Print
 ر‌ێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبونی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كه‌مئه‌ندامان له‌ده‌ستی‌ حیزب
Sunday, March 13, 2011
ئاری‌ محه‌مه‌د كه‌ریم

حیزب ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان كۆتوبه‌ندی‌ بیر و بڕیاری‌ به‌رپرسانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كه‌مئه‌ندامانی‌ كردوه‌، هیچ كات رێگه‌ناده‌ن ئه‌مان وه‌ك كه‌سێكی‌ ئازاد نه‌بیربكه‌نه‌وه‌ و نه‌بڕیار بده‌ن، كه‌ چۆن باشه‌و چی‌ باشه‌ بیكه‌ن بۆ خزمه‌تكردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌مان به‌ناویانه‌وه‌ كارده‌كه‌ن.

حیزب و حیزبایه‌تی‌ كردنی‌ ئه‌مانه‌ بونه‌ته‌ مۆته‌كه‌ له‌به‌رده‌م رۆڵ بینینیان وه‌ك رێكخراوێكی‌ ئه‌كتیڤ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌م ده‌سته‌مۆكردنه‌ش ئۆتۆماتیكی‌ هه‌رچی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كه‌مئه‌ندامان هه‌یه‌ ده‌خاته‌به‌ر مه‌ترسی و ده‌یكاته‌ قوربانی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ حیزب، به‌حیزبی‌ كردنی‌ رێكخراوه‌كان جگه‌له‌وه‌ی‌ هه‌مو متمانه‌ و رۆڵ بینینێك له‌مان ده‌ستێنێته‌وه‌، كه‌ خزمه‌ت به‌خه‌ڵكه‌كه‌یان بگه‌یه‌نن هاوكات یه‌كێك ده‌بن له‌ هۆكاره‌كانی‌ شكست پێهێنانی‌ حیزب و حكومه‌ته‌كه‌ی‌، ئه‌وه‌تا به‌ئاشكرا له‌ هه‌لومه‌رجی‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستاندا كه‌ ده‌نگ و ره‌نگه‌ ئازاده‌كان ده‌ڕژێنه‌ شه‌قام و له‌دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و كۆتوبه‌ندی‌ ئازادی‌ ریزه‌كانیان رێكده‌خه‌ن، هاوكات نه‌حیزبی‌ ده‌سته‌ڵاتدار و نه‌رێكخراوه‌كانیان هیچیان ناتوانن پشتیوانی‌ له‌یه‌كتربكه‌ن و به‌كه‌ڵكی‌ یه‌كتربێن، ئه‌مڕۆ دو به‌ره‌ هاتونه‌ته‌ كایه‌وه‌ له‌كوردستاندا، به‌ره‌یه‌كیان كه‌ حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار و هه‌مو ئۆرگان و رێكخراوه‌كانیان و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن به‌ره‌كه‌ی‌ تر به‌جه‌ماوه‌ری‌ ناڕازی‌ و حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و رێكخراو و ئۆرگان و كه‌سه‌ بێلایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ خه‌باتی‌ تیاده‌كه‌ن، له‌م نێوه‌نده‌دا كه‌مئه‌ندامان دابه‌ش بون به‌سه‌ر هه‌ردو به‌ره‌كه‌دا، به‌رپرسانی‌ رێكخراوه‌كانیان به‌دڵنیایی‌ له‌به‌ره‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدان و پشتیوانی‌ لێده‌كه‌ن و كه‌مئه‌ندامانیش خۆیان له‌به‌ره‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ردا ده‌بیننه‌وه‌، له‌م كاته‌دا من له‌به‌رپرسانی‌ رێكخراوه‌كانمان ده‌پرسم:

ئایا ئه‌وان ده‌بو له‌م كاته‌دا له‌كام به‌ره‌بونایه‌ ئایا له‌كامیاندا مانایه‌كیان ده‌بو؟ ئایا كام به‌ره‌یه‌یان به‌لوتكه‌ و ئامانجی‌ پاكی‌ هه‌وڵه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئایا له‌كام به‌ره‌یه‌دا دڵی‌ خه‌ڵكه‌كانیان پێ شاد ده‌بو؟ له‌كام به‌ره‌یه‌دا پشتیوانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ كه‌مئه‌ندامان به‌ده‌ست ده‌هێنن؟

ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ و خواستی‌ ئه‌وان بێت پێیان ده‌ڵێم بێگومان ده‌بو له‌به‌ره‌ی‌ خه‌ڵك و ماف و داوا ره‌واكانیاندا بونایه‌ نه‌ك به‌ره‌ی‌ كۆت و به‌ندی‌ حیزب.

ئه‌مڕۆ فرسه‌تی‌ گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م ئه‌وان هه‌یه‌ رێگا و هه‌ڵوێستی‌ خۆیان راست بكه‌نه‌وه‌، رێگه‌ی‌ ده‌ربازبون له‌وكۆت و به‌ندی‌ حیزبی بۆیان كراوه‌یه‌ و دڵنیام خۆشیان له‌م هه‌لومه‌رجه‌ تێده‌گه‌ن و ده‌شزانن ئێستا بۆیان باشتر و ئاسان تره‌ روبكه‌نه‌وه‌ كه‌مئه‌ندامان و هاوخه‌م و هاوبیر و هاوهه‌ڵوێست ببنه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان.

ئومێد ده‌كه‌م هه‌ڵوێستی‌ جوامێرانه‌ و بوێرانه‌ له‌ زاری‌ به‌رپرسانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كه‌مئه‌ندامانه‌وه‌ ببیستین، چونكه‌ ئه‌مه‌ خواست و ویستی‌ هه‌مو كه‌مئه‌ندامانه‌.

ئه‌مه‌ ده‌نگێكه‌ بۆ ئێوه‌ و رێگه‌یه‌كه‌ بۆ ئازادی‌ و سه‌ربه‌ستی‌ و خواستی‌ هه‌مو كه‌مئه‌ندامانیشه‌.
 

Sbeiy.com © 2007