Print
 گه‌نده‌ڵی و گۆڕان
Saturday, March 5, 2011
دلشاد خدر


دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی جێهانییه‌، به‌ هۆی پێكهاته‌ی مرۆڤه‌وه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ هه‌مو شوێنیكی ئه‌م جیهانه‌ بونی هه‌یه‌، به‌ڵام رێژه‌كه‌ی له‌ وڵاتێكه‌ و بۆ وڵاتێكی تر جیاوازه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌لتور و پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بۆ به‌ربه‌ره‌كانی كردن له‌گه‌ڵ دیارده‌كه‌، دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی به ‌گۆڕانی كه‌سه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات و شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كان چاره‌سه‌رناكرێت، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانی هه‌بێت بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌ كوشنده‌ییه‌. پێش هه‌موان بونی یاسایه‌كی توندی سزادان بۆ هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یڕه‌وی ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌كه‌ن له‌هه‌ر ئاستێكی ده‌سه‌ڵاتدابن (ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی داگا سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت ئه‌م یاساسه‌ش هه‌بێت هیچ كاریگه‌ری نابێت). ئه‌زمونه‌كانی مێژوش به‌ڕاشكاوانه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ سه‌ر بنچینه‌ی گه‌نده‌ڵی دروست بوه‌، هه‌رگیز ناتوانی ببێته‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ بتوانێ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌ مه‌ترسیداره‌ بكات، ئه‌وه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی ویستێكی ئه‌خلاقیه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌خلاقیه‌شی هه‌بێت هه‌رگیز رێگا نادات ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، له‌نێو ده‌زگا‌كانی ده‌وڵه‌ت و له‌ دوندی ده‌سه‌ڵات سه‌رپه‌رشتی گه‌نده‌ڵی بكات و بیه‌وێت پرۆسه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی یاسای به‌ڕێوه‌ ببات.

ئه‌مڕۆ (پدك و ینك) بۆ نۆزده‌ساڵ ده‌چێت ئیداره‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن كه‌ له‌م ئه‌نجامی راپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك بۆشایه‌كی ئیداری هاته‌ كایه‌وه‌ و پاشان ناونرا زۆنی سه‌روی هێڵی 36. هه‌رچه‌ند له‌سه‌ره‌تا ئه‌م دوهێزه‌ به‌هاوبه‌شی ئیداره‌كه‌یان به‌ڕێوه‌ ده‌برد، پاشان به‌هۆی شه‌ڕی له‌پێناو كامه‌یان بتوانێ به‌ته‌نیا ئه‌م ئیداره‌ به‌ڕێوه‌ ببات! چوار جه‌وله‌ی شه‌ڕی ناوخۆیان هێنایه‌ ناوچه‌كه، له‌ ئه‌نجامدا ناوچه‌كه‌ دابه‌شكرا بۆ ئیداره‌ی زه‌رد و سه‌وه‌ز. ئه‌گه‌ر چی بۆیه‌ك رۆژیش پاش هه‌ڵبژاردنی 1992ی په‌رله‌مانی كوردستانی، ئه‌م زونه‌ بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نه‌بوه‌، ئه‌و كاته‌ی دابه‌شیش كرابو بۆ دو ئیداره‌ دیسان دو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌بو، به‌ڵام هه‌موكاته‌كان حیزب به‌گشتی و مه‌كته‌بی سیاسی به‌تایبه‌تی له‌پشت كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بون، سه‌روكی وه‌زیران و وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و... تا پۆلیس، كادر و ئه‌ندامی حیزبن و بۆ هه‌مو كارێك بڕیار له‌ حیزبه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، پێش به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌ت و خه‌ڵك ئه‌وان سه‌یری به‌رژه‌وه‌ندی حیزب ده‌كه‌ن، هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه‌مێك شاره‌زای كاری ئیداریان هه‌بێت، ئه‌وه‌ باش ده‌زانن ئه‌م وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌رگیز ناتوانی ئیداره‌یه‌كی نا گه‌نده‌ڵ به‌رهه‌م بێنێت. گه‌نده‌ڵی له‌ كوردستان له‌و كاته‌وه‌ زه‌ق بۆوه‌وه‌ كه‌ دامه‌زراندن له‌ داموده‌زگایه‌كانی حكومه‌ت و په‌یداكردنی نانی رۆژانه‌ كه‌وته‌ ژێر ره‌حمه‌تی ته‌زكیه‌ی حیزب، گه‌نده‌ڵی له‌وكاته‌وه‌ زه‌قتر بوه‌وه‌ كه‌ ئه‌و حیزبانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن توانیان ده‌نگ مسۆگه‌ر بكه‌ن وا هه‌ڵسوكه‌وتیان كرد كه‌ نیشتمان به‌ خاكه ‌و خه‌ڵكه‌وه‌ موڵكی ئه‌وانه ‌و چۆنیان بۆێ ده‌توانن وای بسوڕێنن، هه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش بو بۆ حكومه‌ت له‌ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات بۆ پاراستنی پێگه‌ی خۆیان و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زۆرتری شوێن و خه‌ڵك هه‌مو هێڵه‌ سوره‌كانیان به‌زاند، هه‌مو كه‌سێكی ساده‌ش ده‌زانێ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ئاماده‌نیه‌، ببێته‌ داشێك له‌ به‌رنامه‌ی داگیركه‌ران له‌پێناو خزمه‌تی گه‌ل و عه‌داله‌تی كومه‌ڵایه‌تی! بۆیه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ ئیداره‌ی كوردستان دیارده‌یه‌كی نوێ نییه‌ و هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌ دایكبونی، گه‌نده‌ڵیش وه‌ك دوانه‌ی له‌گه‌ڵی له‌دایك بوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئیداره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ گه‌نده‌ڵیش زه‌قتر و به‌رفه‌ره‌وانتر ده‌بێت، تا گه‌یشتوته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌وانی ئه‌مڕۆش ئیداره‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن پێش هاوڵاتیان به‌بێ شاردنه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نن، كه‌ به‌ڵێ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌. كاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش بۆ به‌یاننامه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبو، كه‌ خۆیان رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌نێو حكومه‌ت و ئاستی بێزاری جه‌ماوه‌ری له‌ پرۆسه‌ی گه‌نده‌ڵی باش هه‌ستی پێده‌كه‌ن.

