|
که‌لار؛ یه‌کێتی هێزه ئه‌منییه‌کان و فه‌رمانبه‌رانی حکومی بۆ یادکردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین کۆده‌کاته‌وه |
Saturday, March 19, 2011 |
(سبه‌ی):
له درێژه‌ی ئه‌و کۆبونه‌وه جه‌ماوه‌رییه ئیجبارییهی له ناوچه‌کانی پارێزگای سلێمانی به هاوڵاتیان ده‌کرێت، ئه‌مڕۆ یه‌کێتی هێزه ئه‌منییه‌کان و فه‌رمانبه‌رانی گه‌رمیان بۆ یادکردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین و قه‌ره‌باڵغکردنی یاده‌که له که‌لار به‌کارده‌هێنێت.
له‌وباره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له که‌لار بۆ (سبه‌ی) ئاشکراکرد، که یه‌کێتی بۆ یادکردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین چه‌ند رۆژێکه هه‌ڵمه‌تێکی له گه‌رمیان ده‌ستپێکردوه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له شاری که‌لار به مه‌به‌ستی یادکردنه‌وه‌ی 9ی ئازاری راپه‌ڕین.
سه‌رچاوه‌که وتیشی: یه‌کێتی به‌شێکی زۆری هێزه ئه‌منییه‌کانی گه‌رمیانی ئاگادار کردوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ به جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه به‌شداری یادکردنه‌وه‌که بکه‌ن، هاوکات فه‌رمانبه‌رانی حکومی و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌و خوێندنگاکانی شاری (که‌لار)یش ئاگادارکراونه‌ته‌وه، که له‌گه‌ڵ مامۆستایان‌دا به‌شداری یاده‌که بکه‌ن و قه‌ره‌باڵغی دروستبکه‌ن.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه شایه‌تحاڵێک له که‌لاره‌وه ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، ژماره‌یه‌ک ئۆتۆمبێلی هێزه ئه‌منییه‌کان لۆگۆی یه‌کێتیان پێوه بوه‌و له ناوبازاڕدا سوڕاونه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه که له‌یادی ئازادکردنی شاری سلێمانی و راپه‌ڕینی 7/3ی ئه‌و شاره‌داو بۆ قه‌ره‌باڵغكردنی كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی، یه‌كێتی فشاری خستۆته سه‌ر لێپرسراوانی حیزبی و حكومی و ئۆرگانه‌كانی خۆی له سلێمانی و پشده‌ر و بتوێن و گه‌رمیان و شارباژێر، جگه له‌وه‌ش سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی حكومی و پۆلیس ناچاركران به‌جلی مه‌ده‌نیه‌وه بچنه به‌رده‌می مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی. |
|
|