ئاسۆ جه‌بار
مه‌رگی دیكتاتۆر، واته مه‌رگی ده‌سه‌لاَتی ره‌های حیزب‌و سه‌ركرده‌و به‌رپرس‌و كاسه‌لێس‌و نائیسان‌و نانبڕ‌و مه‌رگی ده‌ره‌به‌گ‌و بكوژ‌و مه‌رگی میدیای زه‌به‌لاح‌و چه‌واشه‌كار‌و ئاشكرابونی دۆسیه قێزه‌وه‌نه‌كانی ئه‌و سیستمه دیكتاتۆرییه ناشرین‌و نائه‌خلاقییه‌ی كه پێكڕا هێزگه‌لێكی ناشارستانی‌و نائیسانی بون بۆ به‌رپاكردنی فه‌زایه‌كی كوشنده‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ئابوری‌و سیاسی‌و شارستانی‌و رۆشنبیری‌و كولتوریی. مه‌رگی دیكتاتۆر واته مه‌رگی سانسۆر‌و ده‌ره‌به‌گایه‌تی حیزبی‌و حكومی به‌سه‌ر ژیان‌و گوزه‌ران‌و چاپ‌و بلاَوكراوه‌كانه‌وه‌ـ واته مه‌رگی ده‌وڵه‌مه‌نده چاوچنۆكه‌كانی حیزب‌و ئاشكرابونی دزیی گه‌وره‌و پڕۆژه‌ی وه‌همی‌و تالاَنكردنی كۆمه‌ڵگه‌و ئاشكرابونی ستراتیژی داگیركردن‌و تاكتیكی كوشنده.
ئه‌م نوسینه ته‌رخانده‌كه‌ین بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر دیارده‌یه‌كی شارستانی زیندو، دیارده‌یه‌ك كه مێژو ده‌توانێت شانازی گه‌وره‌ی پێوه‌بكات، كه پێكڕا په‌یوه‌ندییه‌كی قوڵ‌و هه‌مه‌لایه‌نی هه‌یه به ژیانی سیاسی‌و كۆمه‌لاَیه‌تی‌و كولتوری سه‌رله‌به‌ری ئینسانه‌كانه‌وه. روداواكانی ئه‌م دواییانه پێمان ده‌ڵێن: دیكتاتۆره‌كان چه‌ند دڕنده بن، كۆمه‌ڵگه‌یان بۆ خامۆش ناكرێت‌و شه‌قامه‌كانیان بۆ قفڵ نادرێت، چه‌ند بكوژ‌و چه‌وسێنه‌ر‌و عه‌سكه‌رتاری بن ناتوانن شاره‌كان گڕ تێبه‌رده‌ن‌و هاولاَتیان ره‌شبه‌گیر‌و ره‌شه‌كوژ بكه‌ن.
وه‌كچۆن دیكتاتۆره‌كان له‌خۆیانه‌وه دروست نابن، هاوكات سته‌مكاریش رێكه‌وتێكی خێرا‌و سه‌یروسه‌مه‌ره نییه، سته‌مكاریی ته‌نها بریتی نییه له‌داپڵۆسین‌و كوشتن‌و وێرانكاری‌و پڕكردنه‌وه‌ی زیدانه‌كان، سته‌مكاری جیهانبینییه‌كی گه‌وره‌ی پێكهاته‌یی ئالۆزه له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی شارستانی‌و كۆمه‌لاَیه‌تی، كه‌واته وه‌كچۆن سته‌مكاریی جه‌سته‌یی له‌ئارادایه، سته‌مكاریی مێژویی‌و شارستانی‌و رۆشنبیری‌و حیزبی‌و په‌روه‌رده‌یی‌و ئابوری‌و سیاسی‌و ده‌رونی‌و به‌ڕێوه‌بردن پێكهێنه‌ری ئه‌و سیستامه نالۆژیكی‌و وێرانكاره‌یه كه وێرانكار‌و پێكهێنه‌ری كڵێشه‌یه‌كی دیاریكراوی كۆنترۆڵكردن‌و خاڵیكردنه‌وه‌ی هه‌ر پێكهاته‌و دامه‌زراوه‌یه‌كه له‌جیهانبینییه جیاواز‌و سه‌ربه‌خۆكان‌و پڕكردنه‌وایان به كه‌ره‌سته‌گه‌لێكی دیكتاتۆری‌و نائه‌خلاقی‌و نالۆژیكی تائاستێكی قوڵی زه‌بروزه‌نگ.
