژه‌کان قۆرخ ناکرێن له‌ لایه‌ن حیزب و ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزب؟

+چۆن متمانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جوتیاران و خه‌ڵکی گونده‌کان، که‌ به‌هۆی کورد بون و کوردایه‌تی گونده‌کانیان وێران کراوه‌ و، خۆشیان که‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال و ئاواره‌ بون، ئه‌مڕۆش پشتگوێ خراون؟

+ده‌سه‌ڵات چۆن میدیای ئازاد و رۆژنامه‌ نوس و نوسه‌ری سه‌ربه‌خۆ دڵنیا ده‌کات که‌ ناکرێن به‌ ئامانج بۆ سزادان و گرتن و کوشتن؟

+ ده‌سه‌ڵات چۆن هاوڵاتیان دڵنیا ده‌کات که‌ جارێکی تر موڵک و ماڵی گشتی و هاوڵاتیان داگیر ناکه‌ن...؟

+ ده‌سه‌ڵات چۆن هاوڵاتیان دڵنیا ده‌کات که‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تی داهاتو، په‌رله‌مان و حکومه‌تی خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێ نه‌ک هی حیزبه‌کان؟

+ گره‌نتی چییه‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوش،فێڵ و ساخته‌ و ده‌ستکاری ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی تێدا نابێ؟

+ گره‌نتی چییه‌ گه‌نده‌ڵی وه‌ک ئێستا هه‌مو جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات ناگرێته‌وه‌؟

+ ده‌سه‌ڵات چۆن هاوڵاتیان دڵنیا ده‌کات، که‌ ده‌سه‌ڵاتی قه‌زا له‌ کوردستان بۆ هه‌موان وه‌ک یه‌ک ده‌بێ له‌ ئاینده‌؟

+ چۆن هاوڵاتیان دڵنیا ده‌کرێن، که‌ هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ هه‌موار ده‌کرێن که‌ مۆرکی حیزبایه‌تی پێوه‌ دیاره‌؟

+چۆن متمانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و چۆن دڵنیا ده‌کرێن که‌ جارێکی تر نابن به‌ ئامانج بۆ چه‌کداری پارتی و یه‌کێتی، که‌ هه‌ریه‌که‌یان چه‌ندین جار توشی هێرش و په‌لاماری چه‌کدارانی ئه‌و دو حیزبه‌ بون؟

+گره‌نتی چییه‌ پارتی و یه‌کێتی ده‌بن به‌ دو حیزبی مه‌ده‌نی، ه‌ک هه‌مو حیزب و لایه‌نه‌کانی تری کوردستان، دادگا ده‌بێ به‌ شوێنی داواکانیان وه‌ک هه‌مو حیزب و لایه‌نه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی تر؟

ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستانی عێراق له‌ به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی قورس و چاره‌نوس سازدایه‌، کۆمه‌ڵێ داواو پرسیاری که‌ڵه‌که‌ بوی له‌ به‌رده‌مدایه‌ و کاتیش رو له‌ ته‌واو بوندایه‌، بۆیه‌ هه‌رچی زوه‌ ده‌بێ ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌م داوای هاوڵاتیانه‌وه‌ بێت و، ڵامی پرسیاره‌کانیان بداته‌وه‌.بۆ ئه‌وه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی کوردستان :