ئێستا ده‌توانین بڵێین گه‌نده‌ڵی له‌ كوردستان هه‌مو جومگه‌كانی ژیانی گرتۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی له‌ سه‌رده‌می پێش راپه‌ڕین له‌ خواره‌وه‌ به‌ نهێنی په‌یڕه‌و ده‌ركراو ئه‌نجامده‌رانی دوچاری سزاو لێپرسینه‌وه‌ ده‌بونه‌وه‌*، ئه‌مڕۆ له‌ به‌رزترین ئاستی به‌رپرسیاێتی ده‌سه‌ڵات په‌یڕوده‌كرێت، به‌واتایه‌كی تر ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات خۆی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی په‌یڕه‌وی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كات و وه‌ك پێویستیه‌كیش بۆ درێژه‌دان به‌م گه‌نده‌ڵیه‌ له‌ خواره‌وه‌ش رێگا بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ بچوكه‌كان خۆشكراوه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بگوازنه‌وه‌ نێو هه‌مو جومگه‌كانی ژیان. هه‌رچه‌نده‌ توێژی وشیار و دڵسۆزانی گه‌له‌كه‌مان زه‌مه‌نێكی درێژه‌ باس له‌ ترسناكی ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام دیسان به‌هۆی له‌باری كات و ناوچه‌كه‌ بۆ په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌ر له‌ هه‌ڵكشاندابوه‌.

