Print
 رانیه‌؛ به‌ به‌شداری هه‌زاران که‌س خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری ده‌ستیپێکرد
Saturday, March 12, 2011

(سبه‌ی):
خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری له‌ شاری رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین دژی ده‌سه‌ڵات و بۆ به‌دیهێنانی داواکارییه‌کانیان ده‌ستیپێکرد.
په‌یامنێرمان پێی راگه‌یاندین، له‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌)ه‌وه‌ هازاران که‌س له‌ مه‌یدانی ئازادی شاری رانیه‌ کۆبونه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ وتنه‌وه‌ی دروشم و هوتاف کێشان دژی ده‌سه‌ڵات و ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵییه‌کانیان، ته‌ئکید ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ تا ئه‌وکاته‌ی داواکاری هاوڵاتیانی به‌ گشتی جێبه‌جێده‌کرێت، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ خۆپیشاندان.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌ فه‌رمانێکی حیزبی، به‌زۆر فه‌رمانبه‌رانی حکومی له‌ یاریگای شاری رانیه‌ کۆکراونه‌ته‌وه،‌ به‌مه‌به‌ستی پێشوازی کردن له‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت، که‌ به‌نیازه‌ ئه‌مڕۆ بۆ یادکردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ بکات.
پێشتریش خه‌ڵکی رانیه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا ئاماژه‌یان به‌وه‌کردبو، "هه‌مو ساڵێك به‌ دروشمی‌ بریقه‌دار یادی‌ راپه‌ڕین له‌ شاره‌كه‌مان كراوه‌ته‌وه ‌و وێڕای نه‌هێنانه‌دی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ 19 یادی‌ راپه‌ڕین، له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌، بۆنه‌كه‌شمان كه‌ خه‌ڵكی‌ هه‌مو كوردستان خاوه‌نیه‌تی‌، به‌ حیزبی‌ كراوه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ حیزبه‌كان به‌كارهێنراوه، بۆیه‌ بایکۆتی ئه‌م یاده‌ ده‌که‌ین و رێگه‌ به‌ هیچ به‌رپرسێک ناده‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی شاره‌که‌مان بکات".

محه‌مه‌د عوسمان

Sbeiy.com © 2007