Print
 حیزبی حاکم و حیزبی حاکمه‌کان؟!
Sunday, March 13, 2011
جیهاد موحه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم


حیزبی حاکم، له‌ کۆمه‌ڵگای شارستانی و سیسته‌می دیموکراتیدا، ئه‌و حیزبانه‌ن که‌ به‌ هه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌رد و دور له‌  ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌ دێنه‌ سه‌ر حوکم، چۆن به‌لایانه‌وه‌ کارێکی سروشتیه‌ که‌ بێنه‌ سه‌ر حوکم و براوه‌بن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، به‌هۆی به‌رنامه‌ و په‌یمانه‌کانیانه‌وه‌ که‌ ده‌یده‌ن به‌ ده‌نگده‌ران، به‌و جۆره‌ش به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ که‌ بۆ جارێکی تر هه‌ڵنه‌بژێرێنه‌وه‌ و ببن به‌ ئۆپۆزسوێن بۆ چه‌ند ساڵێکی تر.

حیزبی حاکمه‌کان، ئه‌و حیزبانه‌ن که‌ هه‌میشه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ خۆیان ئاماده‌کردوه‌ و وه‌ک حوکمێکی خوایی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حوکڕانی ته‌نیا به‌ کاری خۆیانی ده‌زانن، بۆیه‌ پێیان قبوڵناکرێت ببن به‌ حیزبی ئۆپۆزسیون. بۆ نمونه‌ وه‌ک حیزبه‌ حاکمه‌کانی وڵاتانی عاره‌بی و هه‌ردو حیزبی حاکمه‌کانی کوردستان (puk u pdk).   من بۆیه‌ ناوی ئه‌م حیزبانه‌ ده‌نێم حیزبی حاکمه‌کان، چونکه‌ وه‌ک ئاماژه‌م پێدا حوکمڕانی هیچ حیزبێکی سیاسی تریان پێقبوڵنیه‌، هه‌ڵبه‌ت له‌ ژێر کۆمه‌ڵیک باینو فاکته‌ری وه‌همی و درۆینه‌دا، هه‌ره‌وه‌ک چۆن له‌ کوردستانی خۆماندا (جوت حیزب) ده‌ڵێن هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێت ئه‌م ئه‌زمونه‌ بپارێزێت جگه‌ له‌ ئێمه!‌، ئێمه به‌ خوێن هاتوین و به‌ خوێنیش ده‌ڕۆین!. ئه‌م حیزبانه‌ کۆمه‌ڵێک حاکمیان ئاماده‌ کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ک له‌ دوای یه‌کتری له‌ باوکه‌وه‌ بۆ کوڕ حوکمی سیاسی ده‌وڵه‌ت و وڵات بگرنه‌ده‌ست، بۆیه‌ ئه‌م حیزبانه‌ جیاوازن له‌ حیزبی حاکم، که‌ بۆ 4 ساڵ هه‌ڵده‌بژێردرێت.

جیاوازیه‌کانی حیزبی حاکم و حیزبی حاکمه‌کان زۆرن من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م هه‌ندێکیان بخه‌مه‌ڕو.
• حیزبی حاکم، به‌وردی هه‌وڵئه‌دات ئه‌و په‌یمانانه‌ی داوێتی به‌ ده‌نگده‌ره‌کانی جێبه‌جێیبکات، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌و بڕوای خۆی نه‌دۆرێنێت.
• حیزبی حاکمه‌کان، جێبه‌جێکردنی په‌یمانه‌کانیان به‌لاوه‌ گرنگ نیه‌، چونکه‌ به‌ ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هاتونه‌ته‌ سه‌رحوکم و نیازیان وایه‌ به‌وجۆره‌ به‌رده‌وام بێنه‌وه‌ سه‌ر حوکم.
• حیزبی حاکم، حیزبه‌که‌ی و سه‌رکرده‌کانی ژیانێکی ئاساییان هه‌یه‌و خۆیان جیا ناکه‌نه‌وه‌ له‌ ژیانی چینی ناوه‌ڕاست، که‌میان هه‌یه‌ که‌ ده‌وڵمه‌ندبن، ئه‌گه‌ر ده‌وڵمه‌ندیش بن به‌ رێگه‌ی مه‌شروع ده‌وڵه‌مدن بون.
