Print
 مانگرتوه‌كه‌ی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌: به‌رده‌وام ده‌بم له‌ مانگرتن تا ئه‌وکاته‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه‌
Saturday, March 19, 2011

(سبه‌ی):
خۆپیشانده‌ران به‌ شێوازی جیا جیا گوزارشت له‌ ناڕه‌زاییه‌كانیان ده‌كه‌ن، هاوڵاتییه‌کیش له‌ سه‌رای ئازادی ماوه‌ی‌ 17رۆژه‌ وه‌ک ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی مانیگرتوه‌.
ئه‌یوب ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د، خه‌ڵکی ناوچه‌ی‌ شارباژێڕی پارێزگای سلێمانییه‌و ماوه‌ی‌ 17رۆژه‌ مانی‌ له‌خواردن گرتوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی پشتگیریی کردنی خۆپیشانده‌رانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ و ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات.
ناوبراو له ‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: 17 رۆژه‌ مانم له‌ خواردن گرتوه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بم له‌سه‌ر مانگرتنه‌كه‌م تا ئه‌وكاته‌ی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌م داخوازییه‌ ره‌واكانی‌ گه‌له‌وه‌ دێت.
له‌باره‌ی ته‌ندروستیشیه‌وه‌ ئه‌یوب ره‌سوڵ وتی: تا راده‌یه‌ک ته‌ندروستیم باشه‌و تا ئێستاش چه‌ند جارێک سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌م كردوه‌، پزیشکیش ئاگاداری کردومه‌ته‌وه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو كێشم دابه‌زیوه‌ و لاواز بوم و گه‌ر به‌رده‌وام بم ته‌ندروستیم به‌ره‌و خراپی ده‌چێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، که‌ "چه‌ند جارێک به‌ پێدانی پاره‌و به‌رتیل داوام لێکراوه‌ واز له‌ مانگرتن بهێنم، به‌ڵام من سوربونی خۆم دوپات ده‌که‌مه‌وه‌، چونکه‌ ئێستا هه‌ستده‌که‌م به‌ ئازادی ده‌ژیم و وا ده‌زانم 17 رۆژه‌ له‌دایکبوم".
جێی ئاماژه‌یه‌ ماوه‌ی دوای‌ زیاتر له‌ سێ هه‌فته‌یه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی‌ هاوڵاتیان‌ له‌ شاروشارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه‌و تا ئێستاش ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌م داواکانیانه‌وه‌ نه‌چون.

Sbeiy.com © 2007