Print
 پرۆژه‌ یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌ نووسی‌ له‌ كوردستان
Monday, January 8, 2007

پرۆژه‌ یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌ نووسی‌ له‌ كوردستان

به‌شی‌ یه‌كه‌م
پێناسه‌ و پره‌نسیپه‌كان

مادده‌ی‌ یه‌كه‌م/
ئه‌م گوزارشتانه‌ی‌ خواره‌وه‌ به‌م به‌م مه‌به‌ستانه‌ له‌م یاسایه‌دا به‌كار براون:
هه‌رێم: هه‌رێمی‌ كوردستان – عیراق
سه‌ندیكا: سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان
نه‌قیب: نه‌قیبی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان
رۆژنامه‌وانی‌: ئه‌نجامدانی‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسییه‌ به‌هه‌موو كه‌ناڵه‌ جیاجیاكانییه‌وه‌
رۆژنامه‌نووس: هه‌ر كه‌سێكه‌ كاری‌ رۆژنامه‌ نووسیی‌ بكات
رۆژنامه‌: هه‌ر چاپكراوێك كه‌ به‌خوله‌كی‌ و به‌ناوێكی‌ دیاریكراوو ژماره‌ی‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك و به‌ڕێكوپێكی‌ ده‌ربچێت و دابه‌شبكرێت

مادده‌ی‌ دووه‌م/
1-سانسۆر له‌سه‌ر رۆژنامه‌وانی‌ نییه‌ و ئازادیی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ره‌ بۆ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌ سنوری‌ یاساو له‌ چوارچێوه‌ی‌ پاراستنی‌ ئازادییه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ تاك و داب و سیسته‌مه‌ گشتییه‌كاندا.
2-بواردان به‌رۆژنامه‌نووس بۆ ئاگادار بوون له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك كه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ و هه‌رێمایه‌تیی‌ و نێوده‌وڵه‌تیدا.
3-رێگه‌دان به‌بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ ره‌خنه‌ و را و بۆچوون.
4-وه‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و زانیاریی‌ و هه‌واڵ و ئامارانه‌ی‌ كه‌ لای‌ هاووڵاتیان گرنگن، له‌ سه‌رچاوه‌ جۆراو جۆره‌كانه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌و ده‌ستاوده‌ستكردنیان و بڵاوكردنه‌وه‌و را له‌سه‌ر ده‌ربڕینیان، هه‌روه‌ها پێوسته‌ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك یان ئه‌و كه‌سه‌ی‌ راژه‌ی‌ گشتیی‌ پێسپێردراوه‌ به‌حوكمی‌ كاره‌كه‌ی‌، زانیاری‌ گشتی‌ په‌یوه‌ند به‌هه‌رێم و كۆمه‌ڵگای‌ لایه‌، بواری‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان بڕه‌خسێنێت، مه‌گه‌ر نهێنی‌ بێت  یان په‌یوه‌ندی‌ به‌ئاسایشی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌بێت.
5-به‌نهێنی‌ هێشتنه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ زانیاریی‌ و هه‌واڵه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌و داوایانه‌ی‌ دراونه‌ته‌ دادگا، مه‌گه‌ر دادگای‌ تایبه‌تمه‌ند بڕیاری‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌ بدات.
6-نابێت گوشار بخرێته‌ سه‌ر سه‌رنووسه‌ر یان كه‌سی‌ دیكه‌ بۆ ئاشكراكردنی‌ ناوی‌ نووسه‌ری‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ یان گرتنه‌به‌ری‌ هه‌ر رێكارێك به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌یشتن به‌زانینی‌ ئه‌و ناوانه‌، به‌مه‌رجێك رۆژنامه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی‌ یاسایی‌ له‌ ئه‌ستۆبگرێت.
7-هه‌ر كه‌سێكی‌ سروشتی‌ یا مه‌عنه‌وی‌، به‌پێی‌ حوكمه‌كانی‌ ئه‌م  یاسایه‌ مافی‌ خاوه‌ندارێتی‌ رۆژنامه‌ و ده‌رچواندنی‌ هه‌یه‌.
8-نابێت رۆژنامه‌ رابگیرێت و رێگه‌ له‌ده‌رچوونی‌ بگیرێت یان ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا بگیرێت ته‌نها به‌بڕیارێكی‌ دادوه‌ری‌ نه‌بێت.

