Print
 كۆمه‌ڵێك مامۆستای‌ ئایینی هه‌ولێر: ناكرێت‌ هاوڵاتیانی‌ شاری‌ هه‌ولێر جیا له ‌هه‌مو شاره‌كانی‌‌ دونیا له‌ به‌رامبه‌ر حه‌قه‌كان بێده‌نگ و خاموش بن
Monday, March 14, 2011
 

(سبه‌ی‌):
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ (سبه‌ی‌) نێردراوه‌، كۆمه‌ڵێك مامۆستای‌ ئایینی‌ شاری‌ هه‌ولێر وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پشتگیری‌ خۆیان بۆ داوای‌ خۆپیشانده‌رانی سلێمانی‌ راگه‌یاندوه‌، داواشیانكردوه‌ ده‌سه‌ڵات رێگه‌ بدات به‌ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له‌ شاری‌ هه‌ولێر و له‌ كۆمه‌ڵه‌ خالێكیشدا هۆكاری‌ پێویستی‌ ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندان له‌ شاره‌كه‌یان رونكردوه‌ته‌وه‌.
له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌: له‌م هه‌مو ڕوداوه‌ گه‌وره‌و ڕیشه‌ییه‌یی كه‌ له‌ڕۆژهه‌لاتی‌ ناوه‌ڕاست به‌ گشتی‌ و عێڕاق و كوردستان به ‌تایبه‌تی‌ ڕوده‌دات، ناكرێت (هه‌ولێر)‌ ده‌نگی نه‌خاته‌ پاڵ ده‌نگی‌ ئه‌و گه‌لانه‌ی‌ ئه‌مڕۆ.
هاوكات ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو: ناكرێت‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیانی‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌به‌ر هه‌ندێك مه‌رامی‌ سیاسی‌ په‌كبخرێت و ئه‌م هه‌مو وه‌سفه‌ جوانه‌ی‌ ئه‌م شاره‌ بخه‌ینه‌ گومانه‌وه‌، ناكرێت‌ ئه‌وگه‌له‌ی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مه‌ به ‌هه‌وای‌ ئازادی‌ ئاشنابوه‌، دڵخوشی‌ خۆی‌‌ ده‌رنه‌برێت‌ به‌ ئازادبونی‌ گه‌لانی‌ تر، ناكرێت‌ ناسنامه‌و میَژوی‌ گه‌لی‌ كوردو هاوڵاتیانی‌ شاری‌ هه‌ولێر به‌ ڕا ده‌رنه‌بڕین و ترسنۆكی‌ و بێَهه‌ڵویستی‌ وه‌سف بكرێت، ناكرێت‌ هاوڵاتیانی‌ شاری‌ هه‌ولێر جیا له ‌هه‌مو شاره‌كانی‌‌ دونیا له‌ به‌رامبه‌ر حه‌قه‌كان، بێده‌نگی‌ و خامۆشی‌ بكات و بێبه‌شبێت له‌م مافه‌ ئاساییه‌ی‌ خۆی.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

 بسم الله‌ الرحمن الرحیم
 بۆ زانینی‌ به‌رێزان:
سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم
سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و په‌رله‌مانتارانی‌ به‌رێز
سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت

داواكاری‌ له‌: پارێزگاری‌ هه‌ولێر
 
(داواكاری‌ رێپیدانی‌ خۆپیشاندان به‌رێگه‌ی‌ یاسایی‌)