١- چاو خشانده‌وه‌یه‌کی وردو ئازایانه‌ به‌ خودی خۆیدا بکات.
- پێداچونه‌وه‌ به‌ تێگه‌یشتن و عه‌قڵیه‌ت... ده‌سه‌ڵات به‌ دید و تێڕوانینی تایبه‌تی خۆی، به‌رنامه‌ی داڕشتوه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و، جێگیر کردنی پایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ کوردستان.ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ ره‌نگی داواته‌وه‌، له‌ خۆ به‌هێز کردن و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردن، به‌ حیزبی کردنی هه‌مو هاوڵاتیان له‌ کوردستان، به‌ مه‌به‌ستی دورخستنه‌وه‌یان له‌ به‌شداری کار و چالاکی سیاسی راسته‌قینه‌... راپه‌ڕین و شۆڕشی گه‌لانی دونیا، ئه‌وه‌یان سه‌لماند، که‌ نه‌هێزی چه‌کدار و نه‌ سه‌رمایه‌و سه‌روه‌تی زۆر، نه‌ به‌ حیزبی کردنی میلله‌ت، نه‌یتوانی و ناتوانێ پاوانخواز و دکتاتۆره‌کان رزگار بکات... بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات عه‌قلیه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ باروزروفی گۆڕان و پێشکه‌وتن له‌ دونیادا بگونجێ و چیتر وا نه‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ریه‌ک بکه‌ون.
- پێداچونه‌وه‌ و راستکردنه‌وه‌ی ره‌فتار و کرداری ده‌سه‌ڵات... ده‌سه‌ڵات له‌ ماوه‌ی رابوردو به‌ چاو سورکردنه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ کردن و لێدان و ته‌قه‌ کردن و کوشتن و بریندار کردنی خه‌ڵک خۆی سه‌پاندوه‌... عه‌قڵیه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ و تۆقاندن و گرتن و لێدان و کوشتنیش هیچ یه‌كێکی له‌ دکتاتۆره‌کان رزگار نه‌کرد.
- ده‌سه‌ڵات نزیکه‌ی (٢٠) ساڵه‌ گفت و به‌ڵێنی زۆر و جۆرا و جۆر ئه‌ده‌ن به‌ خه‌ڵکی کوردستان بۆ راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌و که‌موکوڕیه‌کانیان و قه‌ڵاچۆ کردنی گه‌نده‌ڵی له‌ کوردستان... گفت و به‌ڵێنی بێ‌ بنه‌ماش هیچ یه‌كێکی له‌ دکتاتۆره‌کان رزگار نه‌کرد.
- حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌ کوردستان جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ریه‌که‌یان دامه‌زراوێکی گه‌وره‌ی میدیایی هه‌یه‌، بۆ وڵام دانه‌وه‌ و هێرش و تۆمه‌ت دروست کردن، هاوشانی ئه‌م دامه‌زراوه‌ هه‌مو رێگاکانی تری گرتۆته‌ به‌ر له‌ لێدان و گرتن و سزا دانی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس ته‌نانه‌ت کوشتنیش له‌ سایه‌ی به‌رپرسیارێتی ئه‌واندا بوه‌.بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات رێگا بدا به‌ هاوڵاتیان رای خۆیان بده‌ن... میدیای حیزبی و ده‌سه‌ڵات متمانه‌ی پێ ناکرێت له‌لای هاوڵاتیان، هاوڵاتیان ئه‌مڕۆ که‌متر چه‌واشه‌ ده‌کرێن به‌ میدیای حیزب و ده‌سه‌ڵات... ئه‌م شێوه‌ میدیایه‌ که‌سی پێ جوان ناکرێ، ناتوانێت که‌سیش له‌ تاوانه‌کانی پاک بکاته‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م شێوه‌ میدیایه‌ بوه‌ به‌ یه‌کێک له‌ فاکته‌رکانی هه‌ره‌س هێنانی دکتاتۆره‌کان...
- فێڵ و ساخته‌ و ته‌زویر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ زیاد بوندایه‌، ا خه‌ریکه‌ ده‌بێ به‌ نه‌ریت و کولتور، بۆ به‌ ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌کی سیاسی بێ وێنه‌یه‌، له‌ هه‌مان کاتدا که‌م کردنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت و بڕوایه‌ به‌و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نه‌ و به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش که‌ دروست ده‌بێ.دکتاتۆر و رژێمه‌ دکتاتۆره‌کانی دونیا ماوه‌یه‌ک به‌ فێڵ و ساخته‌ و ته‌زویر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌نگ و ئه‌نجامی بێ وێنه‌یان بۆ خۆیان دیاری ده‌کرد له‌ نمونه‌ی‌ (٩٩%) و(٩٢%)، (٨٧%)ی ده‌نگ و کورسیه‌کان... به‌ڵام که‌ شه‌قام لێیان راپه‌ڕی، ئه‌و ئه‌نجامه‌ نا شه‌رعیه‌ نه‌بو به‌ شه‌فاعه‌ت بۆ دکتاتۆره‌کان.
٢- چاو خشاندنه‌وه‌ و پێدا چونه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌ و که‌م و کوڕیه‌کانی حوکمڕانی.
- ده‌ستور و یاساکان... ده‌ستور و یاسا دبێت بۆ میلله‌ت و وڵات و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێ... پرۆژه‌ی ره‌ش نوسی ده‌ستور و به‌شێکی یاساکان له‌ کوردستان مۆرکی حیزبایه‌تی پێوه‌ دیاره‌... ئه‌م جۆره‌ یاسا دانانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هاوڵاتیان به‌د گومان و بێ بڕوا ده‌کات به‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموکراسیه‌ت، په‌رله‌مان و که‌سایه‌تی په‌رله‌مانیش وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێک بچوک ئه‌بێته‌وه‌و ئه‌شکێ له‌ به‌رچاو هاوڵاتیان.دیکتاتۆره‌کانی دونیا ده‌ستور و یاساکانیان بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆیان بۆ سه‌ر هه‌مو جومگه‌ سه‌رکیه‌کانی ژیان دانا بو، به‌ڵام نه‌یانپاراستن، چونکه‌ ده‌ستور و یاسا کاتێک به‌ نرخ و پیرۆز ده‌بێ که‌ ده‌ستور و یاسای میلله‌ت و نیشتیمان بێ.
- په‌رله‌مان... په‌رله‌مانی کوردستان به‌داخه‌وه‌ نه‌بو به‌ ده‌سه‌ڵاتێک، که‌ به‌ چاکی ئه‌رکه‌کانی ته‌شریعی چاودێری خۆی جێ به‌ جێ بکات، دور له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی حیزب.بۆیه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ جێگای خۆیه‌تی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و، ه‌ هه‌ڵبژاردنێکی پێش وه‌خت رابگه‌ێنرێ.
حکومه‌ت... حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌رک و فه‌رمانه‌ بنچینه‌یه‌کانی خۆی له‌ خزمه‌ت گوزاری و سه‌قام گیری، ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ و بوژاندنه‌وه‌ له‌ بیر چۆته‌وه‌، به‌هۆی سه‌رقاڵ بونی به‌ کاروباری نایاسایی و ده‌ستێوه‌ردانی هه‌ردو حیزب له‌ کاروباری حکومه‌ت، به‌هۆی ئه‌و هه‌مو ده‌ست تێوه‌ردانه‌ی حیزب له‌ کاروباری حکومه‌ت، به‌شێکی هاوڵاتیان پێیان وایه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌، ته‌نیا حکومه‌تی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌، ئه‌م حکومه‌ته‌ بوه‌ به‌ که‌ره‌سته‌ و چه‌ترێک بۆ شه‌ریعه‌تدان به‌ گه‌نده‌ڵی و زوڵم و سه‌رکوت کردن بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ متمانه‌ی لێ بسه‌نرێته‌وه‌ و هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌...
- قه‌زا... قه‌زاش له‌ وڵاتی ئێمه‌دا گرنگی خۆی پێ نه‌دراوه‌، شوێنی راسته‌قینه‌ی خۆی نه‌گرتوه‌،په‌راوێز خستن و گوێ نه‌دان به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ خۆی گومانێکی زۆر و چه‌ندین پرسیار دروست ده‌کات.له‌مه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌، هه‌وڵێکی به‌هێز هه‌یه‌ بۆ به‌حزبی و سیاسی کردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش!که‌ ئه‌مه‌ش یه‌کێکی تره‌ له‌ نیشانه‌کانی پاوانخوازی و دکتاتۆری.

