زمكان عەزیز
قەزافی سەرۆكی لیبیا لە لێدوانێكیدا دیموكراسیەتی بە (زعیم والكراسی) پێناسە كرد و ماناكەشی والێكدایەوە كە زەعیم ھەمیشە لەسەر كورسیەكەیەتی.
ئەڵبەت ترس و سڵەمینەوەی لیبیەكان لە كتێبە سەوزەكەی قەزافی ھەمان ترسی كتێبی قورئانە لای خەڵكی ئیسلام، كە لەناوەڕۆكیشدا كتێبە سەوزەكەی قەزافی خاڵیە لە مەعریفە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پیاوە چل ساڵێكە پێشەوای عەقڵێتی ئەو وڵاتەیە و تا ئێستاش ھەر ماوە.
سەركردەكانی كوردیش لەسەر كورسیەكەی قەزافی قینج و قوت دانیشتون و كتێبی سەوز ئەنوسنەوە. كتێبە سەوزەكانی دەسەڵاتی كورد زۆرن لەوانە كتێبی سەوزی پەرلەمان و كتێبی سەوزی حكومەت و كتێبی سەوزی نەمانی كوردكوژی نێوان دو پارتەكەی تاڵەبانی و بارزانی، كتێبە ھەرە گەورەكەش كە تا ئێستا بۆیان تەواو نەبوە و ھەرگیز تەواو نابێت كتێبی سەوزی ژمارە سەدوچلە.
مادەی ژمارە سەدوچلی دەستوری عێراقی لای دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھەمان ھاوشێوەی كتێبە سەوزەكەی قەزافیە، جیاوزیەكەش ئەوەیە كە قەزافی كتێبەكەی ھێناوەتە بەرھەم و ترسی لەناو دڵی لیبیەكاندا چاندوە، بەڵام مادەی سەدوچل ئەو تارماییە ترسناكەیە كە دەسەڵاتداران بە بیانوی ناسكی و نالەباری بارودۆخەكە و چاوەڕوانیەكی بێھودەیی و بێ كۆتایی بەو مادەیە سەركوتی دەنگی ناڕەزایی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان ئەكەن.
دانانی دەستور و چاكسازی لە یاساكانی دەستوری وڵاتانی دنیادا ماوەكەی لە شەش مانگ تێپەڕ ناكات و لە دوای دانانی دەستوریش ئەركی جێبەجێكردنی یاساكان راستەوخۆ دەستپێئەكات.
لە عێراقیشدا دوای دانانی دەستور ھەمو مادەكان كەم و زۆر كاریان پێكراوە، تەنھا مادەی سەدو چل نەبێت، كە ئێستا پەرلەمانی عێراقی لە ھەوڵی ھەڵوەشانەوەیدایە لەبەرئەوەی ئەو مادەیە لە قازانجی نەتەوەیەكە سەركردەكانیان خەریكی كار و كاسپی خۆیانن و ئەركە نەتەوەییەكانیان بیرچوەتەوە.
لە كۆبونەوەیەكی رۆژنامەوانی شاری كەركوك پێش چەند رۆژێك نێچیرەڤان بارزانی بە ناوی خۆی و دەسەڵاتی كوردەوە خەڵكی شارەكەی دڵنیا كردەوە، كە كەركوك موڵكی كورد و عەرەب و توركمانە و ھاتنی ھێزی پێشمەرگەش، كە لەدەرەوەی شار بارگەیان خستوە تەنھا بۆ پاراستنی شارەكەیە لە بشێوی و ئاژاوەگێڕی.