ماوه‌یه‌كه‌ ده‌نگی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی له‌ كوردستاندا به‌ به‌رزتر و به‌رفراوانتر له‌ جاران ده‌بیسترێت، به‌تایبه‌تی پاش روداوه‌كانی میسر و تونس، هه‌ر ئه‌م ده‌نگه‌شه‌ بۆته‌ هۆكاری زۆرێك له‌و جموجۆلانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان هه‌ن، هه‌م له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆن بۆ خۆ رێكخستن و هه‌لقوزتنه‌وه‌ی ئه‌م بێزاریه‌ی جه‌ماوه‌ر، هه‌م له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات بۆ پێش گرتنی بێزاریه‌كانی خه‌ڵك له‌ رێگای به‌ڵێنی به‌ربه‌ره‌كانی كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌، له‌لایه‌ك و توندتركردنی زیاتری ئه‌و ده‌زگایانه‌ی كه‌ پێیان وایه‌ ده‌توانن زیاتر كۆنترۆڵی جه‌ماوه‌ری پێبكه‌ن، له‌لایه‌كی تر. ئه‌و كاته‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵك ده‌گه‌نه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بگۆڕدرێت، هه‌مو هه‌نگاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات ته‌نیا ده‌توانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ دواخات! ئه‌م پرۆسه‌یه‌ زۆر جیاوزای له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیه‌، ئه‌و كاته‌ی كراسێك بۆ كه‌سێك ته‌سك ده‌بێته‌وه‌، بێجگه‌ له‌ گۆڕینی كراسه‌كه‌ رێگایه‌كی تر نادۆزرێته‌وه‌ بۆ رزگار بون له‌م ناڕه‌حه‌تیه‌ی له‌ئه‌نجامی ته‌سكی ئه‌م كراسه‌ مرۆڤه‌كه‌ هه‌ستی پێده‌كات، پرۆسه‌ی گۆڕان ئه‌مڕۆ پێویستیه‌كی ژیانه‌ بۆ كوردستان، هه‌مو ئه‌و پاساوانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بتوانی خۆڕاگر بێت به‌رامبه‌ر كه‌موكوریه‌كان و پرۆسه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ ئه‌م دولایه‌ن به‌بێ شاردنه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئه‌مڕۆ یان نه‌ماون یان كاڵبونه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی تائێستا ئه‌و داوایه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ بۆته‌ هۆكاری خۆراگری جه‌ماوه‌ر كه‌ پاراستی ئه‌زمونه‌كه‌مانه‌، كه‌ له‌پێناویدا ده‌خوازرا واز له‌ مافه‌كانی خۆت بێنی، ئه‌مڕۆ تێكوشه‌رانی گه‌له‌كه‌مان و توێژی وشیاری نێو كۆمه‌ڵ پێیان وایه‌ ترسناكترین مه‌ترسی ئه‌و ئه‌زمونه‌ی كه‌ گه‌لی كوردستان قوربانیه‌كی زۆری له‌پێناو داوه‌، ئه‌و پرۆسه‌ گه‌نده‌ڵییه‌، كه‌ (پدك و ینك) له‌ رێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ له‌پێناو پاراستنی ئه‌زمونه‌كه‌ و بردنه‌ پێشه‌وه‌ی، به‌ده‌نگێكی زوڵاڵ هاتونه‌ته‌ مه‌یدان، وه‌ك چۆن پێشتر به‌رامبه‌ر داگیركه‌ران بوێرانه‌ له‌ مه‌یدان بون. ئه‌گه‌ر تا دوێنی پاساوی ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی گۆڕان ده‌كرایه‌ به‌ربه‌ست ئه‌وه‌ ئه‌مڕۆ پاش روداوه‌كه‌ی میسر ئه‌م پاساوه‌ش كاڵ بوته‌وه‌*، بۆیه‌ پرۆسه‌ی گۆڕان ئه‌مڕۆ بۆته‌ خواستی هه‌مو لایه‌ك به‌ڵام چ گۆڕانێك!

