Print
 حكومه‌ت چی‌ له‌ 17%یه‌ی‌ بودجه‌ ده‌كات؟!
Friday, February 29, 2008

مه‌جید سالح

بودجه‌ی‌ ته‌رخانكراوی‌ ساڵی‌ 2008 بۆ عێراق 48 ملیارد دۆلاره‌و دوای‌ بگره‌و به‌رده‌ و هه‌وڵ‌و ته‌قه‌لایه‌كی‌ زۆری‌ به‌رپرسانی كورد له‌ به‌غدا ئاخریه‌كه‌ی‌ له‌ورێژه‌یه‌دا 17% بۆ كوردستان ته‌رخان كرا. كه‌ ده‌كاته‌ (هه‌شت ملیارو سه‌دوشه‌ست ملیۆن دۆلار). گه‌ر له‌ بازاری‌ دۆلاره‌كه‌ش بیگۆڕینه‌وه‌ بۆ دیناری‌ عێراقی ده‌كاته‌ زیاتر له‌ (10تریلیۆن) دینار. واش بڕیاره‌ پاش ماوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بخرێته‌ خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌و پاره‌یه‌ چۆن خه‌رج ده‌كرێت، له‌ سه‌ر ئه‌رزی‌ واقع گوند‌و شارو شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان چه‌نده‌ لێی سودمه‌ند ده‌بن؟! 

واقعی‌ كوردستان پێمان ده‌ڵێت نوێنه‌رانی‌ گه‌ل وه‌ك چۆن له‌ رابردوودا بێئاگا بوون له‌ خه‌رجكردنی‌ داهاتی‌ كوردستان، ئێستاش به‌ هه‌مانجۆر نازانن ئه‌و پاره‌یه‌ چه‌ندی‌ بۆ معاش‌و چه‌ندی‌ بۆ پرۆژه‌و چه‌ندی‌ بۆ حزبه‌كان‌و چه‌ندی‌ بۆ گیرفانه‌كانه‌. ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانی‌ گه‌ل ئاگایان له‌وه‌ نه‌بێت، بێگومان ئه‌و گه‌ل  هه‌ر هیچی‌ لێ نازانێت. گه‌روره‌ترین گرفتی‌ ئه‌م په‌رله‌مان‌و گه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك چۆن هیچ شتێك سه‌باره‌ت به‌و گومرك‌و باج‌وخه‌راجانه‌ی‌ كۆ ده‌كرێنه‌وه‌ نازانن، ئاگاشیان له‌وه‌ نییه‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی‌ كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ دێته‌ ناو ده‌خیله‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ چۆن چۆنی‌ به‌ش ده‌كرێت.

حكومه‌ت له‌ هیچدا راستی‌ نه‌كردبێت، له‌وه‌دا پێكاویه‌تی‌ كه‌وا بڕی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ بودجه‌كه‌ بۆ مووچه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ وه‌زاره‌ته‌ (خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ وه‌ك كاره‌باو شاره‌وانی‌‌و كشتوكاڵ‌و ....) خه‌رج ده‌كرێت. بۆ نمونه‌ ته‌نها له‌ كاره‌بای‌ سلیمانی‌ (6502) موچه‌ وه‌رده‌گرن‌و بڕی‌ ئه‌و موچه‌یه‌ش كه‌ مانگانه‌ ده‌درێت به‌ كارمه‌نده‌كان (34046464200) دیناره‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و ملیۆنان دیناره‌ی‌ كه‌ رۆژانه‌ بۆ ئیفادو میفاد خه‌رج ده‌كرێت. به‌ مانایه‌كی‌ دیكه‌ وه‌زراه‌تی‌ كاره‌با ته‌نها له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كیدا ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ خه‌رج ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت له‌ رۆژێكدا سه‌عاتێك كاره‌با بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، ئه‌بێت له‌ ئاستی‌ وه‌زاره‌تدا چه‌ند خه‌رج بكات، ئه‌ی‌ وه‌زراه‌تی‌ كشتوكاڵ كه‌ سه‌تڵێك ماستی‌ پێ دابین ناكرێت، ئه‌بێت خه‌رجییه‌كانی‌ چه‌ند بێت؟، ئه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌.... به‌ كورتی‌‌و به‌ كوردی، له‌ ئه‌نجامی‌ بێ پلانی‌و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زۆرترین خه‌ڵك له‌ ریزی‌ حیزبه‌كاندا، خه‌ڵكی‌ كوردستان هه‌مووی‌ بونه‌ته‌ مووچه‌خۆری‌ حكومه‌ت. وه‌زاره‌ته‌كانی‌ حكومه‌تیش له‌ جیاتی‌ پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ رۆڵی‌ رێكخراوی‌ خێرخوازی‌ ده‌بینن‌و به‌رهه‌میان نییه‌. كه‌واته‌ چار چییه‌؟! حكومه‌ت ده‌بێت چی‌ بكات؟ پێم وایه‌ ته‌رشیقكردنی‌ وه‌زاره‌ته‌كان‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مووچه‌خۆره‌كانی‌ حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێویسته‌، باشترین چاره‌سه‌ره‌. به‌ڵام به‌ومه‌رجه‌ی‌ له‌به‌رامبه‌ردا له‌و بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌، خزمه‌تگوزاری‌‌و پرۆژه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌موو كوردستان به‌ شارو گوندییه‌وه‌ ده‌ست پێبكات. راسته‌ معاشبڕینی‌ خه‌ڵك كارێكی‌ قورسه‌‌و ناڕه‌زاییه‌كی‌ زۆر دروست ده‌كات، به‌ڵام له‌ دوور مه‌ودادا مه‌سه‌له‌كه‌ زیاتر له‌ خزمه‌تی‌ خۆیاندایه‌، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ هه‌رگیز ناگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌. خه‌ڵك كه‌ 24 سه‌عاته‌ كاره‌بای‌ هه‌بێت‌و له‌ رێگه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ زۆر‌و به‌رده‌وامه‌وه‌ هه‌لی‌ كاركردنی‌ ئازادی‌ بۆ بڕه‌خسێت‌و گونده‌كان ببوژێنرێنه‌وه‌‌و ئاستی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كه‌م بكرێته‌وه‌، بۆ ده‌بێت ناڕه‌زا بێت؟!

 

Sbeiy.com © 2007