Print
 گیراوێکی 25/2ی هه‌ولێر: ده‌یان که‌س به‌ناوی ئاسایشه‌وه‌ لێیاندام و به‌ده‌موچاوی خوێناوییه‌وه‌ برام بۆ ئاسایشی گشتی
Saturday, March 12, 2011

(سبه‌ی):
گیراوێکی دیکه‌ی 25ی شوباتی شاری هه‌ولێر باس له‌شێوازی گرتن و بریندار کردنی خۆی ده‌کات له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پارتییه‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت، که‌ له‌ ئاسایش تۆمه‌تی ناڕه‌وایان بۆ دروستکردوه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ شێروان ئازاد، یه‌كێك له‌گیراوه‌كانی‌ 25/2ی شاری‌ هه‌ولێره‌ به‌ (سبه‌ی‌)  راگه‌یاند: رۆژی‌ هه‌ینی‌ 25/2 سه‌عات 01.30ی پاشنیوه‌ڕۆ چومه‌ ناوبازاڕی‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌پێش باخی‌ شار، له‌وێ خه‌ڵكێكی‌ زۆر كۆببونه‌وه‌، ته‌نانه‌ت پارێزگاری‌ هه‌ولێریش له‌سه‌ر قه‌ڵات بو قسه‌ی‌ ده‌كرد و كامێرا دانرابو، ئۆتۆمبێلێك سه‌حنه‌ی‌ له‌سه‌ر بو له‌سه‌ر قه‌ڵات ئاماده‌ بو وێنه‌كه‌ی‌ راسته‌ وخۆ ده‌گواسته‌وه‌، له‌و كاته‌ ته‌له‌فۆنێكم بۆ هات له‌گه‌ڵ مامم قسه‌م ده‌كرد باسی بارودۆخه‌كه‌مان ده‌كرد، چونكه‌ بڕیاربو 25ی‌ مانگی‌ 2 له‌سه‌رجه‌م عیڕاق خۆپیشاندان بكرێت، له‌پاش ته‌واو بونی‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌م 3 كه‌س هاتنه‌ پێشم گوتیان كاكه‌ ئه‌و ته‌له‌فۆنه‌مان بده‌رێ، وتم ئێوه‌ كێن وتیان ئێمه‌ ئاسایشین، وتم زه‌حمه‌ت نه‌بێت باجه‌كانتانم بده‌نێ‌، تاوه‌كو به‌چاوان منیش مۆبایله‌كه‌متان بده‌مێ، به‌ڵام باجیان پێنه‌دام.
ناوبراو باس له‌وه‌ده‌كات، له‌و مشتومڕه‌دابوم نزیكه‌ی‌ 20 كه‌س له‌پشته‌وه‌ بۆم هاتن، ده‌مویست به‌رگری‌ له‌خۆم بكه‌م به‌ڵام رێگه‌یان نه‌داو به‌ هه‌مویان لێیاندام، هه‌ر بۆ به‌رگریکردن له‌خۆم دواتر كه‌له‌پچه‌که‌م شکاندو رامكرد بۆ بن قه‌ڵات، دوباره‌ له‌وێ كه‌له‌پچه‌یان له‌ده‌ستكردم و2 ئاسایش منیان گرت و خۆیان به‌سه‌ر دادام ویستیان له‌ده‌ستی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌رم بهێنن، دواتر له‌ به‌رده‌م چایخانه‌ی‌ مه‌چكۆ سواری‌ ته‌كسیه‌كیان كردم و خه‌ڵكه‌كه‌ له‌پشته‌وه‌ په‌لا‌ماری‌ ته‌كسیه‌كه‌شیان دا، له‌پاش ئه‌وه‌ ئه‌و 2 ئاسایشه‌ی‌ منیان برد ته‌له‌فۆنیان كردو وتیان گه‌وره‌م بیهێنین بۆ كوێ، وتی‌ بیهێنن بۆ ئاسایشی‌ گشتی‌.
شێروان باس له‌چونی‌ بۆ ناو ئاسایشی‌ گشتی‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "كه ‌چومه‌ ناو ئاسایش ده‌موچاوم هه‌مو خوێن بو، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كوڕێك له‌وێ بو پێیان ده‌وت گه‌وره‌م، ئه‌و ته‌حقیقی له‌گه‌ڵكردم، نازانم چ پله‌یه‌كی‌ هه‌بو، چونكه‌ جلی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌به‌ردابو و ناوی‌ نه‌نوسرابو".
ئه‌و گیراوه‌ی‌ 25/2 شاری‌ هه‌ولێر وتیشی: رۆژی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌ستگیر كردنه‌كه‌م زانیاری‌ ته‌واوی‌ له‌من وه‌رگرت كه‌ ناوم چیه‌و چ كاره‌م و كه‌سوكارم كێن و چ كار ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی‌ كوێن له‌كوێن، ماوه‌ی‌ 2 شه‌و له‌ ئاسایش مامه‌وه‌، پاش نیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ (یه‌كشه‌ممه)‌ به‌ ئۆتۆمبێلی‌ تایبه‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی‌ گیراوان، من وشه‌ش كه‌سی تریان برد بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیس له‌وێ شه‌ش كه‌سی ترم بینی‌ كه‌ هه‌مویان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ گیرابون، له‌وێ په‌رله‌مانتارێکمان بینی‌ و وتی‌ هاتوم به‌دوای‌ كه‌یسه‌كه‌ی‌ ئێوه‌وه‌م.
شێروان باسی دوای‌ بردنی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیس ده‌كات و رونیکرده‌وه‌، پاش بردنمان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیس، ئێمه‌یان برد بۆ به‌ندیخانه‌ی‌ مه‌حه‌ته‌ی‌ شاری‌ هه‌ولێر، دوای‌ ئه‌وه‌ پێیان وتم تۆ به‌ردت هاویشتوه‌ و قسه‌ت به‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر گوتوه‌، منیش وتم ئه‌وه‌ی‌ من ده‌یڵێم راستیه‌كه‌یه‌و ئێوه‌ش پێویسته‌ وای‌ بنوسن، دواتر ئازاد كراین.
ناوبراو له‌كۆتاییدا په‌یامی‌ خۆی‌ خسته‌ڕو و رایگه‌یاند: ئێمه‌ ویستمان زۆر به‌ ئاشتیانه‌ باس له‌كێشه‌كانمان بكه‌ین، ده‌سه‌ڵاتی كوردیش له‌وه تێبگات ئێمه‌ ئه‌و چینه‌ نین ئاژاوه‌ بگێڕین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێكیش له‌و جۆره‌ش ببینین له‌ناو خۆپیشاندان ناهێڵم شاره‌كه‌م تێك بده‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ من بۆ شاره‌كه‌م كردوه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌یكردوه‌ و كه‌سیش له‌خۆم به‌دڵسۆزتر نازانم بۆ خزمه‌تی‌ شاره‌كه‌م، ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌ستم بێت ده‌یكه‌م بۆ خزمه‌تی‌ شاره‌كه‌م.

هێژا محه‌مه‌د

Sbeiy.com © 2007