به‌شی‌ دووه‌م
مه‌رجه‌كانی‌ ده‌رچواندن  هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و وازهێنان له‌ رۆژنامه‌

مادده‌ی‌ سێیه‌م/
بۆ ده‌رچواندنی‌ رۆژنامه‌، پێویسته‌ ئه‌م رێكارانه‌ی‌ خواره‌وه‌ بگێریته‌ به‌ر:
1- خاوه‌ن ئیمتیاز یان دامه‌زرێنه‌ر، راگه‌یاندنێك له‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ رۆژانه‌ی‌ هه‌رێمدا بڵاوبكاته‌وه‌، كه‌ ناو و نازناو و وڵاتنامه‌ و شوێنی‌ نیشته‌جێی‌ خاوه‌ن ئیمتیاز، یان دامه‌زرێنه‌ری‌ رۆژنامه‌كه‌ و ناوی‌ رۆژنامه‌كه‌ و ئه‌و زمانه‌ی‌ كه‌ پێی‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و ناوی‌ سه‌رنووسه‌رو ماوه‌ی‌ ده‌رچواندنی‌ تێدا بێت، ئه‌م راگه‌یاندنه‌ به‌به‌یانی‌ ده‌رچواندنی‌ رۆژنامه‌كه‌ داده‌نرێت.
2-ده‌شێ‌ ناڕه‌زایی‌ له‌ سه‌ر ده‌رچواندنی‌ رۆژنامه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ (30) سی‌ رۆژ له‌ رۆژی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ له‌ دادگای‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ هه‌رێم تۆمار بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌رچواندنی‌ رۆژنامه‌كه‌ په‌سه‌ند ده‌بێت.
3-پێویسته‌ خاوه‌ن ئیمتیاز یان دامه‌زرێنه‌ر به‌یانی‌ دامه‌زراندنی‌ رۆژنامه‌كه‌ بداته‌ سه‌ندیكا و له‌وێ‌ تۆماری‌ بكات.
4-مه‌رجه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت رۆژنامه‌ده‌رچووبێت لێهاتوویی‌ یاسایی‌ ته‌واوی‌ هه‌بێت.
5-نابێت دوو رۆژنامه‌ به‌یه‌ك ناو له‌ هه‌رێمدا ده‌ربچێت.
6-پێویسته‌ خاوه‌ن ئیمتیاز یان دامه‌زرێنه‌ر له‌ شوێنێكی‌ دیاری‌ رۆژنامه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ روون ناوی‌ خۆی‌ و سه‌رنووسه‌ر و شوێن و رێكه‌وتی‌ ده‌رچواندن و ناوی‌ ئه‌و چاپخانه‌یه‌ی‌ كه‌ تیایدا چاپده‌كرێت بڵاو بكاته‌وه‌و پێویسته‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك، یان هه‌مواركردنێك له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی‌ به‌یانی‌ دامه‌زراندن رووبدات له‌ماوه‌ی‌ (30) سی‌ رۆژ و له‌ رێكه‌وتی‌ گۆڕانكارییه‌كه‌دا یان هه‌مواركردنه‌كه‌دا بڵاو بكاته‌وه‌.

مادده‌ی‌ چواره‌م/
پێویسته‌ هه‌ر رۆژنامه‌یه‌ك سه‌رنووسه‌ری‌ هه‌بێت كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌و  بابه‌تانه‌ی‌ تیایدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌ بكات و ئه‌م مه‌رجانه‌ی‌ خواره‌وه‌ی‌ تێدا بێت.
1-زمانی‌ رۆژنامه‌كه‌ به‌خوێندن و نووسین بزانێت.
2-هاووڵاتی‌ هه‌رێم یان نیشته‌جێی‌ ئه‌وێ‌ بێت.
3-سه‌رنووسه‌ر و نووسه‌ر به‌رپرسیارێتی‌ مه‌ده‌نی‌ و سزایی‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ ده‌گرنه‌ئه‌ستۆ، به‌ڵام خاوه‌ن ئیمتیاز ته‌نیا به‌رپرسیارێتی‌ شارستانی‌ له‌ ئه‌ستۆدایه‌، گه‌ر سه‌لمێنرا كه‌ به‌كرده‌نی‌ به‌شداری‌ له‌ ده‌رچواندنی‌ رۆژنامه‌كه‌ كردووه‌، ئه‌وا هه‌مان به‌رپرسیارێَتی‌ سه‌رنووسه‌ری‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

