دیدار: هه‌ڵۆ ئه‌بوبه‌كر
سیستمی په‌روه‌رده له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگا و وڵاتیَِكدا پشت به فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌به‌ستێت، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ریه‌ك له خێزان و حكومه‌ت رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌یه له دیاریكردنی فه‌لسه‌فه و ئاڕاسته و ئامانجه‌كانی ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌دا، به‌ڵام ده‌كرێت بپرسین ئایا فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده لای ئێمه چییه؟ خێزان و حكومه‌ت له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك نه‌وه‌كانیان په‌روه‌رده بكه‌ن و بۆ كوێ ئاڕاسته‌یان ده‌كه‌ن؟
له گفتۆگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و رووناكبیر هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا، رۆژنامه چه‌ندین پرسی گرنگ و هه‌ستیار سه‌باره‌ت به ئامانج و فه‌لسه‌فه‌ی سیستمی په‌روه‌رده له كوردستاندا ده‌وروژێنێت، له‌م گفتوگۆیه‌دا نووسه‌ر تیشك ده‌خاته سه‌ر پرسی گۆڕانكارییه‌كان له سیستمی په‌روه‌رده و پێویستبوونی ئه‌نجامدانی ریفۆرم له‌و سیستمه‌دا و چۆنییه‌تی ئه‌نجامدانی و دواتر ئه‌گه‌ره‌كانی سه‌ركه‌وتنی سیستمه‌كه له‌پاش گۆڕانكارییه‌كان.
* كاتێك باس له سیستمی په‌روه‌رده ده‌كرێت، راسته‌وخۆ باس له خوێندن ده‌كرێت، له كاتێكدا په‌روه‌رده‌یه‌كی دیكه‌ی خێزانیش له كۆمه‌ڵگادا بوونی هه‌یه، تا چه‌ند لای ئێمه هاماهه‌نگیی له‌نێوان ئه‌م په‌روه‌ردانه‌دا هه‌یه؟
- كاتێك به گشتی قسه ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده ده‌كه‌ین، جا ئه‌وه له خێزاندا بێت یان له قوتابخانه‌دا، ئه‌وا ده‌بێت لامان روونبێت كه ئه‌و په‌روه‌رده‌كردنه گرێدراوی سیستمی حوكمڕانی و باری كۆمه‌ڵگایه.
ئه‌گه‌ر له په‌روه‌رده لای خۆمان وردبینه‌وه، ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌روه‌رده‌یه‌كی باوك سالارانه‌یه، واته په‌روه‌رده‌یه‌كه له سه‌ره‌وه شۆڕده‌بێته‌وه بۆ خواره‌وه و ئامانجی ئه‌وه‌یه نه‌وه‌یه‌كی ملكه‌چ و گرێدراوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خێزان، قوتابخانه و حكومڕانی به‌رهه‌مبهێنێت، نه‌ك مرۆڤێك كه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدا گونجاوبێت، خاوه‌نی عه‌قڵێكی ره‌خنه‌گرانه و جیاواز بێت، به دیدێكی جیا له‌وه‌ی نه‌وه‌ی باوك و باپیران و نه‌وه‌كانی سه‌رده‌مه‌كانی پێشوو بڕوانێته دنیا‌و كۆمه‌ڵگا و به شێوازێكی گونجاو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدا بكات، هه‌روه‌ها لای ئێمه به حوكمی ئه‌وه‌ی سیستمی په‌روه‌رده هاوچه‌رخانه نه‌بووه و سیستمێك نه‌بووه به ئاڕاسته‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ببرێت كه مرۆڤ تیایدا ئامانج و شامهبهست بێت یان په‌ره‌پێدان و به‌رهه‌می خوێندن پێكه‌وه گرێبدات، به‌ڵكو ئامانج به‌رهه‌مهێنانی كه‌سانێكی خاوه‌ن