(سبه‌ی):
ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌نجانی ده‌ڤه‌ری هه‌ریر و باتاس له به‌یاننامه‌یه‌كدا پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌رانی سلێمانی راده‌گه‌یه‌نن و ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ ده‌كه‌ن و ئازار و ئامانجیان له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا یه‌كه و پشتیوانی له بنیاتنانی وڵاتێكی پڕله ژیان و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی ده‌كه‌ن كه زۆرترین دادی كۆمه‌ڵایه‌تی تێدا ده‌سته‌به‌ر بێت.
ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه:
ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵێك گه‌نجی هه‌ریر و باتاس له‌سۆنگه‌ی هه‌ستكردنمان به به‌رپرسیاریه‌تی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقی و له‌ژێر دروشمی (ئێمه‌ش ناژین به‌بێ سلێمانی – گه‌نده‌ڵی تلیاكی گه‌لانه) پشتگیری خۆمان بۆ ئه‌و هه‌زاران ده‌نگه زوڵاڵه‌ی كه رۆژانه له‌مه‌یدانی ئازادی سلێمانی خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ن راده‌گه‌یه‌نین و پێتان ده‌ڵێین كه ئێوه به‌ته‌نها نین و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵتانداین چونكه ئازارمان یه‌كه، ئامانجمان یه‌كه، ئاواتمان یه‌كه.
دڵمان له‌گه‌ڵ دڵتاندایه بۆ بناتنانی وڵاتێكی پر له‌ژیان و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی پڕ له‌نان و ئازادی به‌جۆرێك كه‌زۆرترین دادی كۆمه‌ڵایه‌تی تێدا ده‌سته‌به‌ر بێت.
هاوڕاین له‌گه‌ڵتاندا كه ئیتر ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و سه‌ركرده هیچ پێنهماوهكان و سیاسیه پیره‌كان كه له‌كات و هه‌لومه‌رج و گۆڕانكاریه گه‌وره‌كانی دونیا و ده‌وروبه‌ر تێناگه‌ن، چیتریش ناتوانن به‌شێواز و میكانیزم و پێودانگه كۆنه‌كان سیاسه‌ت و حوكم بكه‌ن و جڵه‌وی ئاینده بكه‌ن.
له‌گه‌ڵتانداین بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌مو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و قۆرغكردنی كاری سیاسی و دزینی سامانی گه‌ل و مه‌حسوبیه‌ت و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕ.
وهبهتوندی ته‌قه‌كردن و كوشتنی هاوڵاتیان به‌ده‌ستی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و حكومه‌ت ئیدانه و مه‌حكوم ده‌كه‌ین داواكاریشین له به‌دادگا گه‌یاندنی ئه‌و سیاسیهیانهی كه رێگا ده‌ده‌ن ته‌قه له‌هاوڵاتیان و هاوتهمهنهكانمان بكرێت.
له كۆتاییدا هیوادارین كه هه‌رچی زوه خۆری ئازادی له هه‌مو شاره‌كانی هه‌رێم هه‌ڵبێت و كۆتایی به شه‌وه‌زه‌نگی گه‌نده‌ڵی و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چه‌وسێنه‌ر و تۆتیالیتاره بێت.