Print
 ده‌سه‌ڵاتی حوشتر و جامڕه‌ش
Saturday, March 5, 2011
دانا هه‌ڵه‌بجه‌یی

پێشتر نوسیم که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ڕ وکوێره، ته‌نها لوتی خۆی ئه‌بینێت، به‌ 20 ساڵ ئه‌زمون نه‌یانتوانی وه‌ڵامگۆی داخوازییه‌کانی گه‌نج وهه‌ژار و دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بن، بۆیه‌ قه‌د به‌ 20 ساڵیدیکه‌ش ناتوانن له‌ داخوازییه‌کانی گه‌ل تێبگه‌ن.

ئه‌وه‌تا ئێستاش به‌ته‌مان به‌ شێوازێکی تری له‌ خشته‌ بردن به‌ ناوی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و شه‌رعیه‌ت و یاسا، 20 ساڵی دیکه‌ی پاشایه‌تی بۆ خۆیان مسه‌وگه‌ر بکه‌ن!.

20 ساڵه‌هه‌ر ئه‌م روخسارانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ ‌وه‌ک ئه‌ماتۆرێکی خۆسه‌پێن و ره‌زاگران رۆڵی جۆراوجۆر و بێتام و بی کۆتایی له‌ سه‌ر ته‌ختی شانۆی ده‌سه‌ڵات ئه‌بینن، میله‌تیش وه‌ک ته‌ماشاچییه‌ک تاقه‌تی له‌م شانۆگه‌رییه‌ چوه‌، پۆل پۆل هۆڵی شانۆکه‌ چۆڵ ئه‌که‌ن، ته‌ماته‌ و به‌رد ئه‌گرن، هاوار ئه‌که‌ن، نامه‌یان بۆ ئه‌نێرن، به‌ ئاشکرا پێیان ئه‌ڵێن ئه‌وه‌تا هۆڵه‌که‌ که‌سی تیا نه‌ما وه‌رنه‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وامن له‌سه‌ر به‌زمی خۆیان و ئه‌مجاره‌ مۆسیقا و ئیکسسوار یان هه‌ندێک جار دیکۆر وتێستی شانۆگه‌رییه‌که‌ ئه‌گۆڕن، وا ئه‌زانن دڵی خه‌ڵکه‌که‌ رازی ئه‌که‌ن و به‌رده‌وامی به‌ شانۆکه‌ ئه‌ده‌ن.

 ده‌سه‌ڵات هه‌ر له‌سه‌ربه‌زمی خۆی گه‌مه‌ و سه‌ما ئه‌کات و میله‌تیش که‌سایه‌تی راسته‌قینه‌ی هه‌مو ئه‌کته‌ره‌کان به‌ مکیاژ و بێ مکیاژ چاک ئه‌ناسێت، هه‌ربۆیه‌ ئه‌کته‌ره‌کان یا ئه‌بێت خۆیان ته‌ختی شانۆکه‌ چۆڵکه‌ن، یا پێیان چۆڵ ئه‌که‌ن و به‌ زۆر ئه‌یانهێننه‌ خواره‌وه‌، له‌م دو رێگایه‌ زیاتر چاره‌ی دیکه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی کۆتایی به‌م شانۆ سواوه‌ بهێنرێت.

ئه‌وه‌ی تائێستا ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌مو میتۆده‌کانیه‌وه‌ به‌ خه‌ڵکی رائه‌گه‌یه‌نن، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌یانه‌وێت بارودۆخه‌که‌ بۆ پێش 17ی شوبات بگه‌ڕێنه‌وه‌، وا ئه‌زانن که‌ خه‌ڵک له‌ 17ی شوبات و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت که‌ هاتونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام بۆ ئه‌وه‌یه که‌‌ ره‌وشه‌که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش 17ی شوبات!. به‌ 17 خاڵی په‌رله‌مان،17ی شوبات بکه‌نه‌ 16ی شوبات. ئه‌مه‌ش‌ دوری مه‌ودای لۆژیکانه‌ی هۆشیاریی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک ده‌رئه‌خات، که‌ چه‌نده‌ بێباکانه‌ له‌ به‌رزایی و لوتبه‌رزانه‌ ده‌ڕواننه‌ کێشه‌ و داواکانی میلله‌ت.