بڕوانامه بووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا سوودی ئه‌وتۆی له‌و بإڕوانامهیه وه‌رگرتبێت یان كه‌سه‌كه بووبێته پیشه‌كاری بواری خوێندنه‌كه و سوودی به كۆمه‌ڵگاكه‌ی گه‌یاندبێت، ئه‌نجامی باڵاده‌ستیی سیستمێكی په‌روه‌رده‌ی وه‌ها، په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ و پلان بۆ داڕێژراو له‌نێوان خێزان و قوتابخانه‌دا نه‌بووه، به‌ڵكو هاوكاریكردنی خێزان به‌لای قوتابخانه‌كانه‌وه بایه‌خدار نه‌بووه، ئه‌و كاته نه‌بێت كه خوێندكار گرفتێكی هه‌بووبێت یان ده‌رنه‌چووبێت، بگره هه‌ندێكجار ئه‌و دوو جۆر په‌روه‌رده‌كردنه ناكۆك و دژ به‌یه‌ك بوون و سه‌رگه‌ردانیی بۆ خودی خوێندكاره‌كه دروستكردووه، به‌و پێیه‌ی له قوتابخانه‌دا جۆرێك تێڕوانینی بۆ خۆی و كۆمه‌ڵگا و دنیا وه‌رگرتووه كه ناتهبابووه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له خێزانه‌وه به‌ده‌ستیهێناوه.
* چۆن ده‌توانین ده‌ستبكه‌ین به گۆڕان له‌ناو په‌روه‌رده‌كردنی حكومیدا، به جۆرێك كه كاریگه‌ریی باشی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كانی تر هه‌بێت؟
- یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌ته‌وه گۆڕان به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌دا بێت، پێویسته له‌ناو كۆمه‌ڵگادا گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تیی بێته‌ئاراوه، واته ده‌بێت دید و بۆچوونی كۆمه‌ڵگا له هه‌موو ئاسته‌كاندا گۆڕانكاریی وایان تێدا بكرێت كه به‌رهه‌مهێنه‌ری جۆره تێڕوانینێك بێت بۆ په‌روه‌رده‌كردن گونجاوبێت له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌كه‌دا.
زۆرجار باس له‌وه ده‌كرێت كه به قۆناغی گواستنه‌وه‌دا تێده‌په‌ڕین، واته له قۆناغێكداین له ده‌ست داگیركه‌ران رزگارمان بووه و به‌ره‌و بنیادنانی دیموكراسیی هه‌نگاوده‌نێین و گه‌ره‌كمانه په‌ره به وڵاته‌كه‌مان بده‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌مه راستبێت، ئه‌وا پێویسته له‌لایه‌كه‌وه زه‌مینه بڕه‌خسێنین بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسیی ببێته شێوازی ژیان، واته ره‌گوڕیشه‌ی خۆی بباته نێو خێزانه‌كان، خوێندن و كۆمه‌ڵگاوه‌و گۆڕانكاریی له عه‌قڵیه‌ت و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵ و شێوازی په‌روه‌رده‌كردنیاندا بهێنرێته گۆڕێوه و وه‌ك مرۆڤ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قوتابیدا بكرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌بێت ریفۆرم له سه‌رتاپای سیستمی خوێندندا بكرێت و كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی جێگیربكرێت، واته فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ی وڵاته‌كه‌مان دیاریبكرێت و ئه‌وه بخرێته‌ڕوو چ جۆره مرۆڤێكمان پێویسته بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه، گۆڕان به‌سه‌ر شێوازی خوێندن، وانه‌وتنه‌وه، تاقیكردنه‌وه و پێگه‌یاندنی مامۆستایان‌دا بهێنرێت.