٣- پێداچونه‌وه‌یه‌ک به‌ به‌رنامه‌ و په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌کان...
- په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان... هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات(پارتی و یه‌کێتی) له‌ هه‌رێمی کوردستان، به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر نا ته‌ندروست په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی کوردستان رێک خستوه‌... مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ ره‌سه‌نه‌کانی کوردستان، دوره‌ له‌ بنه‌ماکانی دیموکراسیه‌ت، له‌ فره‌یی و عه‌داله‌ت و رای ئازاد، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ به‌ هه‌مو جۆرێ پشتگیری و یارمه‌تی هه‌ندێ لایه‌نی دروستکراو و کارتۆنی ده‌که‌ن، ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ جگه‌ له‌وه‌ی کارێکی زۆر نادیموکراسیه‌، له‌ هه‌مان کاتدا، کار و به‌رنامه‌یه‌که‌ بۆ شێواندنی ئه‌خلاقیه‌تی کاری سیاسی و کۆمه‌ڵ، که‌ ئه‌نجامه‌ خراپه‌کانی ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ کاری سیاسی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان.حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به‌هه‌مان شێوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌که‌ن، که‌ ئه‌مه‌ش خزمه‌تی دوارۆژی سیاسی کورد و پرۆسه‌ی دیموکراسی ناکات له‌ کوردستان.له‌ هیچ وڵاتێکی ئه‌م دونیایه‌دا، حیزبی کارتۆنی و رێکخراوی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌سته‌مۆ کراو، سودیان بۆ میلله‌ت و وڵاتی خۆیان نه‌بوه‌،به‌ڵکو هه‌میشه‌ به‌شێکی گه‌نده‌ڵی، خاڵی لاوازی دکتاتۆره‌کان بون له‌ وڵاتانی دونیا.
بۆیه‌ پێویسته‌ پێداچونه‌وه‌یه‌ک به‌ په‌یوه‌ندیه‌کاندا بکرێ، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی و رێز و قبوڵ کردنی یه‌کتر رێک بخرێته‌وه‌.

ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ داوای هاوڵاتیان و داوای چاکخوازی و گۆڕان خوازی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان، به‌شێکی گفت و به‌ڵێنی ده‌سه‌ڵات بوه‌ که‌ ده‌یان جار به‌ڵێنیان به‌ میلله‌ت داوه‌و، پاشان خۆیان لێی دزیوه‌ته‌وه‌...
خۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات به‌ هێزی چه‌ک و ترساندن و تۆقاندن و گرتن و کوشتن، خۆ سه‌پاندن به‌ فێڵ و ساخته‌ و قۆڵبڕین و پاره‌ هه‌ڵڕشتن، دوا رۆژی نییه‌...!چونکه‌ رۆژێک دێت میلله‌ت له‌ ژیان بێزار دبێ و له‌ کوشتن و بڕین سڵ ناکاته‌وه‌‌ و هیچ شتێک نایترسێنی و به‌ هیچ فریو ناخوات، هیچ هێز و به‌ربه‌ستێک له‌ به‌رامبه‌ر رق و توره‌یی خه‌ڵک خۆی ناگرێ... به‌و شێوه‌یه‌ هه‌م ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵات، هه‌م سه‌روه‌ری و لایه‌نه‌ جوانه‌کانی مێژوی کوردایه‌تی ده‌که‌وێته‌ به‌رهه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی!

چاکتر وایه‌ له‌م بار و زروفه‌ی کوردستانی عێراق، ده‌سه‌ڵات به‌ گه‌رمی پێشوازی له‌ پرسیار و داخوازیه‌کانی ئه‌م میلله‌ته‌و ولایه‌نه‌کانی ئۆپوزسیۆن بکات، راستگۆیانه‌ به‌ ده‌نگی داواکانیانه‌وه‌ بێن.دابه‌زین و هاتنه‌ خواره‌وه‌و ته‌نازول کردن بۆ داواکانی میلله‌ت، جگه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌، سه‌ره‌تاو هه‌نگاوێکیش ده‌بێ بۆ دروست بونی بڕوا و متمانه‌ له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و میلله‌ت و ئۆمۆزسیۆن.

Sbeiy.com © 2007