Print
 مه‌رزی‌ باشماخ؛ نزیكه‌ی‌ 2 هه‌زار شۆفێری‌ ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگر مانیانگرت
Saturday, March 19, 2011

(سبه‌ی‌):
به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌ ئێرانیه‌كان راسته‌وخۆ له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ هه‌رێم بار ده‌گوێزنه‌وه‌و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ كردوه‌ته‌ سه‌ر كارو كاسپی شۆفێرانی بارهه‌ڵگری‌ هه‌رێم، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌) نزیكه‌ی‌ دو هه‌زار شۆفێری‌ هه‌رێم له‌ مه‌رزی‌ باشماخ مانیانگرت.
به‌ختیار حه‌مه‌ ره‌شید، به‌رپرسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شۆفێرانی‌ پێنجوێن له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی‌) رایگه‌یاند: رۆژی‌ (سێشه‌ممه‌)ی‌ رابوردو شۆفێرانی مانگرتو یاداشتێكیان پێشكه‌ش به‌ به‌رپرسی‌ ده‌روازه‌ی‌ مه‌رزی‌ باشماخ و قائیمقامیه‌ت و به‌رپرسی‌ گومرگ و ئاسایشی‌ پێنجوێن كردوه‌، كه‌ تێیدا داوای‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئۆتۆمبێلی‌ ئێرانی‌ بار بارنه‌كات بۆ سلێمانی‌ و ناوچه‌كانی‌ تر، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ شۆفێران قوتی‌ رۆژانه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌رزه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بێت ئه‌وا بێكار ده‌مێننه‌وه‌.
وتیشی: له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ یاداشته‌كه‌یاندا ئه‌و شۆفێرانه‌ داوایان كردوه‌ كار ئاسانیان بۆ بكرێت  بچنه‌ خاكی ئێرانه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاسته‌نگیان بۆ دروستده‌كرێت و زۆر جاریش سوكایه‌تیان پێده‌كرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عه‌قید رۆسته‌م كۆكۆیی، به‌رپرسی‌ ده‌روازه‌ی‌ باشماخ  به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: ئه‌وان ناتوانن رێگه‌ له‌و شۆفێره‌ ئێرانیانه‌ بگرن كه‌ بار ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ناو هه‌رێمی‌ كوردستان.

Sbeiy.com © 2007