پێش ئه‌وه‌ی دروشمی گۆڕان بێنینه‌ سه‌ر زاران، پێویسته‌ بزانین ئه‌و هۆكارانه‌ چین كه‌ بونه‌ته‌ هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ و ئه‌و جیاوازیه‌ زۆره‌ی نێوان هاوڵاتیانی كوردستان! بۆیه‌ پێویسته‌ به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م هۆكارانه‌مان لابێت، ناتوانرێت زه‌ڕه‌یه‌ك گۆڕان بكرێت ئه‌گه‌ر گۆڕانكاران لاسایی زۆرینه‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م دو هێزه‌ی پێشو بكه‌نه‌وه‌، كه‌ وه‌ك پێویستیه‌ك بۆ قوڵتر كردن و به‌رفراوان كردنی گه‌نده‌ڵی پێویستیان پێبوه‌. پێویسته‌ ئه‌و به‌رنامه‌ی گۆڕانخوازان هه‌یانه‌، بۆ پرۆسه‌ی گۆڕان، بخرێته‌ به‌رده‌ستی جه‌ماوه‌ر، تا جه‌ماوه‌ر زیاتر له‌ ئاكامه‌كانی پرۆسه‌ی گۆڕان دڵنیابێت و ئه‌م دڵه‌ڕاوكێیه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر هه‌یه‌تی نه‌مێنێت. گۆڕان ناكرێت ئه‌گه‌ر له‌ ئێستاش به‌رزتر هاواربكه‌ین گۆڕانمان ده‌وێت، ئه‌گه‌ر گۆڕانخوازان هه‌ڵوێستێكی جیایان له‌ ده‌سه‌ڵاتی پێشوتر نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م سیسته‌مه‌ ئابوریه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان بازاڕی پێوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، كه‌تیایدا ره‌چاوی هه‌مو شتێك كراوه‌ ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بێت (هه‌رچه‌ند ناویان ناوه‌ بازاڕی ئازاد، به‌ڵام ئازادێكی ساخته‌یه‌، بازاڕی ئازاد پێویسته‌ دوربێت له‌ سیاسه‌ت و له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و سیاسیه‌ بزنزمانه‌كان) و ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ توندوتۆڵه‌ی نێوان دێن و ده‌سه‌ڵات و ئه‌و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی ده‌سه‌ڵات به‌ وڵاتانی توركیا و ئێران و به‌رنامه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و هه‌ڵوێستێكی راشكاوانه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌شداربونه‌ له‌ پرۆسه‌ی جینۆسایدی گه‌له‌كه‌مان و مه‌ودای نێوان حیزب و حكومه‌ت و چوارچێوه‌ی ئه‌و مافانه‌ی به‌ هاوڵاتی راده‌بیندرێت و هه‌ڵوێست له‌ ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات و ئه‌و سنورانه‌ی بۆ ئۆپۆزسیۆن له‌ داهاتو ره‌چاوده‌كرێت. بونی هه‌ڵوێستی راشكاوانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسانه‌، به‌ره‌ی گۆڕان به‌رفراوانتر و رێكخراوتر ده‌كات. نه‌وه‌ك گۆڕانی ئه‌رێنی به‌ ره‌مه‌كی ئه‌نجامی باشی لێناكه‌وێته‌وه‌. له‌ هه‌موشیان گرنگ تر خۆیندنه‌وه‌یه‌كی واقعیانه‌ی ئه‌و هێزانه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، چونكه‌ رێگای گۆڕانیش پێویسته‌ گونجاو بێت له‌گه‌ڵ شێوازی ده‌سه‌ڵات و ویستی خه‌ڵكه‌كه‌. هه‌ردو لایه‌نی ده‌سه‌ڵات له‌ رابردودا له‌پێناو بونیان به‌ هێزێكی سه‌ره‌كی له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا هیچ سنورێكیان نه‌بوه‌ لێی بپرنگێنه‌وه‌، به‌ دڵنیایش بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆیان هیچ سنورێك نابینن.


په‌راوێزه‌كان:

* پێش راپه‌ڕین دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی ئیداری له‌ ئاستێكی زۆر نزمدابو، زۆریك له‌وانه‌ی په‌یڕه‌ویان ده‌كرت دوچاری لێپرسینه‌وه‌ ده‌بون، ژماره‌یه‌ك له‌وانه‌ی له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عس به‌ تاوانی گه‌نده‌ڵی ئیداری سزادراون ئه‌مڕۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم به‌رپرسیاره‌تیان هه‌یه‌.
* پارته‌كه‌ی حوسنی موباره‌ك پێش سێ مانگ له‌ راپه‌رینی خه‌ڵكی میسر له‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌دا 98ی ده‌نگده‌رانی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كرد! له‌كاتی راپه‌رینی خه‌ڵكیش باره‌گایه‌كانیان به‌رامبه‌ر توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر هه‌ره‌سیان هێناو هه‌مو سه‌ركردایه‌تی ئه‌م پارته‌ به‌خێرایه‌كی بێ وێنه‌ خۆیان له‌و پارته‌ بێ به‌ری كرد!

Sbeiy.com © 2007