Print
 شۆڕشه‌كانی لاوان و ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌للـه‌ڕه‌قه‌كان...
Monday, March 14, 2011
غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵا

ئه‌وه‌ی زانراوه‌ فیشه‌كێك كه‌ دۆك ئه‌رشیدۆكی كوشت، بوه‌ هۆی جه‌نگێكی جیهانی و چوار ساڵی خایاند و ملێونه‌ها مرۆڤ بونه‌ قوربانی ئه‌و جه‌نگه‌. دواجار زۆر له‌ وڵاتان پارچه‌ پارچه‌ بون و بونه‌ ژێر پێی ده‌وڵه‌ته‌ كۆلۆنیاڵه‌كانه‌وه‌، كوردیش یه‌كێك بو له‌و قوربانیانه‌ و تائێستا خه‌باتێكی سه‌خت ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی مێژوی راسته‌قینه‌ی خۆی بنوسێته‌وه‌ له‌ رێگای یاخی بون و شۆڕشه‌وه‌، وه‌لێ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و شۆڕشانه‌ كه‌وتنه‌ ده‌ستی چه‌ند گروپێكی ئاینی و نانه‌ته‌وه‌یی و ده‌ربه‌گ و سه‌رۆك خێڵ و سه‌رۆكه‌كانی ته‌ریقه‌ته‌ ئایینیه‌كانه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ش رۆژی به‌م رۆژه‌ گه‌یشت، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و لاوانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ مه‌یدانه‌كانی كوردستان له‌ باشور روبه‌ڕوی ئه‌و گروپه‌ قۆرخوازانه‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌ مێژوی سیاسی كوردیدا، ده‌بێ كارێكی وابكه‌ن كه‌ وه‌كو لاوانی میسر وتیان ئێمه‌ مێژویه‌كی نوێ ده‌نوسینه‌وه‌، ده‌بێ مێژویه‌كی جیاواز بنوسنه‌وه‌، جیاواز له‌و مێژوه‌ی كه‌ سیاسیه‌ ئێكسپایه‌ر و به‌سه‌رچوه‌كان ده‌ینوسنه‌وه‌. ئه‌گینا نه‌وه‌كانی ئه‌مانه‌ ده‌په‌ڕنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانی دوارۆژو مێژویه‌كی هاوچه‌رخیش قۆرخ ده‌كه‌ن و ده‌یخنكێنن.

به‌هه‌رحاڵ بینیمان له‌ كۆتایی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردو چۆن لاوه‌ سلاڤیه‌كان له‌ ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات له‌یه‌ك كاتدا راپه‌رێن و دیواره‌كانی ترسی فاشستی به‌ ناو كۆمۆنیزمه‌وه‌ روخان و به‌دیوار به‌رلینیشه‌وه‌، هه‌مو دكتاتۆره‌كانی له‌ جۆری چاوچیسكۆ و ئه‌ریك هۆنیكه‌ر و جیفكوف و ئه‌نوه‌ر خۆجه‌ و زۆری دیكه‌ روخان و به‌ په‌ن بون. روخانی شای ئێرانیش به‌شۆڕشی لاوان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئاخونده‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. دوای ئه‌وه‌یش جۆره‌ دیكتاتۆریه‌ك به‌ پۆشاكی دیموكراتی درۆزنانه‌وه‌ له‌و وڵاتانه‌ دروست بون، ئه‌نجام لاوان دژ ئه‌وانه‌ شۆڕشی پرته‌قاڵی و شۆڕشی یاسمینیان په‌رپا كرد دژ به‌و رژێمه‌ دیموكراتیانه‌ له‌ پۆشاكی ئه‌هریمه‌ندا و سه‌ركه‌وتن، ئێستایش له‌ رۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌بی دوای ئه‌وه‌ی له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا، كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری موغامیر له‌ عێراق و سوریا و میسر و لیبیا و تونس و یه‌مه‌ن له‌رێگای ئینقیلابی سپیه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ركاری ئه‌و وڵاتانه‌، نه‌ك هێچ گۆڕنكاریه‌كیان بۆ گه‌له‌كانیان نه‌كرد، بگره‌ ئه‌و گه‌لانه‌یان خسته‌ ژێر باری قورستر له‌ جاران وه‌كو گه‌نده‌ڵی و دیكتاتۆریه‌ت و بۆیه‌ گه‌له‌كانیان خۆزگه‌یان به‌ رژێمه‌ پاشایه‌تیه‌كانی پێشویان ده‌خواست ونه‌فره‌تیان كرد له‌ سیستمی كۆماری. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌حمه‌قیه‌كه‌ی سه‌دام به‌ داگیركردنی كوه‌یت و شكستخواردنی راپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان، كه‌چی ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ باروبنه‌یان تێكنابو بۆ ده‌ره‌وه‌ی و هه‌ڵاتن له‌ كوردستان و دزه‌یان كرده‌وه‌ بۆ كوردستان و دانوستانیان له‌گه‌ڵ سه‌دام كرد بۆئه‌وه‌ی خۆیان بكه‌نه‌ خاوه‌نی راپه‌ڕینه‌كه‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌ی و هه‌مو ده‌سكه‌وته‌كانیان پاوانكرد بۆ حیزب و بنه‌ماڵه‌كانیان، تا گه‌یاندیانه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ی دژ به‌وان. به‌ڵام هێزی گه‌ل له‌و گه‌نده‌ڵكارانه‌ زۆر به‌هێزتره‌، وه‌كو بێنیمان حوسنی موباره‌ك و حیزبه‌كه‌ی ماوه‌ی سی ساڵ به‌ زه‌بری هێز و تاكڕه‌وی میسری حوكم ده‌كرد، كه‌چی گه‌لی میسر له‌ ماوه‌ی 18 رۆژدا ده‌ریانپه‌ڕاند، گه‌رچی خاوه‌نی ده‌هه‌مین سوپا بو له‌ جیهاندا، ئێستایش له‌ شه‌رم شێخ خۆی و خێزانه‌كه‌ی زه‌لیل كه‌وتون، هه‌رچی پاره‌و سامانی خۆی و منداڵه‌كانیان و نه‌وه‌كانیشی هه‌یه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی میسر بلۆك كران، زه‌ین ئه‌لعابدین سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هه‌ڵهات له‌ وڵاته‌كه‌ی وه‌لێ گه‌لی تونس دوای كه‌وتون تا په‌لكێشی ده‌كه‌ن بۆ به‌رده‌م دادگا به‌ تومه‌تی خیانه‌تی مه‌زن كه‌ سزاكه‌ی له‌ سێداره‌دانه‌. ئه‌وه‌تا موعه‌مه‌ر قه‌زافی له‌ خۆپیشاندانێكی بچوكه‌وه‌ له‌ بنغازی ئه‌وه‌تا بوه‌ته‌ شۆڕشیكی گه‌وره‌ی میلله‌تی لیبیا وا رۆژ به‌رۆژیش ده‌سه‌ڵاتی قه‌زافی به‌ره‌و زبڵدانی مێژو ده‌بات. ئه‌وه‌ی شایانی وتنه‌ كه‌ ئه‌و پیاوه‌ دڕنه‌ییه‌ی پێی ده‌ڵێن موعه‌مه‌ر قه‌زافی له‌ كوردستان سه‌ركرده‌كانی كورد دۆستی بون، له‌ سلێمانی له‌لای گه‌راجی به‌غدا گۆڕه‌پانێكیان كردبوه‌ ناویه‌وه‌!.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا سه‌یره‌ كه‌ هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌ تۆتالیتار و گه‌نده‌ڵه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ باشوری كوردستانیشه‌وه‌ یه‌ك گوتاریان هه‌یه‌، یه‌ك ئه‌جندایان هه‌یه‌ و یه‌ك وه‌ڵامیان هه‌یه‌، یه‌كه‌م درۆكردن و هه‌ڵخه‌ڵتاندن به‌وه‌ی گوایه‌ ئه‌و خۆپیشاندان و شۆڕشی لاوانه‌ له‌ وڵاته‌كانیان ده‌ستی ده‌ركی و ناحه‌زانی له‌ پشته‌وه‌یه‌، به‌ڵێنی درۆده‌ده‌ن به‌ چاكسازیی سیاسی و ئابوری، ئه‌گه‌ر میلله‌ت هاتو واز له‌ خۆپیشاندان بهێنێ، له‌لای خۆشمان ئێران تاوانباركرا كه‌ گوایه‌ له‌پشته‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كای به‌رده‌ركی سه‌رایه‌! دواجاریش ته‌قه‌كردن و دڕندایه‌تی نواندن به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دواخوازیه‌كانی