 مادده‌ی‌ پێنجه‌م/
له‌كێ‌ له‌م حاڵه‌تانه‌ی‌ خواره‌وه‌دا رۆژنامه‌ به‌هه‌ڵوه‌شاوه‌ داده‌نرێت:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا له‌ رۆژی‌ په‌سه‌ند كردنییه‌وه‌ به‌بێ‌ بیانوو ده‌رنه‌چوو.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر به‌بڕیارێكی‌ بنبڕیی‌ دادوه‌ریی‌ راگیرا.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌كه‌ له‌و ماوه‌ دیاریكراوانه‌ی‌ خواره‌وه‌دا ده‌رنه‌چوو.
1-رۆژنامه‌ی‌ رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی‌ (30) سی‌ رۆژی‌ به‌رده‌وام.
2-هه‌فته‌نامه‌ بۆ (8) هه‌شت ژماره‌ی‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك.
3-بڵاوكراوه‌ی‌ مانگانه‌ و نیوه‌ مانگانه‌ بۆ (4) چوار ژماره‌ی‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك.
5-گۆڤاری‌ وه‌رزی‌ بۆ سێ‌ ژماره‌ی‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك.


مادده‌ی‌ شه‌شه‌م/
یه‌كه‌م: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ له‌و یاسایه‌دا هاتووه‌، خاوه‌ن ئیمتیاز بۆی‌ هه‌یه‌ واز له‌ هه‌موو یان هه‌ندێك خاوه‌ندارێتی‌ رۆژنامه‌كه‌ بۆ كه‌سێكی‌ دیكه‌ بهێنێت، به‌په‌یڕه‌وكردنی‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ی‌ خواره‌وه‌:
1-وازهێنه‌ر به‌ر له‌ (30) سی‌ رۆژ له‌ رێكه‌وتی‌ وازهێنانه‌كه‌ ئاگادارییه‌ك به‌ئاره‌زووی‌ وازهێنانه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ رۆژانه‌دا بڵاوبكاته‌وه‌.
2-هه‌مان مه‌رجه‌كانی‌ پێویست له‌ وازهێنه‌ر پێویسته‌ له‌ واز بۆهێنه‌ریش كه‌ له‌م یاسایه‌دا هاتووه‌ هه‌بێت.
دووه‌م: هه‌ر كه‌سێك بۆی‌ هه‌یه‌ له‌ماوه‌ی‌ (15) رۆژدا له‌ رۆژی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئاره‌زووی‌ وازهێنانه‌كه‌، ناڕه‌زایی‌ له‌سه‌ر ئه‌م وازهێنانه‌ بداته‌ دادگای‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ هه‌رێم.


