Print
 رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ مانگرتوه‌كانی به‌ریتانیاوه‌
Saturday, March 12, 2011

(سبه‌ی‌):
له ‌دوای ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌کان کوردستانی گرته‌وه‌‌‌، ئێمه‌ش له ‌ڕوی دڵسۆزی و خۆ بینینه‌وه‌مان له‌سه‌نگه‌ری خه‌ڵكدا، دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی زاڵ، وه‌ك پێنج گه‌نج بڕیارماندا مانگبگرین له‌ خواردن له‌ به‌رده‌م نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ له‌ندن و هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژه‌وه‌ توانیومانه‌ بونیان بخه‌ینه‌ ژێر پرسیارو ده‌رگای نوسینگه‌که‌یان دابخه‌ین و کاره‌کانیان ڕابگرین.
دیاره‌ مانگرتنه‌که‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ندین داواکاری سیاسی وه‌ك:
1- وه‌ستاندنی ئه‌قڵیه‌تی تفه‌نگ و ڕه‌شه‌کوژی ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵكی کوردستان له‌لایه‌ن چه‌کداره‌کانی بارزانی و تاڵه‌بانیه‌وه‌.
2 – هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ت و په‌رله‌مانی دو حیزبی، ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی که‌ خۆی شه‌رعیه‌تی به‌ کوشتنی خه‌ڵكی کوردستان داوه‌.
3 – به ‌دادگا گه‌یاندنی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵك کردوه‌و ئه‌و که‌سانه‌شی که‌ فه‌رمانیان پێکردون.
4- گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵكی کوردستان، که‌ له ‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتی و پیاوه‌کانیانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌.
5- ده‌ست له ‌کارکێشانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی به ‌عینو‌انی سه‌رۆکی هه‌رێم، هه‌رچه‌نده‌ له ‌به‌شێک له‌ قسه‌کانی دوێنێیدا هه‌ندێك له‌ داواکاریه‌کانی ئێمه‌ی تێدابو، به‌ڵام پێمان وانییه‌ به‌ کرداندنی بکات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ پێداگرین له‌ سه‌ری و مه‌به‌ستمانه؛‌ ده‌ست له‌ کارکێشانه‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی نه‌ک قسه‌ به‌خشینه‌وه‌‌، که‌ مێژویه‌که‌ گوێبیستی هه‌زاران شانۆسازی وابوین.
6- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ر له‌به‌ری میلیشیای حیزبی و دامه‌زراندنی هێزێکی نیزامی ده‌وڵه‌تی.
ته‌واوی ئه‌م داواکاریانه‌ له‌لایه‌ن زۆرێک که‌سایه‌تی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌و زۆرێک له‌ میدیاکان جێگای بایه‌خ بوه‌، وه‌ به‌وپه‌ڕی پێزانین و سوپاسمانه‌وه‌ ده‌ڵێێن خه‌ڵكێکی زۆری ڕه‌وه‌ندی کوردی سه‌ردانیان کردوین و به‌ ڕێگای ئیمزا کۆکردنه‌وه‌ هاوپشتیوان و هاوخه‌ممان بون.
له‌م په‌یوه‌نده‌دا چاوپێکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ "ستیڤن یونگ" وه‌زیری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ حکومه‌تی سێبه‌ری به‌ریتانیاو ئه‌ندام په‌رله‌مان، ڕاسته‌وخۆ په‌یامی خۆمان له‌ ڕێگای نوێنه‌ره‌که‌مانه‌وه‌ پێداوه‌و پاش ده‌ربڕینی نیگه‌رانی خۆی، بڕیاریداوه‌ به‌ دواداچونی بۆ بکات و په‌یمانی داوه ‌به‌ نوسراو ڕاشکاوانه‌ په‌یامی خۆیمان پێبگه‌یه‌نێته‌وه‌.
له ‌هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌ چه‌ندین که‌سایه‌تی له‌سه‌ر ئاستی حکومی په‌یوه‌ندیان پێوه‌ کردوین، که‌ ته‌نها دوو به‌ڕێزیان به‌ نمونه‌ ده‌هێنینه‌وه‌ وه‌ک به‌ڕێزان "حاکم شێخ له‌تیف و بورهان ڕه‌شید گوڵه‌" ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان له‌ سه‌ر لیستی گۆڕان، بڕیاریانداوه‌ که‌ په‌یامه‌که‌مان بگه‌یه‌ننه‌ په‌ڕله‌مانی به‌غداو ئێمه‌ش سوپاسیان ده‌که‌ین.
 
لێره‌وه‌ به‌ ته‌واوی خه‌ڵكی کوردستان چ له‌ناوه‌وه‌، یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نین، که‌ ئێمه‌ په‌یامێكی تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵكی کوردستان و پشتیوانیکردن له ‌داواکانیان، دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که ‌ته‌نها به‌ زمانی گوله‌ وه‌ڵامی خه‌ڵك ده‌داته‌وه‌، ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆین و دورو نزیک په‌یوه‌ندیمان به‌ هیچ ده‌سته‌و تاقم و حیزبێكه‌وه‌ نییه‌و که‌سیش هه‌قی نییه‌ به ‌ناوی ئێمه‌وه‌ قسه ‌بکات و خاوه‌ندارێتی له‌ ئێمه‌ بکات، ئێمه‌ موڵكی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی کوردستانین بێ هیچ هێمایه‌ک بۆ حیزب و ئایدۆلۆژییه‌ جیاجیاکان.

 گه‌نجانی ڕاپه‌ڕیوی نێرگزی مانگرتو / به‌ریتانیا- له‌ندن
خالید شوانی، هێمن مه‌حمود، هەڵۆ ڕەشید، بیلال سەنگەسەری، کاکە لاست ئەمین

Sbeiy.com © 2007