• حیزبی حاکمه‌کان، سه‌رکرده‌کانیان ژیانێکی خۆشبژیان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر کردوه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ند بون و بون به‌ خاوه‌نی سامان و کۆشکی رازاوه‌ به‌ رێگه‌ی نامه‌شروع و له‌ رێگه‌ی گه‌نده‌ڵی حیزبایه‌تیه‌وه‌ بون به‌ چینێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی گه‌نده‌ڵ و نه‌خوێنده‌وار.
• حیزبی حاکم، ده‌ستوه‌رناداته‌ کاروباری حکومه‌ت و په‌روه‌رده‌و و فێرکاری و خوێندنی باڵاو دادوه‌رییه‌وه‌.
• حیزبی حاکمه‌کان، خۆیان بۆ هه‌ره‌یه‌کێک له‌وبوارانه‌ حاکمێکی سه‌ربه‌ حیزبه‌که‌ی خۆیان دامه‌زراندوه‌.
• حیزبی حاکم، حیزبێکی شارستانی و یاساییه ‌و خاوه‌نی میلیشیا نیه‌.
• حیزبی حاکمه‌کان، حیزبی خێڵ و بنه‌ماڵه‌ و خاوه‌نی میلیشیا و زیندانی نهێنیان بۆ سزادانی نه‌یارانی حیزبه‌که‌یان هه‌یه‌.
• حیزبی حاکم، ده‌ستوه‌رناداته‌ کاروباری په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌کیه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌.
• حیزبی حاکمه‌کان، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌یان په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌کیه‌کان راده‌گرن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن.
• حیزبی حاکم، رێزی سیاسی هه‌یه‌ بۆ حیزبه‌ ئۆپۆزسوێنه‌کان.
• حیزبی حاکمه‌کان، حیزبی ئۆپۆزسوێنه‌کان به‌ دوژمن ته‌ماشا ده‌کات.
• حیزبی حاکم، وه‌ک حیزب و وه‌ک سه‌رکرده‌کانی دادگای مه‌ده‌نی و سزایی بۆی هه‌یه‌ بانگیان بکات و لێکۆڵینه‌وه‌یان  له‌گه‌ڵ بکات له‌کاتی تۆمه‌تباربونیان و تێوه‌گلانیان له‌ تاوانێک.
• حیزبی حاکمه‌کان، خۆیان دادگایان هه‌یه‌ و خۆیان سزاده‌رن و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی یاسایی له‌سه‌رویانه‌وه‌ نیه‌.
• حیزبی حاکم، میراتگرنین و حوکمیان تاپۆنه‌کردوه‌ له‌سه‌ر خۆیان.
• حیزبی حاکمه‌کان، منداڵه‌ پێنج ساڵانه‌کانیشیان ئاماده‌کردوه‌ و رایانده‌سپێرن بۆ جێبه‌جێکردنی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و کۆمه‌ڵگاش ده‌که‌ن به‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی حیزبی.
• حیزبی حاکم. خوێنده‌وارن.
• حیزبی حاکمه‌کان، نه‌خوێنده‌وارن.
• حیزبی حاکم، هه‌مو ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکات.
• حیزبی حاکمه‌کان، لێپرسینه‌وه‌ له‌ هه‌مو ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر زانیان به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی حیزبی حاکمه‌کان هه‌ڵنه‌سوڕاون.
• حیزبی حاکم، ده‌زگای پۆلیسیان دامه‌زراندوه‌ بۆ پاراستنی سه‌روماڵی خه‌ڵکی و پاراستنی حورمه‌تی خه‌ڵکی و خۆپیشانده‌ران و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان.
• حیزبی حاکمه‌کان، خۆیان و ده‌زگای پۆلیسه‌کانیان خه‌ڵک ده‌کوژن و ئه‌ندامه‌کانیان رادسپێرن به‌ جلی مه‌ده‌نیه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵک بکه‌ن له‌ کاتی خۆپیشاندانه‌کاندا، وه‌ک ئه‌و‌ه‌ی له‌ سلێمانی رویدا.
• حیزبی حاکم، بۆ یه‌ک خولی حوکم که‌ 4 ساڵه‌ حوکم ده‌که‌ن.
• حیزی حاکمه‌کان، تا حاکم بمێنێت له‌ بنه‌ماڵه‌که‌یاندا حوکم ده‌که‌ن، بۆیه‌ خۆیان به‌ زۆریی پیاوی بنه‌ماڵه‌که‌یانه‌وه‌ راده‌ده‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی پێده‌که‌ن.
