Print
 ده‌قی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستاندا كه‌ پارله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كرد
Saturday, January 5, 2008

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان به‌ناوی گه‌له‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ـ عیراق

پشت به‌حوكمی برگه‌ (1)ی مادده‌(56) له‌ یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992 ی هه‌مواركراوو له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌ریَمی كوردستان – عیراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان – عیراق، له‌دانیشتنی ژماره‌ (33)ی رۆژی 11/12/2007 دا بڕیاری دانانی ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه‌ی دا:


یاسای ژماره‌ (35)ی ساڵی 2007
یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ كوردستاندا

به‌شی یه‌كه‌م
پیَناسه‌ و پرنسیپه‌كان

مادده‌ی‌ یه‌كه‌م:
مه‌به‌ست له‌م زاراوانه‌ی خواره‌وه‌ ماناكانی به‌رامبه‌ریانه‌ له‌م یاسایه‌دا:
یه‌كه‌م: هه‌ریَم : هه‌ریَمی كوردستان ـ عیراق.
دووه‌م : سه‌ندیكا : سه‌ندیكای رۆژنامه‌گه‌رانی كوردستان.
سیَیه‌م: نه‌قیب : نه‌قیبـی رۆژنامه‌گه‌رانی كوردستان.
چواره‌م: رۆژنامه‌گه‌ریی: ده‌ستدانه‌ كاری رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ كه‌ناله‌ جیاوازه‌كانی راگه‌یاندن دا.
پیَنجه‌م: رۆژنامه‌گه‌ر: هه‌ركه‌سیَكی كاری رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا بكات.
شه‌شه‌م: رۆژنامه‌: هه‌ر چاپكراویَك كه‌ به‌ ده‌وری به‌ ناویَكی دیاریكراو و به‌ ژماره‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌كتری و به‌ریَكوپیَكی ده‌ربچیَت و دابه‌ش بكریَت.
مادده‌ی دووه‌م:
یه‌كه‌م: رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاده‌ وسانسۆری له‌سه‌رنییه‌ و ئازادی ده‌ربرین و بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو هاووڵاتیه‌ك ده‌سته‌به‌ركراوه‌ له‌ چوارچیَوه‌ی ریَزلیَنانی ماف و ئازادییه‌ تایبه‌تیه‌كانی كه‌سه‌كان وتایبه‌تمه‌ندیی ژیانیان و ئادابی گشتی و سیسته‌می گشتی به‌پیَی یاسا ده‌سته‌به‌ره‌و خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ پریسیپه‌كانی كاری رۆژنامه‌گه‌ریی به‌ پیَی په‌یمانه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.
دووه‌م: رۆژنامه‌گه‌ر بۆی هه‌یه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ وه‌ربگریَت كه‌ گرنگن بۆ هاووڵاتیان و په‌یوه‌ندیدارن به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له‌سه‌ر چاوه‌ی جیاواز، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌ ئاسایشی هه‌ریَمه‌وه‌ نه‌بیَ.
سیَیه‌م: رۆژنامه‌گه‌ر ده‌بیَ سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كانی یان هه‌واڵه‌كانی كه‌ به‌ده‌ستی ده‌كه‌ون به‌ نهیَنی بیان پاریَزی ، سه‌باره‌ت به‌و داواكارییانه‌ی خراونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا، مه‌گه‌ر دادگای تایبه‌ت به‌ پیَچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بڕیار بدات.
چواره‌م : هه‌ر كه‌سیَكی سروشتی یا مه‌عنه‌وی مافی هه‌بوونی رۆژنامه‌ی هه‌یه‌ و ده‌توانیَ به‌ پیَی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ری بچویَنیَ.
پیَنجه‌م: نابیَ رۆژنامه‌ رابگیریت و ده‌رچوونی قه‌ده‌غه‌بكریَ یاخود ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیریَت ته‌نیا مه‌گه‌ر به‌بریاریَكی دادوه‌ریی نه‌بیَت.

