Print
 مەرگی حیزبی تەقلیدیی‌
Wednesday, March 9, 2011

رەشاد حسەین
حیزبایەتی، هەرەوەزكارییەكی ئەخلاقی و كۆبەندییەكی پێكەوە بەستراوی خاوەن ئایدۆلۆژییە، لەسەر پرەنسیپێكی زانستی و گونجاو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و بەكرداركردنی گوتار و دروشمەكانی خۆی، ئەمەش بەگشتی پێناسێكی باوی كاری هەر رێكخستنێكی سیاسییە لە ناو كۆمەڵدا.

كە پرسیار لەسەر ناوەڕۆكی ئەم پێناسە بۆ پراكتیككردنی لە سەر ئاستی كۆمەڵ و چین و توێژەكان دەكەین، لە دوادەرەنجامدا بۆمان دەردەكەوێت، راست و دروست دەرناچێت، بۆ نمونە (حیزبی كوردی توانیوێتی گوتارێكی سیاسی كوردانە بكاتە فەلسەفەی بەردەوامی رەوتی گەشەكردن و هۆشیاریی كۆمەڵ؟ ئایا پارتایەتی توانیویەتی لە جوغزی خێڵ و سروتە باوەكانی ئەو تەشقە دەرچێت؟ ئایا ئەركە نیشتمانییەكان هاندەری نوخبەی رۆشنبیر بون، تا بیر لە دروستكردنی حیزبی سیاسی بكەنەوە و دواجار فەزای پاوانخوازی خێڵ كۆنترۆلی فەزاگشتییەكەی حیزبی نەكردوە و (ئیلێتە) هۆشیارەكەی پەراوێز خستبێت)؟.

پارتی سیاسی، بە ناوی سەرۆكەكەیەوە ناودەبرێت، ئەمەش ئەو بڕوایەی دنیای دیموكراسییە كە كردویەتییە پێناسی ئەو پارتانەی كە تەنیا شوناسیان بە شوناسی سەركردە دیارە پاوانخوازەكانەوە گرێدراوە و پێگە گەورەكەی حیزب لە سەركردەیەكدا كۆدەبێتەوە، بۆیە تا نەمرێت دەستبەرداری كورسییەكەی نابێت و كردوشیانە بە مودێل كە پاش خۆیان نەوەكانیان دەبنە حوكمڕان، ئەگەر ئەمە بوبێت بە كه‌لتورو تا هەنوكە درێژبوبێتەوە، ئەی ماناكانی گۆڕان و گەشەی كۆمەڵایەتی و پێگەیشتنی نەوەكانی سەردەمی مەعلومات و دنیای ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان لە رێگەی تۆڕەكانی ئینتەرنێت و ئەو كۆنتاكتانەی لەمڕۆدا نەوەكانی سەردەمی زانیاری رۆژانە دەیكەن و پێی بەهرەمەند دەبن لە رێگەی (فەیسبوك و تویتەر و چاتەكان و گەڕان و دۆزینەوەی سەدان كتێبخانەی دەوڵەمەند و پڕ لە زانستو نوێترین تێزی كاراكردنی مافەكانی تاكو مرۆڤ و پایە گرنگەكانی دیموكراسی و زانستی كارگێڕی مۆدێرن و... هتد) چ رۆڵێكی دەبێت، با لێرەوە پرسیارگەلێك ئاراستەی سەركردە سیاسییە كۆنەكان بكەین.

چ بەڕێزێكتان ئەو ئازایەتییەتان تیایە، دان بە بێتوانایی خۆتاندا بنێن و بڵێن بەشەرەفێكی بەرزەوە قۆناغەسەختەكانی خەباتمان بڕی و ئیتر ئەو پەیامەی ئەمڕۆ بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی كوردە پێویستی بە نەوەی نوێ و عەقلی نوێ و مەعریفەی نوێ هەیە، تا نەوەكانیش، تا میللەتەكەشمان لە كەرنەڤاڵێكی گەورە و بە شكۆدا ماڵئاوایتان لێبكەن و وەك رەمزێكی خەبات و بەرخۆدان و وەك سیمایەكی گەورەی نەتەوایەتی، بچنە لاپەڕە گەشەكانی مێژوی گەلەكەتانەوە، ئاخر كام بەڕێز لە ئێوە پۆستێكی درایە و وتی قایل نابم، چونكە كەسانی لەمن بە تواناتر و بەئەزمونتر و مۆدێرنتر هەیە؟ كەی توانیتان واز لە عەقڵیەتی چەقبەستوی خۆبەهەموشت زانین بهێنن و كەی بەشداربون لەو فەزا فیكری و فەلسەفی و زانستییەی دنیای كرانەوە و سەردەمی پاش تەكنەلۆژیای بە زانیاری و تێكەڵ بون بەو تەوژمە هۆشیارییەی دنیای بەدیهێنانی لوتكەی خەیاڵەكان؟ بەڕێزەكانم، ئێوە نازانن تا هەنوكە دنیا لە چ ئاقارێكدا لە جوڵەدایە.


حیزب و سەركردە و سەردەم
ئەم حیزبانەی لە كوردستانن، دەتوانم بڵێم، هەندێك لەو حیزبانەی پارچەكانی تری كوردستانیش، بە یەك ریتم دەڕۆن، بە دیدگایەكی رەهای داخراوەوە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیو رەهەندەكانی ئازادی و خەسڵەتی پێشڕەوایەتی و تاكڕەهەندی بۆ خۆیان بە رەوا دەزانن، ئەم تەشقە لەگەڵ خۆیان درێژكراوەتەوە بۆ نەوەكانیان و بە رەوای نازانن كە ركابەری نوێ و دەنگ و بیروڕای تازە سەر دەربكات و بە زوڵمی گەورە حسابی دەكەن. ئەگەر ئەمە لەكاتێكدا بیركردنەوەی عەقڵی سیاسی ئەو حیزبانە بێت، ئامادە نییە ئەو سیفەتە سومبڵی و خۆ بەكاریزمایە تەسلیمی هیچ بەرامبەرێكی بكات، بۆیە دواجار لەژێرفشاری سەردەمەكە و نەوەكانی سەردەمی ئینتەرنێت و مەعلوماتدا، هەموی پێكەوە لەناو دەچن.

ئەگەرچی ئەم دۆخە تازەیەی مۆدێلیكی نوێی هێناوە، بەڵام حیزبی سیاسی خێڵەكی كوردی، ناتوانێت دان بەوەدا بنێت كە لەتوانایدا نییە بەو گوتار و پەیام و دروشمانەی جێگەی باوەڕی كۆمەڵ نییە بڕستی هەنگاونانی بەرەو پێشەوەی هەبێت، بۆیە دەبینین كە لە روە سایكۆلۆژییەكەشەوە، توشی دڵەڕاوكێ و نامەوزوعییەت بون لە بڕیار و گفتو بەڵێنەكانیشیاندا، یان مانۆڕی شكستخواردوی وەك ئەو هێزە بێشومارەی هێنایان بۆ جەماوەری ناڕازیی سلێمانی و قەتڵوعامكردنی رۆڵەكانی ئەم وڵاتەی هێزو وزەی داهێنان و گەشەو پێشكەوتنی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگین بۆ ئاینده‌.

Sbeiy.com © 2007