Print
 به‌رهه‌م ساڵح بێده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ له‌به‌رامبه‌ر حیزبدا سه‌لماند
Saturday, March 19, 2011

(سبه‌ی):
سه‌ره‌نجام دوای‌ تێپه‌ڕبونی‌ زیاتر له‌ 20 رۆژ به‌ سه‌ر خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، (چوارشه‌ممه)‌ی رابوردو سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی هه‌رێم بانگهێشتی‌ په‌رله‌مانی کوردستان كراو وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ په‌رله‌مانتارانی‌ دایه‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ 2 دانیشتنی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ به‌ راسته‌وخۆ له‌كه‌ناڵی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بڵاو نه‌كرایه‌وه‌ و دواتر به‌ مۆنتاژكراوی‌ دانیشتنه‌كه‌ په‌خشكرا.
بانگهێشته‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان گرنگییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ به‌لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ نه‌بو، به‌وپێیه‌ی یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌ نه‌مانی‌ متمانه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت بو، چونكه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان له‌بری‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كردنی‌ خه‌ڵك نوێنه‌رایه‌تی‌ 2 حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كه‌ن، كه‌ به‌رپرسی‌ یه‌كه‌من له‌و قه‌یرانه‌ی‌ ئێستا هه‌رێمی‌ تێكه‌وتوه‌.
خاڵی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنج ئه‌وه‌ بو كه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌ دانیشتنه‌كه‌دا به‌ ئاشكرا دانی‌ به‌ چه‌ند خاڵێكی‌ گرنگدا نا، كه‌ دو حیزبه‌كه‌و راگه‌یاندنه‌ زه‌به‌لاحه‌كانیان نكۆڵی‌ لێده‌كه‌ن، یه‌ك له‌وانه‌ ئاشكراكردنی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌و هێرشانه‌بو كه‌ كرایه‌ سه‌ر كه‌ناڵی‌ نالیاو رادیۆی‌ ده‌نگ و خێمه‌كانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ و به‌پێی‌ وته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، له‌ گوله‌بارانكردن و سوتاندنی‌ كه‌ناڵی‌ نالیادا دژه‌تیرۆر و پێشمه‌رگه‌ ده‌ستیان هه‌بوه‌.
هاوکات ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، كه‌ هه‌ر 2 حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ ته‌نانه‌ت حیزبه‌كه‌ی‌ خۆشی‌ گه‌وره‌ترین كۆسپن له‌ به‌رده‌م چاكسازیدا و ئاماژه‌ی‌ به‌و شه‌ڕو كێشه‌ و مه‌ترسیانه‌ كرد كه‌ له‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆیدا به‌هۆی‌ چه‌ند چاكسازیه‌كی‌ بچوكه‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ بۆته‌وه‌.
هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی‌ دانپێدانانێكی‌ تری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ته‌نها له‌ شاری‌ سلێمانی‌ توانیویه‌تی‌ مانگانه‌ 17ملیۆن دۆلار پاره‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بۆ سندوقی‌ حكومه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌شی‌ سه‌لماند كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 20ساڵی‌ رابردودا ئه‌و پاره‌ زۆروزه‌به‌نده‌ كه‌ پاره‌ی‌ خه‌ڵك و حكومه‌ت بوه،‌ له‌ لایه‌ن حیزبه‌وه‌ براوه‌.
سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ئاماژه‌ی‌ به‌و پاره‌ خه‌یاڵیه‌ دا كه‌ به‌رپرسانی‌ حیزب مانگانه‌ به‌ناوی‌ پاسه‌وانانی‌ تایبه‌ته‌وه‌ وه‌ریده‌گرن و بێده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تیشی‌ له‌ئاست چه‌كدارانی‌ حیزبدا خسته‌ڕو، كه‌ سه‌رباری‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌وان حیزب به‌رده‌وامه‌ له‌ ره‌شبگیری‌ و ته‌قه‌كردن و داڕشتنی‌ سیناریۆی‌ جۆراوجۆر به‌بێ‌ پرسی‌ حكومه‌ت.
ئه‌و بانگهێشتكردنه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان و هه‌ڵوێسته‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و متمانه‌ پێدانه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی‌ فراكسیۆنی‌ كوردستانیه‌وه‌، به‌ رونی‌ و به‌ ئاشكرا هه‌قانیه‌تی‌ به‌یانناممه‌ 7 خاڵییه‌كه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ سه‌لماند، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و نه‌ په‌رله‌مان وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی‌ ویست و داواكارییه‌ ره‌واكانی‌ خه‌ڵك نین و ده‌بێت هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌ و حكومتێكی‌ بێلایه‌نی‌ ئینتیقالی‌ له‌جێگای‌ دابمه‌رزێت.

Sbeiy.com © 2007