• حیزبی حاکم، پێیخۆشه‌ خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی خوێنده‌وار و زانا و دانابن.
• حیزبی حاکمه‌کان پێیان خۆشه‌ خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یان نه‌خوێنده‌وار و نه‌زان و ساویلکه‌ بن.
• حیزبی حاکم، ناتوانێت حه‌رمی زانکۆ بشکێنێت و ده‌ستوه‌ربداته‌‌ په‌رله‌مانی خوێندکارانه‌وه‌.
• حیزبی حاکمه‌کان، له‌ رێگه‌ی رێکخراوه‌ حیزبیه‌کانی خۆیانه‌وه‌، که‌ ناویانناوه‌ رێکخراوی قوتابیان یان خوێندکاران، ده‌رگای زانکۆکان داده‌خه‌ن و مه‌عریفه‌ ده‌خنکێنن.
• حیزبی حاکم، به‌ چاوی رێز و حورمه‌ته‌وه‌ سه‌یری جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵکی سه‌رشه‌قام ده‌که‌ن.
• حیزبی حاکمه‌کان، به‌ چاوێکی سوک‌‌ و گاڵته‌جاڕیه‌وه‌ سه‌یری جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵکی سه‌رشه‌قام ده‌که‌ن.
• حیزبی حاکم، سه‌رکرده‌کانیان ئه‌گه‌ر توحفه‌یه‌کیش له‌ وڵاتێکی ده‌ره‌کی بکڕن به‌ پێی یاسا ده‌بێت گومرگی لێبده‌ن، وه‌ک چۆن ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی نه‌رویج کرا له‌سه‌ر قۆچێک که‌ له‌ وڵاتی ئه‌فریقاوه‌ به‌ به‌خشیش بۆی هاتبو.
• حیزبی حاکمه‌کان، به‌ ئاشکرا داهاتی وڵات ده‌دزن و که‌س نیه‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکات.  داهاتی سه‌رچاوه‌ نه‌وتیه‌کان، که‌ گه‌نده‌ڵیه‌که‌ی که‌شفکرا DNO  ی نه‌رویجی به‌ دادگا سزایه‌کی زۆر دراو هه‌مو پاره‌که‌یان لێسه‌نده‌وه‌، که‌چی له‌ هه‌مان گه‌نده‌ڵیدا نه‌ک هه‌ر پاره‌ دزراوه‌که‌ی کوردستان دیار نیه،‌ هه‌مان وه‌زیری‌ش بۆ جارێکی تر به‌ ته‌حه‌داوه‌ سه‌پێنرایه‌وه‌ به‌سه‌ر کابینه‌ی شه‌شدا.
• حیزبی حاکم، و سه‌رۆکی وه‌زیرانی حیزبی حاکم، موچه‌که‌ی ساڵانه‌ له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیدا راده‌گه‌یه‌نرێت.
• حیزبی حاکمه‌کان، کاتێک له‌ وه‌زیری دارایی ده‌پرسیت موچه‌ی سه‌رۆک چه‌نده‌ ده‌ڵێ: (به‌خوا نازانم)!.
• حیزبی حاکم، وه‌زاره‌تی داراییه‌که‌ی ساڵانه‌ هه‌مو حسابات که‌شف ده‌کات و ده‌یدات به‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی.
• حیزبی حاکمه‌کان، سه‌روه‌ت وسامانی وڵات ده‌دزن و هه‌مو بانکه‌کانی سویسرا و ئه‌ورپا پڕ ده‌که‌ن له‌ پاره‌و پولی خۆیان، وه‌ک حوسنی موباره‌ک و بن عه‌لی و موعه‌مه‌ر قه‌زافی... نازانین که‌ی حساباتی بانکه‌کانی ئه‌ورپای حاکمه‌کانی کوردستان که‌شف ده‌بێت!
• حیزبی حاکم، سه‌رۆکی وه‌زیرانی ئه‌و حیزبه‌ بۆی نیه‌ له‌ خانویه‌ک و سه‌یاره‌یه‌کی حکومی زیاتر به‌کار بهێنێت، جگه‌ له‌ موچه‌یه‌کی یاسایی و دیار.
• حیزبی حاکمه‌کان، زۆربه‌ی شوێنه‌ به‌نرخه‌کان و سیاحیه‌کان تاپۆده‌که‌ن و داگیری ده‌که‌ن و ده‌یکه‌ن به‌ موڵکی خۆیان.
 

Sbeiy.com © 2007