Print
 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت
Tuesday, March 8, 2011
دڵشاد خدر

هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه‌ شاره‌زایه‌كی سه‌ره‌تاییان هه‌یه‌ له‌ پێكهاته‌كانی سیسته‌می وڵاتانی حیزبی سه‌ركرده‌ و سه‌روكێ بێ هاوتا، ئه‌و راستیه‌ ده‌زانن، كه‌ شێواز و كایه‌كانی هه‌ڵبژاردنیان زۆر له‌ یه‌ك ده‌چێت، بۆیه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی وشیار و چاودێرانی سیاسی له‌ ده‌ره‌وه‌ هیچ چاوه‌ڕوانیه‌كییان له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن نیه‌. هۆكاره‌كه‌شی زۆر ساده‌یه‌ و پێویستی به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵ ناكات. هه‌مو ده‌زگا هه‌ستیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌ ده‌یان ته‌نافی ئه‌ستور به‌ ده‌سه‌ڵات و كه‌سانی سه‌ر به‌خۆیان به‌ستراوه‌ته‌وه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و ده‌زگایانه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن له‌ژێر كونتروڵی خۆیاندایه‌ و داهاتوی پێكهاته‌كه‌شی پابه‌نده‌ به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌! ئه‌م پێكهاته‌یه‌ چون رێگا ده‌دات هه‌ڵبژاردنێكی پاك ئه‌نجامدرێت، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا خۆیان زیان لێكه‌وتی ژماره‌ یه‌كن؟ بۆیه‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، پێشوه‌خته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات دابین كراوه‌! نه‌وه‌ك سه‌دان پاساوی دروستكراو هه‌یه‌ بۆ دواخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.

پاش ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی گۆڕاو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان كرد، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تا ئاژاوه‌گێڕ بون و به‌بڕینی ده‌سته‌كانیان ده‌ترساندران. ئه‌وه‌ ئه‌مڕۆ داواكانیان ره‌وایه‌ و مژده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیان پێ ده‌درێ! له‌ رێگای ئه‌م په‌یامه‌شدا، ده‌یانه‌وێت پێمان بڵێن، له‌وه‌ته‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌یه‌ سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن كێشه‌كانییان یه‌كلاكردۆته‌وه‌! هێزه‌ چه‌كداره‌كانی حیزب و هێزه‌ ئه‌قلیمیه‌كان هیچ كاری گه‌ریان نه‌بوه‌ له‌سه‌ر هاوكێشه‌ سیاسه‌یه‌كانی كوردستان! بۆیه‌ دیسان ده‌یانه‌وێت له‌ رێگای سوندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ش چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م رێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌مو دنیا گونجاو بێت، ئه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گونجاو نییه‌! ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م هه‌رێمه‌دا هیچ ده‌زگایه‌كی بێلایه‌نمان نیه‌! هه‌مو شتێك له‌ گه‌وره‌وه‌ تا بچوك، كه‌م یان زۆر به‌های هه‌بێت، له‌لایه‌ن حیزب و حیزبیش له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی كۆنترۆڵ كراوه‌. ئه‌گه‌ر چه‌ندین ساڵه‌، باسی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی وه‌ك حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ له‌ پێش چاوی هه‌موان ته‌نیا به‌ یه‌ك روداوی بچوك حكومه‌ت بو به‌فری به‌رهه‌تاو و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر له‌ گوڕه‌پانه‌كه‌ ون بو! په‌رله‌مانیش وه‌ك ده‌زگایه‌كی بێ ده‌سه‌ڵات له‌ رێگای ئه‌ندامه‌كانی خۆیدا خۆی ناساند! حیزبیش بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌كه‌س بكات راسته‌وخۆ هاته‌ مه‌یدان و وه‌ك خاوه‌ن قسه‌ی كۆتایی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ قسه‌ی خۆی كرد. هه‌مو ئه‌و ده‌زگا پروزانه‌ی زۆر پێیه‌وه‌ سه‌ربه‌رز بوین، وه‌ك حكومه‌ت و په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌سته‌وه‌ستان سه‌یری روداوه‌كانیان ده‌كرد و گوێڕایه‌ڵانه‌ چاوه‌ڕوانی بڕیاری حیزب بون. ئه‌گه‌ر چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌م دو ده‌زگایه‌ له‌ به‌رنامه‌ و كاره‌كانی هه‌رێم ناویان ده‌هات، به‌ڵام هه‌موكاته‌كان ماشه‌ی ده‌ستی حیزب بونه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی داخوازیه‌كانی حیزب و له‌نێو حیزبیش بنه‌ماڵه‌ ده‌ست رۆیشتوه‌كانی نێو سه‌ركردایه‌تی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م دو ده‌زگایه‌ چه‌ندین ساڵه‌ وازی ده‌سه‌ڵاتیان له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌كرد، به‌ڵام خۆیان پێش خه‌ڵكی تر باش ده‌یانزانی ده‌سه‌ڵاتی وان له‌ دواوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌وه‌ دێت. ئه‌گه‌ر پێشتر ئه‌م وێنه‌یه‌ بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان رون نه‌بو، ئه‌وه‌ ئێستا بۆ هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان ئاشكرابو كه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان تائێستاش دو بوكه‌شوشه‌ی ده‌ستی حیزبن. حیزب چون پێویستی به‌ده‌زگای راگه‌یاندن هه‌یه‌ بۆ گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامانه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت بگاته‌ جه‌ماوه‌ر، چۆن پێویستی به‌ ئه‌و هه‌مو ده‌زگا سه‌ربازی و ئه‌منیه‌ هه‌یه‌ بۆ پاراستین به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی، ئه‌وهاش پێویستی به‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یه‌ تا شه‌رعیه‌ت بداته‌ كاره‌كانی خۆی!

