Print
 سلێمانی‌؛ یه‌كێك له‌ خۆپیشانده‌ره‌ برینداره‌كانى رۆژی (شه‌ممه‌) گیانی له‌ ده‌ستدا و 11ی دیکه‌ش بریندار بون
Saturday, March 5, 2011

(سبه‌ی‌):
ئه‌و گه‌نجه‌ خۆپیشانده‌ره‌ی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌لای‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ ته‌قه‌ی‌ لێكرا، به‌هۆی‌ سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا.
به‌پێی دوایین ئاماره‌کان که‌ ده‌ست (سبه‌ی) که‌وتوه‌، له‌ خۆپیشاندانه‌که‌ی ئه‌مڕۆدا هاوڵاتییه‌ک به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌که‌وه که‌ فیشه‌کێک به‌ر سه‌ری که‌وتبو به‌ناوی‌ (ئومێد جه‌لال)‌ گیانی له‌ده‌ستدا و 11 هاوڵاتیی‌ خۆپیشانده‌ری‌ دیكه‌ش بریندار بون.
جێی‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا له‌ نزیك مه‌یدانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ بۆمبێكی‌ ده‌نگی‌ ته‌قییه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 2 هاوڵاتی‌ بریندار بون، دواتر شه‌ڕو پێكدادان له‌نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌راندا له‌به‌رده‌م مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ شاری‌ سلێمانی رویدا، هه‌ر له‌و شه‌ڕ و پێكدادانه‌دا دو که‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش بریندار بون.
له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ به‌رده‌ركی سه‌را، له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ داوای‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت كراو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌و پێشنیاره‌ خرایه‌ به‌رده‌م ئاماده‌بوان و به‌ كۆی‌ ده‌نگ په‌سه‌ند كرا.

Sbeiy.com © 2007