Print
 له‌ ژێر فشاری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كفری بڵاوه‌ به‌ خۆپیشانده‌ران كرا
Monday, March 14, 2011

(سبه‌ی‌):
ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه‌) له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوس و رۆشنبیری شاری كفری به‌ بۆنه‌ی‌ یادی‌ راپه‌ڕین و پشتیوانیكردن له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌مه‌یدانی‌ شه‌قام له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌ی سیروانی بنه‌ڕه‌تی كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ فراوان رێكخرا، به‌ڵام به‌ فشاری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ئه‌و شاره‌ بڵاوه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ كرا.
جێگه‌ی ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ كه‌ رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كه‌ داوایان له‌ قایمقام كردبو پارێزگاری و ئه‌منیه‌تی کۆبونه‌وه‌که‌‌ بكات، به‌ڵام له‌ وه‌ڵامدا پێی وتون كه‌ "ده‌بێت داوای مۆڵه‌تی خۆپیشاندان بکه‌ن، ئه‌گه‌رنا ناتوانین پارێزگاریتان لێبكه‌ین و پۆلیس بۆ پارێزگاری ئێوه‌ بنێرین".
خالید عه‌بدولكه‌ریم وه‌ک رۆژنامه‌نوسێکی به‌شداربو له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس هاتۆته‌ مه‌یدانی شه‌قام و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه‌ چۆڵ نه‌كه‌ن ئه‌وا هه‌مویان ده‌ستگیر ده‌كرێن، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و فه‌رمانیان پێ بوه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ رۆژنامه‌نوسێك كردوه‌و پێی وتوه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتی هه‌مو مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی تۆدایه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی كارێكی زۆر خراپیان ئه‌نجام دابێت.

Sbeiy.com © 2007