كاتێك دیكتاتۆره‌كان ده‌بن به‌خاوه‌نی هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی، هه‌ر له‌سوپای ئاماده‌باشه‌وه تاده‌گاته چه‌كی قورس‌و بۆمبی كیمیاوی‌و به‌كتریی‌و بایلۆژی‌و ئه‌تۆمی، مانای ئه‌وه نییه دیكتاتۆر له‌دایه‌كده‌بێت، به مانایه‌ك ته‌نها جه‌به‌روتی سوپا‌و هێزی میلیتاری ناتوانن دیكتاتۆر دروستبكه‌ن، نه‌خێر بۆنمونه چۆن كۆمه‌ڵگه هه‌یه به‌رهه‌مهێنه‌ری دیكتاتۆره راسته‌قینه‌كانن، هاوكات زۆركات یاسا ده‌توانێت مه‌ترسیدارترین سیستمی دیكتاتۆری بخولقێنێت، زۆرجار مه‌زهه‌بێكی دیاریكراو یان ده‌سه‌لاَتێكی ئاینی یان ئیئتلافێكی حیزبی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بی پێكڕا ده‌توانن به‌رهه‌مهێنه‌ری زه‌به‌لاحترین سیستمی دیكتاتۆری بن، هه‌ر له‌دیكتاتۆرییه‌تی ئابورییه‌وه تاده‌گاته دیكتاتۆریه‌تی كارگێڕی‌و سه‌ربازی‌و داموده‌زگایی‌و پۆلیسی‌و میدیایی‌و ئیستیخبارێتی‌و نه‌ته‌وه‌یی.
زۆر به‌ساده‌یی بۆ نمونه پڕۆژه‌یاسایه‌كی ده‌ستوری ده‌توانێت له‌یه‌كچركه‌ی غافڵگیردا مه‌ترسیدارترین دیكتاتۆر‌و مه‌زنترین فاشیستت بۆ دروستبكات، هاوكات پێبه‌ندی‌و هوتافكێشانێَكی كوێرانه بۆ سه‌ركرده‌یه‌كی شه‌لاَڵ له‌گه‌نده‌ڵی‌و پێشێلكاری مافی مرۆڤ ده‌كارێت به‌رهه‌مهێنه‌ری دیكتاتۆرێكی راسته‌قینه‌و زیندو بێت.
قوڕسترین شۆڕش، شۆڕشه به‌سه‌ر دیكتاتۆره‌كاندا، قورسترین شه‌ڕ شه‌ڕه له‌گه‌ڵ دیكتاتۆره‌كاندا. به‌لاَم ئاسانترین كار دروستكردن‌و داتاشینی دیكتاتۆره، مێژو ئه‌و راستییانه‌مان بۆ ده‌خاته به‌رده‌ست كه ئێستاكه له‌م ساته‌وه‌ختی نوسینه‌دا ده‌بنه به‌ڵگه‌لێكی زیندو بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته سادانه‌ی كه تائه‌ورۆكه به زیندویی ماونه‌ته‌وه.
بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوناسی راسته‌قینه‌ی ئه‌و پیشه‌سازییه سه‌ره‌تاییه‌ی دروستكردن‌و زیندوكردنه‌وه‌ی دیكتاتۆر‌و سیستمی دیكتاتۆریه‌ت، پێویسته به‌رله‌هه‌ر شتێك بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ستراكچه‌ری ئه‌و بونیاده گه‌وره‌یه‌ی كه دیكتاتۆری له‌سه‌ر راده‌وه‌ستێت، بگه‌ڕێینه‌وه بۆئه‌و نیزامی دابه‌شبونه‌ی كه سه‌رله‌به‌ری پانتاییه‌كان له‌ساته‌وه‌ختێكی درێژخایه‌نی بێئاگاییه‌كاندا داگیرده‌كات، ده‌كرێت ئه‌و رێكخه‌ره گه‌وره‌یه بخه‌ینه به‌رده‌م پرسیار‌و راڤه‌كاری كه فه‌زای بێده‌نگی‌و سه‌رزه‌مینی بێده‌نگ‌و خاموَش دروستده‌كه‌ن، پێویسته ئه‌و ناوه‌ند‌و ده‌زگا‌و پانتاییانه بناسین كه ده‌كه‌وێته نێوان بێده‌نگی‌و زه‌بروزه‌نگه‌وه، كه پردی په‌یوه‌ندین له‌نێوان خاموَشی‌و ده‌سه‌لاَتدا، هاوكات سه‌رزه‌مینێكن له‌نێوان مه‌رگ‌و وه‌همدا. مه‌رج نییه بگه‌ڕێیته‌وه سه‌ر ئه‌و كاریزمایه‌ی كه له‌ده‌وری ئه‌و بونه‌وه‌ره ته‌جه‌لاده‌كات، بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و عه‌ده‌مییه‌ته‌ی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌مو بونه‌وه‌ره‌كان، هه‌مو هه‌بوه‌كان به‌رپاده‌بێت، كه‌واته ئایا ئێمه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خه‌یاڵگه‌یه ده‌ژین، ئایا كه‌وتوینه‌ته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه بێسنوره‌ی كه فه‌زاكانی دیكتاتۆر ده‌كێشن‌و دوباره‌ده‌بنه‌وه، ئایا له‌هه‌مو بونه‌وه‌رێكدا ئه‌و كاریزمایه دروست نابێت؟ تۆ بۆئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و موَنوَپوَلیزه‌یه قسه‌بكه‌یت‌و رامانێكی دیكه‌و دنیابینیه‌كی دیكه به‌رپابكه‌یت، ده‌كرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وێرانه‌یه، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ستراكتوره كوَنكرێتییه جارێكی دیكه بڕوانیته ئه‌و بونیاده‌و ئه‌و كاریزما‌و داگیركارییه گه‌وره‌یه‌ی كه دیكتاتۆر خه‌لقی ده‌كات‌و ده‌بێته خالق‌و به‌رپاكه‌ری ئه‌و پانتاییه كۆنترۆڵكراوانه‌ی كه مرۆڤه‌كانی تیادا ده‌ژین. ئه‌و وه‌ك كورتكه‌ره‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ژیان، ته‌نها مه‌رگدۆستێكی كارا نییه بۆ به‌رپاكردنی مه‌رگ؛ نه‌خێر ئه‌و له‌خودی مه‌رگ مۆدیلێكی دیكه‌ی ژیان به‌رپاده‌كات‌و خه‌یاڵێكی سه‌رتاسه‌ری بێئیراده‌ی تاكه‌كان‌و ئیراده‌یه‌كی گشتی كۆنكرێتی دروستده‌كات، دیكتاتۆر خولقێنه‌رێكی گه‌وره‌ی فه‌نتازیا‌و حیكایه‌ته وه‌همیه‌كانه، كاتێك ته‌واوی ناوه‌نده‌كان ده‌بنه دارێژه‌ر‌و به‌رپاكه‌رانی كۆنتروڵ‌و چاودێریكردن‌و لێپرسینه‌وه‌و ته‌رجه‌مه‌كردنی شفره‌كان‌و هێماكانی ئه‌و ده‌سه‌لاَته، تۆ به‌ئاسانی نا‌توانیت سه‌ربازگه‌یه‌ك له‌مزگه‌وتێك جیابكه‌یته‌وه، نا‌توانیت قوتابخانه‌یه‌ك له‌رێكخراوێكی حیزبی یان له‌ده‌زگاكانی ده‌سه‌لاَت جیابكه‌یته‌وه، یان زانكۆ له‌به‌ندیخانه جیابكه‌یته‌وه، كاتێك سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كان ده‌بنه موڵكی ده‌سه‌لاَت‌و حیزب؛ ئه‌وكاته سیستمێكی ئاسۆیی كۆنترۆڵ‌و داگیركاریی به‌رپاده‌بێت، ئه‌وكاته دیكتاتۆر‌و كاریزماكانی به‌سه‌ر ته‌واوی نێوه‌نده‌كاندا دابه‌شده‌بن، ده‌رئه‌نجام مامۆستایه‌ك یان مه‌لایه‌ك ده‌توانێت هه‌مان روَڵ‌و كاریگه‌ریی دیكتاتۆر ببینێت، ئه‌وكاته مزگه‌وتێك‌و خوێندنگه‌یه‌ك‌و زانكۆیه‌ك ده‌توانن هه‌مان روَڵی حیزب‌و دیكتاتۆر ببینن، كاتێك دیكتاتوَر به‌سه‌ر ته‌واوی ناوه‌ند‌و موۆڤه‌كاندا دابه‌شده‌بێت، گرنگ نییه دیكتاتۆر هه‌یه یان نییه، راڤه‌كردنی ئه‌م بۆچونه زۆر به ساده‌یی په‌یوه‌سته به ڕوانین‌و دنیابینیه هاوشێوه‌كان‌و له‌كارخستن‌و خه‌ساندنی سه‌رله‌به‌ری جیاوازییه فه‌رهه‌نگی‌و روَشنبیری‌و شارستانییه‌كان‌و یه‌كسانكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ناوه‌نده ژیارییه به پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئیراده‌یه‌كی گشتیی پاوانكراوی تاكڕه‌هه‌ند.