لێره‌دا رۆڵی حكومه‌ت دێته پێشه‌وه، ئه‌ویش به‌وه‌ی بتوانێت زه‌مینه‌سازیی بۆ ئه‌م گۆڕانكارییه بكات، واته هۆشمه‌ندییه‌ك له‌ناو كۆمه‌ڵگادا بڵاوبكاته‌وه كه یاریده‌ده‌ر بێت بۆ دیموكراتیزه‌كردن و په‌ره‌پێدان و ریفۆرم له سیستمی په‌روه‌رده‌كردندا و ده‌رفه‌ته سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بڕه‌خسێنێت. بێگومان ئه‌م گۆڕانكارییه پێویستی به قوربانیدان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیدو ره‌وتی كۆنپارێز هه‌یه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لایه‌نگری تێڕوانینی نوێكردنه‌وه بێت، ئه‌وا بێگومان تێڕوانینی كۆنپارێز ورده ورده لاوازده‌بێت.
* ئه‌و میكانیزمی كاركردنه‌ی ئێستا حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی په‌یڕه‌وی ده‌كات، چاوه‌ڕێی گۆڕانی لێ ده‌كرێت؟
- راسته ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌ن گۆڕانكارییه‌كی وه‌ها بكرێت، به‌ڵام پێموایه به‌و میكانیزم و شێوازه‌ی ئێستا گیراونه‌ته‌به‌ر، سه‌خته له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی وه‌ها بكرێت كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیستمی په‌روه‌ده‌ی ئێمه هه‌بێت، بۆچی؟! چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت په‌روه‌رده‌بكات، پێویسته خۆی پهروهردهكراوبێت.
واته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌یه‌وێت گۆڕانكاریی له په‌روه‌رده‌دا بكات و سیستمێكی نوێ بهێنێته‌كایه‌وه، ده‌بێت هه‌م خۆی ئاماده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان به‌سه‌ر خودی خۆیدا بهێنێت و هه‌م كاربكات بۆ ئه‌وه‌ی ریفۆرم له سیستمی په‌روه‌رده‌دا بهێنێته‌ئاراوه، هه‌م قایل بێت به‌وه‌ی پهروهردهبێتهوه، ئه‌گه‌ر له‌م روانگه ساده‌یه‌وه بڕوانینه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆمان، ئه‌وا ده‌بینین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئاماده‌نییه گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ر خۆیدا بهێنێت و پهروهردهبێتهوه و به‌لای ئه‌وه‌وه ریفۆرمی په‌روه‌رده ده‌ستكاریكردنی رواڵهتكارانه و گوێزانه‌وه‌ی هه‌ندێك مۆدێل و شێوازی په‌روه‌رده و خوێندنه له ده‌ره‌وه‌دا، بۆیه هه‌تاكو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته گۆڕانكاریی به كردار و گوفتار نه‌كاته ئامانج و ئاماده نه‌بێت پشت ئه‌ستوور به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان ریفۆرم له سیستمی په‌روه‌رده‌دا بكات، گۆڕانكاریی روونادات.
* ئایا شتێك هه‌یه له كوردستاندا پێی بوترێت فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده؟
- بۆ ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده له‌ئارادابێت، پێویسته ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان خاوه‌ن جیهانبینییه‌كی تایبه‌تی بن بۆ بنیاتنانی حكومڕانی و كۆمه‌ڵگا، چونكه ئه‌نجامی ئه‌وه ئامانجی سیستمی په‌روه‌رده لای ئێمه دیاریده‌كرێت، واته كاتێك ده‌سه‌ڵاتدارانمان جۆری بنیاتنانی حوكمڕانی و كۆمه‌ڵگا ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، ئه‌وكاته فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ش دێته‌ئاراوه.