 به‌ڕێزان لاتان مه‌علومه‌ شاری‌ هه‌ولێر یه‌كێكه‌ له‌شاره‌ هه‌ره‌ دێرینه‌كانی‌ دونیا! له‌به‌ر مێژوه‌كه‌ی‌ تاڕاده‌یه‌ك بۆته‌ ناسنامه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردو جێگای‌ شانازیه‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ شاره‌كه‌، ئێستاش پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، هاوڵاتیانی‌ شاری‌ هه‌ولێر به‌ كۆمه‌ڵێك دروشم و ڕه‌وشتی‌ به‌رز ناسراون وه‌ك به ‌ئه‌مه‌كی‌ و دڵسۆزی‌ و ڕاستگۆیی و حه‌قبێژی‌ و بوێری‌...
ئینجا له‌م هه‌مو ڕوداوه‌ گه‌وره‌و ڕیشه‌ییه‌یی كه‌ له ‌ڕۆژهه‌لاتی‌ ناوه‌ڕاست به ‌گشتی‌ و عێڕاق و كوردستان به ‌تایبه‌تی‌ ڕوده‌دات، ناكرێت‌ ده‌نگی نه‌خاته‌ پاڵ ده‌نگی‌ ئه‌و گه‌لانه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌دوای‌ (30) ساڵ هه‌ناسه‌ی‌ ئازادی‌ هه‌ڵده‌مژن، ناكرێت‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیانی‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌به‌ر هه‌ندێك مه‌رامی‌ سیاسی‌ په‌كبخرێت، ئه‌م هه‌مو وه‌سفه‌ جوانه‌ی‌ ئه‌م شاره‌ بخه‌ینه‌ گومانه‌وه‌، ناكرێت‌ ئه‌وگه‌له‌ی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مه‌ به ‌هه‌وای‌ ئازادی‌ ئاشنابوه‌، دڵخوشی‌ خۆی‌ ده‌رنه‌بڕی‌ به‌ ئازادبونی‌ گه‌لانی‌ تر،ناكرێت‌ ناسنامه‌و میَژوی‌ گه‌لی‌ كوردو هاوڵاتیانی‌ شاری‌ هه‌ولێر به‌ ڕاده‌رنه‌بڕین و ترسنۆكی‌ و بێهه‌‌ڵویستی‌ وه‌سف بكرێت، ناكرێت‌ هاوڵاتیانی‌ شاری‌ هه‌ولێر جیا له‌ هه‌مو شاری‌ دونیا له‌ به‌رامبه‌ر حه‌ قه‌كان بێَده‌نگی‌ خامۆشی‌ بكات و بێبه‌ ش بێت له‌م مافه‌ ئاساییه‌ی‌ خۆی‌.
جا به‌ریَزان: ئه‌م داوایه‌ به‌ وته‌ی‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ هه‌رێم داوایه‌كی‌ شه‌رعی‌ و یاساییه‌ كه‌ راشكاوانه‌ گوتی‌(خۆپیشاندان مافی‌ هه‌ مو هاوڵاتیه‌كه ‌و منیش له‌ گه‌ڵم و خۆپیشانده‌ران چاوی‌ منن و دڵم پێیانخۆشه‌)هه‌روه‌ها له ‌دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیَراقی‌ دوێنیش به‌ كۆی‌ ده‌نگ دانیان نا به‌وه‌دا (كه‌ خوپیشاندان مافێكی‌ ره‌وای‌ هه‌موگه‌لی‌ عیراقه‌).
به‌پێی‌‌ یاسای‌ خۆپیشاندان له ‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ( داواكردنی‌ خوپیشاندان ره‌وایه‌و مافی‌ هه‌مو هاوڵاتییه‌كه ‌له‌ هه‌ریَمی‌ كوردستان).
ئینجا له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ ی‌ خواره‌وه‌ داوا له‌ به‌ریَزتان ده‌كه‌ین رێگامان پێبده‌ن خۆپیشاندانێكی‌ یاسایی‌ و هیَمنانه‌ و ئارام و ئاشتیانه‌ ئه‌ نجام بده‌ین به‌ چاودێری‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌ هاوكاری‌ زاناو مامۆستایانی‌ ئایینی‌ شاری‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری‌.

