Print
 ژماره‌یه‌ك رۆشنبیر وچالاكوانی‌ هه‌ولێر: توندوتیژی‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌هه‌ر پاساوێك بێت كارێكی نامرۆییه‌ و جێی قبوڵكردن نییه
Saturday, March 12, 2011

(سبه‌ی‌):
ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێك له‌ نوسه‌ر ورۆشنبیر و مامۆستایانی‌ زانكۆ و چالاكوانانی مه‌ده‌نی دانیشتوی شاری هه‌ولێر، شاهێدین له‌سه‌ر ئه‌و هه‌مو ئه‌و گه‌نده‌ڵی و خراپ ئیداره‌كردنی‌ وڵات و نه‌بونی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی‌ كه‌ كوردستانی ته‌نیوه‌ و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش دانیان پێداناوه‌.
وه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ی رابردوشدا به‌ شێوازی جۆراوجۆر ره‌خنه‌ی جدی له‌و بارودۆخه‌ گیراوه‌ و پێشنیاری گونجاویش بۆ چاره‌سه‌ریه‌كان خراونه‌ته‌رو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ین كه‌ ده‌سه‌ڵات گوێی له‌ كه‌سمان نه‌گرتوه‌ و كێشه‌كانیش به‌رده‌وام به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ كه‌ڵه‌كه‌یان كردوه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو له‌ بری گوێگرتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ده‌ستیان كردوه‌ به‌ هه‌ڵبه‌ستنی تۆمه‌تی ناڕه‌وا و ناونانی هه‌مو ئه‌و ره‌خنه‌گر و ده‌نگه‌ دڵسۆز و ناڕازیانه‌ به‌ گێره‌شێوێن و ده‌ستی‌ بێگانه‌ و نامه‌سئول به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌زمونی‌ هه‌رێمی كوردستان.
له‌ ئه‌نجامی ئه‌م خه‌مساردی‌ و گوێنه‌گرتنه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌و هه‌مو ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵیه‌ی كوردستانیش، ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی ئێستای هه‌رێمه‌كه‌مان هاتۆته‌ ئاراوه‌.
له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستان و ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ وڵاته‌كه‌مان، به‌ ئه‌ركی ده‌سه‌ڵات و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌زانین به‌رپرسیارانه‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌كان ره‌فتار بكه‌ن، بڕواشمان وایه‌ كه‌ نابێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم و هه‌ردو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ستی به‌ ده‌ستی به‌داخوازیه‌كانی خه‌ڵكی نارازی كوردستان بكه‌ن، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌جدی گوێ له‌ داواكانیان بگرن و چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ ته‌نگه‌ژه‌كان بكه‌ن.
 ئێمه‌ وه‌ك هه‌ڵوێستێكی‌ ناڕازی‌ به‌رامبه‌ر به‌ بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م په‌یامه‌مان راگه‌یاند:
1-  داخستنی‌ زانكۆكانی‌ ناو شاری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن رێكخراوی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان پرۆتستۆ ده‌كه‌ین و پێویسته‌ ئه‌م شێوه‌ بڕیاره‌ ته‌نها له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا وسه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم بێت له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا، ناڕه‌زایی خۆشمان له‌ به‌رده‌وامبونی ئه‌م داخستنه‌ی زانكۆكان و نه‌بونی هیچ شێوه‌ ئیجرائاتێك له‌لایه‌ن حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌رده‌بڕین، داواش ده‌كه‌ین هه‌رچی‌ زوه‌ وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا و سه‌رۆك زانكۆكانی‌ هه‌ولێر بانگهێشتی قوتابیان و خوێندكاران بۆ خوێندن بكه‌نه‌وه‌.
2-  ده‌ستگیركردنی‌ هاوڵاتیان له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی هه‌ولێر به‌بێ‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر، كارێكی نایاساییه‌ و ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین.
3-  رێگرتن له‌ هه‌ر شێوه‌ خۆپیشاندانێك پێشێلكاری ده‌ستوری و یاساییه‌ و دژ به‌ بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی مافه‌كانی مرۆڤه‌، بۆیه‌ داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین چیتر مه‌وداكانی ئازادی‌ راده‌ربڕین به‌رته‌سك نه‌كه‌نه‌وه‌ و مافی‌ خۆپیشاندان و را ده‌ربرین له‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر قه‌ده‌غه‌ نه‌كه‌ن.
4-  خه‌می هه‌مو شاره‌كانی كوردستان یه‌ك خه‌من، دروستكردنی رق و كینه‌ و دوبه‌ركی له‌ نێوان شاره‌كاندا ئیدانه‌ ده‌كه‌ین. ناڕه‌زاییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان تایبه‌ت نین به‌ شارێك یان هه‌رێمێكی‌ دیاریكراو و ئه‌و سنور دروستكردن و جیاكردنه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌جیَندای‌ هه‌ر لایه‌نێك بێت، له‌ ژێر هیچ بیانوێك مایه‌ی قبوڵكردن نیه‌.
5-  داوا له‌سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ین هه‌رچی‌ زوه‌ له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتی مێژوییدا بێت به‌رامبه‌ر به‌و قه‌یران و بارگرژیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌م ناڕه‌زایی وداواكانی خه‌ڵكه‌وه‌ بچێت.
6-  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماف و داخوازی خۆپیشانده‌ران به‌ ره‌وا ده‌زانین، پێشمانوایه‌ په‌نابردنی خۆپیشانده‌ران بۆ توندوتیژی ئامرازێكی گونجاو نیه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ته‌قه‌كردن و په‌رچه‌كرداری توندوتیژ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌هه‌ر پاساوێك بێت كارێكی نا مرۆییه‌ و جێی قبوڵكردن نییه‌.
7-  داوا ده‌كه‌ین ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن له‌ته‌ك پیشاندانی‌ راستیه‌كان، روی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ خۆپیشاندان و ناره‌زایی‌ ده‌ربرین پیشان بده‌ن و دور بن له‌ هاندانی‌ توندوتیژی‌ و یاریكردن به‌ سۆز و عاتیفه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر.
به‌رزو شكۆدار بێت ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ئازادیخوازی كوردستان
 