به‌شی دووه‌م
مه‌رجه‌كانی ده‌رچواندنی رۆژنامه‌ وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی و وازلیَهیَنانی

مادده‌ی سیَیه‌م:
بۆ ده‌رچوواندنی رۆژنامه‌ پیَویسته‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ هه‌بن و ئه‌م ڕیَكارانه‌ی خواره‌وه‌ بگیریَنه‌ به‌ر:
یه‌كه‌م: خاوه‌ن ئیمتیاز یان دامه‌زریَنه‌ره‌كه‌ی راگه‌یاندنیَك له‌ دوو رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ له‌ هه‌ریَم دا بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ ناو و نازناو و ره‌گه‌زنامه‌ و شویَنی نیشته‌جیَ بوونی خاوه‌ن ئیمتیاز یاخود دامه‌زریَنه‌ری رۆژنامه‌كه‌ و ناوی رۆژنامه‌كه‌ وئه‌و زمانه‌ی كه‌ پیَی بڵاوده‌كریَته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ناوی سه‌رنووسه‌ر وماوه‌ی ده‌رچوونه‌كه‌ی تیَدا بنووسریَ. راگه‌یاندنه‌كه‌ش به‌ به‌یانی ده‌رچوواندنی رۆژنامه‌كه‌ داده‌نریَت.
دووه‌م: ده‌شیَ خاوه‌ن هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك ناڕازی بیَت له‌ ده‌رچوواندنی رۆژنامه‌كه‌، ئه‌وا بۆی هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی (30) رۆژ له‌ میَژووی بڵاوبوونه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌وه‌ له‌لای دادگای تیَهه‌ڵچوونه‌وه‌ له‌ هه‌ریَم به‌ سیفه‌تی ته‌مییزی ئیعتیراز بگریَت و به‌ پیَچه‌وانه‌وه‌ش ده‌رچوواندنی رۆژنامه‌كه‌ به‌ په‌سند داده‌نریَ.
سیَیه‌م: پیَویست له‌سه‌ر خاوه‌ن ئیمتیاز یان دامه‌زریَنه‌ره‌كه‌ی به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندن پیَشكه‌ش بكات و له‌لای وه‌زاره‌تی رۆشنبیَریی تۆماری بكات له‌گه‌ڵ‌ ده‌رخستنی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ی داراییه‌كه‌ی دابین ده‌كات و پیَویسته‌ وه‌زاره‌تیش ئه‌مه‌ به‌سه‌ندیكا رابگه‌یه‌نیَ.
چواره‌م: ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ نیازی ده‌رچوواندنی رۆژنامه‌ی هه‌یه‌ ، پیَویسته‌ لیَهاتوویی ته‌واوی یاسایی هه‌بیَت.
پیَنجه‌م: نابیَ دوو رۆژنامه‌ به‌یه‌ك ناو له‌ هه‌ریَمدا ده‌ربچیَت.
شه‌شه‌م: پیَویسته‌ خاوه‌ن ئیمتیاز یا دامه‌زریَنه‌ره‌كه‌ له‌ شویَنیَكی دیاری رۆژنامه‌كه‌ به‌ شیَوه‌یه‌كی روون ناوی خۆی و سه‌ر نووسه‌ر و شوین و میَژووی ده‌رچوونی و ناوی ئه‌و چابخانه‌یه‌ی كه‌ لیَی چاپ ده‌كریَ بڵاوبكاته‌وه‌ و پیَویسته‌ راگه‌یاندنیَك به‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك یان هه‌مواركردنیَك له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی به‌یانی دامه‌زراندن رووبدات له‌ ماوه‌ی (30) سی رۆژ له‌ ریَكه‌وتی گۆرانكارییه‌كه‌ یان هه‌مواركردنه‌كه‌دا بڵاوبكاته‌وه‌.
مادده‌ی چواره‌م:
هه‌ر رۆژنامه‌یه‌ك سه‌ر نووسه‌ریَكی ده‌بیَ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كات كه‌ تیَیدا بڵاوده‌كریَته‌وه‌ و ده‌بیَ ئه‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ی لیَ بیَته‌ دی:
یه‌كه‌م: ده‌بیَ رۆژنامه‌گه‌ریَكی ئه‌ندام بیَ له‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌گه‌رانی كوردستان و زمانی رۆژنامه‌كه‌ به‌خویَندنه‌وه‌ و نووسین بزانیَ.
دووه‌م: ده‌بیَ هاووڵاتی هه‌ریَم بیَ یاخود به‌ به‌رده‌وامی لیَی نیشته‌جیَ بیَت.
سیَیه‌م : سه‌ر نووسه‌رو نووسه‌ر به‌ر پرسیاریَه‌تی مه‌ده‌نی وسزایی له‌ ئه‌ستۆدایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام خاوه‌نی ئیمتیاز به‌ پرسیه‌تی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ویَته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ساغ بووه‌وه‌ به‌كردار به‌شداریی له‌ نووسینی رۆژنامه‌كه‌دا كردووه‌ ئه‌وا هه‌مان به‌رپرسیه‌تی سه‌ر نووسه‌ری ده‌كه‌ویَته‌ ئه‌ستۆ.
مادده‌ی پیَنجه‌م:
له‌ یه‌كیَك له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ رۆژنامه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ داده‌نریَت:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر به‌بیَ بیانوویه‌كی مه‌شرووع له‌ ماوه‌ی (6) مانگ له‌ رۆژی په‌سندكردنیه‌وه‌ ده‌رنه‌چوو.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر به‌ بڕیاریَكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی دادوه‌ری وه‌ستا.
سیَیه‌م: ئه‌گه‌ر له‌ ده‌رچوون بۆ ئه‌و ماوانه‌ی خواره‌وه‌ وه‌ستا:
1- رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی سی رۆژی یه‌ك له‌دوای یه‌ك.
2- هه‌فته‌نامه‌ بۆ هه‌شت ژماره‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك.
3- رۆژنامه‌ی نیومانگی و یه‌ك مانگی بۆ چوار ژماره‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك.
4- رۆژنامه‌ی وه‌رزی بۆ سیَ ژماره‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
له‌گه‌ڵ‌ ره‌چاوكردنی ئه‌و ڕیَكارانه‌ی كه‌ ده‌قه‌كه‌یان له‌م یاسایه‌ دا هاتووه‌، خاوه‌ن ئیمتیاز مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ واز له‌ هه‌موو یا هه‌ندیَك خاوه‌نداریَتی بیَنیَ بۆ كه‌سیَكی دیكه‌، به‌مه‌رجیَك وازهیَنه‌ر ئاگادارییه‌ك به‌ واز هیَنانه‌كه‌ی پیَش (30) سی رۆژ له‌ میَژووی دیاری كراو له‌ روودانی له‌ رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌ بڵاوبكاته‌وه‌.

