Print
 گه‌نجانی خه‌ره‌ندی رواندز: داوا ده‌كه‌ین چیتر ده‌سه‌ڵاتداری دیكتاتۆر‌و گه‌نده‌ڵ‌ شاره‌که‌مان به‌ڕێوه‌نه‌به‌ن‌
Monday, March 14, 2011

(سبه‌ی):
گروپی گه‌نجانی خه‌ره‌ندی رواندز پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌رانی شاره‌کانی هه‌رێم دوپات ده‌که‌نه‌وه‌و داواش له‌ رۆشنبیرانی شاره‌که‌یان ده‌که‌ن بێنه‌ ده‌نگ.
گروپی گه‌نجانی خه‌ره‌ند له‌بانگه‌وازێکدا که‌ وێنه‌یه‌کی بۆ (سبه‌ی) نێردراوه‌، نوسیویانه‌: "له‌روانگه‌ی هه‌ستكردنمان به‌م دۆخه‌و هه‌ست كردن به‌ رۆحی دیموكراسی‌و نیشتمانی‌و كوردستانی، ده‌مانه‌وێت له‌ خه‌ڵكی كوردستان دابڕاو نه‌بین، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌شێك له‌ گه‌نجانی شاری رواندوز‌و ده‌وروبه‌ری خۆمان له‌گروپی( گه‌نجانی خه‌ره‌ند)دا رێكخستوه‌، داواكارین ته‌واوی خه‌ڵكی شاره‌كه‌مان بێنه‌ ده‌نگ‌و بچنه‌ پاڵ‌ ئه‌م هاوار‌و ناڕه‌زایی‌و گردبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌ی شاره‌كانی تری كوردستان، ئێمه‌ش هه‌مان داواكاری‌و خواستی خه‌ڵكی كوردستانمان هه‌یه‌".
بانگه‌وازه‌که‌ ئه‌وه‌شی تێدا هاتوه‌: "داوا ده‌كه‌ین چیتر خه‌ڵكی ده‌سه‌ڵاتداری دیكتاتۆر‌و گه‌نده‌ڵ‌ شاری رواندز به‌ڕێوه‌نه‌به‌ن‌و ئیتر كاتی گۆڕانكاری‌و ئازادی‌و نه‌مانی گه‌نده‌ڵیه‌، داوا ده‌كه‌ین خه‌ڵكی شار ئازایانه‌ بێنه‌ مه‌یدان‌و له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌ هاوكار‌و پڕ له‌ هه‌ستی به‌رپرسیاری خۆیان بن".
گه‌نجانی خه‌ره‌ند داواش له‌ رۆشنبیران و چالاکوانانی ناوچه‌که‌یان ده‌که‌ن بێ هه‌ڵوێست نه‌بن و مه‌یدانی ئازادی له‌شاره‌که‌یان دروست بكه‌ن و سه‌رپه‌رشتیی چالاكی جه‌ماوه‌ری شاره‌كه‌ بکه‌ن.

Sbeiy.com © 2007