(هۆكاره‌كان)
1- دڵخوشی‌ و هاوسۆزی‌ خۆمان بۆ گه‌لانی ‌(تونس، میسر، لیبیا) دژ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیان كه ‌دو رژێمیان دوژمنی‌ میله‌تی‌ كورد بوینه‌.
2- داوای‌ چاكسازیه‌كی‌ گونجاو بكه‌ین له ‌بواری‌ خزمه‌تگوزاری‌ به‌ تایبه‌تی‌ هاوكاری‌ و یارمه‌تی‌ چینی‌ هه‌ژاران له‌ كۆمه‌ڵگاو گونده‌كان.
3- تائیَستاش له ‌هه‌ندێك رۆژنامه‌و گۆڤارو ڕاگه‌یاندنه‌كان به‌ ئاشكراو به‌بێ‌ په‌رده‌ قسه‌ به ‌خوداو پیغه‌مبه‌رو ئیسلام ده‌گوترێت‌، ئینجا داوای‌ ته‌فعیلكردنی‌ یاسای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ بێ رێزی‌ به‌رامبه‌ر موقه‌ده‌ساته‌كان بكه‌ین.
4- ریَژه‌یه‌كی‌ زۆر نه‌خوًش و نه‌خوشیه‌ دریژخایه‌نه‌كان هه‌یه‌ له‌هه‌ولیرو ده‌وروبه‌ری‌، به‌شیَكی‌ زۆریان بێ‌ ده‌رامه‌تن، سیسته‌می‌ ته‌ندروستی‌ و گرانی‌ نرخی‌ (عیاده‌)و داو ده‌رمان و نه‌ شته‌رگه‌ری‌ و خراپی‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومیه‌كان چۆكی‌ به ‌نه‌خوش داداوه‌، مافی‌ ئه‌وانه‌ش داواكردنی‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ ئیَمه‌دایه‌.
5- له‌سه‌ر كارلادانی‌ چه‌ ندان مامۆستای‌ ئایینی‌ له‌سه‌ر مینبه‌رو سوكایه‌تی‌ پێكردنیان، هۆكاریَكی‌ تره‌ به‌ پێویستی‌ ده‌زانین بیگه‌یه‌نین.
6- گه‌لی‌ كورد له‌ كوردستان ئێستا له‌ هه‌مو كاتێك زیاتر پیَویستی‌ به‌ یه‌ك ده‌نگی‌ و یه‌ك هه‌ڵویَستی‌ و یه‌ كڕیزی‌ هه‌یه‌، جابۆ ئه‌وه‌ی‌ درز نه‌كه‌وێته‌ نێوان هاوڵاتیانی‌ شاری‌ سلیمانی‌ و هه‌ولێرو سه‌رجه‌م شارو شاروچكه‌كانی‌ تر، به‌ پێویستی‌ ده‌زانین ده‌نگی‌ خومان بده‌ینه‌ پاڵ هه‌مو داواكاریه‌كی‌ راست و شه‌رعی‌ كه‌ له‌ خزمه‌ت گه‌ل و وڵاتماندا بێت.

داوا له‌ به‌ریَزتان ده‌كه‌ین رێز له‌ داواكاریه‌كان بگرن و ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر بفه‌رمون، بۆ به‌ ده‌نگه‌وه ‌هاتنتان نیشانه‌ی‌ به‌ ئه‌مه‌كیتانه‌ بۆ خاك و وڵات و هاوڵاتیانی‌ شاری‌ هه‌ولێر.

(كۆمه‌ڵێًك له‌ زاناو مامۆستایانی‌ شاری‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری‌)

تێبنی‌:1- ئه‌م داواكاریه‌ به‌ ره‌زامه‌ ندی‌ كۆمه‌ ڵێك له‌ زاناو مامۆستایانی‌ ئایینی‌ شاری‌ هه‌ولێرو ده‌وروبه‌ری‌ بوه‌و واژۆیان له‌سه‌ر كردوه.
 2- له‌به‌ر هۆیه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ پێوستمان زانی‌ ناوی‌ داواكاران نه‌نوسریَت. له‌ به‌شی‌ یاسایی‌ پاریَزگای‌ هه‌ولێر نوێنه‌ره‌كانمان ئاماده‌ ده‌بن.

7 / 3 / 2011‌

هێژا محه‌مه‌د

Sbeiy.com © 2007