Print
 سه‌ردار عه‌بدوڵا: یه‌کێتی و پارتی هه‌وڵی شێواندن و فریودانی ئیراده‌ی خه‌ڵکی هه‌رێم ده‌ده‌ن
Saturday, March 19, 2011

(سبه‌ی):
ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی یه‌کێتی و پارتی ده‌گرێت، به‌رامبه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵک و خۆپیشانده‌رانی کوردستان و پێشیوایه‌، ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێم نایه‌وێت چاکسازی بکات.
سه‌ردار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا که ‌له‌ بینای په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چو، ستایشی ئازایه‌تی گه‌نجان و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانی کرد به‌رامبه‌ر ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی ئاشتی و هێمنانه‌ دژی ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و بۆبه‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نیگه‌رانی خۆیشی پیشاندا به‌رامبه‌ر جێبه‌جێ نه‌کردنی داواکاری هاوڵاتیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و رایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ هه‌رێم سیاسه‌تێکی رون و ئاشکرایان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵک و هه‌وڵی شێواندن و فریودانی ئیراده‌ی گه‌ل ده‌ده‌ن.
سه‌ردار عه‌بدوڵا، ئه‌وه‌شی وت: ئه‌و دو حیزبه‌ هه‌وڵی شێواندنی راستییه‌کان ده‌ده‌ن، وه‌ک چۆن راگه‌یاندنی ئه‌و حیزبانه‌ راگه‌یه‌ندراوێکی (هيئة علماء المسلمين في العراق) دژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و شێواندنی خۆپیشاندانه‌کانی هاوڵاتیانی هه‌رێم ساخته‌ کردبو، هه‌روه‌ها خۆپیشاندانه‌کانی سلێمانی ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ فه‌یله‌قی قودسی ئێران.
ئاشکراشیکرد، که‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تی فیدڕاڵیان له‌و پێشێلکاری و ساخته‌کارییانه‌ی یه‌کێتی و پارتی ئاگادار کردوه‌ته‌وه‌.
په‌رله‌مانتاره‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وتیشی: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان په‌ککه‌وته‌یه‌ له‌ بڕیاردان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلکارییانه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامده‌درێن، باشترین نمونه‌ش داخستنی زانکۆ و په‌یمانگاکانی هه‌رێم بو له‌لایه‌ن رێکخراوی یه‌کێتی قوتابیانه‌وه‌، له‌وڕوه‌شه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ک فراکسیۆنی گۆڕان داوامان له‌ حکومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و رێکخراوی یونسکۆ کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بکه‌ن.
ته‌ئکیدیشی کرده‌وه‌، که‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی کوردستان نایه‌وێت چاکسازی بکات.

Sbeiy.com © 2007