                                    به‌شی‌ سێیه‌م
                             وه‌ڵامدانه‌وه‌ و راستكردنه‌وه‌

مادده‌ی‌ حه‌وته‌م/
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌ زانیاری‌ نادروستی‌ بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌باته‌ بڵاوكراوه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ یان یه‌كێك له‌ میراتگرانی‌ یان نوێنه‌رێكی‌ یاسایی‌ ئه‌و، بۆی‌ هه‌یه‌ داوای‌ راستكردنه‌وه‌ یان وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كه‌ یان بابه‌ته‌كه‌ بكات و پێویسته‌ سه‌رنووسه‌ر ئه‌و راستكردنه‌وه‌یه‌ یان وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ به‌خۆڕایی‌ له‌ یه‌كێك له‌و دوو ژماره‌یه‌ی‌ له‌دوای‌ رۆژی‌ وه‌رگرتنی‌ وه‌ڵامه‌كه‌ ده‌رده‌چن له‌ هه‌مان شوێن و به‌هه‌مان شێوه‌و قه‌باره‌ی‌ پیته‌كانی‌ بابه‌ته‌ بڵاو كراوه‌كه‌، بڵاو بكاته‌وه‌.
دووه‌م: پێویسته‌ رۆژنامه‌كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌، یان راستكردنه‌وه‌كه‌ بڵاوبكاته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سزای‌ بژاردن به‌بڕی‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (2.000.000) دوو ملیۆن دینار پتر نه‌بێت، ده‌درێت.
سێیه‌م: سه‌رنووسه‌ر بۆی‌ هه‌یه‌ ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ یاخن راستكردنه‌وانه‌ی‌ بۆی‌ دێت، به‌پێی‌ بڕگه‌ی‌ یه‌كه‌م و دووه‌می‌ سه‌ره‌وه‌، له‌م حاڵه‌تانه‌ی‌ خواره‌وه‌ بڵاو نه‌كاته‌وه‌:
1-ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌كه‌ به‌ر له‌گه‌یشتنی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ یان راستكردنه‌وه‌كه‌، بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ورد‌و تێروته‌سه‌لی‌ راستكردبووه‌وه‌.
2-ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌كه‌ به‌ر له‌ گه‌یشتنی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ یان  راستكردنه‌وه‌كه‌، به‌ناوی‌ خوازراو واژۆ كرابوو، یان به‌زمانێكی‌ جیا له‌ زمانی‌ بابه‌ته‌ بڵاو كراوه‌كه‌ نوسرابوو.
3-ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌، یان راستكردنه‌وه‌كه‌ دوای‌ (90) نه‌وه‌د رۆژ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵه‌كه‌ یان بابه‌ته‌كه‌ گه‌یشته‌ رۆژنامه‌كه‌.

                                   به‌شی‌ چواره‌م
                         ماف و ئیمتیازه‌كانی‌ رۆژنامه‌نووس

مادده‌ی‌ هه‌شته‌م/
1-رۆژنامه‌نووسان له‌ كاتی‌ به‌جێهێنانی‌ كاری‌ پیشه‌ییاندا سه‌ربه‌خۆن، هیچ كه‌س و لایه‌نێك جگه‌ له‌ یاسا ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ریاندا نییه‌.
2-نابێت ئه‌و راو بۆچوون، یان ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ رۆژنامه‌نووس بڵاویان ده‌كاته‌وه‌، ببنه‌ هۆی‌ تێكدانی‌ باری‌ ئاسایشی‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌.
3-نابێت رژنامه‌ نووس بۆ ئاشكراكردنی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ زۆری‌ لێبكرێت.
4-رۆژنامه‌نووس مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌و كۆنگره‌و چالاكییانه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كاری‌ رۆژنامه‌نووسیدا ده‌گونجێن ئاماده‌بێت.
5-هه‌ر كه‌سێك سوكایه‌تی‌ یان ده‌ستدرێژی‌ بكاته‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووس به‌هۆی‌ كاره‌كه‌ی‌، ئه‌وا هه‌مان سزا ده‌یگرێته‌وه‌ كه‌ بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له‌كاتی‌، یان به‌هۆی‌ به‌جێهێنانی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ دانراوه‌.
6-ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ كاری‌ تێداده‌كرد روویدا، یان بارودۆخی‌ كاتی‌ گرێبه‌سته‌كه‌ گۆڕا، رۆژنامه‌نووس بۆی‌ هه‌یه‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ یه‌كلایه‌نه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌مه‌رجێك (30) سی‌ رۆژ پێش له‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌ ئاگاداری‌ رۆژنامه‌كه‌ بكاته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووس له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌دا بفه‌وتێت.
7-پێویسته‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ران و ده‌زگا رۆژنامه‌وانییه‌كان پابه‌ند بن به‌هه‌موو مافه‌كانی‌ بڕیاردراو بۆ رۆژنامه‌نووسان له‌یاسا به‌ركاره‌كان و گرێبه‌ندی‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ په‌سه‌ندكراو له‌ سه‌ندیكادا.
8-ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووس رۆژانی‌ مۆڵه‌ته‌ ئاساییه‌كان هه‌مووی‌ یان به‌شێكی‌ وه‌رنه‌گرت، دوای‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ دارایی‌، پێویسته‌ قه‌ره‌بووبكرێته‌وه‌ به‌مه‌رجێك كۆی‌ له‌موچه‌ی‌ مانگێك پترنه‌بێت.
9-له‌حاڵه‌تی‌ نه‌خۆشی‌ و پێكانی‌ رۆژنامه‌نووس له‌كاتی‌ راپه‌ڕاندنی‌ ئه‌ركه‌كه‌ی‌ یان له‌ پێناویدا، پێویسته‌ ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ی‌ كه‌ كاری‌ تێدا ده‌كات، خه‌رجی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ بگرێته‌ئه‌ستۆ.
10-ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووس له‌ڕۆژانی‌ پشووی‌ فه‌رمیدا كاری‌ كرد، پێویسته‌ ئه‌و ده‌زگا رۆژنامه‌وانییه‌ی‌ كاری‌ تێدا ده‌كات قه‌ره‌بووی‌ ماددی‌ ئه‌و رۆژانه‌ به‌بڕی‌ كرێی‌ دوو رۆژ بۆ هه‌ر رۆژێك بۆی‌ بكاته‌وه‌.