له‌به‌ر نه‌بوونی ئه‌و جیهانبینییه لای ده‌سه‌ڵاتدارانمان، هه‌تاكو ئێستا فه‌لسه‌فه‌ی خوێندن دیاریی نه‌كراوه و ئه‌وه روون نه‌كراوه‌ته‌وه داخۆ سیستمی په‌روه‌رده‌ی ئێمه ده‌یه‌وێت چ جۆره مرۆڤێك به‌رهه‌مبهێنێت، مرۆڤێكی ئازادی، ئهقڵكراوهی، ره‌خنه‌گری، بنیاتنه‌ری، نوێكه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا یان مرۆڤێك كه دابونه‌ریت و كۆنپارێز بێت و ده‌سه‌ڵاتی باو پیرۆز و نه‌مر بكات؟ مرۆڤێكی به‌رهه‌مهێنی پشت به‌خۆبه‌ستوو یان مرۆڤێكی مشه‌خۆری خه‌مسارد؟ مرۆڤێك كه گونجاوه له‌گه‌ڵ رۆژگارهكهی خۆیدا یان گرێدراوی رابردوو و سهروهرییهكانه؟ بۆیه زۆربه‌ی هه‌نگاوه‌كان ئه‌زموونگه‌رانه و كۆپیكارانه و ئاوێتهكارانهن. لێره‌شه‌وه جێی خۆیه‌تی پرسیار ئاڕاسته‌ی ئاماده‌كارانی ئه‌و كۆنفرانسه‌ی په‌روه‌رده بكه‌ین كه له هه‌ولێر سازكرا و بڵێین: چ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌تان بۆ كوردستان هه‌ڵبژارد؟ ناوهڕۆك و ئامانجی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه چییه؟ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه ده‌یه‌وێت چ جۆره مرۆڤێك به‌رهه‌مبهێنێت؟
* پێتوانییه جیاوازیی ئامانجه‌كان له‌نێوان ئێمه و خۆرئاوادا، هۆكاری جه‌وهه‌ری گۆڕانكارییهكانیشه؟
- ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌كردن به‌پێی جیاوازیی كۆمه‌ڵگاكان جیاوازه، چونكه ئاستی گه‌شه‌كردن و توانا ئابووریی و سیاسییه‌كان له كۆمه‌ڵگا جۆربه‌جۆره‌كاندا جیاوازن، بۆیه گرنگه كاتی ئه‌نجامدانی ریفۆرم له سیستمی په‌روه‌رده‌دا ره‌چاوی ئه‌و جیاوازییه بكرێت، چونكه ناتوانین سیستمی په‌روه‌رده‌كردنی وڵاتێكی ئه‌وروپایی بگوێزینه‌وه بۆ ئێره، ناكرێت كتێبه‌كانیان وه‌رگێڕینه سه‌ر زمانی كوردی و كاریان پێ بكه‌ین، به‌ڵكو پێویسته بیانكوردێنین، واته به‌ڕه‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان سوودیان لێ وه‌ربگرین و نیشته‌جێیان بكه‌ین.
به‌وپێیه‌ی له‌وێ ئامانجی په‌روه‌رده‌كردن دروستكردنی مرۆڤێكه بتوانێت خوێندن ته‌واوبكات، له داهاتوودا پشت به‌خۆی ببه‌ستێت، له بازاڕی كار ئیش بۆ خۆی په‌یدابكات و بارنهبێت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه، به‌ڵام له‌لای ئێمه ئه‌و ئامانجه له‌گۆڕێ نییه.. فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌كردن له‌وێ جۆرێك له په‌روه‌رده و خوێندنی به‌رهه‌مهێناوه كه گونجاوه له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كه‌یدا، به واتایه‌كی دیكه، ئێمه ناتوانین هه‌ڕه‌مه‌كیانه سیستمی په‌روه‌رده‌ی ئه‌و وڵاتانه بگوێزینه‌وه بۆ ئێره‌و ناكرێت بیكه‌ینه هه‌وێنی گۆڕانكاریی لای خۆمان، بۆ نموونه؛ له كۆنفرانسه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌دا هێما بۆ گۆڕینی شێوازی تاقیكردنه‌وه، وانه وتنه‌وه و هاوردنی هه‌ندێك شێوازی خۆرئاوایی په‌روه‌رده‌كردن كراوه، به‌ڵام ئه‌وانه گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ری ناهێننهئاراوه، چونكه ئه‌وانه ئامڕازه‌كانی په‌روه‌رده‌كردنن، نه‌ك جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌كردن.
* منداڵی كورد قوتابخانه‌ی خۆشناوێت و هه‌میشه بێزاریی به‌رامبه‌ر به‌و جێگایه ده‌رده‌بڕێت، هۆكاری ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
- مرۆڤ كاتێك شوێنێكی خۆشده‌وێت كه بتوانێت تیایدا حه‌زه‌كانی تێربكات، مه‌ودای ئازادییه‌كانی فراوانتربێت، ئاستی زانیاریی و مه‌عریفه‌ی به‌رزبكاته‌وه، مامه‌ڵه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی پێشكه‌وتووی جیاواز له‌وه‌ی ناو خێزانی له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وی بكرێت، بایه‌خ به توانا هونه‌ری و جوانكاری و رۆحییه‌كانی بدرێت و وه‌ك مرۆڤ سه‌یربكرێت.
كاتێك هه‌موو ئه‌مانه له شوێنێكدا هه‌بن، ئه‌و كاته قوتابی ده‌توانێت شوێنه‌كه‌ی خۆش‌بووێت، سیستمی خوێندن له قوتابخانه‌كه‌ماندا به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا، عهسكهریانهیه، كاتێك قوتابی له پۆلدا داده‌نیشێت، مامۆستا به‌پێوه‌یه و ته‌خته ره‌شێكی له‌پشته‌وه‌یه و ده‌سه‌ڵاتێكی باوكانه پێڕه‌وه‌ی ده‌كات، قوتابیه‌كانی ناو ئه‌و پۆله هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌یه‌كه‌وه نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاوڕبده‌نه‌وه یان زه‌رده‌خه‌نه بیانگرێت مامۆستاكه توڕه‌ده‌بێت، لێره‌دا ئاڕاسته‌ی بینین روو له یه‌ك شوێنه، ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پنتێك.
له ده‌ره‌وه‌ی وانه دیاریكراوه‌كان، قوتابی بۆی نییه بیروڕای دیكه‌ی هه‌بێت و وه‌ك وه‌ڵام له تاقیكردنه‌وه‌كاندا به‌كاریان بهێنێت، جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه دۆخی قوتابخانه بێت لای ئێمه، ئیتر چۆن قوتابی خۆشیده‌وێت و حه‌زده‌كات تیایدا بێت.
* له رووی په‌روه‌رده‌وه، له قۆناغی سه‌ره‌تایی، ئاماده‌یی و زانكۆدا جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ نابینین، ئه‌مه تا چه‌ند حاڵه‌تێكی ته‌ندروسته؟
- ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌ك راسته‌قینه بێت، ئه‌گه‌ر سیستمێكی خوێندن هاوچه‌رخانه بێت، بێگومان ده‌بێت ره‌چاوی ته‌مه‌نی قوتابییه‌كان له قۆناغه جۆراوجۆره‌كاندا بكات، چونكه ئه‌و ته‌مه‌نه كاریگه‌ریی ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی و فیسیۆلۆجیانهی هه‌یه.
كاتێك منداڵێك سه‌ره‌تا دێته قوتابخانه كه‌سێكه ناتوانێت پشت به‌خۆی ببه‌ستێت، هه‌سته‌كانی (بینین، بیستن و بیركردنه‌وه) وه‌ك پێویست گه‌شه‌یان نه‌كردووه، كه سه‌رده‌كه‌وێت و ده‌گاته پۆلی شه‌ش، گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و له پۆلی یه‌ك و دووی ناوه‌ندیشدا باڵق ده‌بێت و هه‌ندێك گۆڕانی جه‌سته‌یی تیایدا دروستده‌بێت، ئه‌وه‌ش گۆڕان به‌سه‌ر باری ده‌روونیدا ده‌هێنێت.