به‌شی سیَیه‌م
وه‌ڵامدانه‌وه‌ و راستكردنه‌وه‌

مادده‌ی حه‌وته‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌ زانیاریی نا دروستی بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی پیَِوه‌ی هه‌یه‌ یاخود به‌ یه‌كیَك له‌ میراتگرانی یان ئه‌وه‌ی له‌ رووی یاساییه‌وه‌ جیَگریه‌تی بۆی هه‌یه‌ داوای راستكردنه‌وه‌ی بكات یان وه‌ڵامی هه‌واڵه‌كه‌ یا وتاره‌كه‌ بداته‌وه‌، پیَویسته‌ سه‌ر نووسه‌ریش راستكردنه‌وه‌كه‌ یاخود وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ له‌ یه‌كیَك له‌و دوو ژمارانه‌ی كه‌ له‌ دوای میَژووی گه‌یشتنی وه‌ڵامه‌كه‌ له‌ هه‌مان جیَ و به‌ هامان پیت و ئه‌و قه‌باره‌یه‌ی كه‌ پیَی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ بڵاوبكاته‌وه‌.
دووه‌م: پیَویسته‌ رۆژنامه‌كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ یان راستكردنه‌وه‌كه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ به‌ پیَچه‌وانه‌وه‌ به‌ بڕیَك پاره‌ كه‌ له‌ (1000000) یه‌كه‌ ملیون دینار كه‌متر نه‌بیَ و له‌ (2000000)دوو ملیون دیناریش زیاتر نه‌بیَ غه‌رامه‌ ده‌كرێ‌.
سیَیه‌م: سه‌ر نووسه‌ر بۆی هه‌یه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ یان راستكردنه‌وه‌كه‌ی بۆی دیَت به‌ پیَی بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌ره‌وه‌ ، له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ بڵاونه‌كاته‌وه‌:
1- ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌كه‌ به‌ر له‌گه‌یشتنی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ یان راستكردنه‌وه‌كه‌، بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كه‌ی به‌شیَوه‌یه‌كی ورد و ته‌واو راستكردبووه‌وه‌.
2- ئه‌گه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ یا راستكردنه‌وه‌كه‌ به‌ ناویَكی خوازراوه‌وه‌ واژۆ كرا بوو، یان به‌ زمانیَكی جیا له‌ زمانی بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كه‌ نووسرابوو.
3- ئه‌گه‌ر ناوه‌رۆكی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ یان راستكردنه‌وه‌كه‌ پیَچه‌وانه‌ی یاسا یان دابو ده‌ستووری گشتی وئاداب بوو.
4- ئه‌گه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ یان راستكردنه‌وه‌كه‌ دوای (90) نه‌وه‌د رۆژ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ یان وتاره‌ وه‌ڵام دراوه‌كه‌ گه‌یشت.