به‌شی‌ پێنجه‌م
رێكاره‌ یاساییه‌كان و حوكمه‌ سزاییه‌كان

مادده‌ی‌ نۆیه‌م/
أ-نابێت رێكاری‌ یاسایی‌ له‌به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسدا ئه‌نجام بدرێت ئه‌گه‌ر تۆمه‌تباركرا به‌كارێك كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌پیشه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌بوو، به‌ر له‌ئاگاداركردنی‌ سه‌ندیكا و ناشێت ده‌ستگیر بكرێت یان بگیرێت ته‌نها له‌  كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانێكی‌ به‌چاودیتراودا نه‌بێت.
ب-نابێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسدا بكرێت، یا شوێنی‌ كارو ماڵه‌كه‌ی‌ بپشكێنرێت، له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ی‌ كه‌ له‌ بڕگه‌ی‌ (أ) ی‌ ئه‌و مادده‌یه‌دا هاتووه‌، ته‌نها له‌ رێگه‌ی‌ یه‌كێك له‌لێكۆڵه‌ره‌وانی‌ دادوه‌رییه‌وه‌ نه‌بێت، پێویسته‌ نه‌قیب یان نوێنه‌رێكی‌ ئه‌و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌ بێت.
ج-له‌هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ سزاییدا، نابێت دیكۆمێنت و زانیاری‌ و به‌یان و كاغه‌زه‌ نووسراوه‌كانی‌ بنده‌ستی‌ رۆژنامه‌نووس به‌به‌ڵگه‌ی‌ تۆمه‌تباركردن له‌ دژی‌ بژمێردرێت، ته‌نها ئه‌و شتانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییان به‌بابه‌تی‌ سكاڵای‌ تۆماركراو له‌دژی‌، رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ هه‌بێت.
د-نووسین له‌ رێگای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر كاره‌كانی‌ فه‌رمانبه‌رێك یا كه‌سێكی‌ راسپێردراو به‌ راژه‌ی‌ گشتی‌ یان كه‌سێك كه‌ په‌یوندی‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی‌ گشتییه‌وه‌ هه‌بێت، به‌تاوان دانانرێت، گه‌ر ئه‌و بڵاوكردنه‌وه‌یه‌ به‌ده‌ر نه‌بوو له‌ كاری‌ فه‌رمانبه‌رێتی‌ و راژه‌ی‌ گشتی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌، به‌مه‌رجێك به‌ڵگه‌ی‌ سه‌لماندنی‌ ئه‌و كارانه‌ی‌ خراونه‌ته‌ پاڵی‌ بخاته‌ ڕوو.
ه-دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ماوه‌ی‌ (90) نه‌وه‌د رۆژ له‌ دوای‌ بڵاوكردنه‌وه‌كه‌، هیچ جۆره‌ رێكارێكی‌ یاسایی‌ له‌ دژی‌ رۆژنامه‌نووس ناكرێت.