ساتێك ده‌چێته سه‌روتر حهزلێكردن و خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندیی فراوانی به كۆمه‌ڵگاوه ده‌ستپێده‌كات، دواتریش سه‌رده‌می كاركردن و خێزان پێكهێنان دێته‌ئاراوه، بۆیه پێویسته له سیستمی خوێندندا ره‌چاوی ئه‌م گۆڕانكارییانه بكرێت، جا له‌به‌رئه‌وه‌ی لای ئێمه مرۆڤ ئامانجی سیستمی په‌روه‌رده و خوێندن نییه و په‌روه‌رده‌ی ئێمه بۆ ئه‌وه‌یه نه‌وه‌ی نوێ له‌سه‌ر قاڵبی نه‌وه‌ی كۆن به‌رهه‌مبهێنرێته‌وه، هه‌ڵگری به‌هاكانی نه‌وه‌ی پێشوو بێت و هه‌میشه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی نه‌وه‌كانی پێشوودا بمێنێته‌وه، بۆیه ئه‌و جیاوازییه ره‌چاونه‌كراوه، ئه‌مه‌ش زیانی زۆری به نه‌وه‌كانمان گه‌یاندووه و رێگای نه‌داوه سروشتییانه و ته‌ندروستانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی خۆیان و گۆڕانكارییهكانیدا بكه‌ن.
* وه‌رگرتنی 26 هه‌زار خوێندكار بۆ ئه‌م ساڵی خوێندن له زانكۆكان، مانای نه‌بوونی پلانێك نییه بۆ په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنی خوێندكار، له كاتێكدا ئه‌و خوێندكارانه‌ی ساڵانی رابردوو ده‌رچوون تائێستا بێكارن؟
- له راستیدا لێره سیستمی خوێندن گرێدراوی بازاڕ و پێویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگا نییه، بۆ نموونه؛ له وڵاتێكی وه‌كو دانیماركدا، كاتێك خوێندكار بۆ كۆلیژی پزیشكی وه‌رده‌گیرێت، ده‌زانرێت ساڵی ته‌واوبوونی خوێندنه‌كه‌ی چه‌ند پزیشك بۆ كۆمه‌ڵگا پێویستن و زیاتر له پێویست وه‌رناگیرێت، واته ئامانجی سیستمی خوێندنی ئه‌وان به‌رهه‌مهێنانی كه‌سانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی خوێندن نییه، به‌ڵكو دابینكردنی پیشه‌كاری شاره‌زایه به‌پێی پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه، له‌لای ئێمه ئامانجی ده‌سه‌ڵاتداران به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگای خاوه‌ن بڕوانامهكانه، نه‌ك پێگه‌یاندنی پیشه‌كاری شاره‌زا بۆ بازاڕی كار یان به‌پێی پێداویستییه‌كانی حكومڕانی. ئامانج ئه‌وه‌یه له ئاماره‌كاندا بوترێت ئه‌وه‌نده كه‌سی خاوه‌ن بڕوانامه‌مان هه‌یه، كه زۆر گرنگ نییه، به‌ڵكو گرنگه ئه‌وه‌یه چه‌ند كه‌سی شیاومان پێگه‌یاندووه و چه‌ند شوێنی كارمان هه‌یه بۆیان، جا ئه‌وه له كه‌رتی تایبه‌تیدا بێت یان گشتی.