به‌شی چواره‌م
ماف وئیمتیازاته‌كانی رۆژنامه‌گه‌ر

مادده‌ی هه‌شته‌م:
یه‌كه‌م : رۆژنامه‌گه‌ران سه‌ر به‌خۆن وهیچ ده‌سته‌لاتیَكیان به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌ له‌ كاتی جیَبه‌جیَ كردنی پیشه‌كه‌یان جگه‌ له‌ ده‌سته‌ڵاتی یاسا.
دووه‌م: نابیَ ئه‌و راو بۆچوونه‌ی كه‌ له‌ رۆژنامه‌ گه‌ره‌وه‌ ده‌رده‌چن یان ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ بڵاویان ده‌كاته‌وه‌ ببنه‌ هۆی تیَكدانی باری ژیانی یان زیان به‌ مافه‌كانی بگه‌یه‌نیَ.
سیَیه‌م: رۆژنامه‌گه‌ر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی ئاشكرا نه‌كات مه‌گه‌ر به‌بڕیاریَكی دادوه‌ری نه‌بیَت.
چواره‌م: رۆژنامه‌گه‌ر مافی ئاماده‌بوونی له‌ كۆنگره‌و چالاكییه‌ گشتییه‌كانی تردا هه‌یه‌.
پیَنجه‌م: هه‌ر كه‌سیَكی سووكایه‌تی به‌ رۆژنامه‌گه‌ریَك بكات یان ده‌ستدریَژی بكاته‌ سه‌ری به‌ هۆی كاره‌كه‌ی، ئه‌وا هه‌مان سزا ده‌یگریَته‌وه‌ كه‌ بۆ ده‌ستدریَژیكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌ریَك له‌ كاتی یان به‌هۆی به‌جیَهینانی كاره‌كه‌ی دانراوه‌.
شه‌شه‌م: ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیاسه‌تی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ روویدا كه‌ رۆژنامه‌گه‌ره‌كه‌ كاری تیَدا ده‌كرد، یان بارودۆخی گریَبه‌ستییه‌كه‌ی گۆڕا، رۆژنامه‌گه‌ر بۆی هه‌یه‌ ئه‌و گریَبه‌سته‌ یه‌ك لایه‌نه‌ هه‌ڵه‌شیَنیَته‌وه‌، به‌ مه‌رجیَك(30) سی رۆژ پیَش ئه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌ ئاگاداری رۆژنامه‌كه‌ بكاته‌وه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی مافی رۆژنامه‌گه‌ر له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌دا بفه‌وتێ‌.
حه‌وته‌م: پیَویسته‌ ده‌زگا رۆژنامه‌گه‌رییه‌كان و به‌ڕیَوه‌به‌رایه‌تی رۆژنامه‌كان پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و مافانه‌ بن كه‌ له‌ یاسا به‌ركاره‌كان و به‌پیَی گریَبه‌ستی كاری رۆژنامه‌گه‌ریی په‌سندكراوی سه‌ندیكا بۆ رۆژنامه‌گه‌ر دانراوه‌.
هه‌شته‌م: له‌ باریَكدا ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌گه‌ر هه‌موو مۆَڵه‌ته‌ ئاساییه‌كانی یا هه‌ندیَكیانی دوای كۆتایی ساڵی دارایی وه‌رنه‌گرتبوو، ئه‌وا ئه‌و پاره‌یه‌ی پیَده‌درێ‌ كه‌ ده‌یكه‌وێ‌ به‌ مه‌رجیَك له‌ مووچه‌ی مانگیَكی ره‌ت نه‌كات.
نۆیه‌م: له‌ كاتی تووشـــــبوونی رۆژنامه‌گه‌ر به‌ نه‌خۆشی وپیَكان له‌ كاتی راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كه‌ی یان له‌ پیَناویدا، ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ی كه‌ كاری تیَدا ده‌كات، خه‌رجی چاره‌سه‌ركردنی ده‌گریَته‌ ئه‌ستۆ.
ده‌یه‌م: ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌گه‌ر له‌ رۆژانی پشووی فه‌رمیدا كاری كرد، پیَویسته‌ ئه‌و ده‌زگا رۆژنامه‌گه‌رییه‌ی كاری تیَدا ده‌كات قه‌ره‌بووی ماددی ئه‌و رۆژانه‌ به‌ بڕی كریَی دوو رۆژ بۆ هه‌ر رۆژیَك بۆ بكاته‌وه‌.

به‌شی پیَنجه‌م
حه‌سانه‌(پشتیوانه‌)