نێچیرەڤان لە دامەزراندنی دەسەڵاتی ھەرێمی كوردستانەوە یەكێك بوە لە سەركردە دەركەوتوەكانی ناو دەسەڵات، بە ناوی رێككەوتنە ستراتیژیەكەی نێوان ھەردو پارتی سەرەكیەوە دوجار بوەتەوە بە سەرۆكی حكومەتی ھەرێم، ئەو رۆژە روگەشی و دڵخۆشی بە نێچیر بارزانیەوە لە لێدوانەكانیدا نیشانەی ئەوە بو، كە تازە زانیبێتی كەركوك شارێكی تری كوردە و تەنانەت لە ھەردو جارەكەی كابینەی حكومەتەكەیدا كەركەك لە ھەمو رویەكەوە پشتگوێخرا بو لەگەڵ گوێنەدانە مادەی سەدوچل و ھەمو پرەنسیبە نەتەوەییەكانی تری خەڵكی بێچارە و مافخوراوی كورد، دوابەدوای بیست ساڵ حوكمی دەسەڵاتی كورد و ھەشت ساڵ رزگاربونی شاری كەركوك تازە نێچیر خیتابی ئەوە ئەدات، با ئیتر ھەمو پارتەكانی كورد لە كەركوك پێكەوە دانیشتنی ھەمیشەییان ھەبێت و یەگرتو و یەك دەنگ بن.
ھەر یەك لە تاڵەبانی و بارزانیش لە چاوپێكەوتن و لێدوانەكانی ئێستا و پێش ئێستاشیان بۆ دۆسیەی كەركوك لە میدیا جیھانی و ناوچییەكانەوە، كەمتریان لە بانگەوازەكەی نێچیرەڤان نەكردوە و ئەوەندەش لەپێناو كەمكردنەوەی دەسەڵاتی یەكتر كاریان كردوە بۆ خزمەتگوزاری كەمایەتیەكانی عەرەب و توركمان لە شارەكەدا ئەوەندە كاریان بۆ خەڵكە دەربەدەر و سەرلێشێواوەكەی كورد لە كەركوكدا نەكردوە، ئەوەش بویە ھۆی سەركەوتنی لیستی ئەلعێراقیە لە ھەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی كەركوكدا.
وەزیری پێشمەرگەی دەسەڵاتی كورد لە قوڵایی ھێزەكەیەوە دانی بەوەدا نا كە ئەو شارە جێنشینی كورد و عەرەب و توركمانە و ھاتنی پێشمەرگە، وەك پەرژینێكی قایم و ئەستور ئەو شارە لە گێرەشێوان ئەپارێزن. دڵنیاشی كردەوە كە بە خۆی و ھێزەكەیەوە ئامادەن لە ژێر چاودێری ھێزی عێراقی و فەرمانی دەوڵەتی عێراقیدا بن تا ئەو كاتەی شڵەژانی شار لە بشێوی ئارام ئەبێتەوە.
دەنگی سوپاكەی كورد ئەیسەلمێنێت كە مافی دەسەڵاتی كورد لە كەركوكدا تەنھا پاسەوانێتیە و ھەرچی لە بڕیاری سیاسی و جوگرافی و ستراتیجێتی نەتەوەیی ھەیە، كاری بەغداد و پەرلەمان و دەسەڵاتی عێراقیە.
خاكی جولەكەكان لە مێژودا كە بەناوی ئەرزی كەنعانەوە بو لە ئیسرائیلی ئێستا زۆر گەورەترە و بەشێك لە خاكی لوبنان و سوریا و ئەردەنیشی لەسەرە، كەچی فەلەستینیەكان لە دوای وەرگرتنی مافی چارەنوس داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ئەكەن و پێیان لەسەر قودسیش داگرتوە و بە پایتەختی خۆیانی ئەزانن، بە مەرجێك مانای فەلەستین خۆی لە خۆیدا واتە جولەكەستان.
مێژوش كڵێشەی خاكی كوردی سەلماندوە و ئێستاش بەپێی مادەی سەد و چلی دەستوری عێراقی، وەك جوگرافیا و نفوس كەركوك و ھەمو ناوچە دابڕاوەكانی تر ئەگەڕێنەوە ژێر باڵ و دەستی ھەرێم و كەركوكیش ئەبێتە پارێزگای چوارەمی كوردستا.
كەچی لە ھەڵوێست و لێدوانەكانی نێچیر بارزانی و وەزیری پێشمەرگە و ھەردو سەرۆكە كوردیەكەش، كە تاڵەبانی و بارزانین دەرئەكەوێت كە بە تەنگ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی ترەوە نین و پاڵپشتی بڕیاری پەرلەمان و دەسەڵاتی عێراقین.