لێره‌دا جێی خۆیه‌تی بپرسین: ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه گه‌شه به كه‌رتی تایبه‌تی بدرێت و بایه‌خ به پیشه‌سازیكردن و بوژاندنه‌وه‌ی كشتوكاڵ بدرێت بۆ په‌ره‌پێدانی وڵاته‌كه‌مان، كه ئه‌مه بۆ خۆی ده‌رفه‌تی كاریش بۆ خاوه‌ن بڕوانامه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت؟ به‌شێكی زۆری گه‌نجه‌كانمان كاریان ده‌ست ناكه‌وێت و 3- 4 ساڵ چاوه‌ڕێی دامه‌زراندن ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر واسته‌یان نه‌بێت ئه‌وا هه‌ر دانامه‌زرێن، ناچار زۆریان كۆچده‌كه‌ن و له وڵاتێكی تردا گه‌شه به تواناكانی خۆیان ده‌ده‌ن یان رووده‌كه‌نه جۆرێك كاركردن كه هیچ په‌یوه‌ندیی نییه به خوێندنهكهیانهوه، ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش هه‌م وزه‌و توانای كۆمه‌ڵگا و خێزانه‌كان به‌فیڕۆده‌چێت، هه‌م ماندوبوونی چه‌ندین ساڵ خوێندنی قوتابییه‌كه به‌هه‌ده‌رده‌چێت، بۆیه كاتی ئه‌وه هاتووه ده‌سه‌ڵاتدارانی لای ئێمه كه‌سانی خاوه‌ن بڕوانامه به‌رهه‌م نه‌هێنن، به‌ڵكو خه‌ڵكی پیشه‌كار و شاره‌زا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌مه‌رجێك ئه‌ویش گونجاوبێت له‌گه‌ڵ توانای باوه‌شكردنه‌وه‌ی بازاڕی كار و داموده‌زگاكانی حوكمڕانیدا.
* به رای تۆ داخستنی په‌یمانگای مامۆستایان تا چه‌ند بڕیارێكی شیاوبوو؟
- ئه‌گه‌ر هۆكاری داخستنه‌كه ئه‌وه بێت كه به ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه ئه‌و په‌یمانگایه نه‌یتوانیوه مامۆستای شیاو و شایسته پێبگه‌یه‌نێت كه به‌رهه‌مهێنی نه‌وه‌یه‌كی باش بێت بۆ داهاتوومان، ئه‌وا بڕیاره‌كه باش بووه، ئه‌گه‌ر هۆكاریش ئه‌وه بێت په‌یمانگای په‌روه‌رده‌كردنی مامۆستایان نه‌وه‌یه‌ك به‌رهه‌مده‌هێنێت كه به گشتی مامۆستان نه‌ك مامۆستای تایبه‌تمه‌ندی وانه جۆربه‌جۆره‌كان، ئه‌مه‌شیان هه‌ر شیاوه.
واته ئه‌گه‌ر ئامانجی داخستنی په‌یمانگا ئه‌وه‌بێت ئاستی په‌روه‌رده‌كردنی مامۆستا له پله‌ی په‌یمانگاوه به‌رزبكرێته‌وه بۆ پله‌ی زانكۆ، ئه‌وا بڕیاره‌كه باشه و خراپ نییه.
په‌روه‌رده‌ی راسته‌قینه له خوێندنی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ستپێده‌كات، بۆیه ئه‌گه‌ر ئامانج به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندنی مامۆستایان و په‌ره‌پێدانی خوێندنی سه‌ره‌تایی بێت، ئه‌وا من لایه‌نگری بڕیاره‌كه‌م، چونكه له كوردستاندا به ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته مامۆستا، ئه‌و خوێندكارانه بوون كه هه‌لومه‌رجی خوێندن و ئاستی زیره‌كیی كاری تێكردوون و به حه‌ز و خواستی خۆیان ئه‌و خوێندنه‌یان هه‌ڵنه‌بژاردووه و خۆشه‌ویستیان بۆی نه‌بووه، واته ئامانج له چوونه په‌یمانگای مامۆستایان په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌یه‌ك نه‌بووه، به‌ڵكو په‌یداكردنی كارێك بووه به ئاسانترین و هێمنترین شێواز، ئه‌مه وایكردووه نه‌وه‌یه‌ك له مامۆستا بێته‌ئاراوه كه له‌ڕووی ده‌روونناسی، كۆمه‌ڵناسی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه شایسته‌ی ئه‌وه نه‌بن رۆڵی مامۆستا له كۆمه‌ڵگادا بگێڕن.