مادده‌ی نۆیه‌م:
یه‌كه‌م: نابێ‌ ریَكاری یاسایی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌گه‌ر ئه‌نجام بدریَت، له‌ كاتی تۆمه‌تباركردنی به‌ نواندنی چالاكییه‌كی په‌یوه‌ندیدار به‌ ده‌ستدانه‌ پیشه‌كه‌ی به‌ر له‌ ئاگادار كردنه‌وه‌ی سه‌ندیكا.
دووه‌م: نابێ‌ لیَكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ رۆژنامه‌گه‌ردا بكریَت، یا شویَنی كارو ماڵه‌كه‌ی بپشكنریَت له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ی له‌ بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه‌ به‌ بڕیاریَكی دادوه‌ریی نه‌بیَت و نه‌قیب یا ئه‌وه‌ی به‌ شیَوه‌یه‌كی یاسایی جیَی ده‌گریَته‌وه‌ بۆی هه‌یه‌ له‌ كاتی لیَكۆڵینه‌وه‌دا ئاماده‌بیَت.
سیَیه‌م: له‌ هه‌ر لیَكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سزایی دا، نابیَت دیكیومیَنت و زانیاری و به‌یاننامه‌و په‌ڕاوگه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ر به‌ به‌ڵگه‌ی تۆمه‌تباركردن له‌ دژی بژمیَردریَت، ته‌نیا مه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییان به‌ بابه‌تی سكاڵای تۆماركراو له‌ دژی رۆژنامه‌گه‌ره‌وه‌ هه‌بیَت.
چواره‌م: ئه‌گه‌ر له‌ باره‌ی كاره‌كانی فه‌رمانبه‌ریَك یان یه‌كیَكی راسپیَردراو به‌خزمه‌تگوزاری گشتی یا كه‌سیَك سیفه‌تی نویَنه‌رایه‌تی گشتی هه‌بێ‌ بابه‌تیَك بڵاوكرایه‌وه‌ یا نووسرا به‌ تاوان داناندریَ گه‌ر ئه‌و بڵاوكردنه‌وه‌یه‌ له‌ كاری فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ یا ئه‌وه‌ی خزمه‌تی گشتی یان نویَنه‌رایه‌تی تیَنه‌په‌ڕیبێ‌ به‌ مه‌رجیَك به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنی ئه‌و كارانه‌ی كه‌ دراونه‌ته‌ پاڵی هه‌بیَت.
پیَنجه‌م: نابێ‌ دوای تیَپه‌ڕبوونی(90)نه‌وه‌د رۆژ له‌ میَژووی بڵاوكردنه‌وه‌ هیچ جۆره‌ ریَكاریَكی یاسایی له‌ دژی رۆژنامه‌گه‌ر وه‌ربگیریَت.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
یه‌كه‌م: له‌گه‌ڵ‌ زیان نه‌گه‌یاندن به‌ هه‌ر سزایه‌كی توندتر كه‌ له‌ هه‌ر یاسایه‌كی دیكه‌ی به‌ركار له‌ هه‌ریَمدا هاتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌كانی (ا)و(ب)، رۆژنامه‌گه‌ر به‌ غه‌رامه‌یه‌ك سزا ده‌دریَت له‌ سێ‌ ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێ‌ و له‌ ده‌ ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێ‌ له‌گه‌ڵ‌ راگرتنی رۆژنامه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ شه‌ش مانگ زیاتر نه‌بێ‌، ئه‌گه‌ر له‌ هۆیه‌كانی راگه‌یاندن یه‌كیَك له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌:
ڕ-هه‌ر بابه‌تیَك ببیَته‌ هۆی شیَواندنی باری ئاسایش وبه‌رپاكردنی ترس له‌ نیَو خه‌ڵكدا یان هاندان بۆ ئه‌نجامدانی تاوان یان جیَبه‌جیَ نه‌كردنی یاساكان.