میلله‌ت به‌ شه‌هیدكردنی رۆڵه‌كانیان! بینیمان له‌ تونس به‌ده‌یان هاوڵاتی ئه‌و وڵاته‌ به‌ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان شه‌هید بون، له‌ میسریش سه‌دان شه‌هید ببون، له‌ یه‌مه‌ن ده‌یان شه‌هید بون، هه‌روه‌ها له‌ شانشینی به‌حرێن له‌ لیبیایش تائێستا به‌هه‌زاران هاوڵاتی شه‌هیدبون به‌ ده‌ستی فه‌رمانڕه‌واكه‌ی خۆیان، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش تائێستا نزیكه‌ی ده‌ شه‌هید و سه‌دان بریندار هه‌یه‌. ئه‌جنداكانیان ئه‌وه‌یه‌ دامێنگیریی ده‌سه‌ڵات و دیكتاتۆریه‌ته‌ زۆر به‌روداریه‌وه‌، به‌بێ گوێدانێك به‌هیچ پرنسیپێكی مرۆڤایه‌تی و ئه‌خلاقی و هه‌وڵدان به‌درۆو ده‌له‌سه‌ بۆ جوانكردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ میدیایه‌كی درۆزن و ته‌زویركه‌ری راستیه‌كان، وه‌كو ئه‌وه‌ی موعه‌مه‌ر قه‌زافی كه‌ میدیاكانی چۆن درۆی شاخدار ده‌كه‌ن قه‌زافی به‌ خۆیشیه‌وه‌، كه‌ جارێكیان خه‌ریك بو سوێندی ته‌ڵاقیش بخوات كه‌ له‌ لیبیا هێچ خۆپیشاندانێك نییه‌، كه‌چی شۆڕشگیره‌كان زۆربه‌ی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی لیبیایان رزگار كردبو!. ئه‌مه‌ لۆژیكی هه‌مو دكتاتۆرێكه‌ و كه‌ ته‌نگاو بو درۆ و چه‌واشه‌كاریی ده‌كاته‌ چه‌كی ده‌ستی بۆ خۆڵكردنه‌ چاوی جه‌ماوه‌ره‌وه‌. موعه‌مه‌ر قه‌زافی ئاماده‌یه‌ لیبیا ژێرو ژور بكات ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بكه‌وێته‌ مه‌ترسی له‌ ناوچونه‌وه‌. چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ 17ی شوبات بیریارێكی عه‌ره‌ب به‌ ناوی دكتۆر جه‌واد كاشف الغیتا له‌ كه‌ناڵی (الحره‌) پێشبینی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردبو، چونكه‌ وتی حاڵی هه‌رێمی كوردستان زۆر خراپتره‌ له‌ میسر و تونس، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێك خۆیان به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا سه‌پاندوه‌ بۆ ماوه‌ی بیست ساڵه‌، گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی بێشومار له‌وێ هه‌یه‌ و خه‌ڵك زۆر ناڕازیه‌ و بێزاره‌. وه‌ڵامه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌یش وه‌كو یه‌ك وایه‌، حوسنی موباره‌ك حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌ده‌ نه‌زیفی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و حكومه‌تێكی دیكه‌ی دروست به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌سكه‌رتارێكی هاوڕێی خۆی، دوباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌مان وه‌زیره‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی پێشو.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌په‌رله‌مانێكی ئیفلیجدا متمانه‌ درایه‌وه‌ به‌ كابینه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌و په‌رله‌مانه‌ قۆرخكراوه‌، گه‌رچیش به‌ دانپیانانی خۆی و هاوڕێ حیزبیه‌كانی حكومه‌تێكی ئیفلیج و بێده‌سه‌ڵاته‌! موعه‌مه‌ر قه‌زافیش تا شۆڕشگێره‌كان نه‌چنه‌ باب العزیزیه‌ و نه‌كێشن به‌ته‌پاڵكی سه‌ریدا ئاماده‌ نیه‌ واز له‌ده‌سه‌ڵات بهێنێ! ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵانه‌ی كه‌ ساڵانیكه‌ گه‌ندڵی ده‌كه‌ن وسامانی میلله‌ت به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن، له‌و بڕوایه‌ مه‌بن تازه‌ بتوانن چاكسازیی بكه‌ن یان فریای بكه‌ون، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕتدا خۆیان به‌ڕاست زانیوه‌و مێلله‌ته‌كانیان به‌ هه‌ڵه‌ زانیوه‌ و به‌ئیستایشه‌وه‌، بۆیه‌ له‌سه‌رهه‌قن ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی داخوازیه‌كانی گه‌لانیان كه‌لله‌ڕه‌ق بن، بۆیه‌ چاره‌نوسی حه‌تمی میسر و تونس چاوه‌ڕوانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه‌ كه‌ كه‌ڵله‌ره‌قیی و بێ باوه‌ڕیی به‌رامبه‌ر میلله‌ته‌كانیان ده‌نوێنن، ئه‌وه‌تا چاره‌نوسی قه‌زافی یه‌كلابوه‌ته‌وه‌ و نزیكیشه‌ له‌م رۆژانه‌دا چاره‌نوسی عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵحیش یه‌كلاببێته‌وه‌ به‌ وازهێنانی له‌ ده‌سه‌ڵات، له‌ ژێرفشاری شۆرشی لاوانی یه‌مه‌ندا، عه‌ره‌بیش ده‌ڵێ: والحبل علی‌ الجرار. ئیدی دوای ئه‌و نۆره‌ی كێ و چ وڵاتێكه‌، ئه‌مه‌یش به‌ له‌ پێگه‌یشتن و فراوان بونی خۆپیشاندانه‌كان و سوربون له‌سه‌ر كه‌لله‌ره‌قیی ده‌سه‌ڵاته‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستانیش هه‌مو لایه‌ك دڵنیا بێت كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی پێش 17ی شوبات، نه‌ك له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بگره‌ له‌سه‌رجه‌م هه‌رێمه‌كه‌یشدا. وه‌كو نوسه‌رێك پێموایه‌ ده‌سه‌ڵات به‌په‌له‌ هه‌ندێ داخوازی كوردستان كه‌ په‌له‌یه‌ ئه‌نجام بدات ئه‌ویش: ده‌ستگیركدنی سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ 17ی‌ شوبات و رۆژه‌كانی دواتر ته‌قه‌یان كرد و خه‌ڵكیان شه‌هید و برینداركرد و راپێچكردنیان بۆ دادگا، سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ كابینه‌كه‌یدا، دامه‌زراندنی كابینه‌یه‌كی ته‌كنۆكرات و دور له‌حیزبایه‌تی،خۆسازدان بۆ هه‌ڵبژاردنێكی به‌ نه‌زاهه‌ت بۆ په‌رله‌مانێكی ئه‌كتیڤ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان. ده‌ستگیركردنی گه‌نده‌ڵكاره‌ ناسراوه‌كانی ناو هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات راپێچكردنیان بۆ دادگا، جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانی ده‌زگای چاودێری له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵكاران. ئه‌گینا ئه‌م گه‌رده‌لولی شۆڕشی گه‌نجه‌ رۆژ به‌ رۆژ فراوان ده‌بێت وده‌یان سه‌رای ئازادیی له‌كوردستان دروست ده‌بن، ئه‌وجایش په‌شیمانی هێچ دادێكی نابێ بۆ ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ریش ئه‌مه‌ بكه‌ن هیچی تیا ناچێت بۆیان و گه‌له‌كه‌یان و خۆشیان له‌ چاره‌نوسێكی نادیار رزگار ده‌كه‌ن، كه‌سیش ئه‌وه‌ی پێخۆش نییه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ر بگاته‌ ئه‌وه‌ی بڵی: میلله‌ت كه‌وتنی رژێمی هه‌رێمی كوردستانی ده‌وێ!.

Sbeiy.com © 2007