Print
 دوای‌ راپه‌ڕین ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ ده‌سه‌لاَت و ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ میلله‌ت
Monday, March 14, 2011
فه‌ره‌یدون مامه‌ند

راپه‌ڕین وه‌ك وه‌رچه‌رخانێكی‌ شۆڕشی‌ گه‌لان چه‌ندین شێوازی‌ تازه‌ی‌ له‌ حكومڕانی‌ هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ به‌جۆرێك هه‌ر ده‌سه‌لاَتێك له‌ناوچوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌سه‌لاَتێكی‌ تر هاتۆته‌ كایه‌وه‌، كه‌ خه‌ڵك به‌كۆی‌ تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ شانازیان به‌و خه‌باته‌ كردوه‌ كه‌ له‌ سایه‌یدا نان و ئازادی‌ و دادی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ژیانێكی‌ شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆ هه‌مو تاكیك به‌رقه‌راربوه‌، به‌م شێویه‌ گه‌لانی‌ ئازادی‌ خوازو دیموكراتخواز به‌ جوانترین شێوه‌ یادی‌ ئه‌و رۆژه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ سه‌روه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك ده‌سه‌لاَتی‌ دیكتاتۆر و خۆسه‌پێنه‌ر ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ ناشیرن ده‌كه‌ن و وا له‌ یادی‌ راپه‌ڕین ده‌كه‌ن خه‌ڵك به‌شێوه‌ی‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ نه‌خوازراو باسی‌ بكه‌ن وه‌ك رۆژی‌ سه‌هوه‌ گه‌وره‌كه‌، ناماقولیه‌كه‌ و .. چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی‌ تر كه‌ له‌ پیرۆزییه‌كانی‌ ئه‌م رۆژه‌ كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و شانازییه‌ گه‌وره‌كان ده‌شێوێنن.

 لێره‌دا ده‌مه‌وێ‌ تیشكێكی‌ كورت بخه‌مه‌ سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ راپه‌ڕین، و بزانین راپه‌ڕینه‌ شكۆداره‌كه‌ی‌ به‌هاری‌ 1991 تا چه‌ند توانیویه‌تی‌ كۆتایی‌ به‌ ده‌سه‌لاَتی‌ تاكڕه‌وی‌ به‌عس و دیكتاتۆریه‌ت و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی‌ داهات و قوتی‌ خه‌ڵك و به‌كۆیله‌ كردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بهێنێ‌، تێپه‌ڕنی‌ بیست ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی‌ راپه‌ڕین له‌كام جۆردا، كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كرد خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ به‌راوردكردنی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ بۆمان رون ده‌بێته‌وه‌، ك ه‌تای‌ ته‌رازو به‌لای‌ میلله‌ته‌ یاخود ده‌سه‌لاَت دایه‌.

 ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا باسی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ ده‌سه‌لاَتداران بكه‌ین وه‌ك رۆژی‌ رون به‌پێشچاوی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ دیاره‌ و پێویست به‌ به‌ڵگه‌و نمونه‌ هێنانه‌وه‌ ناكات كه‌ بریتین له‌ زاڵبونی‌ دو بنه‌ماڵه‌، و سه‌ركردایه‌تی‌ كورد به‌و پێیه‌ی‌ كه‌سی‌ تر له‌وان شایسته‌تر نیه‌ كه‌له‌ حوكومڕانی‌ دابێت و قۆرغكردنی‌ بازاڕ له‌ شێوه‌ی‌ مۆل و بازاڕی‌ گه‌وره‌ گه‌وره‌ و بازرگانی‌ نه‌وت و كانزاو داگیر كردنی‌ هاوینه‌ هه‌وار و شوێنه‌وار و زه‌وی‌ به‌نرخ و دامه‌زراندنی‌ سوپای‌ تایبه‌تی‌ و شه‌خسی‌ و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر بازرگانی‌ چ له‌ ئاستی‌ ناوه‌خۆو چ له‌ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌ و پڕكردنی‌ بانكه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ پاره‌ی‌ دزراوی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ و به‌ پۆلیس كردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ و به‌كۆیله‌كردن و موچه‌خۆركردنی‌ خه‌ڵك و سیاسه‌تی‌ سه‌رشۆڕكردن و به‌خشینه‌وه‌ی‌ پله‌و پایه‌ی‌ حكومڕانی‌ ده‌زگا ئیدارییه‌كان به‌ كه‌سانێكی‌ بوده‌ڵه‌ و هیچ له‌بارا نه‌بو، كه‌سانێك وه‌كو خزمه‌تكار و ئه‌لقه‌ له‌گوێی‌ ده‌سه‌لاَت ته‌نها بۆ جێبه‌جێكردنی‌ مه‌رامه‌ تایبه‌تیه‌كانیان و درێژه‌ به‌ ده‌سه‌لاَتی‌ تاك ره‌وی‌ خۆیان بده‌ن، گۆڕینی‌ كۆمه‌ڵگا له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ به‌رهه‌م هێنه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ به‌كار هێن ئه‌ویش بێ‌ پلانی‌ له‌ ئاست به‌كارنه‌هێنانی‌ ئه‌م زه‌وییه‌ كشتوكاڵیانه‌ بۆ بوژانه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌ و ده‌مه‌زراندنی‌ ده‌زگای‌ جۆر به‌ جۆر، كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ رابردو روی‌ راستی‌ ئه‌م ده‌زگایان ده‌ركه‌وت كه‌ ته‌نها بۆ سه‌ر كوتكردنن نه‌ك خزمه‌ت به‌گه‌ل. به‌خشینی‌ بڕوانامه‌ به‌كه‌سانی‌ ماستاو چی‌ و هه‌ل په‌رست ، هه‌روه‌ها ده‌ست وه‌ردان له‌ زانكۆو ته‌ندروستی‌ و كایه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كانی‌ تری‌ ژیان ده‌ستكه‌وتێكی‌ تری‌ ده‌سه‌لاَته‌، جگه‌ له‌ به‌ هه‌ده‌ر دانی‌ پاره‌ی‌ ولاَت و ده‌ست به‌ سه‌راگرتنی‌ گومرگه‌كان و باج و داهاته‌ ناوخۆییه‌كان. ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی‌ هه‌رچی‌ پۆسته‌ له‌ مه‌ركه‌ز كه‌ به‌ كورد درابی‌ هه‌ر له‌پۆسته‌ سیادییه‌كان تا باڵیۆز و به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان و به‌خشینیان به‌ خۆیان و خزم و زاواو كوڕ و كچیان، گوندی‌ ئه‌لمانی‌ و ده‌شتی‌ به‌هه‌شت و شاری‌ سه‌یران و ناوداران و شاری‌ خه‌ونه‌كان كه‌ به‌ڕاستی‌ ناوی‌ خۆی‌ به‌خۆیه‌وه‌تی‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌ هه‌ر به‌ خه‌ون ببێ‌ به‌ خاوه‌نیان، ئه‌مانه‌ و چه‌ندانی‌ تر ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ ده‌سه‌لاَت و دار و ده‌سته‌كانیانن له‌ته‌ك ئه‌مانه‌شدا زانكۆی‌ نیۆده‌وڵه‌تی‌ و شویفات بۆ منداڵه‌كانیان و خانه‌نشین كردنیان به‌ پله‌ی‌ وه‌زیر و به‌ڕێوبه‌ری‌ گشتی‌ كه‌به‌شێكی‌ خه‌یاڵی‌ له‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ده‌به‌ن، ئه‌مانه‌ و هه‌زاره‌ها نمونه‌ی‌ تری‌ قێزه‌ون، كه‌ ده‌سه‌لاَت له‌ میلله‌ت جیاده‌كاته‌وه‌ و بۆشاییه‌كی‌ فراوانی‌ دروستكردوه‌ له‌ نێوانیاندا.