مادده‌ی‌ ده‌یه‌م/
رۆژنامه‌نووس به‌بڕی‌ له‌ (1.000.000) یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌( 2.000.000) دوو ملیۆن دینار پتر نه‌بێت سزا ده‌درێت، گه‌ر له‌ هۆكاره‌كانی‌ راگه‌یاندن ئه‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌ بڵاوبكاته‌وه‌:
أ-هه‌ر بابه‌تێك بێته‌ هۆی‌ تێكدانی‌ ئاسایش و بڵاو بوونه‌وه‌ی‌ ترس و تۆقاندن و زیان گه‌یاندنی‌ به‌خه‌ڵك.
ب-دنه‌دان به‌ رێگه‌یه‌ك له‌ رێگه‌كانی‌ بڵاوكردنه‌وه‌، بۆ تاوانكردنی‌ جێبه‌جێنه‌كردنی‌ یاساكان.
ج-جوێن و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن.
د-هه‌ر بابه‌تێك په‌یوه‌ند بێت به‌نهێنییه‌كانی‌ ژیانی‌ تایبه‌تی‌ تاك، هه‌رچه‌نده‌ راستیش بن، گه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌كه‌ بووه‌هۆی‌ له‌كه‌داركردنی‌.
ه-زێده‌ڕۆیی‌ به‌رامبه‌ر باوه‌ڕی‌ یه‌كێ له‌ تایفه‌ ئاینییه‌كان یان به‌كه‌مزانینی‌ دروشمه‌كانی‌ یان سوكایه‌تیكردن به‌ سومبوله‌كانی‌، كه‌ جێگه‌ی‌ رێزلێنان و گه‌وره‌یی‌ و پیرۆزییه‌ لای‌ ئه‌و تایفه‌ ئاینییه‌ی‌ كه‌ یاسا دانی‌ پێدا ناوه‌.
و-هه‌ر بابه‌تێك دابی‌ گشتی‌ له‌كه‌داركات.
ز-هه‌ر بابه‌تێك هانی‌ ئه‌نجامدانی‌ تیرۆرو چاندنی‌ تۆوی‌ رق و كینه‌ و دووبه‌ره‌كی‌ و ناحه‌زی‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانی‌ كۆمه‌ڵگادا بدات.
ح-هه‌ر بابه‌تێك زیان له‌ رێكاره‌كانی‌ دادگاییكردن و دادگه‌ریی‌ بدات، ته‌نها مه‌گه‌ر دادگا رێگه‌ به‌بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ بدات.


قه‌ده‌غه‌ كراوه‌كانی‌ رۆژنامه‌وانی‌
مادده‌ی‌ یانزه‌یه‌م/
حوكمه‌كانی‌ مادده‌ی‌ ده‌یه‌م ئه‌و رۆژنامه‌و چاپكراوانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌به‌مه‌به‌ستی‌ زانستی‌ ده‌هێنرێن، له‌لایه‌ن ده‌زگا حكومییه‌كان و زانكۆكان و مه‌ڵبه‌نده‌كانی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ زانستییه‌وه‌.

مادده‌ی‌ دوانزه‌یه‌م/
هه‌ر بابه‌تێك له‌سه‌رچاوه‌كانی‌ ده‌رچووی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم وه‌رگیراو یا وه‌رگێڕدراوبێت، له‌به‌رپرسیارێتی‌ تاوانه‌كانی‌ بڵاو كردنه‌وه‌ نابه‌خشرێت.

                                  حوكمه‌ كۆتاییه‌كان
مادده‌ی‌ سێزده‌یه‌م/
كار به‌هیچ ده‌قێك ناكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی‌ ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك بێت.

مادده‌ی‌ چوارده‌یه‌م/
ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژی‌ بڵاوكردنه‌وه‌یدا له‌ رۆژنامه‌ی‌ ره‌سمیدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

هۆكاره‌ پێویستییه‌كان

رۆژنامه‌وانی‌ بایه‌خێكی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردستاندا و ئاسۆیه‌كی‌ به‌رینیشی‌ له‌ ئازادی‌ له‌به‌رده‌مدایه‌، بۆیه‌ پێویستی‌ به‌یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت هه‌یه‌ كه‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ رێك بخات، به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ژیانی‌ سه‌رده‌م بگونجێت و هاوڵاتیان توانادار بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاگاداری‌ راستی‌ زانیاری‌ و راو بۆچوون و رووداوه‌كان بن و گوزارشت له‌ را و بۆچوونه‌كانیان بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك رێز له‌ مافی‌ هه‌موووان بگرێت، بۆیه‌ پێویستی‌ به‌ده‌رچوونی‌ ئه‌م یاسایه‌ كرد.

        

 

Sbeiy.com © 2007