Print
 سلێمان به‌گ؛ به‌هۆی به‌شدارییان له‌خۆپیشاندانه‌كاندا، ده‌یان كه‌س ده‌ستگیركران
Monday, March 14, 2011

(سبه‌ی):
شه‌وی (شه‌ممه‌)ی رابوردو هێزێكی تایبه‌تی فریاكه‌وتنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین له‌ناحیه‌ی‌ (سلێمان به‌گ)ی‌ سه‌ر به‌قه‌زای دوزخورماتو ده‌ستیان كرد به‌ده‌ستگیركردنی ده‌یان كه‌س، كه‌ له‌نێویاندا كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌شدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابوردودا كردبو.
برای یه‌كێك له‌ده‌ستگیركراوه‌كان به‌ناوی هادی خالد خه‌ڵه‌ف بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند:‌ شه‌وی‌ رابوردو چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی فریاكه‌وتنی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نا یاسایی هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر خه‌ڵكی ناحیه‌كه‌مان و ته‌عه‌دایان له‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ کرد.
وتیشی: له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ شه‌وی‌ رابوردودا ده‌یان كه‌سیان ده‌ستگیركرد، كه‌ له‌ نێویاندا خه‌ڵكی ئاسایی و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و هه‌تاوه‌كو كه‌سی ته‌مه‌ن خوار 18 ساڵیشی تێدایه‌ و سه‌عات 10:30 خوله‌ك چه‌ند پۆلیسێك به‌دار و به‌چه‌كه‌وه‌ هه‌ڵیان كوتایه‌‌ سه‌ر ماڵی ئێمه‌وه‌ به‌لێدوان و ئه‌شكه‌نجه‌ برایه‌كی‌ منیان ده‌ستگیر كرد.
هادی خالد، له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ ده‌ستگیركردنی براكه‌یه‌وه‌ ئاشکرایکرد: براكه‌ی‌ من ئیشی كرێكاری ده‌كات و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌سیاسه‌تیشه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ رابوردو به‌شداری ‌كرد، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ده‌ستگیری بكه‌ن، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ خۆپیشاندان كرا، ئه‌وه‌ هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات بو كه‌ خه‌ڵكیان ئه‌شكه‌نجه‌ و بریندار كرد.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که‌ له‌داداگا سكاڵا له‌سه‌ر پۆلیسی فریاكه‌وتنی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین تۆمارده‌که‌ن، به‌هۆی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵیان و ده‌ستگیركردنی براكه‌یان.
سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنه‌كانی شه‌وی‌ رابردوش (سبه‌ی)‌ په‌یوه‌ندی كرد به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ناحیه‌ی‌ (سلێمان به‌گ)ه‌وه‌، به‌ڵام ناوبراو ئاماده‌نه‌بو لێدوان بدات.

هه‌ریاد دوزی

Sbeiy.com © 2007