ب ـ هه‌ر بابه‌تیَك ببیَته‌ مایه‌ی هاندانی تیرۆر و چاندنی رق و كینه‌ و دووبه‌ره‌كی و لیَك دوور كه‌وتنه‌وه‌ی نیَوان پیَكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا.
دووه‌م: رۆژنامه‌گه‌ر به‌غه‌رامه‌یه‌ك سزا ده‌دریَت له‌ سیَ ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بیَ و له‌ ده‌ ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بیَ له‌ كاتی بلاَوكردنه‌وه‌ی یه‌كیَك له‌ مانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ هۆیه‌كانی راگه‌یاندندا: ـ
ڕ: سووكایه‌تی كردن به‌ باوه‌ڕی ئایینی یه‌كیَك له‌ ئاینزاكان یان به‌ چاویَكی سووك ته‌ماشا كردنی دروشمه‌كانیان یان سووكایه‌تی كردن به‌ سیمبولیَكی كه‌ بووه‌ته‌ جیَگه‌ و مایه‌ی په‌رستن و به‌ گه‌وره‌ زانین له‌لای ئاینزایه‌كی دینی كه‌ یاسا دانی پیَداناوه‌ یان زیان پیَگه‌یاندنی.
ب ـ هه‌ر بابه‌تیَك په‌یوه‌ندیی به‌ نهیَنیه‌كانی ژیانی تایبه‌تی تاكه‌وه‌ هه‌بیَ، هه‌ر چه‌نده‌ راستیش بیَ، ئه‌گه‌ر بلاَوكردنه‌وه‌كه‌ی بووه‌ هۆی سووكایه‌تی پێ‌ كردنی.
ج ـ هه‌ربابه‌تیَك دابونه‌ریتی گشتی له‌كه‌داربكات.
د ـ جنیودان و قسه‌ی ناشیرین پیَگوتن وناو زڕاندن.
ه ـ هه‌ربابه‌تیَكی زیان به‌ریَكاره‌كانی دادگاو دادوه‌ریی بگه‌یه‌نیَ مه‌گه‌ر دادگا ریَگه‌ی بلاَوكردنه‌وه‌ی بدات.
سیَیه‌م: ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی بلاَوی ده‌كاته‌ سزاده‌دری به‌غه‌رامه‌یه‌ك له‌ (ده‌) ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بیَ و له‌ بیست ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بیَ.
چواره‌م: له‌ كاتی دووباره‌كردنه‌وه‌ دادگا بۆی هه‌یه‌ غه‌رامه‌كه‌ی زیاد بكات به‌ مه‌رجیَك له‌ دوو هه‌نده‌ی پاره‌ی ئه‌و غه‌رامه‌یه‌ زیاتر نه‌بێ‌ كه‌ له‌ بڕگه‌كانی(یه‌كه‌م) و (دووه‌م) ی سه‌ره‌وه‌دا هاتوون تیَپه‌ڕنه‌كات.
پیَنجه‌م: داواكاری گشتی و زیان پیَ كه‌وتوو بۆیان هه‌یه‌ داواكاریی به‌ پیَی یاسا پیَشكه‌ش بكه‌ن.
مادده‌ی یازده‌م:
حوكمه‌كانی مادده‌ی (ده‌یه‌م) ئه‌و رۆژنامه‌و چاپكراوانه‌ ناگریَته‌وه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی زانستیی ته‌واو له‌لایه‌ن ده‌زگا حكومی و زانكۆكان و سه‌نته‌ره‌كانی تۆژینه‌وه‌ی زانستی ده‌هیَنریَن.
مادده‌ی دوازده‌م:
هه‌ر بابه‌تیَك له‌سه‌رچاوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ریَم وه‌رگیرا بن یاخود وه‌رگیَڕدرا بن له‌ به‌رپرسیاریه‌تی تاوانه‌كانی بلاَوكردنه‌وه‌ نابووردریَن.
مادده‌ی سیَزده‌م:
كار به‌هیچ ده‌قیَك ناكریَت گه‌ر ناكۆك بیَ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ به‌مه‌رجیَك ره‌چاوی كاركردنی یاسای ژماره‌(4)ی ساڵی 1998 و هه‌موار كراوه‌كانی( یاسای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان) بكریَت.