ده‌سه‌ڵات کۆکه‌ له‌سه‌ر داوا ره‌واکانی خه‌ڵک، وه‌ک باوکێک بۆ مناڵه‌که‌ی ئه‌یه‌وێت شه‌قام ژیرکاته‌وه‌، سه‌یر نه‌بێت به‌لاتانه‌وه‌ که‌‌ به‌یانی سه‌رۆکیش له‌ مه‌یدانی ئازادی وتار بخوێنیته‌وه و 17 خاڵه‌که‌ بکرێت به‌ 31 یا زیاتر. چونکه‌ تائێستاش وا خۆیان پیشان ئه‌ده‌ن که‌ شه‌ڕی میله‌ت شه‌ڕی عه‌ریزه‌ و خاڵه‌!...

کاتێک باسی دیکتاتۆره‌کان ئه‌کرێت ئه‌ڵێن: ئه‌وان 20 یا 30 ساڵ له‌سه‌ر حکومن هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵک بێزار بوه‌ لێیان و شۆڕشیانکرد و ده‌سه‌ڵاتیان روخاند، ئه‌ی باشه‌ خۆ له‌ کوردستان نه‌ک هه‌ر 20 ساڵه‌ حاکمن، به‌ڵکو هه‌ندێکیان هه‌یه‌ 3 نه‌وه‌ له‌ کوردیان به‌ کوشت داوه‌ و که‌چی چاوه‌ڕیی نه‌وه‌ی چواره‌میش ئه‌که‌ن وه‌دویانکه‌ون.

من له‌و باوه‌ڕام ده‌سه‌ڵاتدارنی کوردستان ئێستا ترسی له‌ کیسچونی پله‌ و پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌، ئه‌وه‌نه‌ی که‌ ترسیان له‌ ده‌ستدان و تیاچونی سه‌رمایه‌کانیان هه‌یه‌.

ده‌سه‌ڵاتداران به‌ درێژایی ئه‌م ساڵانه‌ له‌ پاوه‌نکردنی حیزب و حکومه‌ت بوه‌نه‌ته‌ خاوه‌نی ده‌یان کۆمپانیا و باڵه‌خانه‌ و ملێونانه‌ها دۆلار، هه‌روا به‌ ئاسانی به‌جێی ناهێڵن، زۆر باش له‌ داخوازیه‌کانی شه‌قام و ئۆپۆزسیۆن تێئه‌گه‌ن، به‌ڵام وه‌ک که‌سێکی بێئاگا‌ و هه‌ندێک جار وه‌ک دیکتاتۆر رۆڵ ئه‌بینن بۆ درێژه‌پێدانی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتیان یان وه‌ک سه‌رمایه‌دارێکی ترسنۆک بۆ پاراستنی سه‌رمایه‌ که‌ڵه‌که‌بوه‌که‌یان، خه‌ریکی مامه‌ڵه‌ی بازاڕیانه‌ن. به‌ڵام دڵنیام ماوه‌یه‌کی دی جگه‌ له‌ خۆیان که‌س شه‌ڕیان بۆ ناکات، چونکه‌ چه‌کداره‌کانیش وه‌ک رۆڵه‌ی ئه‌و میله‌ته‌ بێبه‌شن له‌و سه‌رمایه‌ ناشه‌رعییه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدار خاوه‌ندییه‌تی.

ئه‌گه‌ر ئێستا میله‌ت به‌ وازهێانیان له‌ کورسی ده‌سه‌ڵات قایل ئه‌بێت، به‌ڵام ماوه‌یه‌کی دی به‌ روتکردنه‌وه‌یان له‌و سه‌رمایه‌ زۆره‌ ناشه‌رعیه‌شیان رازی نابێت، که‌واته‌ تا کار له‌کار نه‌ترازاوه‌ فریای خۆیان بکه‌ون باشتره‌، ئه‌گینا ئه‌وسا هه‌م سه‌ر هه‌م ماڵیشیان ئه‌ڕوات.

نه‌گبه‌تی حوسنی مباره‌ک له‌وه‌دابو که‌ به‌ حوشتر شه‌ڕی گه‌نج و فه‌یسبوکی کرد، که‌چی لای خۆمان ده‌سه‌ڵات بۆ په‌نجه‌ره‌ی ره‌ش، به‌ ئۆتۆمۆبێلی جامڕه‌ش و چاویلکه‌ی ره‌ش شه‌ڕی فه‌یسبوک و گه‌نج وشه‌قام ئه‌کات!. ‌

 

Sbeiy.com © 2007