جا ئه‌گه‌ر ئه‌م خهوشیانه هانی حكومه‌تیان دابێت په‌یمانگا دابخات و ئاستی خوێندنی مامۆستایی بگوێزێته‌وه بۆ راده‌ی زانكۆ، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وه له‌بیرنه‌كات كه مامۆستا ته‌نها به فێربوونی بابه‌تی وانه وتنه‌وه‌كه‌ی ناتوانێت ببێته مامۆستایه‌كی باش له قوتابخانه‌دا و پێویسته ده‌روونناسی و كۆمه‌ڵناسی و شێوازی په‌روه‌رده‌كردنیش بخوێنێت، هه‌تاكو بتوانێت به شێوازێكی پهروهردهكارانهی هاوچه‌رخ بابه‌ته‌كه بگه‌یه‌نێته قوتابییه‌كان و مرۆڤانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات و توانای چاره‌سه‌ركردنی گرفتهكانیانی هه‌بێت.
* پێتوانییه زانكۆكانیشمان له هه‌مان ئه‌و قه‌یرانه پهروهردهییهدان كه په‌یمانگاكان تیایدان؟
- بێگومان، چونكه هه‌لومه‌رجی ناو زانكۆكانیش له‌وه‌ی ناو په‌یمانگای مامۆستایان باشترنین و تا راده‌یه‌ك درێژكراوه‌ی شێوازی خوێندنی ئاماده‌یین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت مامۆستای چاك و هاوچه‌رخ بۆ قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌كان پێبگه‌یه‌نین، ته‌نیا داخستنی په‌یمانگای مامۆستایان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن بۆ زانكۆ به‌س نییه، به‌ڵكو گرنگه ریفۆرم له بواری خوێندنی زانكۆكانیشدا بكرێت و بایه‌خێكی تایبه‌تی به نمره‌ی وه‌رگرتن بۆ مامۆستایش بدرێت، چونكه هیچی له پله‌ی خوێندنی پزیشكی یان ئه‌ندازیاریی كه‌مترنییه، بگره زیاتره، به‌وپێیه‌ی به‌رهه‌مهێنی نه‌وه‌كانن بۆ بواره جۆربه‌جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگا و قوتابی له‌وێوه چاوی به كۆمه‌ڵگا و دنیا‌و زانین هه‌ڵدێت.
* تا چه‌ند زمانی ژماره و ئامار له په‌روه‌رده‌دا پێویسته، ئایا سیستمی په‌روه‌رده لای ئێمه توانیویه‌تی كار له‌سه‌ر پێدانی داتا‌و زانیاریی ژماره‌یی بكات؟
- له كوردستاندا تازه وه‌زاره‌تی پلاندانان پێكهێنراوه و ئامار و داتا به كۆمه‌ڵگای ئێمه نامۆ بوون. ئامار و داتا یاریده‌ده‌رن بۆ بهئهقڵانیكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگا، هه‌تا ئامار و داتامان نه‌بێت، كاره‌كان به ئه‌قڵانی ناكرێن، له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زیاتر پشت ئه‌ستوور به قهبلاندن و ئه‌زموونگه‌ریی و به‌پێی میزاجی تاكه‌كه‌سی ئه‌م یان ئه‌و به‌رپرس كاره‌كان چوونهتهڕێوه، بۆیه به‌شێك له پرۆژه‌كانمان شكستیان خواردووه، بۆ نموونه؛ زۆربوونی ژماره‌ی زۆری بێكاری داپۆشراوی ناو داموده‌زگا حكومییه‌كان كه بووه‌ته بارێكی گران به‌سه‌ر شانی ئابووریی وڵاته‌وه و زۆربوونی ژماره‌ی ئه‌و خوێندكارانه‌ی بێكاران نیشانه‌ی نه‌بوونی ئه‌قڵانیه‌ت نییه له حوكمڕانیدا، واته مانای نه‌بوونی داتا‌و ئامار یان فه‌رامۆشكردنیان نییه؟! پێموایه پشتبه‌ستن به ئامار و داتا یاریده‌ده‌رێكی باشده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سیستمێكی په‌روه‌رده‌ی راسته‌قینه‌ی هاوچه‌رخ له كۆمه‌ڵگا و هاماههنگ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كاندا دابمه‌زرێت.