(حوكمه‌ كۆتاییه‌كان)

مادده‌ی چوارده‌م:
پیَویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ جیَبه‌جیَ بكه‌ن.
مادده‌ی پازده‌م:
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی بلاَوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائیعی كوردستان)ه‌وه‌ جیَبه‌جی ده‌كریَ.


عه‌دنان موفتی
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی
كوردستان – عیراق


هۆیه‌ پیَویسته‌كانی ده‌رچوواندنی ئه‌م یاسایه‌
رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌مڕۆكه‌ گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستانیمان و ده‌وڵه‌تاندا و ئاسۆییه‌كی فراوانی له‌ ئازادی له‌به‌رده‌مدایه‌ و ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ یاسایه‌كی تایبه‌تی بۆ ده‌ربچیَت تاكو كاره‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌كه‌ی به‌ جۆریَكی وا ریَك بخات كه‌ له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌م و په‌ره‌پیَدانه‌كانی دا بگونجیَت و وابكات هاوولاَتی ئاگاداری راستیه‌تی بیروبۆچوون و رووداوه‌كانی بیَ و به‌ جۆریَكی وا رایه‌كانی خۆی ده‌ربریَ كه‌ ریَزی هه‌مووان رابگریَ، بۆیه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوویَنرا.

Sbeiy.com © 2007