له‌كۆتاییدا دیكتاتۆریه‌ت‌و دروستكردنی دیكتاتۆره‌كان رێكه‌وتێكی ئه‌فسانه‌یی نییه، به‌ڵكه پیشه‌سازییه‌كی راسته‌قینه‌و زیندوه له‌سه‌ر ئاستی رۆشنبیری‌و كۆمه‌لاَیه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی‌و ئابوری‌و په‌روه‌رده‌یی‌و دواجار بێده‌نگی دروستكارێكی راسته‌قینه‌ی دیكتاتۆر‌و سته‌مكار‌و بكوژه‌كانه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه فشار‌و ناڕه‌زایی‌و دروستبونی ئۆپۆزسیۆن‌و دادگاییكردنی وه‌زیر‌و به‌رپرس‌و تالاَنچی‌و گه‌نده‌ڵخۆر‌و بكوژه‌كان رێگرێكی راسته‌قینه‌ن، له‌به‌رده‌م ئه‌و پیشه‌سازییه راسته‌قینه‌یه‌دا كه كارخانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ دروستكردن‌و جوانكردنی دیكتاتۆره‌كان.
له‌كۆتاییدا كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رپرسیار به‌رهه‌مهێنه‌ری هێزگه‌لێكی شارستانی‌و زیندوه بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان‌و ره‌خنه‌گرتن‌و ناڕه‌زایی‌و ئیراده‌و شكاندنی سانسۆره‌كان‌و ئاشكراكردنی فه‌زیحه‌و ئه‌و ئاسته وه‌حشیگه‌رییه‌ی كه دیكتاتۆره‌كان به‌رهه‌میان هێناوه.
دیكتاتۆر چه‌ند دڕنده بێت، له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌رپرسیار‌و زیندودا بێجگه‌له بونه‌وه‌رێكی زه‌لیل‌و تاوانبار‌و دۆڕاو هیچی دیكه نییه.
ده‌ره‌نجام كۆمه‌ڵگه به‌رپرسیارێكی راسته‌قینه‌و زیندوه به‌رامبه‌ر گۆڕانكاریی سیاسی‌و كولتوری‌و كۆمه‌لاَیه‌تی‌و ئابوری، ئه‌و نائینسانیه‌ته‌ی كه ده‌سه‌لاَته دیكتاتۆر‌و سته‌مكاره‌كان تاسه‌رئێسقان به‌رگری لێده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵگه ده‌توانێت له‌یه‌ك چركه‌ی شارستانی‌و ئیسانپه‌روه‌ریدا تێكیبشكێنێت، به‌لاَم ئه‌م پڕۆسه‌یه بێئه‌ندازه وه‌ستاوه له‌سه‌ر ئه‌و به‌رپرسیارێتییه شارستانی‌و ئه‌خلاقی‌و كولتورییه‌ی كه هه‌ڵگری كایه‌یه‌كی مه‌عریفی زیندوه بۆ پراكتیزه‌كردنی ئینساندۆستی له‌روبه‌رێكی زیندوی شارستانیدا. كه‌واته ئایا ئێمه خاوه‌نی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه شارستانی‌و ئه‌خلاقی‌و كولتوریی‌و سیاسییه‌ن بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌و به‌رپاكردنی سه‌رزه‌مینێكی كراوه‌و كاریگه‌ر‌و یاسایی‌و سیاسی؟