سەربازە ئەمەریكیەكان لە ناوچەكانی كەنداوی عەرەبی و عێراقدا بە ھۆی گەرمی ناوچەكەوە، كە پێی رانەھاتون چاویلكەی رەش بەكاردێنن و لە كاتی فێنكی و سەرماشدا چاوەكنیان بەرەڵای ناو روناكی رۆژ ئەكەنەوە.
لە چەند رۆژێكی پێشودا مەحمود سەنگاوی كە سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بە چاویلكەیەكی رەشەوە لەبەردەم سوپاكەیدا بە لێداونێكی سەربازی ھەڕەشە ئامێزەوە لە كەناڵی تەلەفزیۆنی پارتەكەیەوە دەستوری عێراقی ھەڵتەكاند، لای خۆیەوە ئاڵای كوردستانێكی سەربەخۆی ھەڵكرد، خیتابەكەی سەنگاوی دڵی خەڵك و خاكی كوردستانی راچڵەكاند، ئەوەی ئەو وتی دەسەڵاتی ھەرێمی شەرمەزار كرد. خیتابەكەی مەحمود لای سەرۆكی یەكەمی كە تاڵەبانیە خەونێكی شاعیرانەیە و لای بارزانی سەرۆكی دوەمی گفتێكە لە كوڕەزا پێنج ساڵیەكەی وەرگرتوە و ھەر بە ئەویشی راسپاردوە. دەنگۆی ئەوەش ھەیە مەحمود سەنگاوی لە لایەن پارتیەوە سزای ئەو لێدوانەی وەرگرتبێت.
كاتێك دەسەڵاتدارانی ھەرێم توشی ئیفلاس بونی سیاسی ئەبن لەبەردەم سكاڵا و خۆپیشاندانەكانی خەڵكی كوردستان عەقڵێتی حیزبیان بۆ بەدیھێنانی دەسكەوتەكان ئیفلیج ئەبێت و خێرا ھەرێم و پەرلەمان و حكومەت و كەركوك و مادەی سەد و چل بە بیانو دێننەوە، ئەچن بە گژی توڕە بونی خەڵكی كوردستاندا، ئەوەش لە بیری خۆیان ئەبەنەوە ئەو ھەمو ساڵە دەسەڵاتی ھەرێم خۆی دەسبەرداری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی تر بون و لە شۆڤێنەكانی ناو دەسەڵاتی عێراقی زیاتر بانگەشەی عێراقیەتی كەركوك و ھەمو بەشە دابڕاوەكانی تری كوردستانیان كردوە.
لە تەقینەوەكانی بێدەنگی ئەم دواییەی خەڵكی وڵاتانی عەرەب لە بەردەم دیوارە ئاسنینەكەی دیكتاتۆرێتدا، كە ئێستا كوردستانیشی گرتۆتەوە دەسەڵاتی كورد عەقڵ و تاكتیكی سیاسی لەدەست داوە و پلانێكی واش لە ئارادا نیە، كە شپرزییەكانیان كۆبكەنەوە واتە عەقڵێتێكی سیاسی یەگرتو نیە لەنێوان ھەردو پارتی دەسەڵاتداری كورد لەبەردەم ئەو ئاستەنگیانەی دێتەكایەوە، لە پێشەلكاریەكانی مافی ئینسانی كورد و بەدینەھێنانی پەیمانەكانیان بۆ خەڵك و گەناندنی لەشی كوردستان بە گەندەڵیەكانیان چیتر توانایان نەماوە خۆیان و دەسەڵاتەكەیان رزگار بكەن، ھەمو سەركردەكان لای خۆیانەوە دان بە گەندەڵیەكاندا ئەنێن و بەبێ تاوان خۆیان پیشان ئەدەن ئاخر ئەوە لە بێدەنگی و ملكەچی خەڵكەوەیە پەتای گەندەڵی پێی ناوەتە ناو ھەمو ماڵێكەوە تەنانەت لە خیتابی دەسەڵاتەوە دەرئەكەوێت خەڵك خۆی بەرپرسیارە لە بڵاوبونەوەی پەتای گەندەڵی.
یان وەك قەزافی سەرۆكی لیبیا سەركردەكانی دەسەڵاتی كوردیش بە زمانی فیشەك دیموكراسیەت بە (زعیم وآلكراسی) ئەخەنە مێشكی خەڵكەوە.