Print
 برایه‌کی نه‌وزاد بابان: بۆ ئازادکردنی براکه‌م، ئاسایشی سلێمانی ده‌ستی ده‌ستیمان پێده‌که‌ن
Saturday, March 5, 2011

(سبه‌ی):
ماوه‌ی چوار رۆژه‌ نه‌وزاد بابان، یه‌کێک له‌ به‌شداربوانی خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی رۆژی (هه‌ینی) رابوردوی سلێمانی ده‌ستگیرکراوه‌و تاوه‌کو ئێستا ئازاد نه‌کراوه‌.
پاش کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی (هه‌ینی) رابوردوی شاری سلێمانی، چوار که‌س له‌رێکخه‌ران و به‌شداربوانی خۆپیشاندانه‌که ‌له‌لایه‌ن هێزێکی نادیاره‌وه‌ رفێندران و دوای ئازادکردنی سێ که‌سیشیان، تا ئێستا نه‌وزاد بابان بێسه‌روشوێنه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ سۆران بابان برای نه‌وزاد، به‌ (سبه‌ی)ی رایگه‌یاند: دوای چه‌ند رۆژێک له‌ بێسه‌رشوێن بونی براکه‌م، تا ئێستا ئازاد نه‌کراوه‌، ته‌نها هۆکاری ده‌ستگیرکردنیشی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ به‌شداریکردن له‌ خۆپیشاندان و ئه‌و که‌مپینه‌ی بۆ داکۆکیکردن له‌مافی خه‌ڵک پێکهێنرابو.
وتیشی: سه‌ردانی چه‌ندین شوێنمان کردوه‌و تائێستا هیچ سۆراغێکی نییه‌، هیچ لایه‌نێکیش پێمانڵێن چی لێهاتوه‌و له‌کوێ براکه‌م گیراوه‌.
براکه‌ی نه‌وزاد بابان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پاش سه‌ردانێکی زۆری ئاسایشی سلێمانی و خودی حاکم قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی، ماوه‌ی دو رۆژه‌ هه‌ر پێمانده‌ڵێن نه‌وزاد به‌رده‌ده‌ین، به‌ڵام تا ئێستا ئازاد نه‌کراوه‌و ده‌ستی ده‌ستیمان پێده‌که‌ن.

Sbeiy.com © 2007