Print
 وته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نی‌‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌: شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان له‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ هێرشیان بۆ په‌پوله‌كان برد
Saturday, March 12, 2011

(سبه‌ی‌):
له‌ راگه‌یاندنی‌ ژماره‌ 11ی‌ خۆیاندا سه‌باره‌ت به‌ سوتاندنی‌ خێمه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران و هێرشكردنه‌ سه‌ر سه‌رای‌ ئازادی‌، وته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نی كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ رایگه‌یاند:
ئه‌مشه‌و مافیاكانی‌ ده‌سته‌ڵاتی‌ كوردی‌ له‌ تاوانێكی‌ پێشوه‌خت به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراودا هێرشیان كرده‌ سه‌ر مه‌یدانی‌ ئازادی‌ و تیرۆریست ئاسا سه‌رجه‌م خێمه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ مانگرتوی‌ ناڕازی‌ كوردستانیان سوتاند و كه‌وتنه‌ لێدانی‌ خه‌ڵك و راونانیان.
 له‌ كاتژمێر 2:15 سه‌ر له‌ به‌یانی‌ 6/3/2011 پێنج سه‌یاره‌ی‌ ئاسایش هاتنه‌ ده‌وروبه‌ری‌ مه‌یدان به‌ تایبه‌تی‌ له‌ جاده‌ی‌ پیره‌مێرد 2 سه‌یاره‌ی‌ ئاسایش دابه‌زین و به‌ ناو كۆڵانه‌كاندا دابه‌ش بون، من له‌وێوه‌ هاتمه‌ خواره‌وه‌ سڵاوم له‌ ئاسایشه‌كان كرد و چوم له‌گه‌ڵ گه‌نجه‌كانی‌ مه‌یدانه‌ ئازادی‌ و له‌به‌ر ده‌م ئاگرێكدا دانیشتین گفتوگۆمان ده‌كرد كه‌ كاتژمێر 2:25 تیرۆریسته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ شاقامی‌ مه‌وله‌ویه‌وه‌ هێرشیان كرد و كاره‌ ترسنۆكانه‌ نا سیاسی‌ و نا مه‌ده‌نیه‌ دژ به‌ مرۆییه‌كه‌یان ئه‌نجامدا. ئێمه‌ تائێستا نازانین چه‌ندمان لێ‌ كوژراوه‌، بریندار كراوه‌ یان ده‌ستگیر كراوه‌… چه‌ند كه‌سێك له‌ مانگرتوه‌كان په‌نایان بۆ ئاسایشه‌كان بردبو كه‌ كۆمپیوته‌ر و ئامێری‌ مۆسیقا و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌یه‌ن بۆ بهێنن كه‌ به‌جێ‌ مابون، به‌ڵام پێیان وتبون "خۆتان بڕۆن"!
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نها له‌ تۆقاندن و تیرۆری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ئاوا ته‌با و هه‌ماهه‌نگانه‌ كارده‌كه‌ن. ته‌نها له‌وه‌دا دامه‌زراوه‌ ئاسا كارده‌كات.
ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ به‌م كرده‌ نا شارستانیه‌ به‌ربه‌ریانه‌یه‌ی‌ تاوانێكی‌ دیكه‌ی‌ كه‌ڵه‌كه‌ی‌ تاوانی‌ 20 ساڵی‌ رابردویان كرد به‌ تایبه‌تی‌ تاوانه‌كانی‌ مانگی‌ شوبات و ئازاری‌ ئه‌مساڵ. ئێمه‌ داوا له‌ هاونیشتمانیانی‌ ئازادیخواز و ئاشتیپه‌روه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌مڕۆ له‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ كۆببنه‌وه‌ بۆ درێژه‌ دان به‌ پێداگرتن له‌ سه‌ر داواكاریه‌ ره‌واكانمان.
 داوا له‌ سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌ ئازادیخوازه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌م كرده‌ بێشه‌رمانه‌یه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ توندی‌ ئیدانه‌ بكه‌ن، ده‌نگی‌ خۆیان بخه‌نه‌ پاڵ ده‌نگمان بۆ خستنه‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ كوردی‌ لێپرسراوێتی‌ ئه‌م كرده‌ نا مه‌ده‌نیه‌یان.
وته‌بێژی‌ ئه‌نجومونی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌
كاتژمێر 5:00 به‌یانی‌
3-6-2011     

 

Sbeiy.com © 2007