Print
 ناشیرین كردنی جه‌ماوه‌ری به‌رده‌ركی سه‌را دوژمنایه‌تیكردنی كوردایه‌تییه‌...
Monday, March 7, 2011
غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵا

بێگومان نه‌عره‌ته‌یه‌كی شێركۆ بێكه‌س كه‌ به‌جه‌ماوه‌ری لاوانی راپه‌ڕیوی كوردستان ده‌ڵێ:
من له‌گه‌ڵتانم من له‌ناوتانم.
تا ئه‌و په‌ڕی ده‌نگتان بڕۆن له‌ گه‌ڵتانم...
بێگومان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ده‌یان نوسینی سیلاوی و دڵكرمێ و نوسه‌ری كاسه‌لێسی ده‌سه‌ڵات لول ده‌دات بۆ ناو زبڵدانی مێژو...

ئه‌وانه‌ی كه‌ ناتوانن شه‌ره‌فی به‌شداریان هه‌بێت له‌ به‌رخودانه‌كانی ئه‌مڕۆی سلێمانی و هه‌مو ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و بتوێن، له‌ترسی بڕینی ئه‌و پاروه‌ چه‌وره‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ له‌پاره‌ی گه‌لی برسی ده‌یان داتێ، بۆیه‌ شه‌ره‌فی ئه‌وه‌ به‌ خۆیان ده‌ده‌ن كه‌ دوژمنایه‌تی كوردایه‌تی بكه‌ن. بێگومان ئه‌وانه‌یش مێژو دوارۆژ لێپێچنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ دا ده‌كات، نه‌وه‌كانی داهاتو هه‌مو كتێبی و په‌ڕاوه‌كانیان وه‌كو (كتێبی سه‌وز)ه‌كه‌ی موعه‌مه‌ر قه‌زافی له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی كوردستان گڕیان تێبه‌رده‌ده‌ن و سوتماكه‌كه‌یشیان توڕده‌ده‌نه‌ زبڵدانی مێژوه‌وه‌.

له‌مڕۆژانه‌ له‌ میسر شۆڕشگێره‌كان لیستێكی ره‌شیان دروست كردبو بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌ند و نوسه‌رانه‌ی كه‌ خۆیان له‌و شۆڕشه‌ی میسر به‌دور گرتبو، ته‌نانه‌ت ئه‌و لیسته‌ ره‌شه‌ ناوی عادل ئیمامی تێدا بو. ده‌پرسین ئه‌و مه‌لایانه‌ی، ئه‌و ریشسپیانه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ی زانكۆكانی كوردستان و شاعیران و هونه‌رمه‌ندان و ژنان و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان، تۆ بڵێی ئه‌وانه‌ هه‌مو هه‌ڵخه‌ڵتاو نمه‌ك حه‌رامی حكومه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتیه‌ حیزبیه‌كه‌ی ئه‌وان بن؟! ته‌نها ئه‌وان خۆیان واقیع بینن و باسی شتێكیش ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نها وه‌كو كورد ده‌ڵێ: ناوی گه‌وره‌ و دێی وێران (ئه‌زمونی كوردستان)، راسته‌ ئه‌زمونی كوردستان بونی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وان ده‌ستبه‌سه‌ریان كردوه‌ بۆ خۆیان، به‌ لۆژیكی معه‌مه‌ر قه‌زافی ده‌ڵێن یان فه‌رمانڕه‌واتان ده‌بین یان قه‌تڵ و عامتان ده‌كه‌ین.

ئه‌وانه‌ی به‌رده‌ركی سه‌را و كه‌لار و رانیه‌ و بتوێن و چه‌مچه‌ماڵ و حاجیاوا و قه‌ڵادزێ، هه‌ر باوكی ئه‌مانه‌ بون كه‌ راپه‌ڕینی 1991یان كرد و كوردستانیان رزگار كرد، ئه‌و دو حیزبه‌یش ره‌نجی خه‌ڵكی راپه‌ڕیویان ئیغتیساب كرد، ماوه‌ی بیست ساڵه‌ سامانی كوردستان وه‌كو به‌رزه‌كی بانان تاڵان ده‌كه‌ن. بێگومان ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ نه‌خوێنه‌وارانه‌ به‌رگری له‌ ده‌سه‌ڵات ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌رگری له‌و به‌شه‌ سامانه‌ دزراوه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ پێی داون! بێگومان ئه‌وانه‌ی كه‌ گاڵته‌ به‌ جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ری ئه‌مڕۆی كوردستان ده‌كه‌ن، پێشه‌كی گاڵته‌ به‌ حیزبه‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی خۆیان و هه‌مو هێزه‌ نیشتیمانپه‌روه‌ره‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن، چونكه‌ زۆرێك له‌و هێزانه‌ به‌ نهێنی و ئاشكرا ده‌نگی خۆیان خستوه‌ته‌ پاڵ ده‌نگ و نه‌عره‌ته‌ی خۆپیشانده‌ران. بۆیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نایانه‌وێ كوردبن و كورد بونی خۆیان بسه‌لمێنن بێده‌نگیی هه‌ڵبژێره‌ن باشتره‌، ئه‌گینا رۆژێك دێت (یوم لاینفع المال ولا البنون)، وه‌كو ئه‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ موعه‌مه‌ر قه‌زافی توشی بوه‌، هێشتا له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ماوه‌و زۆربه‌ی پاره‌ دزراوه‌كانی بلۆك كران.

ئه‌مڕۆ هیچ شارێك نیه‌ له‌ كوردستاندا هاوخه‌م و هاوسۆزی سلێمانی، ئه‌و خوێنه‌ رژاوانه‌ نه‌بێ به‌ هه‌ولێری قاره‌مانیشه‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌ خوێنڕشتنی براكانی بێده‌نگ نابێت، كه‌ به‌ ده‌ستی چه‌كداری حیزب خوێنیان رژا. ئه‌وانه‌ی گاڵته‌یان به‌ خۆپیشاندرانی به‌رده‌ركی سه‌را دێت، ئه‌ی وه‌ڵامیان چیه‌ ده‌رباری خۆێنی رژاوی منداڵانی كوردستان به‌ ده‌ستی چه‌كداره‌كانی باره‌گای حیزب؟ تۆبڵی دۆلار هێنده‌ به‌زه‌بربێ كه‌ خوێنی رۆڵه‌كانی خۆیان بخۆن و وێژدانیانی كوشتبێت!؟.

ئێمه‌ گله‌ییمان له‌ پیاوكوژه‌ پیشه‌كان نییه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ بكوژی به‌كرێگیراون كێت بوێ بۆت ده‌كوژن، ئێمه‌ گله‌ییمان له‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ خۆیان به‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست ده‌زانن، گاڵته‌ به‌ مێژو و خوێنی كورد ده‌كه‌ن! بێگومان ناشیرین كردنی هیمه‌ت و قاره‌مانیه‌تی گه‌نجانی كورد، ناشیرین كردنی دوارۆژی نه‌ته‌وه‌یه‌. بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌وانه‌ واز له‌و شێوازه‌ ناشیرینه‌ بێنن، بۆ به‌رگریكردن له‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ، چونكه‌ رو ره‌شیی هه‌تا هه‌تایی به‌ دواوه‌یه‌...

Sbeiy.com © 2007