Print
 بۆ یادکردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین، یه‌کێتی خه‌ڵکی له‌ شاره‌کانی تره‌وه‌ ره‌وانه‌ی سلێمانی کردوه‌
Monday, March 14, 2011

(سبه‌ی):
له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یدا که‌ له‌ دوێنێ (یه‌کشه‌ممه‌)ه‌وه‌ ده‌ستیپێکردوه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک و یادکردنه‌وه‌ی ساڵیادی 7/3ی راپه‌ڕینی سلێمانی، یه‌کێتی له‌شاروشارۆچکه‌کانه‌وه‌ خه‌ڵک ره‌وانه‌ی سلێمانی ده‌کات.
له‌وباره‌یه‌وه‌ یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانییه‌وه‌ هاتوه‌ بۆ یادکردنه‌وه‌که‌ بۆ (سبه‌ی) وتی: یه‌کێتی له‌هه‌ڵمه‌تێکدا پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه‌) ژماره‌یه‌ک لایه‌نگری خۆی کۆکرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک فه‌رمانبه‌ر و هێزه‌کانی پۆلیسی دانیشتوی جه‌مچه‌ماڵ و به‌ ژماره‌یه‌ک پاس ره‌وانه‌ی شاری سلێمانی کراین بۆ یادکردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین.
ناوبراو باسی له‌وه‌شکرد، ئه‌ندام و کادرانی یه‌کێتی هه‌وڵێکی زۆریاندا بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵک له‌ سلێمانی کۆبکه‌نه‌وه‌، وتیشی: به‌ڵێنی پێدانی پاره‌و نانخواردنیان به‌و خه‌ڵکه‌ داوه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانییه‌وه‌ هاتون.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار بۆ (سبه‌ی) ئاشکراکرد، که‌ یه‌کێتی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ندی یه‌کی سلێمانی، له‌ زۆرێک له‌ قه‌زاو ناحیه‌کانی دیکه‌ی سلێمانی، به‌ تایبه‌ت که‌لار و ده‌ربه‌ندیخان و ‌هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌ڵکیان هێناوه‌.
هاوکات یه‌كێتی‌ له‌ رێگه‌ی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ یه‌كی‌ سلێمانیه‌وه‌ یادی راپه‌ڕین به‌ حیزبی‌ ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌ت ناچار ده‌كات كه‌ به‌خۆیان و خێزانیانه‌وه‌ ده‌بێت له‌ به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ند ئاماده‌بن بۆ ئاهه‌نگێڕان.

Sbeiy.com © 2007