هه‌ولێر
3-3-2011

1. د. ره‌وشت ره‌شید- پزیشك و مامۆستای‌ زانكۆ
2. د. سامان هه‌ڵه‌بجه‌یی-‌ پزیشك و نوسه‌ر
3. رێبوار سیوه‌یلی-‌ سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ فه‌لسه‌فه‌- كۆلێژی‌ ئه‌ده‌بیات- زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین
4. رێبین ره‌سول ئیسماعیل نوسه‌رو چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌
5. ئه‌ڤین ئیبراهیم فه‌تاح- توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و رۆژنامه‌نوس
6. سمكۆ محه‌مه‌د نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس
7. نه‌وزاد جه‌مال- نوسه‌ر و مامۆستای‌ زانكۆ
8. دلزار حه‌سه‌ن- نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس
9. شوان حمدامین- چالاكوانی مافی مرۆڤ و ناتوندوتیژی
10. د. توانا عه‌بدولره‌حمان-  پزیشك و مامۆستای‌ زانكۆ
11. د. شنه‌ خالید- پزیشك
12. د. زمناكۆ خالید- پزیشك
13. هۆگر چه‌تۆ-  چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌ و مافی‌ مرۆڤ
14. د. مه‌حمود قاسم-  پزیشك و مامۆستای‌ زانكۆ
15. هێمن صالح - یاساناس
16. د. نه‌سره‌و مسته‌فا- پزیشك و مامۆستای‌ زانكۆ
17. هیوا باجه‌لان- ئابوریناس
18. عه‌بدوڵا خالید- چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌ و مافی‌ مرۆڤ
19. د. رێدار محه‌مه‌د ئه‌مین- پزیشك و مامۆستای‌ زانكۆ
20. فه‌همی‌ نه‌بی-‌ رۆژنامه‌نوس
21. د. ئومێد قادر- پزیشك و مامۆستای‌ زانكۆ
22. گۆران جه‌لال- رۆژنامه‌نوس
23. رابه‌ر فاریق- نوسه‌ر
24. رێباز مسته‌فا- نوسه‌ر و وه‌رگێر
25. جه‌مال حسێن- رۆژنامه‌وان
26. سامان شه‌ریف- پزیشك
 

 

Sbeiy.com © 2007