 له‌لایه‌نی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ میلله‌تیش به‌ڕاستی‌ شه‌رمه‌زارییه‌ كه‌باس بكرێت، چونكه‌ پڕیه‌تی‌ له‌ نه‌هامه‌تی‌ و ده‌رده‌سه‌ری‌ بۆ میلله‌ت. بێ‌ پلانی‌ و شه‌ڕی‌ ناوخۆ و بێسه‌رو شوێنكردن و زیندانی‌ نهێنی‌ و هه‌ژاری‌ و سه‌رهه‌ڵگرتنی‌ خه‌ڵك بۆ هه‌نده‌ران به‌ ناچاری‌ له‌به‌ر خه‌می‌ ژیان، حه‌ماڵی‌ به‌نده‌ر عه‌باس و گاوداری‌ و كه‌شاوه‌رزی‌ و خشت بڕین و چه‌ندان كاری‌ تر ده‌ست كه‌وته‌كانی‌ میلله‌تن، كه‌ شایسته‌ی‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ نه‌بون، به‌ڵكو ته‌نها شه‌ركردن بوه‌ بۆ مانه‌وه‌ له‌ ژیان، چه‌ره‌سه‌ركردنی‌ نه‌خۆشی‌ هه‌ژاران له‌ لایه‌ن خێرخوازان و ئه‌و خانوانه‌ی‌ كه‌ له‌ كاتی‌ باران و لافاو به‌سه‌ر هه‌ژاران دا ده‌ڕوخێت هه‌ر له‌ لایه‌ن خێرۆمه‌ندان بۆیان چاك ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ دێهاته‌كانی‌ كوردستانیش بكه‌ین له‌پای‌ ئه‌م هه‌مو خزمه‌ت و قوربانییه‌ی‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕشه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كان پێشكه‌شیان كردوه‌ له‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ تاساڵی‌ 2006 ئه‌وه‌ی‌ كراوه‌ بۆیان سه‌رجه‌میان رێكخراوه‌ جیهانی‌ و خێرخوازییه‌كان بۆیان كردون هه‌ر كه‌س نكۆڵی‌ لێده‌كات باسه‌یری‌ تابلۆی‌ دیواری‌ پڕۆژه‌كان بكات، بێبه‌شكردنی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌م ده‌رامه‌ت و دانه‌مه‌زراو له‌ تۆڕی‌ چاودێری‌ خێزان و به‌كه‌سانی‌ هه‌ل په‌رست دراوه‌ بۆ كۆیله‌ كردن، به‌ قه‌یره‌ كردنی‌ كچان و ره‌به‌ن كردنی‌ كوڕان یه‌كێكی‌ تره‌ له‌ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ راپه‌ڕین له‌ ئه‌نجامی‌ بێپلانی‌ ده‌سه‌لاَت و هه‌نگاوی‌ پێویست نه‌نراوه‌ بۆ نه‌هێشتنی‌ ئه‌م دیاریده‌یه‌، كاركردنی‌ منالاَن له‌ پشوی‌ هاوین كه‌ له‌ هه‌مو خۆشیه‌كی‌ مناڵێتی‌ بێبه‌شیان ده‌كات ئه‌مانه‌ به‌شێكی‌ زۆركه‌من له‌ ده‌ریای‌ تاوانی‌ ده‌سه‌لاَتی‌ كوردی‌ به‌رامبه‌ر هاونیشتیمانیانی‌ خۆی‌، جگه‌ له‌مه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ ئه‌وه‌تا كوشتن و برینداركردن و تیرۆر و تۆقاندن بۆته‌ پیشه‌یان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت میلله‌ت به‌ ئازادی‌ بژی و مافی‌ هاولاَتی‌ بونی‌ بدرێتێ‌ بۆیه‌ به‌ویژدانه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ راپه‌ڕین هه‌ڵبسه‌نگێنن و بڕیاری‌ خۆتان بده‌ن.

Sbeiy.com © 2007