ئه‌وه‌ چ گاڵته‌ كردنێكه‌ به‌ عه‌قڵی خۆمان. له‌كاتێكدا باسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كه‌ین، باش ده‌زانین كه‌ هیچ ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌م هه‌رێمه‌دا نیه‌! له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن تا ئه‌و پۆلیسه‌ی پارێزگاری له‌ بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كات به‌ ته‌سكیه‌ی حیزبی دامه‌زراوه‌. تائێستاش سه‌رچاوه‌ی داریی له‌رێگای حیزبه‌وه‌ ده‌گاته‌ حكومه‌ت و ئه‌و هێزانه‌ی گوایه‌ هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌كان ده‌پارێزن، حیزب جوڵه‌یان پێده‌كات و هێزه‌ ناوخۆییه‌كان پێش پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ر و ئارامی شاره‌کان به‌رژه‌وه‌ندی حیزب ده‌پارێزن. حه‌ره‌می په‌رله‌مان له‌لایه‌ن هێزی حیزبی ده‌پارێزرێ و هه‌مو كۆنتراكتی كۆمپانیه‌ نه‌وتیه‌كان له‌ مه‌كته‌بی سیاسی دیراسه‌ ده‌كرێت و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت! زانكۆش له‌ رێگای یه‌كێتی قوتابیانی حیزب كۆنترۆڵ ده‌كرێت و به‌ڕێوه‌ده‌چێت! حیزب له‌شكرێكی بێ ژمار موچه‌خۆری بن دیواری هه‌یه‌! كه‌ هه‌ر هه‌مویان موچه‌كانیان له ‌داهاتی ئه‌م گه‌له‌ پێ ده‌به‌خشرێت! له‌ په‌رله‌مانیش ئازادانه‌ ده‌توانرێت گفتوگۆ بكرێت و یاساكان ده‌ربكرێن (حه‌تمه‌ن پێشتر له‌ حیزبه‌وه‌ بڕیار وه‌رگیراوه‌ و بڕیاردراوه‌ ئه‌ندامانی خۆیان پێویسته‌ چون ده‌نگ به‌ده‌ن)، ئه‌مه‌ش پێویستیه‌كی سه‌رده‌میانه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی دیارده‌ ناشیرنه‌كانی حیزب، به‌ڵام جوڵێنه‌ری حكومه‌ت كه‌ حیزبه‌ به‌رژه‌وه‌ندی له‌كام رێگا بێ ئه‌و له‌وێیه‌! یاساكانیش بێجه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی بڵاوكراوه‌كان هیچ شوێنێكی تر نابینن.

ئه‌مڕۆ به‌و پارسه‌نگیه‌ی له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌‌، هه‌مو هه‌ڵبژاردنێكی پێش وه‌خته‌ و‌ پاش وه‌خته‌ ته‌نیا خۆڵكردنه‌ له‌ چاوی جه‌ماوه‌ر، به‌بێ له‌ ده‌ست ده‌رهێنانی ده‌سه‌ڵاتی دارایی و ئه‌منی و سه‌ربازی له‌ ده‌ستی حیزبدا. ئه‌گه‌ر راستگۆیانه‌ ده‌مانه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین و ئه‌م ئه‌زمونه‌ی زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستان پێیه‌وه‌ ماندو بوه‌ و قوربانی له‌پێناو داوه‌ بیپارێزن! پێویسته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌ممان گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كان بێت بۆ حكومه‌ت و ئه‌ویش بوێرانه‌ هه‌نگاوی ده‌رهێنانی ده‌سه‌ڵاتی دارایی و ئه‌منی و سه‌ربازیه‌ له‌ ده‌ست حیزب بهاوێژێت، نه‌وه‌ك هه‌مو هانگاوه‌كانی تر ته‌نیا كێشه‌كان قولتر ده‌كاته‌وه‌ داهاتوی ئه‌م ئه‌زمونه‌ به‌ره‌و ئاقاریكی نادیار و ترسناک ده‌بات.

Sbeiy.com © 2007