Print
 که‌مپه‌ینی خوێندکارانی سلێمانی بۆ پشتگیریکردنی خۆپیشانده‌ران پێکهێنرا
Saturday, March 12, 2011

(سبه‌ی):
خوێندکارانی خوێندنگاکان شاری سلێمانی پشتگیری خۆیان بۆ خه‌ڵکی کوردستان دوپات ده‌که‌نه‌وه‌و بۆ پشتیوانی خۆپیشانده‌ران که‌مپه‌ینێکیان به‌ناوی (كه‌مپینی‌ خوێندكاران) پێکهێنا.
جوانڕۆ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی که‌مپه‌ینی خوێندکارانی سلێمانی، بۆ (سبه‌ی) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، زۆربه‌ی خوێندکارانی خوێندنگه‌کانی شاری سلێمانی به‌شدارن له‌م که‌مپه‌ینه‌ بۆ پشتیوانی کردنی خه‌ڵکی کوردستان.
وتیشی: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌رجه‌م خوێندنگه‌کانی سلێمانیمان ئاگادار کردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌هه‌ندێک خوێندنگه‌ رێگریی له‌ رێکخه‌رانی که‌مپه‌ینه‌که‌ کراوه‌، له‌هه‌مانکاتدا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خوێندکاران کراوه‌، هه‌ر که‌سێک به‌شداری خۆپیشاندان و که‌مپه‌ینه‌که‌ بکات فه‌سڵ ده‌کرێت.
که‌مپه‌ینه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌وکاته‌ی سه‌رجه‌م داواکاری خه‌ڵکی کوردستان و خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ ده‌کرێت.


بێستون محه‌مه‌د


ده‌قی به‌یاننامه‌که‌

هاوڵاتیانی كوردستان جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 17ی شوباته‌وه‌ خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان پێینایه‌ قۆناغێكی‌ نوێوه‌ و خۆپیشاندان بوه‌ په‌یامێك بۆ به‌ ئاگاهێنانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستاندا كه‌ چی‌ تر خه‌ڵكی‌ به‌شه‌ره‌فی‌ كوردستان ناحه‌قی‌ و نا دادپه‌روه‌ری‌ و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ وڵات و نه‌بونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ قبوڵ ناكات، ئێوه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر ئه‌و راستیه‌تان دوپاتكرده‌وه‌ كه‌ هێزی‌ جه‌ماوه‌ر ئه‌و هێزه‌یه‌ هه‌ركات بیه‌وێت گۆڕان بكات ئه‌وه‌ ده‌یكات له‌ رابوردوشدا ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ و ئێستاش جێ به‌جێ‌ ئه‌بێته‌وه‌، خه‌ڵكی‌ قاره‌مانی‌ كوردستان ئه‌گه‌ر چی‌ ئێوه‌ له‌پێناو چاكسازی‌ وڵاته‌که‌تان ئه‌مڕۆ به‌ده‌نگ هاتون و داوا ره‌و‌اكانتان روبه‌ڕوی‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ داخه‌، وه‌ڵام دانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌‌ به‌گوله‌ و گرتن و ترس و تۆقاندن، كه‌ ئه‌مانه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌مو نه‌ریتێکی‌ دیموكراسییه‌ و ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیار ده‌كات له‌ئێستا و داهاتوشدا، بۆیه‌ ئێمه‌ی خوێندكارانی‌ كوردستان و به‌تایبه‌تی‌ شاری‌ سلێمانی‌ خۆشه‌ویست بڕیارماندا به‌ پێكهێنانی‌ كه‌مپینێك بۆ به‌شداری‌ به‌رفراوان له‌ خۆپیشاندانه‌كان و پشتگیریكردنمان بۆ داخوازییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ناوی‌ (كه‌مپینی‌ خوێندكاران).
لێره‌وه‌ داواكارین له‌سه‌رجه‌م خوێندكارانی‌ شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان به‌شداربن له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ مه‌یدانی‌ ئا‌زادی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ هێمن و مه‌ده‌نیانه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی‌ تری‌ خه‌ڵكی‌ كرودستان تا ئه‌و كاته‌ی‌ ده‌سه‌ڵات داواكارییه‌كانمان جێ‌ به‌جێ‌ ده‌كات، خۆڕاگربن سه‌ركه‌وتوبن تا به‌دیهێنانی‌ خواسته‌كان.


كه‌مپینی‌ خوێندكاران
بۆ پیشتیوانی‌ خۆپیشاندانه‌كان
3-3-2001

Sbeiy.com © 2007