Print
 چۆڵی قوڵفە
Wednesday, March 9, 2011


پشكۆ ناكام
كاتی خۆیو نازانم بۆ ئێستا، لە شارە حەیاتەكە كە شوێنێك چۆڵ و بێبەشەر بوایە، پێیاندەوت دەڵێی: «چۆڵی قوڵفە»یە، ئەگەر بەهەڵەدا نەچوبم، ئەو ناوچەیەش دەكەوێتە نێوان (دوز)و (خاڵس)ەوە.

لەسەروبەندی توڕەیی خــــەڵــــك لە (فیرعەونەكان)ی هەرێم و خوێناویبونی توڕەییەكە، سەرۆكی هەرێم هەڕەشەیەكی تێكەڵ بە عەترەگرانباییەكانی ئیتاڵیا (رۆما) نارد، ئەگەر بشكرایە، رەنگە شمشێرێكی - هەرقل - ئاسای لەگەڵ هەڕەشەكەیان بناردایە بەوەی (ئەوانەی لە كوردستاندا ئاژاوەگێڕن، جێیان نابێتەوە!)و ئەمە یەكەمجار نییە كە سەرۆكی! هەرێم وەك مامۆستا، تەلەبە لە سنف بكاتە دەرەوە.

كاتی خۆی لە شەڕی ناوخۆدا، سەرۆك كە ئەو كاتە هەر سەرۆكی پارتی بو، هێشتا لە سەدا حەفتاودوەكەی مسۆگەر نەكردبو، وتی: جەلالییەكان لە كوردستان جێیان نابێتەوە، ئەمانە چونە سەر، دوای چەند ساڵێك و لە ئەنجامی ناتەبایی پارتی و ئیسلامییەكان، سەرۆك! ئەمجارە وتی: (كوردستان جێی توندڕەوەكانی تیا نابێتەوە..!)، ئەمەش وەك ئەو هەڕەشەیەی پێشو، بۆ ئەوەی (ئێكسپایەر) نەبێت، خرایە فرێزەرەوە...

كاتێكیش مەسەلەی (میلشیا) و (پێشمەرگە) هاتەكایەوە، سەرۆك لەبەردەم پەرلەماندا (تا شایەتی قسەكانی موعتەبەربن) وتی: ئەوانەی بە پێشمەرگە دەڵێن، میلشیا، لە كوردستان جێیان نابێتەوە، ئەمجارەش هەر بەشی نەكرد و كورتی كرد، ساڵ و قسورێك بەسەر ئەو هەڕەشەیە تێنەپەڕی كە ئەمجارە دەركردن لە كوردستان روی ئەوانەی گرتەوە كە توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات دەردەبڕن و بە وتەی ئەو زاتە بێت، كوردستان جێی ئەوانی تیا نابێتەوە، با دەست بدەنە جانتاكانیان و بڕۆن لە شوێنێكی تر بژین!

جا هەر جارێك سەرۆك! توڕە بێت و لایەكی خەڵكی كوردستان بكاتە دەرەوە، رۆژێك دێت كوردستان دەبێت بە (چۆڵی قوڵفە) و كەسی تیا نامێنێتەوە، مەگەر جاش و مستەشارەكان نەبێت كە تا ئێستا سەرۆك كارتی سوری بۆ ئەوان دەرنەهێناوە و نازانین ئەوان ئیقامەی دائیمییان هەیە، یان (پەناهەندەی ئینسانین!)؟

Sbeiy.com © 2007